‘ڕەشە’ منداڵێکی هەشت نۆ ساڵانەی خەپەتۆڵەو ڕەش ئەسمەر بوو، لە نێو شار دوو هۆدەو حەوشەیەکی گەورەیان هەبوو. بۆخۆیان لە دیوێکدا دەژیان، هۆدەکەی دیکەشیان لەبەر دەستکورتیان بەبنەماڵەیەکی خێزاندار بەکرێ دابوو.
‘کاکە’ کوڕە گەورەی کرێگرتەکەیان پاش تەواو کردنی سەربازی لە دایرەیەکی دەوڵەتی دامەزرابوو. کڕامافۆنێکی بە تاکە قەوانێکەوە کڕی بوو. هەموو بەیانیان بی رۆژ بوێر پێش تاوهەڵات، دەرزی گرامافۆنی لەسەر قەوان دادەناو گۆرانیبێژێکی ناودار بەدەنگێکی دڵگرو زوولال دڵ و دێنی لە گوێگرانی دەڕفاند:
“کاتێک بەیانیان لەسەر تروپکی کێویی بڵیند خۆری زێڕین چاو هەڵدێنێ و…”
ئەم گۆرانییە هەر تەنیا بۆ کاکە دڵنەواز نەبوو، بەڵکوو زایەڵەی گۆرانییەکە وەک خوێن بە شادەمارەکانی ڕەشەی مێرمنداڵیشدا گەڕا بوو. واتە لەو رۆژەوە گرامافۆن بەقەوانەوە سەری دەحەوشەی ماڵەکەیان نابوو، بەتەواوی سەوداسەرو گیرۆدەی دەنگ و سەدای گۆرانی بێژەکە ببوو! حەزی نەدەکرد قەت دەنگی خۆشی قەوانەکە لە بن گوێی ببڕێتەوە! ئەو تەواوی جوانییەکانی سەر گۆی ئەم زەوییەی لە نووکی دەرزی و خەتە وردەکانی ڕووی قەوانی گڕامافۆنەکەی کاکەدا دەدۆزییەوە. بەیانیان بەنەوای دڵنەوازی سترانبێژەکە لە خەوی شیرین چاوی هەڵدێناو بەدەم بزەیەکی هەست بزوێنەوە سوکێک پێخەفی لەسەر خۆی لادەداو هەڵدەستا دەچووەدەر. لەسەر پلیکانان دادەنیشت، دەستە خەپەتۆڵانەکەی وەبەر چەنەگەی دەدا، تاکوو گورانییەکە تەواو نەبووبایە
لە جێی خۆی نەدەبزوت!
کوریشکە لە دونیای منداڵانەدا تەنیا یەک ئاواتی هەبوو، ئەویش لە ژیاندا گرامافۆنێکی هەبێ و بتوانێ هەموو کازیوەی بەیانیان، ڕاست ئەوکاتەی مەلان بەدوای بژیودا لە شەقەی باڵان دەدەن و بەر لە ئەوەی زەردەی هەتاو لە شەونم دەدا بچێتە داوێنی کێوی ‘گوڵان’ و لە قەراغ دارستانی ‘سەیدئاوا’، لەسەر گۆڕەپانێکی بە سەوزە گیایی ورد داپۆشراو ڕاوەستێ، دواین وزە بەدەنگی گڕامافۆنەکەی بدا و جا ئەوسا لە نزیکەوە بەچاوی خۆی ببینێی چۆن خۆری زێرین بە پڕشنگی ئاسۆو دۆڵ و دەشت زێڕەوشان دەکا.
بەڵام کاکە بێ هیوای کردبوو، پێی گوتبوو گڕامافۆن گرانەو پارەیەکی زۆری تێدەچێ! بیری کردبووە، بابیشی ئەوەندە دەوڵەمەند نییە بتوانێ گرامافۆنێکی بۆ کڕێ!؟ بۆخۆشی منداڵە ناتوانی کار بکاو پارە کۆکاتەوە. تازە کاریشی پێبکرێ خۆ لە نێو ئەو هەموو گەورە کوڕە بێکارانەی شاردا کار دیتنەوە بۆ ئەو زەحمەت بوو!
ڕەشە مێشکە بچکۆلانەکەی لە تاو گرامافۆنێک شێوابوو، ئارام و قەراری لێ هەڵگیرابوو! لە هیچ شوێنێک ئۆقرەی نەدەگرت، تاکوو پێدەچوو ئاواتە منداڵانەکەی وەک تاری جاڵجاڵووکە دەروونی دەتەنی! ناچار پەنای بۆلای ئاواڵان برد، ئەوەندە بەتین و ئاگراوی هەستە خاوێنەکەی خۆی گێڕایەوە، هەر لە هەمان دەم ئاواڵەکانیشی هۆگرو گیرۆدەی چیرۆکە خیاڵاوی یەکەی خۆی کرد.
منداڵانی گەڕەک بێ ئارامتر لە ڕەشە بۆ کڕینی گرامافۆنێک کۆبوونەوەیان گرت. پارەی مانگانە خۆیان کە قرانێک یان دووقڕان زیاتر نەبوو، لەسەریەک دانا. پارەکەیان ئەوەندە کەم بوو، سەرجەم سەت دەنگ غوڕابی و نۆقلی سوورەی پێ نەدەکڕدرا. ئەوسا بە ناهومێدی لە بن دیواران دادەنیشتن و لاقیان ڕادەکێشاو بەدەم بیرکردنەوەی منداڵانە بە قامک و نینۆکان هەردی بەردەمی خۆیان دەکۆڵی. لەبن هەرد بەدوای کووپە زێرو جەواهێراتدا دەگەڕان! یا ئاواتەخواز بوون وەک باڵندەکان باڵیان گرتباو توانیبایان بەسەر هەورە بڵیندەکاندا بەفڕین خۆیان گەیاندبایە ئەو شوێنەی گڕامافۆنی لێ دروست دەکرێ، سا لەوێ بەحەزی خۆیان گڕامافۆنێکی جوانیان هەڵگرتبایە. بەڵام مخابن خەیاڵەکانیان نەگونجاو بوو.
لەم کاتەدا کە نەونەمامەکان لەخەمی گڕامافۆنێکدا لک و پۆیان سیس و شۆڕ ببووە، ڕەشە لەپڕێک وەک ئەوەی شتێکی پر بایەخی دۆزیبێتەوە، لەخۆشیان قاقایەکی کێشاو منداڵانیش لەخۆڕا وێرای ئەو قاقایان کێشاوە و کردیان بە چەقەنە سەما. ڕەشە گوتی:
_ دیتمەوە!
منداڵەکان راوەستان و بەدەم گرشەگرشی چاوانەوە پرسیان:
_ چت دیتەوە؟
ڕەشە چاوی زەوق کردو گوتی:
_ کوڕینە دەچمە لای کاکەی گرامافۆنەکەی بەئەمانەت لێ وەردەگرم!
_ گرامافۆنی کاکەی وەردەگری؟!
_ ئابەڵێ، بۆ مەگەر سەیرە!
_ جا دەتداتێ!؟
_ نازانم! دەچمە لای… لەبەری دەپاڕێمەوە خۆی بەقوربان دەکەم! دەستی ماچی دەکەم! بە ئەمانەت هەر بۆ تاقە یەک رۆژ…! جا ئەوجار کوڕینە سەحەری زوو پێش تاوهەلات، نان و پێخۆر هەڵدەگرین، هەموومان پێکەوە دەچین لە بناری گێوی گوڵان تێر بەدڵی خۆمان گوێ بۆ گۆرانی:
“کاتێک بەیانیان مەلی سەحەر دەچریکێنێ و لەسەر تروپکی گێوی بڵیند خۆری
زێڕین چاوهەڵدێنێ”و… ڕادەگرین و تێرتێریش چاو لەخۆری زێڕین و مەلی سەحەر دەکەین!
منداڵان لەخۆشیان هەموو وێکرا کردیان بەشادمانی و هوڕا کێشان! ڕەشە بەدەنگی بەرز گوتی:
_ بێدەنگ بن!
هەموویان وەک ماستی مەییو، ئارام، مەتەق نەما! ڕەشە گوتی:
_ لێرە راوەستن کەس بەدوامدا نەیە! ئێستا کاکە لە ماڵە، دەچمە لای داوای گڕامافۆنەکەی لێدەکەم!
منداڵان مات و بێدەنگ لەجێ ڕاوەستان. ڕەشە وەک چۆن گەورە پیاوان دەچن بۆ خوازبێنێ کیژۆڵان ئەوتۆ ڕواڵەتی خۆی گۆڕی، سەنگین و گران چووە لای کاکەو سڵاوی کرد، چۆکی دادا، بەئەمانەت، هەر بۆ ڕۆژێک داوای گڕامافۆنەکەی لێکرد.
کاکە یەکەم لاوی گەڕەک بوو کە گڕامافۆنی هەبوو. لە ڕادەبەدەر شایی بەخۆ، زۆریش دڵی بەگڕامافۆنەکەییەوە بوو، وەک بیلبیلەی چاو دەیپاراست و رۆژێ چەندجاران بە دەسرۆکەی سپی و نەرم گەردی ڕووی دەماڵی. بەڵام لەگەڵ ئەوەی گڕامافۆنەکەی زۆر بەلاوە ئازیز بوو، لەوکاتەدا ڕەشەی ئەوەندە ژیکەڵە هاتە بەرچاو، نەیتوانی دڵی بشکێنێ و بەڵێنی پێدا لە سبەی بەیانییەوە تاکوو ئێوارێ بۆی هەیە گڕامافۆنەکەی لەلا بێ! ئەویش بەمەرجێک نەیشکێنێ و نەهێڵێ تۆزی لەسەر بنیشێ…
ڕەشە بەدوای وەرگرتنی بەڵێن سەرکەوتووانە لەلای کاکە گەڕاوەو بەبۆنەی ئەم سەرکەوتنە لەگەڵ ئاواڵان کردیان بە شادمانی و خۆهەڵاویشتن. ئەوسا بە یەکەوە چوونە بازاڕ، پارەیان لە باوکیان وەرگرت و شیرنیان پێ کڕی و دایکان خواردەمەنی خۆشیان بۆ پێچانەوە. ئەو ئێوارەیە مانگەشەو بوو، تاکوو مانگ سەری لەکەل ئاوەژوو نەکرد، لە هەقلەمەقۆ و کایەی شەوانە نەگەڕانەوە ماڵ!
کازیوەی بەیانی بوو. ڕەشە پێش ئەوەی دایکی لەخەو هەڵی بستێنێ، هەستا جلەکانی دەبەرکرد و چوو گڕامافۆنەکەی وەرگرێ. کاکە لەپێشدا گڕامافۆنەکەی بۆ لە پرێسکەیەکی سپیدا پێچابووە، دایە دەستی.
ڕەشە زۆر لەسەرەخۆو وەک چۆن دایک کۆرپەی ئازیزی خۆی لە ئامێز دەگرێ، ئەوتۆ گرامافۆنەکەی بەهەر دووک دەستان هەڵگرت و توند بەسنگی یەوە نووساند.
ئاواڵان شادو سەرمەست لەسەر کۆڵان چاوەڕوانی یەکیان دەکرد. ئەوسا بە دەستە بەرەو بناری کێوی گوڵان لە شار وەدەر کەوتن. دەستەی ئاواڵان لەنێو تاریک و روونی بەیانی دا، لە دوورەوە هەر دەتگوت کاڕو بەرخن بە دووی یەکدا رێچکەیان بەستبووە. ڕەشە لە دواوە زۆر بەپارێزەوە هەنگاوی هەڵدەهێناو هاوکاتیش لە بن لێواندا گۆرانی مەلی سەحری دەگوتەوە:
“کاتێک بەیانیان مەلی سەحەر دەچریکێنێ و لەسەر تروپکی گێوی بڵیند خۆری زێڕین چاوهەڵدێنێ”و…
ئاواڵان چەند شەقاو دوور لە ڕەشە بە دەم گەرەلاوژانەوە، بزۆزو نەسرەوتوو ڕێگایان دەپێوا. لەوکاتەدا هەر ئەوەندە شادو سەرمەست بوون، وەک ئەوەی لە سەر ڕووی ئەم دنیایە تەنانەت تۆزقاڵێک خەم چییە پێیان نەبڕاوە!
هەرد نمدار، شەونم ڕووی گژو گیای سەوزی داپۆشیبوو. بۆنی عەتری گوڵ و
گیای دارستان وڵاتی داگرتبوو. مەلان جریوە جریویان بوو. ئاسمان تەواو ساماڵ بوو. ئاسۆ یەکپارچە زێڕین تۆپی زێڕین زێڕەوشانی کردبوو. لەم کاتەدا خەیاڵەکان وەڕاست گەڕابوون.
نەونەمامانی ئەوینداری خۆری زێڕین و مەلی سەحەر بەبێ خەم و کۆسپی
سەرڕێ گەیشتنە داوێنی کێوی گوڵان. لە قەراخ دارستان، گۆڕەپانێکی تەخت و سەوزەپۆشیان دۆزییەوە کە ڕاست دەیڕوانییە نێو کانی یەکی ساردو خوڕێن بەچەشنێک باوەشێک ئاو بەقەڵبەزە و شۆڕەشۆڕ بەرەو لێژ ڕەوتی خۆی دەپێواو گیانی وەبەر پنگە، سێ پڕە، سێسوو، وەنەوشەو خاشخاش و… دەنا!..
ئاواڵان لەنێو ئەو سروشتە بێ گەردو خاوێنەدا شونێکیان بۆ نە دەدۆزرایەوە کە شیاویی گڕامافۆنەکە بێ و بتوانن لەسەری دابنێن! یەکیان بەپەلە کەواکەی داکەندو بۆ گڕامافۆنەکەی ڕخست، بەڵام نەسەلمێندراو گوتیان:
“_ چڵکن و تۆزاوییە!”
یەکی دیکەیان کراسەکەی داکەند بۆی ڕاخا، خێرا گوتیان:
“_ نابێ! چڵکن و ئارەقاوییە!”
گیایی نەرمیان ڕنی، گەڵایان لە داران کردەوە لەبنی دابنێن ئەویش نەبوو!.. سەرەنجام تەختەبەردێکی خاوێنیان دۆزییەوەو بەهێمنی لەسەر تاتەبەردەکەیان دانا. ڕەشە لە تەنیشت گڕامافۆنەکە چۆکی دادا، داهاتەوە قەوانی گۆرانییەکەی لەسەر گڕامافۆنەکە داناو بە ئەسپایی نووکی دەرزی لەسەر ڕووی قەوان ڕاگرت. لەم کاتەدا هەموولایەک بەبێ ورتە ڕوویان بەرەو ئاسۆ وەرگێڕابوو. چاوەڕوانی ئەو ساتە بوون کە خۆری زێڕین سەر لە ئاسۆ وەدەرنێ و تیشکی زێڕینی تێکەڵ بەدەنگی زوڵالی گۆرانی بێژەکەو جریوەی مەلان بکا. جا ئەو کاتە دەست پێکەوە رووح وەبەر باغ و شاخ، گوڵ و گیا، کانیاوەکە بنین و سروشت بتوانێ ئەوەندەی دیکە ڕازاوەتر بنوێنێ!…
دروست لەم کاتەدا کە کوڕان چاوەڕوانی وەدیهاتنی تاسەکەیان بوون و خۆری
چاومەست دەهات لە ئاسۆ چاو هەڵێنێ، مێرولەیەک کەلە زل بەگڕامافۆنەکە هەڵچوو. ڕەشە نەپڕژا دەرزییەکە بەرداو مێرولەکە فڕیدا. هاواری ئاواڵانی کرد فریا کەون، بەڵام تاکوو ئاواڵان کەوتنە فریا، مێرولە بە دەرزێکدا سەری شۆڕ
کردە نێو گڕامافۆنەکە!
خۆر خەریک بوو چاو هەڵێنێ. دەرزی دەبۆایە لەگەڵ گزینگی هەتاو بەسەر خەتی باریکدا ڕووی قەوانی لستبایەوەو دەرزی و قەوان دەبۆایە وەها بەحەماسە ژەنیبایان، بەچەشنێک دەنگی دڵنەوازی گۆرانی بێژەکە لە گەرووی باریکی بەرزەوێژەوە تەواویی زیندەوەرانی ئەم مەڵبەندەی بە سروشتەوە هێنابایە سەمایە.
ئاواڵان لە دەوری گڕامافۆنەکە کۆزیلکەیان بەستبوو. ڕەشە وەک فەرماندەرێک فەرمانی دا:
_ بکشێنەوە دوا! بێ جووڵە چاوتان لە خۆر!
وێکرا کشانەوە! گشت شێت و شەیدا، ڕوو بەخۆر.
_ گوێتان لێ بێ و دەنگتان نەیە!
هەموویان یەکپارچە گوێ، ڕوو بە ئاسۆ، خوێن بەگەرمی، لەش بۆ سەما… بەڵام هەرکە دەرزی کەوتە سەر خەتی باریکی قەوان، دنیا گۆڕا!… لەباتی دەنگی بەسۆزی گۆرانی بێژەکە، بۆڕەو غڵدەغڵدێک هێزو توانای ڕەشەو ئاواڵانی تێک تەپاند! ڕەنگی سوورو گەش، سیس و کاڵ بوونەوە! لێوەکان زەردەیان لەسەر تۆرا! ئاواتەکان قەتیس و ڕوو بەزەواڵ! دەروونەکان چۆقەیان تێکەوت… ئاخ مێرولە!… مێرولەی سەرزل چ پەندێکت بەسەر هێناین!…
دیسان لە دەوری گڕامافۆنەکە کۆزیلکەیان بەستەوە. هەڵیان هێنا. سەرەو بنیان
کرد. فوویان تێکرد! لەبەر مێرولە بێ شەرمەکە پاڕانەوە، بەڵکوو لەنێو
گڕامافۆنەکە بێتەدەر، بە کەڵپە تیژەکانی سیمەکان نەقرتێنێ. بەڵام مێرولە گوێی
نەبوو! دلێ لە بەرد بوو!
کات بەخێرایی دەڕۆیشت و خۆر بەتەواویی چاوی هەڵێنابوو. بەڵام ئەم خۆرەی ئەوان لێی دەگەڕان و چاوەڕوانی بوون، ئەو خۆر نەبوو! ئەم خۆرەی ئێستا بێ زەوق و شەوق بوو! لەبەر چاوی ئەوان سروشتی نەڕازاندەوە! گوڵ و گیا سیس و داماو بۆنیان نەدەدا! چریکەی مەلان و شۆڕەی ئاو گوێیان ئازار دەدا!
دەروونی ڕەشە وەک پوورەی هەنگ دەهەژا! بوغزو کینە، ڕق و بێزاری لە مێرولە تەواویی هەناوی داگرتبوو. شەر بە دژی مێرولان:
“_بکوژن! ببڕن! سەریان پانکەنەوە! ویشکەڵان کۆکەنەوەو نەفت دەکونەمێرولان بکەن و ئاور دەعەمرو ماڵیان بەردەن! نەخێر!… سەرەنجام چەند دڵۆپ ڕۆندک بەزولالی شەونمی بەهاری بەسەر گۆنای تەم گرتووی ڕەشەدا شۆڕبوونەوەو ڕوومەتیان شەقار کرد.
شەرم و پەشیمانی جەستەی ڕەشەی داگرتبوو، نەیدەزانی بە چ ڕوویەک بتوانی گڕامافۆنی ساخ و سڵامەت، بەشەق و شڕی بداتەوە دەست خاوەنی!؟ هەراسان بوو! دەترسا!… خۆ ئەگەر شوێنێکی شک بردبایە کاری لێ بکا، هەر لەم جێگایەوە سەری خۆی هەڵدەگرت و دەرۆیشت، تاکوو گڕامافۆنێکی جوانی بۆ کاکەی نەکڕیبایەوە نەگەڕاباوە، بەڵام ئەوە تەنیا خەیاڵێکی منداڵانە بوو… ئاخ مێرولە!… مێرولەی لەعنەتی..!”
چێشتانگاو بوو، کەلوپەلەکانیان بەدەوردا بڵاو ببوونە! بایەکی گەرم دوکەڵێکی ڕەش و خەست ئاورگەکەیانی بە دەوران دەوردا خوولدەدا. ئاواڵان پەرێشان و خەمگین هەرکامە لەلایەک بەبێ دەنگ لەسەر پشت ڕاکشابوون! بۆنی دووکەڵ و تینی هەتاو جەستەی ئازار دەدان. بێ هێزو داهێزراو هەستانە سەرپێ، کەلوپەلەکانیان کۆکردەوە، نێوچاوان گرژو مۆن بەرەوماڵ بوونەوە…
ڕەشە لە دوا دواوە، گڕامافۆن بەکۆڵەوە، بەبێ ورتە، پەرێشان و قەڵس چاوی لە بەرپێ دەرۆیشت و زۆر لێبڕاوانە بیری لە مێرولە قڕان دەکردەوە!
ڕەشە گەیشتەوە ماڵ، حەوشەکەیان چۆل بوو، کەس بەدەرەوە نەبوو. بەترس
و لەرز خۆی گەیاندە قولینچکی حەسارێ و لەبن چرپی و چاڵی تەندوورێ خۆی مات کرد، تاکوو خۆر ئاوا نەبوو، چرای ماڵان هەڵنەکران لە حەشارگە نەهاتەدەر. ئەوجار کە بوولێڵ بەسەر وڵاتدا کشا، بە دوودڵی هەستا چوو گڕامافۆن لە سەر دەست تەسلیمی خاوەنەکەی کردەوە.
شەوێکی کپ و بێدەنگ بوو. هەموو شتێک خەم دایگرتبوو. وەک شەوانی ڕابردوو دەنگی منداڵان لە کۆڵانێ نەدەهات! تەنانەت دەتگوت دارو پەردوو، میچ و دیواریش بۆ مەرگی گڕامافۆنەکە تازییەبارن.
ڕەشە بۆسبەی بەیانی چاوەروانی ڕوداوێکی ناخۆشی دەکرد! لە ترسی بگرەو دارکاری هەر لەسەری شەوێیەوە سەری بردە بن لێفەو وەک بێچووە پشیلە خۆی گڵۆڵە کردەوە، تاکوو بەرەبەیان بەدەم هەڕەشەی باب و تووڕەیی کاکە و… ڕق و کینەی سارێژ لە بوغز سەبارەت بە مێرولان لەگەڵ خۆی کەوتە بیر کردنەوە:
“_ ئەو مێرولە شێت و هارە! ئەو سەرزلی کەڵپ درێژە! ئەو چاوزەقی چاودەرپەڕیوە! ئەو لۆق درێژە جندووکە شێتە! لە کۆوە سەری وەدەرناو هات ئاوا بێروحمانە ئەم کارەساتەی خوڵقاند؟ دەستم شکێ! بۆ زوو نەمگرت بە ددان ئێسکیم وردوخاش نەکرد؟! چ دڕەندەو بەسام بوو!؟ دیتت چ خێرا بە کەڵپەمشارییەکانی سیمی نێو گڕامافۆنەکەی قرتاند؟… لە سبەی ڕا نەفت و باڕووت لە کونی مێرولان دەکەم و ئاسەواریان دەبڕمەوە! ئەگەر مەرد بم، ناهێڵم یەک مێرولە چییە بە زیندوویی لە دەستم دەرچێ!… ناهێڵم!…
چارە؟ سەر بۆ کوێ بەرم؟!… خودایە ئەوە وڵات ڕووناک دەبێتەوە. کاکە قەوانەکە… چ ناخۆش دەبینێ گڕامافۆنەکەی وەستاوەو کار ناکا… هەر ئێستا وەختە لەپڕا ببێتە گوڕە و هەڵڵا! بابم پێ دەزانێتەوە… دایکم لە جێگا دەردەپەڕێ و بەسەرمدا دەقیژێنێ:
“جوانەمەرگی سەر بەقوڕ بۆ شتت لە خەڵک وەرگرت و شکاندت!؟” نا… ڕاستی
یەکە هەرچی هەیە بۆ بابمی دەگێڕمەوە. منداڵ هەموو شاهیدن!… دایک و بابم منیان خۆش دەوێ و لێم نادەن! دڵنیام گڕامافۆنێکی تازە بۆ کاکەی دەکڕنەوە. بەڵام خۆ باوکم ئەوەندە دەوڵەمەند نییە بتوانێ گڕامافۆنێک بکڕێتەوە!؟…
خودایە لێگەڕێ با هەر شەو بێ قەت رۆژ نەبێتەوە! با کاکە نەزانێ چ بەسەرگڕامافۆنەکەی هاتووە… نا!… با زوو رۆژ ببێتەوە! دەچم لەبەر کاکەی دەپاڕێمەوەو سوێندی بۆ دەخۆم دەڵێم من نەم شکاندووە! دڵنیام باوەڕم پێدەکا! بۆی دەگێڕمەوە ئەو مێرولە سەرزلە چۆن بە هەڕەمە خۆی دەنێو گڕامافۆنەکە خزاندو چۆن لە چاوتروکاندنێکدا بە کەڵپەدرێژەکانی سیمەکانی کرۆشت. پێی دەڵێم:
ئەگەر هەر باوەڕناکەی پشتی بکەوە، ببینە ئێستاش ئەو مێرولە کەڵپ مشارەییەکە هەر دەنێو گڕامافۆنەکە دایە! جا هەرکە بەچاوی خۆی مێرولە هارەی دیت، ئەوجار بۆ تۆڵە ئەستاندنەوە لەگەڵ کاکەی گەورەو بە هێزم دەچین هێلانەی مێرولان تەفروتونا دەکەین و ئاور سەر پشتیان دەکەینەوە…!”
بەیانی یە، کاکە لەخەوی خۆش ڕابووە. دەنگی بەسۆزی گورانی بێژەکە:
“کاتێک بەیانیان مەلی سەحەر دەچریکێنێ و لەسەر تروپکی گێوی بڵیند خۆری زێڕین چاوهەڵدێنێ”و… وەک هەموو بەیانییەک حەوشە پڕ دەکاتەوە.
ڕەشە بەپڕتاوی لێفەکەی لەسەرخۆ تووردەداو هەڵدەستێتە سەرپێ، بەچەشنی
بێچووە بەورێک لە پەنجەرەوە قەڵمباز داوێتەدەر.
کاکە لە نێوەڕاستی حەوشەکە خەریکی وەرزیشە. کوڕیشکە بەلەزو پەلە خۆ دەگەیەنێتە لای کاکەو چاو دەبڕێتە گرامافۆنەکە، بەخۆشحاڵی و بەبێ خەم، هەر وەک شەونەخوونی نەکێشابێ و خەمێکی نەچێشتبێ، شادو سەرمەست گوپ سوور، لێو بەخەندە، بەلاسایی و چەشنی کاکە دەست بەوەرزیش دەکا…
کاکە بەزمانی خۆش و شیرن:
“جارێک بۆ ڕاست، ئەوجار بۆ چەپ. لاق هەڵێنە! سێ جار بۆ پێش، بۆ پشتەوە! دەست بۆ کەمەر! سەرهەڵێنە! شل مل بادە! بۆ پێشەوە بۆ پشتەوە… تەواو نەرمیش! هەوای ئازاد هەڵمژە!… پشوو بدە!… “
ڕەشە بەهانکەهانک و مشتێک پرسیار ڕووی وەرگێڕا:
_ کاکە کاکە!؟
_ چییە ڕەشە!؟
_ دوێنێ بەیانی گرامافۆنەکە!
_ چی گرامافۆنەکە؟
_ مێرولە… دەنگی نەهات… بڵغەبڵغ و بڵمەبڵم!! سیمەکانی کرۆشت!
کاکە لەسەرەخۆ و بەدەم زەردەخەنەوە ڕووی کردە لا:
_ میرولەی چی شێتە!؟
_ با، مێرولە!
_ نا، لەبیرم چوو بوو باترییەکەی بگۆڕم. باترییەکان کۆن بوون وزەیەیان نەمابوو… بمبوورە ڕەشە! نەچووە بچێ بۆ قەرەبووی ئەم هەڵەیە سبەی تەواوی رۆژ گرامافۆنەکە بۆ تۆ!!…
***
٠١/١١/٩٦