"an independent online kurdish website

سەرۆک جەلادەکەم لە ئامیز مەگرە.
نامەیەک بۆ سەۆکی هەرێمی کوردستان بەرێز مەسعود بارزانیdilshad_horami

لە گەل سلاو
بەرێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کەس شاراوە نییە هەولەکانتان لەم چەند سالەی دوایدا لە ئاراستەی سەربەخۆیی باشوری کوردستان‌و جێ‌خستنی وتارو ویستی سەربەخۆیی‌خوازی لەو بەشەدا بوونەتە هۆکارێک کە خۆشەویستی‌و متمانەی بەشێکی بەرچاوی میللەتەکەمان وەک پشت‌و دلگەرمی‌و هاندان بۆ خۆتان دەستەبەر بکەن. ئەوەی کە تاچەندە توانیوتانە لەو پۆتانسیلە بە قازانجی پێش‌خستنی پرسی سەربەخۆیی کەلک وەرگرن باسێکی‌ جیاوازە، بەلام بوونی وەها پشتیوانییەک‌و هەبوونی بەرەیەکی وەها بێ‌شک رێبەر یا پێشەنگ ناچار ئەکات بە راگرتنی کۆمەلێک بەهاو پرەنسیپ کە لە ئەگەری لە بەرچاو نەگرتنیاندا لاواز بونی بەرەو هاودەنگی رای‌گشتی زیاتر هیچی لێ‌ناکەوێتەوە.
ئەگەر بارزانی لە هەیبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە دوو رەستە ئەتوانێت خۆشەویستی‌و متمانەی خەلکانێکی زۆر دەستەبەر بکات‌، ئەوە بە دلنیایەوە بە دوو رەستە یا هەلسوکەوتی پێچەوانەێش دەتوانێ هۆکارێک بخۆلقێنێت کە بێزاری‌و بێ‌متمانەیی خەلکی بەرانبەر بە خۆی لێکەوێتەوە.
بەلێ، ئەوەندە کە شانازی ئەکەیت لە مەهاباد لە سێبەری ئالای کوردستان لە دایک بویت‌و ئامادەیت لە پێناو ئەو ئالا سێ‌رەنگەی کوردیشدا گیان ببەخشی، نمونەیەک لەو دەیان وتەو هەلویستە جوانانەن کە پشت سازکەرو هێز خۆلقێنەرن‌و لە پێچەوانەکیشیدا دانیشتنی دوێنێت لەگەل “جەعفەری سەحرارودی” بکوژی قاسملووی گەورەو رێبەر پشت وێرانکەرو دڵ‌ساردەوەکەرن.
سەرۆک، ئەوەی کە وتاری زالی بژاردەی کوردی باشور سەنابێژی ئێرانی ئیسلامی داگیرکەری یەک لە چواری خاکی کوردستان‌و داپلۆسێنەری نزیک بە دووازدە میلیون کوردی برایە کارەساتە. سەرۆک ئەوەی کە فەرشی سور لە پێتەختی دەسەلاتی کوردیدا بۆ قاتلی کورد رائەخرێت نە دیپلۆماسی بەلکو ئەتکی گشت کوردە.
سەرۆک، لادان نەدەبو لە عۆرفی دیپلۆماسی نێو دەولەتان رەت‌کردنەوەی بینینی کەسێکی دەرەجە سێ‌و چوار لە وەفدەکەی ئێراندا، چۆن ئەوان بە دابەزینیان لە سلێمانی‌ پێش هەولێر سەرجەم یاسا باوەکانی دیپلۆماسیان شکاندو لە هەیبەت‌و شکۆی دەسەلاتی هەرێم‌و پارلمان‌و ئەنجۆمەنی وەزیرانیان دابو.
بەلێ سەرۆک، دلنیا باشتر لە ئێمە دەزانیت ئەو کەسە کە بەرانبەرت دانیشتبو ناوی نە “محمد جعفری” بەلکو “جعفری صحرارودی”یەو باشیش دەزانی ئەو کۆنە برینەی لای گەردەنی ئاسەواری ئەو فیشەکەیە کە لە دەمانچەی قاسملووی شەهیدەوە تەقێندرا.
نە تۆ بەلکو هەموو دنیا دەزانێت سەرۆکی دەفتەری “لاریجانی” هەمان گەورە تیرۆریست “صحرارودی”یە کە لە راگەیاندنەکاندا بە قاتلی کوردانی رۆژهەلات ناسراوە.
سەرۆک دەکرا، پێشوازییەکی دوور لە چاوی کامێرا، دەکرا لە بەرانبەر دەرباز کردنی لە هێرشی ئامریکایەکان بۆ سەر جاسوسخانەکەیان لە هەولێرو ناردنەوەی بۆ ئێران داوای لێکرابا بە هەمان شێوەی ئەو سالە دور لە چاوی کامێراکان برواتە پیرمام، ئەمما بۆ وا بە خەستی‌و تۆخی لە ئامێزی گەرمی سەرۆکی حکومەتدا بینیمان پرسیارێکی جواب ئاسان‌و لە هەمانکاتدا پڕ لە تورەییە. بەڵی کاک مەسعود هاتنی سەحرارودی شکاندنی هەیبەتی تۆو لەبار بردنی هەولەکانت بوو، کە دلنیا خەونەکانت بە بێ‌ هاودەنگی‌و هاوپشتی میللەتەکەت روی وەدیهاتن بە خۆوە نابینن.
جێ‌خستنی قاتلی رێبەری بزوتنەوەی ناسیونالیزمی کوردی رۆژهەلات لە شاندی بالای کۆماری ئیسلامی‌و ناچار بوونی ئێوە بە پێشوازی کردنی جارێکی‌تر شکاندنی شکۆی کورد بە گشتی‌و کوردی رۆژهەلات بە تایبەتی بوو.
بەرێز بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کوردی رۆژهەلات لەوپەری لاوازی‌و پەراوێز خرانی پارتە تا دوێنێ تێکۆشەرەکانی هێشتا خەلکێکی زیندو، خاوەن تێگەیشتن‌و رۆشنبیری‌یە، ئەوان لەوپەری بندەستی‌و مەزلومیەتدا هاودەنگ‌و هاوپشت‌و پەناو برای گشت کوردێک بووگن، ئێستاش کەم نین کوردانی رۆژهەلاتی لە بەرەکانی شەری دژ بە هەرچەشنە هەرەشەیەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هەر لە مندالێکی سنەیی و مەهابادیەوە کە دەخیلەکەی بۆ ئاوارەکانی شەنگال دەنێرێت تا ئەو لاوە خۆبەخشانەی رۆژهەلاتی کە لە جەلەولاوە تا کۆبانێ گیان‌بازی ئەکەن. ئەرکێکی ئیخلاقی‌و نەتەوەیی‌ بوو کە پێش بەوە بگرن بکوژی قاسملوو پیاسەی شەقامی دوکتور قاسملوو بکات لە هەولێر ئەویش بە هاوشانی سەرۆکی ئەنجۆمەنی وەزیران.
ئێمەی رۆژهەلاتی ئەم پارادۆکسە قیزەونەمان بینی، بینیمان لە هۆلی پێشەوا یادی مردنی خۆمەینی بەرز راگیرا، بینیمان فەرشی سور بۆ قاتلی دوکتور قاسملوو لە هەولێری دوژمن بەزێن راخرا. بەلێ بە دور لە گشت ئیحساسی نوسینێک بە دور لە پارانەوەو نزاو رەجا، تەنیا لە پیناو پاراستنی ئەو سیما بەرحەقەی خۆت‌و کەرامەتی جلە کوردیەکانت‌و پیرۆزی ئەو ئاواتانە کە لە سەر بەلێنەکانت بە میللەت بنیاد نراون، داواتان لێ‌ئەکەم ئەم خۆ سوک کردنە کە هەمان سوک کردنی میللەتەکەمانە راگرن‌و خالێکی کۆتایی بۆ ئەو جۆرە سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامی هاوسێ‌و پشتیوان دابنێن.
نەمگەرەک زۆری لەسەر برۆم، دەنا دەتوانم بە سەدان نمونە لە هەلوێستی سەرکردەی میللەتانی خەباتکار لە دۆخگەلێکی هاوشێوەدا کە پرسی خیانەت‌و خزمەتە لێرە بنوسمە تا زیاتر رون بێتەوە کە خەلک چاوەروانی چۆن هەلوێستێک لە رێبەرەکانی ئەکات‌.
نەمگەرەک وەک رۆشنبیرانی خۆ ماندوکەر بە چەمکگەلی عەجایبەوە خۆم ‌و گلەیی نامەکەم ئیزم‌رێژ بکەم، وا هەست بکە لە شەقامێکی رۆژهەلاتەوە تورەیی نیگاو خەمی دڵی خەلکانێک دەنوسمەوە کە دلنیان قاسملوو بۆ ئەوان خەباتی کردو لە پێناو باشتر ژیانی ئەواندا گیانی بەخشی. وا بزانە ئەمە نامەی بێ‌دەسەلاتی رۆژهەلاتی‌گەلێکە کە قاتلی زمان‌و رۆحی خۆیان لە سەر خوانی رازاوەی برای خۆیان دەم بەخەندە دەبینن.
بەلێ سەرۆک، ئەگەر “لاریجانی” یا شاندە بالاکانی‌تری کۆماری ئیسلامی رۆژانە لە هاتوچودان بۆ لۆبنان‌و غەزەو دەمیشق تا پشت‌و پەنای برا شیعەکانیان بن، ئەگەر بۆ ئەوان رەوایە لە یەمەن‌و عەرەبستان‌و تەنانەت ئامریکای لاتین یار بگرن‌و هێز دروست بکەن، چۆنە بۆ دەسەلاتی هەرێم‌و حیزبی کوردی‌و تەنانەت شەقامی کوردی لە باشور حەرام کراوە کە پشتیوانی رۆژهەلاتیەکان بن‌و هاوکارو هاوپشتیان بن. چۆنە وامان بەسەرهاتوە کە خێرو بەیری پشتیوانی ئێوەمان بەخشیوە بە لەقای بێ‌رێزی نەکردن پێمان و کارمان وەک میللەتێک گەێشتوەتە ئەو ئاستە نزمە کە لەیەک بپارینەوە کە زەرەرمان بۆ یەک نەبێت‌و لە باتی داوای هاوکاری داوامان بووە بە داوای موراعات کردنی هەستمان‌و بریندار نەکردنی دڵمان.
بەڵی کارەساتە کە بۆ ئەو ئاستە دابەزیوین کە منی رۆژهەلاتی بۆت بنوسم. سەرۆک جەلادەکەم لە ئامیز مەگرە.
چەند دلتەنگ رۆژهەلاتییەک دوێنێ نوسی: دوای هاتنی “سحرارودی” دلنیا نیم هەولێر هەمان شار بێت کە سوپای هۆلاکۆی بەزاند.

لە گەل رێزو حۆرمەت
دڵشاد جەمشیدی (هەورامی)
27.12.2014 فینلاند

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی