"an independent online kurdish website

گەڕانەوە

ماوەیەکی دوورو درێژ بوو، ناوچەکەیان کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی دوژمن. لەو ماوەیەدا ‘ئاسۆ’  لەبەر زەبرو زەنگی جاش و خۆفرۆشان نەیتوانیبوو بگەڕێتەوە ماڵ،siamand-shexaxayiy_0

هەواڵێکی ڕوون و ئاشکرا لە چۆنییەتی ژیان و گوزەرانی دایکو خوشکی وەدەست بێنێ. ئاخر ئەو تەنیا نانهێنەرو بەڕێوەبەری بنەماڵەکەیان بوو، بەبێ یارمەتی ئەو گوزەران بۆ دایک و خوشکی دژوار بوو.

نیوە شەو بوو. خەم و خەیاڵ خەوی لە چاوان تاراند. خۆی گڵۆڵە کردەوە بەتانییەکەی توند دەخۆی یەوە پێچا. بیری دایک و تاکە خوشکەکەی ‘نازێ’ تەنانەت بۆ ساتێک لە مێشکی نەدەچووەدەر، هەرجارە کە بەم فیکرە دەگەیشت کۆری خەبات بەجێ بێڵێ و بچێ لەلای دوژمن ئەماننامە وەرگرێ، مچوڕک بە تەواویی ئەندامی دا دەگەڕا. بەڵام لەلایەکی دیکەوە ویژدان ڕێگای پێ نەدەدا لە ئاست چارەڕەشی خۆشەویستەکانی بە بێدەنگی چاو بنوقێنێ! سەرەنجام پاش بەربەرەکانێکی زۆر لەگەڵ خۆی کازیوە بەیانی کە هێشتا خۆر سەری لە کەل وەدەر نەنابوو. بەبێ دڵی بڕیاریدا بەمەبەستی خۆ بە دەستەوەدان سەرهەڵگرێ و ریزی شۆڕش بەجێ بێڵی. هەستایە سەرپێ، لە بنکەی شۆڕش وەدەرکەوت، بە زاری ویشک و تاڵ ڕێگای پڕ لە هەورازو نشێوی بەرەو چارەنووسی نادیار گرتە پێش.

ئەو رۆژە کەژو کێوو پێدەشت بەگشتی چووبوونە ژێر بەفرێکی قورس و لە هیچ لایەکەوە چووکترین ڕەشانگ  نەدەبیندرا. ڕێگا بەستەڵۆک و لە زۆر شوێنان بەفر شەقڵی نەشکابوو. ئاسۆی بیر ئالۆزو هەژاو لەنێو پێچی ڕێگایەدا بڕیاری دا پێش خۆ بەدەستەوەدان بچێتەوە دێیەکەی خۆیان لە پێشدا سەرێک لە دایک و خوشکەکەی هەڵێنێ و جاپاشان.

ئێوارە بوو، گەیشتە ئاستی  گردێک کە بەسەر گوندەکەیاندا دەیڕوانی. لە پەنای گابەردێک ڕاوەستاو چاوێکی حەسرەتباری بە دیمەنی ئاوایی داخشاند کە بە بەر لاپاڵی کێوێکەوە کۆم و لار لە ژێر بەفرو سەهۆڵبەندان مات ببوو. لەسەر گردی پشت ماڵان پێگەیەکی دوژمن جێگیر ببوو کە لەوێڕا بەسەر دەوران پشتدا چاوەدێری دەکرد.

ماوەی ڕاوەستانەکە نەزانرا چەندەی خایاند کە وەئاگا هاتەوە، دیتی بێدەنگی شەو بەسەر وڵات دا کشاوە. لە تاک تاکی ماڵان نەبێ ڕووناکاییەکی کزەڵۆکە دەهاتە بەرچاو، دەنا لەبەر هروژمی سەرماو تۆف بێجگە لە گاڵەی با و لوورەی سەگان تێکەڵ بە تەک تیری ترسەنۆکانەی بنکەی دوژمن سەدایەکی دیکە نەدەبیسترا! 

ئاسۆ لە پەنا هاتەدەر گورج خۆی گەیاندە نێو پۆلە چناری بەرماڵان کە بەچەشنێک ئاودڕێک نێو دارستانەکەی بە دوو بەش شەق کردبوو، بە ئارامی بە سەر بەفرو سەهۆڵبەندانی لێواری ئاودڕەکەدا بازدی دایە ئەوبەرو بەپەلە لە پشت دارێکی ئەستوور پەنای گرت. پاش هەڵوەستەیەکی کورت خایەن ئەوسا توندوتۆڵ خۆی گەیاندە بن دیواری ماڵەکەی خۆیان و بە ئەسپایی خۆی خزاندە نێو حەوشەی ماڵێ. هەمدیسان پەنای گرتەوەو بۆ ماوەیەک چاوی لە دەرگای ماڵێ بڕی، دیتی:

ڕووناکایەک بەحاستەم لە دەرزی دەرگاوە دزەی کردۆتە دەر لەگەڵ گێژەڵووکە و باڕن تێک دەئاڵقا. ئاسۆ بۆ ئەوەی کتوپڕ لە دایک و خوشکی وەژوور نەکەوێ زۆر بە پارێزەوە کەمێکی دیکە چوویە پێش بۆ جارێکی دیکە بە تێلایی چاوان لە دەرگای ماڵی وردبووە، هاوکات بەخۆی گوت:

_”بێتوو ئێستا کوتوپڕ لێیان وەژوور کەوم و پێیان بڵێم بە یەکجاری گەڕاومەوە! لەوانەیە هەردووکلا لەخۆشیان شاگەشکە بن و بلێن:

“_ ئاسۆ چاکت کرد گەڕایەوەو لە تەنیایی و بێ کەسی ڕزگارت کردین!” دەزانم یەکەم وشە دایکم  دەڵێ:

_” کوڕەکەم! کوا ئەوە شەڕەف و ویژدانە؟ تۆ زیاتر لە دوو ساڵە، بێ ئەوەی بزانی ئێمە ماوین یان مردوو، من و تاقە خوشکێکی جوان و جحێڵت لە کونجە خانوویەکی وێرانەدا بەجێهێشتووە؟ پیاویی خاوەن شەرەف! هەر کەمێک بیرت لەوە کردبایەوە زانیبات لە پاش مەرگی بابت من بەچ  ڕەنج و مەینەتێک تۆم گەورە کرد؟ بەڵام هەرکە تەمەنت گەیشتە ئەوکاتە دەستی دایک و خوشکی خۆت بگری و نیازیان بەجێ بێنێ، پشتت تێکردین و لێتداو رۆیشتی!؟”

سەرما قوولەی دەکرد، بەڵام ئاسۆ لە حاستەخۆ تاسابوو، بێ ئاگا لە تەزووی سەرماو برسێتی لەگەڵ ئێش و ئازاری دەروون دەست لە ملان بوو نەیدەزانی بەچ ڕوویەک و بەچ لەونێک لە دایک و خوشکی وەژوور بکەوێ و لەکاتی ڕووبەڕوو بوونەوەدا چ بڵێ!؟

 لەلایەکی دیکەوە بەهیچ لەونێک بۆی قووت نەدەدرا پاش ئەو هەموو گیانفدایی و ئازایەتییە لەنێو شۆڕشدا نواندبووی ئێستا یەکدابەدوو بچێتە ژوور بەپاڕانەوە داوای لێبوردن لە دایکی بکاو بڵێ:

“_ ڕێگاکەم چەوت بوو! دەمەوێ لەسبەی ڕا بچم خۆم تەسلیمی دوژمن بکەمەوە!”

 بەخۆی گوت:

_”نا نا! هیچ وەختانێک ئەوە ناسەلمێنم!… نا! بیرو باوەڕم  پیرۆزە…! چۆن دێم لەقە لە ڕابردووی پڕ لە شانازی خۆم دەدەم؟!… بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە دەزانم دایکم گەڕانەوەکەمی پێ خۆش دەبێ!  دەزانم ‘نازێ’ زیاتر لە دایکم… ئاخر خوشکە بێ نازەکەم  لەبەر خاتری منە تاکوو ئێستا دەستی بە ڕووان گرتووەو شووی نەکردووە!… دەی بڕۆ پێش! دەی!… بۆچی وا لەبەر ئەم سەرماو تۆفە داماوی؟” بەڵام نا، جارێکی دیکە لەنێو تاریکایی شەودا زۆر خێرا چاوی بە دەرک و بانی ماڵەوێرانەکەی دا خشاندەوەو دیتی:

تەویلەو کادێنەکەیان بەسەر یەکدا تەپیون. ڕوون نەبوو ئەو چەند سەر پاتاڵەی هەیانبوو، لەبەر دەست تەنگی فرۆشراون و یان لەبەر نەبوونی ئالیک و تفاق قڕانیان تێکەوتووە!؟

وردە وردە دەهات تەزووی سەرما لە ئێسقانی کاری دەکرد.  زیاتر خۆی بۆ ڕانەگیرا، کەسیرە بوو،  دوودڵ لە دەرگای ژوورێ نزیک بووە بە دەرزی دەرگایەدا روانییە دیوی ژوورێ:

چرا حەوت نمرەکەی جارانیان لەسەر کورسی دایسا.  لەلایەکی کورسی دایکی بە سەرو ملی پێچراووە ڕاکشابوو، نازێش لەلایەکی دیکە ڕوو بە دەرگا دانیشبوو، خەریکی چنین بوو…

ئاسۆ زۆر لەسەرەخۆ بە سەری قامکان لە دەرگای دا. نازێ ڕاچەنی، بە دەنگێکی نزم و لەرزۆکەوە پرسی:

_ بەو شەوە کێیە!؟

ئاسۆ لە پشت دەرگاوە بە دەنگێکی کەمێک نزم گوتی:

_ نازێ بیکەوە منم ئاسۆ، کاکت!

نازێ لەجێ دەرپەڕی و ئاڵقەی پشت دەرگاکەی ترازاند، بە دوای ئەودا ئاسۆ پاڵی بە دەرگاکەوە ناو بە جیڕەجیڕ دەرگا کراوە، لەگەڵ باقەیەک سەرما خۆی بە ژووردا کرد.

نازێ هەرکە چاوی بە کاکی کەوت ئامبازی بوو، دەستی دەمل کرد و گوتی:

_ ئۆخەی کاکە گیان! دایە مزگێنی کاکم هاتەوە!… دایە مزگێنی…!

دایکە لە شایی گەڕانەوەی جگەرگۆشەکەی نەخۆشی لەبیر کرد، وەک دەریایەکی تۆفانی شەپۆلی دایەوەو سەرمەستانە بۆلای کوڕەکەی چوو، ئامێزی پڕ لە خۆشەویستی بۆ کردەوە، بەخۆییەوە گوشی، بۆنی پێوە کردو هەزار بار زیاتر خۆی بە سەدەقەو بەڵاگێڕ کرد…

نازێ جارێکی دیکە دەستی لە ملی کاکی کردەوەو خۆی پێوە ئاوێزان کرد، بە تامەزرۆیی تێر بۆنی لەشی کاکی هەڵمژی و بەدوای هەناسەیەک ڕەنگی زەردی بەرەو سوور داگەڕاو گەشایەوە، بوژایەوە، چاوە ڕەشەکانی بوون بە دەریایەکی مەندو ئارام، وێنەی کاکی تێدا جووڵایەوە.

دایک و کچ لە خۆشی گەڕانەوەی تەنیا پشتیوانەکەیان سەرمەست و شاد. بەدەم خەندەی سەر لێوانەوە هۆن هۆن فرمێسکی شادیان بە سەر روومەتدا هاتەخوار. لەوکاتە چاوەڕوان نەکراوەدا تاسەکان سەریان هەڵدایەوە و دڵەکان بەهێز بوونەوە و لێوان بەچەشنی گوڵی باغی بادام پشکووتن و کرانەوە! چرای ماڵێ پڕ نوورتر و نێوماڵ گەرمایی ڕێنیشتەوە. بەڵام دایک و کچ هەرکە بوونی مۆڵگەی پشت ماڵانیان وەبیر هاتەوە، شادی و خۆشی تاوێک پێشیان لەسەر ڕووخسار تارایەوە!…

ئاسۆ ماندوو کەسیرە بوو لە حاستەخۆی دانیشت، نازێ بەپەلە پێڵاوەکانی لە پێ دەرهێنا. ئەوساهەرسێکلا لە دەوری کورسییەکە کۆبوونەوە.

ئاسۆ لەبنەوە چاوێکی لە ئازیزانی کرد، دیتی دایکی لەبەر خەفەت و ڕەنجی رۆژگار گۆڕانێکی سەیر بەسەر سەروسیمایدا هاتووە و بێ ئەنوایی بەجارێک پشتی چەماندۆتەوە. مووی سەری تەواو سپی تەنانەت تاڵە موویەکی ڕەشی پێوە نەماوە! نەخۆش و کەلەلا، لاوازو ڕەنگ زەرد، چاوەکانی زەق و سپی هەر دەتگوت چاوی مەڕی سەر بڕاوە!

نازێ بە وێنەی سەرونازێک قەدی کێشابوو، بەڵام کزەڵۆکە، ژاکاوو لێوبەبار، جلەکانی کۆن و پینەکراو، بەڵام لەبەریدا خاوێن و جوان. تەواویی ئەو دیمەنە دڵهەژێن و تاڵە، ئەوەندەی دیکە ئاسۆیان وێکهێناو کزەیان لە هەناو بەرز کردەوە، لەم کاتەدا پێی خۆش بوو یەک بەخۆی لە بانگی گریان بدا، بەڵام خۆی ڕاگرت و تەنیا پیشی خواردەوە.

دایکە بێدەنگی شکاندو بە ترسەوە ڕوو بە ئاسۆو پرسی:

_ کوڕە ئازیزەکەم! ئەوە چۆن وێراوتە بەم شەوە تووش و سەختە بگەڕێتەوە؟ مەگەر ئاگادار نی ماوەیەکە دوژمن لە پشت ماڵان بنکەیەکی دامەزراندووەو دێیەکەی خستۆتە ژێر چۆک؟

ئاسۆ متەقی نەبوو…

دایکە گوتی:

_مەگەر نەتدیت دوژمن ماڵی لێ وێران کردووین و ئەوەی هەشمانبوو بە تاڵانی برد!؟ هەرچەند رۆژو شەو بە درێژایی چاوم لە دەرگایە بڕیوە، بەڵکوو وەک ئەوشۆکە لێم وەژوور بکەوییەوە، بەڵام ڕۆڵە نازانم بۆ ئێستا وا لەپڕ دڵم کەوتۆتە جۆلانە!… دەترسم!… زمانم لاڵ! نەکا لە پێش چاوم بەڵایەکت بەسەر بێ!

نازێش بێ ئۆقرەو نائارام دروست بەچەشنی دایکی بەترسەوە چاوی دەکاکی بڕیبوو! کاکە بێدەنگ بوو، سەر داخستبوو گوێی لە دایکی ڕاگرتبوو!

دایکە لە ترسی بنکەی پشت ماڵان چۆقەی کەوتبووە دەروون و دڵی وەک جۆڵانە ڕادەژا. تاقەتی بڕاو  بە نابەدڵی و دوور لە حەزی خۆی گوتی:

_ رۆڵە وەرە بیکە بەخاتری ئەم دایکەو خوشکە جوانەکەت! خێرا پارووە نانێک بخۆو ، چرای دەکوژێنەوە و پاش خۆ گەرم کردنەوە و کەمێک حەسانەوە. بەر لە ڕووناک بوونەوە، لێدە بڕۆوە! کوڕم دوژمن دڕەندەیە، بەزەیی بە کەس دانایە. دەترسم بە خۆم نیە!

ئاسۆ بەدوای قسەکانی دایکیدا کەوتە مینگەمینگ و بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ بچێتە سەرباسی ئەو مەبەستەی بۆی گەڕابۆوە دیسان سەری داخستەوە. بەڵام دایکە دڵی خەبەری دابوو کە ئاسۆ بەدوای شتێکی نائاسایی دا گەڕاوەتەوە، هەربۆیە بەسەرسوڕمانەوە پرسی:

 ناکا ئاسۆ!؟ ناکا!…

ئاسۆ زوو تێگەیشت کە دایکە پەی بەڕازی دەروونی بردووە. پێش ئەوەی وڵامێک بداتەوە بۆ جارێکی دیکە چاوی بە نێو ماڵە وێران بووەکەو لای دایک و خوشکە ڕەنگ پەڕیوەکەیدا خشاندەوە، لە تاو بێ ئەنوایی دایک و خوشکی دەتگوت جەرگ و هەناوی بەنەشتەر کون کون دەکەن. دڵی دەگوشرا، پێش چاوی تاریک ببوو، دارو دیوارو پەردووی بن میچی ژوورەکە بە دەور سەرەیدا دەسوڕان. بەڵام لەسەر ئەو بڕیارەی دابووی پاشگەز نەبوو، بەڵکو سوور ڕاوەستا بوو! چونکە بەهیچ لەونێک نەیدەویست بۆ جارێکی دیکە دایک و خوشکەکەی بەبێ سەرپەرەست بەجێ بهێڵێتەوە. بە هێوڕی سەری هەڵێناو ڕوو بە دایکی گوتی:

_ دایە من ناتوانم هیچی دیکە لە ئێوە دوور کەومەوە! چیتر ویژدان ڕێگام پێ نادا ئێوە بەم شێوازە لەم ماڵە وێرانەیەدا بەجێ بهێڵمەوە! ناتوانم…!  لێم گەڕێن بۆ بەیانی زوو دەچم لە مۆڵگەی پشتماڵان خۆ بەدەستەوە دەدەم و ئەماننامە وەردەگرم،  ئیدی چیتر بەجێتان ناهێڵمەوە …! بەجێتان ناهێڵمەوە!…

دایکە ڕەنگێکی ‌هێناو برد، مات بردییەوە، چاوەکانی پڕ بوون لە ئاو.  نازێ سەری داخستبوو، شایی و خۆشی تاوێک پێشی لێ بوو بە خەون و خەیاڵ. پەردەی ڕەشی ماتەم بەسەر ماڵەکەیاندا کشاوە. دایک و کچ بیریان لەوە دەکردەوە، تازە هەموو شتێک بۆ ئەوان تەواو بوو! لە سبەی ڕا قارەمانە ناودارە سەربەرزکەیان وەک ‘حیزە’و ‘دێزە’ لەبەر چاوی خەڵک سووک و چاوشۆڕ دەبێ! دەبێ بەڕێوییەکی ترسنۆکی سەرشۆڕ، ئیدی کەس تازە حیسابی لە سەر ناکا…

 پێکهاتنی ڕووداوێکی ئەوتۆ بۆ دایک و کچ زۆر ناخۆش بوو. چونکە ئەوان ژیانی بە ئازادیان دەویست. نەک سامان و جلوبەرگی جوان. دیار بوونی ئاسۆ لە نێو ریزی خەباتگێڕاندا بۆ ئەوان لە گشت شتی سەر ڕووی ئەم زەوییە بەنرختر بوو. ئامادە بوون هەژاری بە سەت قاتی ئێستایان قبووڵ بکەن، بەڵام هەرگیز نەبینن شێرەکەی چیایان لەنێو دۆست دوژمندا بە سەرشۆڕی پەنا بۆلای دوژمن ببا و داوای لێبۆردن بکا.

ئاخرسەر دایکە وەک سۆنامی و شەپۆلی بەهێزی زریاکان خرۆشاو گوتی:

“_ ئاسۆ کوڕم! ئەتۆ بەهەڵە چووی ئێمە هیچ پێداویستێکمان بەتۆ نیە!  لەنێو ئەو گەلە مەزنەدا ئێمە بەتەنیا نین و دڵنیابە هیچ وەختانێک چاو لە مستی نامردیشمان نابینی یەوە! کوڕم، دوور یان نزیک دۆژمنی دڵرەق لە بەرامبەر داواکانی ئەم گەلە چاو سوورەدا بەچۆک دادێ! پاشان سەربەرزی و شانازی بۆ ئێوە ڕۆڵە ئازاکانمان دەمێنێ تەوەو بەس!…

 ئاسۆ قسەی دایکی بڕی و لەسەرەخۆ گوتی:

_ دایە خزمەت هەر ئەوە نییە، تفەنگ لەشان بە کێوانەوە دۆژمن ڕاو بنێ و یان بەخاتری هێندێک بەرژەوەندی کەسێتی چاوپۆشی لە چارەنووسی بنەماڵەی خۆت بکەی. من ئێستا بە ئاشکرا دەبینم بنەماڵەکەم لە ئەوپەڕی هەژاری و دەستکورتی دا دەژی. هەرچی بێ من لەبەرامبەر ژیان گوزەرانی ئێوەدا بەرپرسم. دایە گیان! خزمەت لەماڵی خۆ دەست پێ کردن گەلێک پیاوانەترە لەوەی بەدوای خزمەتی خەڵکانی دیکەدا هەڵوەدا بی!…

 دایکە وەدەنگ هات و گوتی:

_ نا، نەکەی! کوڕم وا نەڵێی! هەڕچی بێ تۆ ڕزگارکەری و لە پێش زۆرداران راوەستاوی! ئەو سەربەرزییە بە هەموو کەس نابڕێ… ئاسۆ قسەی دایکی بڕی و کەمێک بە دەنگی بەرز گوتی:

_ چۆن وا نەڵێم! کوا ئەوە دروستە پیاو بنەماڵەکەی لە ژێر باری هەژاریدا بەجێ بهێڵێ و بروا  قوڵ بۆ ئاسایش و ڕزگاری کەسانی دیکە هەڵماڵێ؟!

دایکە دەستی بەرەو ئاسۆ هەڵێناو گوتی:

_ نا کوڕم، نا دەستم بە داوێنت نەکەی! ئەم ڕێگاییەی تۆ پێیدا دەرۆیی، رێگای پارێزگاری لە شەڕەف و کەرامەتی ئینسانە داماوەکانە و لە پێش هەمووانەوە دایک و  خوشکەکەی خۆتە!!

ئاسۆ گوتی:

_ دایە منیش نامەوێ شەپ لەڕابردوویی خۆم هەڵبدەم، بەڵام ئەوە بێدەرەتانی ئێوەیە ناچار بە سەرشۆڕیم دەکا!… دڵنیابە من بەرژەوندی خۆم باش هەڵدەسەنگێنم… زۆرم بیر لێکردۆتەوەو ناچارم! هەتاکو ژیان و گوزەرانی ئێوە ئاوا هەژارانە بچێتە پێش، من لەو شاخانە شێران بەگوێیان هەڵکێشم هێشتا هیچم نەکردوە. مەگەر نەت بیستوە “چرایەک کە بۆ ماڵ ڕەوایە لە مزگەوت حەرامە؟” ئێستاش گوێ بگرن! من بۆ دەرباز کردنی ئێوە لەم ژیانە خەفتبارە من بەو شەوە تووش و سەهۆڵبەندانە گەڕاومەتەوە! پاشگەز نێم، بەقسەتان ناکەم!  سبەی زوو دەچم لە بنکەی پشت ماڵان خۆبەدەستەوە دەدەم !؟…

دایکە بە توڕەیی گوتی:

_ کوڕم بەهەڵە مەچوو! خەڵک ئەمکناسن، چاکەو خەراپەیان لەبیر ناچێ! دڵنیابە ئەم خەڵکە کەسک و سوورە ناهێڵن ئێمە قەت لەبرسان بمرین، هەتاکوو ئێستاش نانی خۆیان لەگەڵ لەت کردووین. ئێستاش هەتا زووە پاروە نانێک بخۆو سەرخەوێک بشکێنە. پاشانیش بێ ڕاوەستان بەو ڕێگایەی پێی دا هاتووییەوە ڕاست و رەوان بگەڕێوە شوێنکەی جارانت! دەی دەسەرت گەڕێم! رۆڵە نازدارەکەم! هەر تەنیا ناوی تۆمان بەسەر بەرزی بۆ بمێنێ، بۆ ئێمە بەسە و هیچ دیکەمان لە تۆ ناوێ!!…

ئاسۆ سەری دەباڵە خۆی نابوو… دایکە زۆر لێبڕاونە لێی دووپاتە کردەوە:

_کوڕم بۆ سەر هەڵناهێنی؟ بە ئەو خودایەی ژوور سەری! بێتوو بە قسەم نەکەی، ئەو شیرەی پێمداوی لێت حەرام دەکەم! لەلای خودای خۆم شەرت و پەیمان دەبەستم بۆ هەتاهەتایە ناویشت لەبیر خۆم بەرمەوە…!

وتەکانی دایکە وەک برووسکەیەک لەنێو مێشکی ئاسۆدا خوولی خوارد. ڕاچڵەکی، دەروونی خرۆشا، چاوەکانی وەگرشەگرش کەوتنەوە، هێز بۆ ئەژنۆی گەڕایەوە، کەمێک بەرەودوا کشایەوە، مات و بێدەنگ بۆ جارێکی دیکە تەماشای خۆشەویستە ژینتاڵەکانی کردەوە، بەدڵێکی پڕ لە ئەوینی کوردستانەوە بزەیەکی ڕەزامەندانەی کەوتەوە سەر لێوان، خوێنی سوورو گەش لەسەر ڕوومەتی کۆبووییەوە و هیوای ڕزگاری گەلە ژێر چەپۆکەکەی لەسەر نێوچاوانی دایک و نازیلێی خوشکی وەک گڕە مەشغەڵێکی گەورەو مەزن بە بەرزایی چیایی ‘ئاگری’و بە پانایی کێوەکەی “بیستوون’ بینی کە لەسەر تروپکی ‘قەندیل’ی سەربەرز هەڵگیرساو بەتیشکی هەرچوار پارچەی کوردستانی ڕووناک کردەوە. پاش ماوەیەک وچان و سەرخەوێک شکاندن هەستایە سەرپێ دایک و خوشکی لە ئامێز گرت، بەخۆییەوە گوشین و تێرتێر ماچی کردن. کەمێک پارەی شڕی پاشکەوت کردبوو، لە بنی گیرفانی دەرهێناو لەسەر کورسییەکەی دانا، ئەوسا بە سەبرایەک گوتێ:

_ بەخاتری ئێوە بوو هەڵوێستێکی ئاوا شووم منی بەرەوماڵ ڕاپێچ دا، دەنا کوا ئەمن دێم پشت لە شۆڕش دەکەم و خۆم سەرشۆڕی لای گەل و ملکەجی دوژمن دەکەم!

دایکە ماوەی پێ نەداو گوتی:

_ ئاسۆ کوڕەکەم! ئێمە لەمێژە تۆمان بەنیشتمانەکەمان بەخشیوە. مەگەر نابینی دوژمن کورد کوشتنی پێ خەزایەو تەنانەت رووحم بەپیرو لاو، منداڵ و دایکانی دووگیان و منداڵەبەریش ناکا. بۆخۆت دەبینی هەر ڕۆژە لەلایەک ماڵمان تاڵان دەکەن، شارو گوندو چیاو ڕەزو باغ و سروشتمان لێ دەسووتێن و خاپور دەکەن. سەرەڕای هەموو ئەوانە چۆن بە بۆمبی کیمیا پۆل پۆل وەکو مێش و مەگەس قڕانمان تێدەخەن!!… کوڕەکەم خێرابە! تاکوو رۆژ نەبۆتەوە وەڕێکەوە! ئەی ئاواتی ژیانم! ئەی شێرەکەی نێو زۆزانە بۆن خۆشەکەی کوردستانم. خێراکە!…

نازێ دەستی درێژ کردو گوتی:

_ ها کاکە گیان ئەم گۆرەویانم بۆ تۆ چنیوە و دەپێیانکە سەرمایە! خێرابە زنگاڵەکانت هەڵکێشە، ئاسۆ ڕوونە… خێرابە کاکە گیان! وەختە رۆژ بەرەو ئاسۆیە وڵات ڕووناک دەکاتەوە… ئاسۆش بەتاسەی ئازادی کوردستانەوە بەرەو یارانی نێو سەنگەری هەنگاوی نایەوە!!…

***

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی