"an independent online kurdish website

ڕۆژی هەینی ٥ی بەفرانبای ١٣٩٣، لاریجانی- سەرۆکی پارلمانی ئێران – و تاقمێکی هاوڕێی کە لەناویاندا تیرۆریستی بەناوبانگ و بکوژی ڕێبەری کاریزماتیک و کاریگەری کورد دوکتور عربدووڕڕەحمان قاسملوو، کە بە سەحراڕوودی ناسراوە، هەبوون. halmet_mairufi
ئەو سەردانە و شێوەی پێشوازی لێکران و تەنانەت خشتەی سەردانی لاریجانی و وەفدەکەی کە سەرەتا سەردانی سلێمانیان کرد و دواتر چوون بۆ هەولێر و هەروەها شێوازی پێشوازی لێکرانیان لە لایەن بەرپرسانی هەرێم، بۆ نموونە وەک ئەوەی کە کاک نێچیروان بارزانی خۆی شۆفیری بۆ کردوو بە ترۆمبیلە بێنزەکەی خۆی لەگەڵیان گەڕا، یان وێنەکانیان لەسەر قەڵای هەولێر و لە لایەکی تریشەوە ئامادە نەبوونی کۆسرەت ڕەسووڵ بۆ چوونە پێشوازی ئەو شاندە لە فڕۆکەخانە و ناردنی شاڵاوی کوڕی و لە لایەکی تریشەوە ئامادەنەبوونی هەرکام لە دوکتور بەرهەم ساڵح و کۆسرەت ڕەسووڵ لە دانیشتنەکەدا و داوای لێبوردن و نەچوون بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، هەر کام خۆی جێگەی تێڕامان و هەڵگری پەیامێکە لە ڕووی سیاسییەوە، بەڵام هەڵگری سێ پەیامی سەرەکیە بۆ حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە ماوەی نزیک بە بیست و پێنج ساڵە لە پەسارەکانی کۆیە و زڕگوێزدا، چاوەڕوانی دەرفەتێکن تا بیقوازنەوەو کورسییەکان لە کۆیەڕا بگوازنەوە کوردستانی ڕۆژهەڵات.

من لەو باوەڕەدام کە شعوری سیاسی لە کوردستانی باشوور هێشتا لەو پەڕی لاوازی دایە و خەڵک توانای درک کردن و شیکردنەوەی ڕاستییەکانی نییە و هەر هەموو پەیامی ئەو سەفەرە لە ڕوانگەی ئەوانەوە دەتوانێت ئەوە بێت: مامە پیاوێکی گەورەیە ئەوەتا ئێران هەموو ڕۆژێ سەردانی دەکات، یان: ئێران سەلماندی کە پشتی مامە بەرنادات، یان: ئێران بەو شێوازە هەڕەشەی لە پارتی کردووە کە هیچ کات پشتی سلێمانی بەرنادات. بە واتایەکی تر ناتوانن شرۆڤەی سیاسیی بە چاویلکەیەکی بەرژەوەندیخوازانەوە نەکەن، ئیتر بۆ ئەوان ئەو پەرە پێدان بە دوو ئیدارەیی و ئەگەری شەڕی براکوژی و تەنانەت لێک هەڵوەشان و پارچەبوونی هەرێم، بەتایبەت لەو کاتەدا کە پ ک ک پەرە بە بیرۆکەی کانتۆنی سازی دەدات و زۆرێک لە سەرکردەکانی سەربازی و سیاسی یەکیەتی کە تا دۆینێ هەڵگری ئاڵای نەتەوایەتی و سەربەخۆیی بوون و ئامادەبوون گیانی خۆیان لە پێناو بستێک لە خاکی کوردستاندا بدەن، دەهۆڵەکەی بۆ لە شان دەکەن و تی ڤیەکانی سلێمانیش، کاتژمێر بە کاتی سلێمانی ڕادەگەیێنن نەک هەولێر و هەروەها دەسەڵاتی لە رادەبەدەری ئێران بە سەر یەکیەتی نیشتمانی (!)دا، ڕەوتی ڕووداوەکان لەو دوو ساڵەی دواییدا و لە کاتی دانانی حکومەتەوە تا پرسی داعش و تا ئێستا کە وا شەق بوونێکی دیکە لە ماڵی یەکیەتیدا بەڕێوەیە، دەوری ئێران بە تەواوی و بێ حاشا لێکردن، نیشان دەدات، ئەو سەفەرەی ئێستا و ئەو سەرەتا چوونە بۆ سلێمانی و ئامادەنەبوونی کۆسرەت ڕەسووڵ و بەرهەم ساڵح، دەرخەری ئەو ڕاستییەن. کێش حاشا دەکات با بفەرموێت.

ئەو سەفەرە بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات سێ پەیامی گرنگی تێدابوو کە من لێرەدا بە کورتی و بە کوردی ئاماژەیان پێدەکەم، هەرچەند لاموایە زۆرێک لە ئەندامانی ڕێبەری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات ئەو پەیامەیان شرۆڤە کردوە و بەر لەوەی کە کاڵ و کرچێکی وەک من لە ڕووی سیاسییەوە لێی تێگەیشتبێت، ئەوان لێی تێگەیشتوون، ئیتر هەڵوێست و ڕێگاچارەیان چ دەبیت، ئەڵڵاهو ئەعلەم.

یەکەم، پەیامی ئێران:

کۆماری ئیسلامی لە دوای شەڕی داعش و بەشداری پێکردن ودرانەدەستی سەرکردایەتی شەڕ بە ئێران لە لایەن یەکیەتی نیشتمان (!)یەوە بەتایبەتی لە بەرەکانی شەڕی کەرکووک و جەلەولا و خانەقین و ئامادەبوونی بەردەوامی قاسم سلێمانی لەو بەرانەدا و هاتووچۆی بێ سنووری بۆ سلێمانی و بە قەولی ئێران، ئامادەبوونی ئێران بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە ڕاشکاوانە باس لەوە دەکات کە ئیتر سەرەی هەرێم و کاربەدەستانی هەرێمە کە ئاسایشی سنوورەکانی ئێران بپارێزن، ئەوەش تەنیا و تەنیا مەبەستی ئێران لەو ئاسایشە، دەمکوت و سەرکوت کردنی زیاتری حیزبەکان و خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی. دەسەڵاتدارانی یەکیەتی نیشتمانیش(!) تا ئێستا زۆر هەنگاویان لەو ئاراستەیەدا ناوە کە دەتوانین ئاماژە بدەین بە :

ئا- وتوووێژەکانی مەلا بەختیار و هێنانە ئارای بەردەوامی چەمکی (خەباتە ئاش بەتاڵەکەی ڕۆژهەڵات) لە هەر شوێن و دەرفەت و دیمانەیەکدا.

ب- قسە و دیمانەکانی نوێنەری هەرێم لە ئیران و لە ڕاستیدا نوێنەری یەکیەتی نیشتمانی(!) لە تاران جەنابی نازنم دەبباغ و ئەو بەڵگانەی کە لە ئیمەیلە هاک کراوەکەیدا دەرکەوتن و خۆشی حاشای لێنەکردن و بە پێچەوانە بڵاو بوونەوەی ئەو بەڵگانە وایکرد ناوبراو ئەو جار بە ڕاشکاوانەتر دەست بکات بە پێداهەڵکوتنەکانی لە رژێم و بەتایبەتی قاسم سلێمانی و نرخاندنی قارەمانیەتییەکانی (!)

ج- هەندێک بەڵگەی نهێنی هەن کە دەرخەری هەبوونی پیلان بە دژی هێزەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن لە داهاتوویەکی نزیکدا و تەنانەت ئەگەری هێڕش کردنە سەر ئەو هێزانە بە شێوەی نیزامی و هاتنە ئارای کارەساتێک وەک کارەساتە دڵتەزێنەکەی ئەشڕەف بەڵام ئەمجارە بە دەستی کورد و لەسەر کورد.

پەیامی یەکیەتی نیشتمانی (!):

یەکیەتی نیشتمانی (!): ئەگەر نەڵێین هەر هەموو پێکهاتەی ئەو حیزبە، دەتوانین بڵێین بەشێکی بەرچاوی بە سەرکردایەتی هێرۆ برایم ئەحمەد، بە ڕاشکاوانە بە مەبەستی تێهەڵێنانەوەی دەسەڵات و پێگەی دۆڕاوی لە هەمبەر پارتی دا بە تایبەت لە دوای ترازانی ئەو حیزبە و جیابوونەوەی بەرەی گۆڕان، نیشانیداوە کە دەستی مەرحەبای بۆ ئێران بە سینگەوە ناوە و لە هیچ میکانیزمێکی نانەتەوەییش بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پێگەیە خۆ نابوێرێت، بۆ یەکیەتی میکانیزمە ساکار و نانەتەوەییەکان زۆر گونجاوترن لە میکانیزمی دژوار و نەتەوەیی، هەر ئەوەشە وایکردووە کە دیسان ئەگەری ترازان و لەت بوونێکی تر لە کورت خایەندا لە یەکیەتی نیشتمانی بێنێتە ئاراوە. کەواتە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبێ ئەوە بزانن کە یەکیەتی نیشتمانی ئەو برا و هاوڕێیەی سەردەمی خەباتی شاخ نییە و ئیتر پێویستیان بە ئەوە نییە کە کەسێکی وەک دوکتور قاسملوو کە لە کۆتاییدا هەر بە دەست ئەو هاوڕێیانە خوێنی فرۆشترا، بیانباتە کۆڕ و کۆبوونەوە نێونەتەوەییەکان و بیانناسێنێت، یەکیەتی نیشتمانی (!) ئەوڕۆ لە مەترسی پووچەڵ بوونەوە و داڕمانێکی مێژووییدایە و بۆ ڕزگار کردنی خۆی، یەکەم بژاردەی دەتوانێت فرۆشتنی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بێت، کارێک کە ماوەیەکی باشە دەستی پێکردووە.

پەیامی پارتی:

پارتیش وەک هێزێکی دەسەڵات بەدەستی هەرێم کە بە داڕمانی یەکیەتی نیشتمانی (!)، هێزێکی زیاتر دەگرێت، لە خەمی خۆیدایەو لە کاتی پێویستدا بەرپەرچی یەکیەتی نیشتمانی (!) دەداتەوەو ناهێڵێت بەرژەوەندییەکانی بکەوێتە مەترسییەوە، هەر بۆیەشە کە لە کێبەرکێی خۆش خزمەتی و پێشوازی کردن لە تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەولێر، پەلەیەتی تا گۆیەکە بباتەوە، تا ئێستا هیچ سەردانێکی وەفدی دەرەوە بەو شێوەیە نەبینراوە، سەردانەکە زیاتر لە سەردانێکی دۆستانە و خزمایەتی دەچوو تا سەردانێکی فەرمی، ئەوەش واتای خۆی هەیە.

لە بیرمان نەچێت کە لەو سەردەمەدا کە پارتی لە ئێران بوو، زۆر کارەسات بە سەر ڕۆژهەڵات هات کە من تەنیا ئاماژە بە شەهید بوونی سەروان حەتەمی نەمر دەکەم کە خەسارێکی یەکجار گەورە بوو وە بزوتنەوەی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێمۆکرات، کەوت و ئەگەری دووپات بوونەوەی لە ئەگەری کەەوتنە مەترسی بەرژەوەندییەکاندا، هەیە. لە ئیستاشدا پارتی بە زەق کردنەوەی لایەنێک لە هێزەکانی ڕۆژهەڵات کە تا ئیستاش شەڕ بۆ پارتی دەکات و خەباتی چەکداری لە ڕٶژهەڵاتدا بە گونجاو نازانێت و بە دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی دەزانێت، تێدەکۆشێت ئاڵتێرناتیڤ بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات بدۆزێتەوە، کارێک کە پ ک ک بە سازکردنی پژاک، کردی و تێیدا سەرنەکەوت.

 

ئەنجام:

خۆگنخاندن و مانەوە لە کۆیە و زڕگوێز بە هەر بیانوو و بە هەر هۆکار و لە لایەن هەر کەسێکەوە، کرابێت، کراوە و کای کۆن بە با کردن، ڕەوا نییە و هیچ قازانجێکیشی تێدا بەستە نییە، بەڵام درێژەدان بەو ڕەوتە زۆر کۆڵەواری و ماڵوێرانی بۆ ئێمەی ڕۆژهەڵاتی و بەتایبەتی حیزبی دێمۆکرات، بەدوای خۆیدا هێناوە کە باری ئابووری سەقەت و کولی خەباتی سیاسی- نیزامی ئێمە و لە دەست دان و لاوازی پێگەی جەماوەری و هەروەها ساز بوونی چەند هێز و لایەن و سەرەڕۆییان لەسەر ڕۆژهەڵات، دەرەنجام و بەرهەمی ئەو مانەوەیەن و دەرخەری ئەو ڕاستییەن.

ئەگەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، گەرەکیان بێت مایە پووچ نەبن و خەبات و خوێنمان بە فیڕۆ نەڕوات، گەرەکە میکانیزمێکی گونجاو ببیننەوە، هەڵبەت بەر لە هەر کارێک دەبێ و پێویستە، لایەنە لێک دابراوەکان، گوێ بدەنە خواستی خەڵکەکەیان و بەرەو یەکگرتنەوەیەکی جیددی هەنگاو بنێن و دواتر بەرەیەکی نێشتمانی لە نێوان حیزب ولایەنەکاندا پێک بێت، ئەوە کۆتا ڕێگایە بۆ دەرباز بوون لەو کارەساتە.

هەڵگیرساندنەوەی خەبات بە هەر شێوازێکی مومکین و دەرخستنی پتانسیەلەکان، دەتوانێت پێگەی ڕاستی یئەو هێزانە دەربخاتەوە، چاوەروانی قەزا و قەدەر بوون لە حیزبێکی شۆڕشگێڕدا، هەڵەیەکی مێژوویی و نیشاندەری لاوازی و بێهەڵوێستی ئەو حیزبەیە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی