"an independent online kurdish website

شەورای مامۆستایان نوێنەرایەتیی مامۆستایانی قوتابخانە نادەوڵتییەکانی دەکرد کە بۆ جیاکردنەوەیان لە قوتابخانەی دەوڵەتیی موجاهیدین، بە قوتابخانەی ئەهلی دەناسران.Faramarz.Almassy2

هەڵبەت بەڕێز مامۆستا خەیدان سنجابی کوردستانی بەر لە هەموو مامۆستایانی تر قوتابخانەی ئەهلیی لە ئۆردووگا کردەوە و تا ڕادەیەکی باش لە کاری خۆیدا سەرکەوتوو بوو و لانیکەم قوتابییەکانی لەدەستی ڕازی بوون. ئەو نە لەگەڵ نوێنەری خاچی سوور و نە لەگەڵ شەورای مامۆستایاندا هیچ هاوکارییەکی نەکرد و بە تەنیا و بە هاوکاریی قوتابییەکانی، قوتابخانەیەکی بە ژمارەیەکی زۆر قوتابییەوە بەڕێوە دەبرد. جا هۆکاری هاوکاری نەکردنەکەی پاراستنی ژمارەی زۆری قوتابییەکانی بێت بۆ داهاتی زیاتر یان هەر هۆکارێکی تر، بۆ من ڕوون نەبووەوە. دیارە ئەگەر دایکوباوکی قوتابییەکانی بیانویستایە دەیانتوانی لە شێوەی بەڕیوەبردنی قوتابخانە و هاوکاریکردنی لەگەڵ دەوروبەردا فشار بخەنە سەری، بەڵام لەبەر هەر هۆیەک بێ، ئەوانیش لێی گەڕان کە ئەو بە شێوەی خۆی قوتابخانەکەی بەڕێوە ببا.

ـ کەرەسەی خوێندن بۆ قوتابییان لە سەرەتاوە ژمارەیەکی زۆر کەم کتێبی خوێندنی فارسی پلەی سەرەتایی بوون کە خەڵک لە ئێرانەوە لەگەڵ خۆیان هێنابوویان و ئەو کتێبانە بوون بە سەرچاوە بۆ مامۆستایان و قوتابییان. مامۆستایان لە ڕووی ئەو کتێبانەیان نووسییەوە و دەستنووسەکانیان لەباتیی کتێبی دەرسی دا بە قوتابییان. دواتر کە قوتابییانیش فێری خوێندن و نووسین بوون، بۆ لە ڕوونووسینەوەی کتێب یارمەتی مامۆستایانیان دا. هاوینی ١٩٨٨ هەیئەتی کۆڕی پەروەردە و بارهێنانی سەرانسەریی کوردستان و نوێنەرایەتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز کاک دوکتور حوسەین خەلیقی هاتنە ئۆردووگا. ئەوان سەرەڕای یارمەتی بە یەکدەست (تەنزیم)کردنی  پۆلەکان و کردنەوەی خولی فێرکردنی وانەوتنەوە بە زمانی کوردی بۆ مامۆستایان، کتێبە دەرسییەکانی کوردیی پۆلی ١ و ٢یان بۆ دابین کردین. ئەمە خزمەتێکی زۆر گەورە بوو بە بواری خوێندن لە ئۆردووگای ڕومادی و جێگەی سوپاس و قەدرزانینە. ساڵی دواتر واتە ١٩٨٩، کاتێک خاچی سوورمان لە گرفتی نەبوونی کتێب تێگەیاند و پێمان لەسەر داگرت، جیا لە دەفتەری نووسین و قەڵەم و بڕێکی تر کەرەستەی پێویست، ئەمجار ژمارەیەک کتێبی خوێندنی سەرەتاییشیان بە کورتکراوەیی بۆ هێناین. پۆلی ١ و ٢ و ٣ لە یەک بەرگدا و ٤ و ٥یش لە یەک بەرگدا. هەروەها توانیمان لەڕێگەی خاچی سوورەوە کتێبە دەرسییەکانی کوردیی پۆلی ١ تا ٦ی سەرەتایی لە کۆڕی پەوەردە و بارهێنانی عێراق بە ڕادەی پێویست بۆ هەموو قوتابییان وەرگرین. بەڵام  کتێبی جوگرافیای ئێران کە وێنە و نەخشەی ڕەنگیی تێدا بوو و بۆ ئێمە گرنگ بوو، دەستمان نەدەکەوت. من لەسەر تیکە پارچەیەکی سپیی ١٠٠ X ١٠٠ سانتیمیتر نەخشەی ئێڕانم کێشابوو و ناوی پاڕێزگا و شارە گرنگەکانم لەسەر دیاری کردبوو بۆ ئەوەی قوتابییەکان لانیکەم وێنەیەکیان لە شێوە و شوێنی هەڵکەوتەی شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لا دروست ببێ. هەر مامۆستایەک ناچار دەبوو بەبێ کتێبی جوگرافیا، بەپێی سەلیقەی شەخسیی خۆی بە جۆرێک وانەی جوگرافیا پێشکەش بکا. سەیری هاوپێچەی ژمارە ٤ و ٥ بکە!

وانەوتنەوە لە قوتابخانە ئەهلییەکان لەسەرەتادا بە زمانی فارسی بوو و دواتر لە کۆتایی ٨٠کاندا بە دەستخستنی کتێبی کوردی بۆ پۆلە سەرەتاییەکان، زمانی کوردیشی پێ زیاد کرا. هەڵبەت وتنەوە و شیکردنەوەی وانەکان زیاتر بە کوردی بوون، چ ئەو کاتەی لە سەرەتاوە کتێبە دەرسییەکان تەنیا فارسی بوون و چ دواتریش کە بەشێک یان هەموو کتێبەکان بوون بە کوردی. ئەمەش هەم پەیوەندیی بەوەوە هەبوو کە چ کتێبگەلێکی دەرسی دەست بکەوێ و هەم بە بیرکردنەوەی دایکوبابەکان لە داهاتووی خوێندنی منداڵەکانیان. چونکە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک چاوەڕوانی دەرفەت بوون بۆ گەڕانەوە بۆ ئێران و لەم ڕووەوە دەیانەویست منداڵەکانیان زیاتر بە زمانی فارسی بخوێنن بۆ ئەوەی بتوانن دوای گەڕانەوەیان لە ئێران درێژە بە خوێندن بدەن.

لەسەر ڕاوێژگە (کومیتە یان شەورا)ی مامۆستایان: ئەو بەڕێزانەی لە سەرەتاوە لە ساڵی ١٩٨٥ەوە شەورای مامۆستایانیان دامەزراند و بە گوێرەی توانا خزمەتیان بە قوتابییانی ئۆردووگا کرد ئەو بەڕێزانە بوون: ١. موستەفا زارعی ٢. فەرهاد ڕاهنما ٣.ئەحەسەن خوشکدامەن. دوای ئەوەی بەڕیز مستەفا زارعی لە دیسامبری ١٩٨٧ و بەڕێز فەرهاد ڕەهنما لە ژانویەی ١٩٨٨ لەڕێگەی خاچی سوورەوە چوون بۆ سوید، ئەو بەڕێزانە بوون بە ئەندامی شەوراکە: ١.عوسمان کەوکەبیشاد ٢.عەزیم زەهاوی ٣.حەسەن محەممەدی ٤.ڕەشید حەیدەری ٥.حەسەن بهرووزی. سێ کەسی یەکەم تا هەڵبژاردنی ٢٢/٠٨/١٩٨٨ لە شەورادا مانەوە، بەڵام دوو کەسی ئاخر ماوەیەکی کورت لە شەورادا بوون.

مامۆستا ڕەشید دەڵێ هەر لە سەرەتای ١٩٨٨دا ئەو و کاک عوسمان پلانی ئەوەیان هەبوو کە بۆ یەکدەست (تەنزیم)کردنی  قوتابخانەکان هەنگاو هەڵگرن و، بۆ ئەم مەبەستە سەردانی چەن موختار (کوێخا)یان کرد بۆ ئەوەی بە پشتیوانی ئەوان پلانەکەیان جێبەجێ بکەن، بەڵام پلانەکەیان سەرنەکەوت. جیا لە پلانی ئەوان، ئێمە چەن مامۆستایەک بەر لە هاتنی هەیئەتی نوێنەرایەتیی حیزب و بەڕێز کاک دوکتور خەلیقی بۆ ئوردووگا، لە ناوچەکانی کڵاشی، نەیلکی، قەڵخانچەک و بێویانی یەکدەست (تەزیم)کردنی  قوتابخانەکانمان تا ڕادەیەک جێبەجێ کردبوو و بۆ ئەم کارە نووسراوێکمان لەنێوان مامۆستایانی بەشداردا واژۆ (ئیمزا) کردبوو. گەورەترین گرفتی سەر ڕێگەی یەکدەست (تەزیم)کردنی  قوتابخانەکان ئەو مامۆستایانە بوون کە ژمارەی قوتابییانیان زۆر بوو و ڕازی نەدەبوون کە قوتابییەکانیان بەسەر قوتابخانەکانی تردا دابەش بکرێن چونکە داهاتی مانگانەیان زۆر کەم دەبووەوە. کاک عەزیم زەهاوی کە ساڵی ١٩٨٨ ئەندامی شەورای مامۆستایان بوو ژمارەیەکی زۆر قوتابی هەبوو و، لەبەر گەورەیی قوتابخانەکەی و حەوش و بانەکەی، قوتابخانەکەی ببوو بە ناوەندێک بۆ شەورای مامۆستایان و خاچی سوور.

سەرەڕای هەموو هەڵە و کەموکورتییەک، ئەم کەسانە لەسەریەک کارێکی بچووکیان دەست پێکرد، بەڵام ئاکامەکەی دواتر بەرهەمێکی گەورەی بوو بۆ بەشێکی زۆر لە قوتابییانی ئۆردووگا و لانیکەم ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییان توانیان فێری خوێندن و نووسین ببن. زۆر لە قوتابییانی ئەو کات چ ئەوانەی گەڕانەوە بۆ ئێران و چ ئەوانەی لە باشووری کوردستان دەژین و چ ئەوانەی چوون بۆ وڵاتی سێهەم، ئێستە شانازی بەو زانیارییانەوە دەکەن کە لە قوتابخانە ئەهلییەکانی ئۆردووگای ڕومادیدا فێری بوون. ئەوان پێیان وایە پلەی زانستییان زۆر لە سەرەوەی ئەو کەسانەی هاوپلەیانەوەیە کە لە قوتابخانە دەوڵەتییەکاندا و لە ژێر دەستی مامۆستایانی دەورەدیتوو خوێندوویانە.

هەر لە ساڵی ١٩٨٤ەوە تا کاتی تێکچوونی ئۆردووگای ڕومادی لە ساڵی ٢٠٠٣، واتە لە ماوەی ٢٠ ساڵدا ژمارەیەکی زیاتر لە مامۆستایان چ وەک مامۆستا و چ وەک ئەندامی شەورای مامۆستایان بە گوێرەی توانا خزمەتیان بە پەروەردە و فێرکردنی قوتابییانی ئۆردووگاکە کرد. کار و خزمەتی ئەوان و هەموو مامۆستایانی تر، هەرکەس لە جێگەی خۆیدا و بەگوێرەی زەحمەت و دڵسۆزییەکانیان، جێگەی ڕێزە و بەتایبەت لە بیری قوتابییەکانیاندا دەمێنێتەوە. لە ئۆردووگا لە ساڵی ١٩٩١دا نزیکەی ١٢٠ مامۆستا و ٥٠٠٠ قوتابی سەر بە شەورای مامۆستایان هەبوون. کار و خزمەتی ئەندامانی شەورای مامۆستایان و هەموو مامۆستایانی دڵسۆزی تر لە قوتابخانە ئەهلییەکان، جێگەی ڕێز و پێزانینە و لە ئاسمانی مێژووی ژیانیاندا وەک ئەستێرەیەک دەدرەوشێتەوە. ئەگەر کەسیش سوپاسیان نەکا، ئەوا ئەوان ویژدانی خۆیان بەو خزمەتانە ڕازی کردووە و ئەوەیش گرنگترین پاداشت و پێزانینە. من بە ئەرکی خۆمی دەزانم لێرەدا جیا لە ڕێز لێگرتن لە هەموو مامۆستایان، لانیکەم ناوی ئەو مامۆستایانەش بنووسم کە لە ماوەی ٤ ساڵدا لەگەڵ من لە شەورای مامۆستایان بوون. ئەوانەی لە بیرم ماون دەیاننووسم، بەشکەم لە داهاتوودا هەم ئەم ناوانە تەواوتر بکرێن و هەم ناوی ئەوانەی ساڵانی دواتری پێ زیاد بکرێ.

بە هەوڵی بەڕێز کاک دوکتور خەلیقی و هەیئەتی حیزب ڕۆژی ٢٢/٠٨/١٩٨٨=٣١/٠٥/١٣٦٧ مامۆستایانی ئوردووگا لە قوتابخانەی بەڕیز کاک عەزیم زەهاوی کۆبوونەوە و ئەو بەڕێزانەی خوارەوە بۆ ئەندامەتیی شەورای مامۆستایان هەڵبژێران بۆ ماوەی ١ ساڵ:

١.نادر سەفەری (٤٦ دەنگ) بوو بە بەرپرسی شەورای مامۆستایان، ٢.عوسمان کەوکەبی شاد (٤٥ دەنگ)، ٣.فەرامەرز ئەڵماسی (٣٩ دەنگ)، ٤.عەبدوڵا عەباسی (جێگر)

دوای دەستپێکردنی کار بۆ یەکدەست (تەنزیم)کردنی پۆلی قوتابخانەکان، دەرکەوت کە ئەرکەکان کاری زۆر زیاتریان دەوێ و ئێمە بۆ سەرکەوتن لە ئەرکەکانماندا پشتیوانی ژمارەیەکی زیاتر لە مامۆستایانمان پێویستە. هەروەها ژمارەیەک لە مامۆستایان کە لەبەر بوونی بەڕێز دوکتور خەلیقی لە کۆبوونەوەکەدا، هەڵبژاردنی شەورای مامۆستایانیان بە کارێکی سیاسی لێک دابووەوە و خۆیان کاندید نەکردبوو، دواتر سوور بوون لەسەر بەشداربوونیان لە بەڕێوەبەریی شەورادا. کاک عوسمان کەوکەبیشاد لەبەر خۆئامادەکردن بۆ دەرەوە یان هەر هۆیەکی تر بووبێ، دوای یەک یان دوو مانگ دەستی لە کاری شەورا کێشایەوە و ٣ کەس ماینەوە. لەبەر ئەو هۆیانەی باس کران، ٤ یان ٦ کەسی تر بە شەورا زیاد کران. ناوی ئەوانەی ئەو دەورەیە زیاد کران و باقیی ئەو مامۆستایانەی دواتر ساڵانی ١٩٨٩ تا ١٩٩٢، لە شەورای مامۆستایاندا ئەرکیان بە ئەستۆ گرت لە خوارەوە دەنووسم. لە ٣ هەڵبژاردنی دواتر لە هاوینی ١٩٨٩، ١٩٩٠ و ١٩٩١ بە هۆی زیادبوونی ژمارەی قوتابییان و ئەرکەکانی شەورای مامۆستایان، ژمارەی ئەندامانی شەورا لە ٩ کەس بۆ ١١ کەس زیاد کرا و لەو ٣ دەورەیەدا من، فەرامەرز ئەڵماسی، ئەندامی بەڕێوەبەری و بەرپرسی شەوراکە بووم. بۆ یەکدەست (تەنزیم)کردنی پۆلەکان و ڕێکوپێک کردنی دۆخی قوتابخانەکان، بەتایبەت ئەندامانی شەورای ساڵی ١٩٨٨ بەرەوڕووی زۆر دژواری و گیروگرفت بوونەوە کە بەرپرسی ئەوکات بەڕێز مامۆستا نادر سەفەری بە یارمەتی کۆمیتەی حیزب و مامۆستایانی دڵسۆز ڕۆڵی زۆر گرنگی بوو لە چارەسەرکردنی بەشی زۆری ئەو گرفتانەدا. ئەو هەروەها یەکێک لەو دەگمەن مامۆستایانە بوو کە دواتر وانەی بە ژمارەیەک لە قوتابییانی دەورەی ناوەندی، واتە پۆلی ٧ و بەرەو سەرەوە وتەوە. بەشێک لەو گرفتانەی سەر ڕێی شەورای مامۆستایان، بەتایبەت هاوکاری نەکردنی وەک پێویستی بەشێک لە مامۆستایان، لە ساڵانی دواتریشدا هەر بەردەوام بوون. بەڵام ئێمە کۆڵمان نەدا، چونکە هەم بڕوامان بە کارەکەمان هەبوو، هەم پشتگیریی زۆربەی مامۆستایان و کومیتەی حیزب لە ئۆردووگای ڕومادی و هەم پشتیوانیی زۆربەی دایکوباوکی قوتابییانمان لە پشت بوو. کومیتەی حیزب بەردەوام هەوڵی دەدا لە ڕێگەی ئەندامان و لایەنگرانیەوە پشتیوانی شەورای مامۆستایان بێ بۆ لابردنی گیروگرفتەکان. یارمەتی کومیتەی حیزب بە شەورای مامۆستایان لەم بوارەدا ڕۆڵی زۆر گرنگی گێڕا و جێگەی سوپاس و پێزانینە.

شایانی باسە کە من ئەم نووسراوەیەم نارد بۆ ١٥ کەس لە ئەندامانی شەورای مامۆستایان کە ئیمەیلیانم هەبوو، بۆ ئەوەی هەم هەڵەکانم بۆ ڕاست بکەنەوە و هەم ڕای خۆیانم بۆ بنووسن. ١٤ کەسیان ئەرکیان کێشاو و پەیوەندییان گرت و سەرەڕای دەستخۆشی، ڕای خۆیان نووسی و بەشێک هەڵەیان بۆ ڕاست کردمەوە. سوپاسی هەموویان دەکەم، چ ئەوانەی دەستخۆشییان کرد و یارمەتییان دام، چ ئەوانەی ڕەخنەیان گرت و بە ڕەخنەکانیان نووسینەکەیان باشتر کرد. بەتایبەت سوپاسێکی زۆر بۆ مامۆستا ڕەشید حەیدەری کە ئەرکی پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی هەڵەی نووسین و ڕێزمانی وەئەستۆ گرت و ڕای خۆیشی دەربڕی. یەکێک لەو ١٤  مامۆستایە و هاوڕێیەکی تریش ڕەخنەیان لە نووسینەکە و لە وتووێژەکەی من لەسەر کاناڵی ڕۆژهەڵات تیڤی گرت. من جیا لە وەڵامدانەوە بە شەخسی خۆیان، کورتەیەک لە ڕەخنەکانی ئەوان و وەڵامەکانی من بۆ ئەوان لە کۆتایی دوایین بەشی ئەم نووسراوەیەدا دادەنێم بۆ ئەوەی خوێنەران ڕای ڕەخنەگرانیش بخوێننەوە و تەنیا ڕای من زەق نەبێتەوە. سەرەڕای ئەوە، هەوڵم داوە ئەو بەشەی ئەوان ڕەخنەیان لێ گرتووە و بە ناتەواویان زانیوە ڕاستی بکەمەوە و لەم نووسینەدا بیگونجێنم. لەوانەیە ئەو بەڕێزانە لە وەڵامەکانی من بەتەواوی ڕازی نەبن و دڵنیام ئەگەر ئەوانیش ڕازی بن دیسانیش کەسانێک دەبن کە لە گۆشەنیگای خۆیانەوە ڕەخنەی تریان لەسەر ئەم نووسینە دەبێ، چونکە هیچ شتێک ناتوانێ هەموو مرۆڤەکان وەک یەک ڕازی بکا. تکایە ئەگەر لەم نووسینەشدا هەر هەڵەیەک دەبینن ئاگادارم بکەنەوە بۆ ئەوەی بەگوێرەی توانا لە داهاتوودا ڕاستی بکەمەوە. پێشەکی سوپاسی یارمەتیدانی ئێوەی بەڕێز دەکەم و هیوادارم ئەم نووسینە کەڵکی خوێندنەوەی هەبێ و کاتەکەتان لەکیس نەدا. ناوی باقیی ئەندامانی شەورای مامۆستایان تا کۆتایی ساڵی ١٩٩٢ ئەوانەی لە بیرم مابوون و بەشێکیش هاوڕێیان بۆیان تەواوتر کردم:

١ـ ڕەحیم محەممەدی

٢ـ براعەزیز ئەسپەری

٣ـ محەممەد ئەمین فەتاحی

٤ـ ئەمین عەلی وەیسی

٥ـ نامدار سەفەری

٦ـ محەممەد عەلی سوهرابی

٧ـ بابان ئەلیاسی

٨ـ عەبدولکەریم پەهلووسای

٩ـ ئەحمەد تەیمووری

١٠ـ شێرخان خوسرەوی

١١ـ محەممەد مورادی

١٢ـ عالیخان ئەسپەری

١٣ـ عەلی عەباس محەممەدی

١٤ـ عەزیز مورادی

١٥ـ حەسەن عەباسی

١٦ـ مەنسوور قەنبەری

١٧ـ باوا ڕەزایی

١٨ـ ساڵح پاڵانی

١٩ـ مەجید ئەلیاسی

٢٠ـ مەڵک محەممەد چراغی

٢١ـ محەممەد نەقشبەندی

٢٢ـ ئیبراهیم شوجاعیپوور

خوالێخۆشبوو ئەحمەد وەیسی ئەگەرچی ئەندامی شەورای مامۆستایان نەبوو، بەڵام بە دڵخوازی خۆی و بە ئامانجی خزمەتکردن، ئەرکی وەرگێڕانی قەبووڵ کردبوو و لە کاتی پێویستدا بۆ وەرگێڕانی قسەکانی نوێنەری خاچی سوور یارمەتیدەری شەورای مامۆستایان بوو. دواتر بەڕیز ساڵح پاڵانی وەک ئەندامی شەورای مامۆستایان چەند ساڵێک ئەم ئەرکەی وەئەستۆ گرت.

فەرامەرز ئەڵماسی ٠٤/٠١/٢٠١٥

چاوەڕوانی بەشی ٣ تا ٦ بن!

 

بۆ بابەتەکانی تری نووسەر ئێرە کلیک بکەن

 4.Parezga-u-sharistanekani-eran

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی