ئەودەمەی کە شۆڕەلاو
جێژوانی دڵداری بەجێ هێشت، و
شۆڕبووەوە بەرەو جادە
گێژەوەی بەفر بوو بەدەم گژەباوە
زستان داهاتبوو
هاودەم جووتدڵدار گەرمی ئامێزی یەکدی
شەوی سپی پڕشنگی داویشت
شۆڕەلاو شادمان، بەلز ڕاێی دەبڕی
شارەکە تەواو کەوتبووە لێژی
لێوی بەبزەی ڕاگوزەر،
لە پشت یەخەی هەڵدراوەوە خۆیان دەنواند
ئازادی بوو
لای شۆڕەلاو،هەموو نیشانەی پرسیارێک
لە بارەی بوونی خواوە،
دەستیان کرد بە گۆرانی گوتن.
مووزیکێک خۆی ڕەها کرد و
بەهەنگاوی درێژ لە گێژەوەی بەفر تێپەڕی
هەموو شتێک کۆچی دەکرد بەرەو تۆنی «سێ»
جەمسەرنماێکی لەرزۆک سیلە لە «سێ» دەگرت
ساتێک لە سەرەوەی ئازارەکان، ئاسانی دەنواند
هەمووان لە پشت یەخەی هەڵدراوەوە بزەیان دەهات.
توانەوە
هەوای بەربەیان نامەکانی بەجێ هێشت
تەمرەکان وێنەی سکڵی ئاور دەگەشانەوە
بەفرەکە دەبریسکاوە
کۆڵەبارەکان سووک بوون
یەک کیلۆ حەوسەت گرام بوو، نە زیاتەر.
لە دۆخێکی هەم سارد و هەم گەرمدا،
ڕۆژ تا چاوهەتەربکا بەسەر سەهۆڵەوە دەفڕی
با ئەهۆن دەڕۆیی
مینا کالیسکەی منداڵێک لێ بخوڕێ
بە ماوەیەکی درێژ، یەکەم جار
خاوخێزان دەرکەوتن و چاویان بە ئاسمانی ئاواڵە کەوت.
ئێمە، لە هەوەڵ بەشی گوێگرتنی چیرۆکێکی بە پێزدا بووین.
پڕشنگی هەتاو بەسەرکڵاوە بەرگنەکانەوە نووسابوو
مینا تۆزی ئارد لەسەر باڵی هەنگەژاڵە
پڕشنگ قەتیسما بەسەر ناوی زستانەوە، تا زستان تێپەڕی
وێنەی شتی بێ گیان و کۆتەدار لە بەفرەکەدا
بردمییە قوڵایی بیرکردنەوە
لە داربڕەکانم پرسی: لەگەڵم دەگەڕێنەوە بۆ منداڵیم؟
لە وەڵامدا گوتیان: بەڵێ
لەنێو بێشەکەدا ورتەورتی، وشە بە زمانێکی تازە دەهاتە گوێ
پیتە دەنگدارەکانی شینی ئاسمانی بوون
و بێدەنگەکانی لقی ڕەش
بەسەر بەفرەکەوە سرتەسرت دەهات
لە داوێنی گرمە و نرکەی خۆیدا چۆکی دابوو
بێدەنگی لە گۆی زەویدا بە هێزەوە گەشەی دەکرد.
شێعری تۆماس تڕانستڕۆمر Tomas Tranströmer
وهرگێڕان له سوێیهوه ڕهحمانی سۆفی/ سوێد