"an independent online kurdish website


دوێنێ دوو شەممە ٢ی فیوریەی ٢٠١٥ دانیشتنی دەفتەری سیاسی و سکرتێری گشتیی هەردووبەشی حیزبی دێمۆکرات کراوە لە  شاری کۆیە.hicri_azizi_nu

هەواڵی دانیشتنەکە لە میدیای هەردوولا دا بە کەمێک جیاوازیی ئەدەبیات بڵاوبۆتەوە. لایەنی حدکا هەر دیسان پەیڤی “هاوڕێیانی پێشوو” ی بەکار هێناوە و لایەنی “حدک” ناوی هەردوو بەشی وەک خۆی هێناوە کە هەن .

بە هەرحاڵ ئەوە زۆر کێشە نیە. بەڵام تەنیا هەواڵی دانیشتنەکەیە   و بە بێ ئەوەی  هیچ نەتیجەیەک دیار بێ. لەدوای ئەو دانیشتنە دەبینم هیندێک لە لایەنگرانی یەکگرتن بە جۆرێک لە جۆرەکان نائۆمێدییان پیوەدیارە و پێیانوایە کە بە یەک دانیشتنی دەفتەری سیاسی و سکرتێرەکان هەموو شتێک دەبا کۆتایی هاتباو یەکگرتن دەستی پێکردباوە. هەڵبەت ژمارەی ئەو خەڵکانە نەک سەدان و هەزارانە ، بگرە بە میلیۆنانیشە. بەڵام نابێ لە بیرمان بچێ کە هیندە هاسان و ساددەش نیە.

من بۆ ئەوەی کە ئەو بەڕیزانە هیچ ڕێگایەک بە نائۆمێدی لەو بوارەدا نەدەنەوە، چەند تێ بێنی یەک دەخمە بەرچاویان و هیوادارم ئەوانیش ڕا و بۆچوونی خۆیانی لە سەر دەرببڕن. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ ڕای خۆمان لە سەر ئەو پڕۆسەیە دەرنەبڕین و نەچینەوە نێو ناغی پڕۆسەکەوە، ڕەنگە لە داهاتوو دا زیاتی زیاتر بەو واحیدە سیاسی یە بگا کە نێوی حیزبی دێمۆکراتە و ٧٠ ساڵە کە لە ئاکتۆرە هەرە دیار و کاریگەرەکانی نێو بزاڤی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووە و هەیە.

بۆ ئەوەی ڕێگای کورت گرمەبەر و ماندووتان نەکەم، یەکسەر دەچمە سەر ئەسڵی بابەتەکە و بەشێوەی خوارەوە تێبێنی یەکانم دەخەمەڕوو:

یەکەم: ئێمە ٨ ساڵ بەرلە ئێستا یەک حیزب بووین، یەک دەفتەری سیاسی مان هەبوو، یەک سکرتێرمان هەبوو و یەک ناو و یەک لۆگۆ ، یەک ڕۆژنامە، یەک ڕادیۆ، یەک تی ڤی، یەک لاوان، یەک ژنان، یەک خوێندکاران  ویەک تەشکیلاتی نهێنی و یەک کۆنگرەش مان هەبوو.  بەڵام ئەوە ٨ سالە هەمووی ئەمانە بوونەتە “دوو٢”. دەفتەری سیاسیی ئێمە پێک هاتبوو لە ٧ کادری بە ئەزموونی نێو حیزب. هەفتانە کۆبوونەوەیان دەکرد و دەیان کۆبوونەوەی تایبەت بە پرسگریکی تەشکیلاتیی ئەوکات کە دواتر بوون بە هۆی لێکترازان لە دەفتەری سیاسی ئەنجام دران. بەڵام هەمووی ئەوکۆبوونەوانە نەیانتوانی پێش لە لێکترازانەکە بگرن و لە نیهایەتیش دا لێکترازان کرا.کاتێک یەک دەفتەری سیاسیی واحید نەیتوانی پێش لە لێکترازان بگرێ، سروشتی یە کە دوو دەفتەری سیاسی دەبێ دانیشتنی زیاتر و وردبینانەتر بکەن تا یەکگرتن دێتەئاراوە.

دووهەم: ئێمە هەشت ساڵ بەرلە ئێستا کۆمەڵێک پڕەنسیپی حیزبیی هاوبەشمان هەبوو، ئێستا بوونەتە زۆر پڕەنسیپی جیاواز کە هەر هەموویان پیویستە دووبارە ڕێکبخرێنەوە تا هەموومان ڕازی بکا ، ئەوەش بە قەولی کاک مستەفا هیجری کە لە ماوەی ڕابردوو دا فەرمووی: “بۆ یەکگرتن فیداکاری و تەنازولی هەردوولای پیویستە”. کەوایە ئەو خالە زۆر گرینگە و دەبێ بکرێتەوە بەردی بناغەی دانیشتەکان و تەنانەت یەکگرتن. من بە بێ ئەوەی ڕەش بین بم، تا ئەم ساتەوەختەش ئەو فیداکاریو تەنازولە لە ڕێبەرایەتیی هیچ کام لە دوولایەنی دێمۆکرات دانابینمەوە.

سێهەم : ئێمە ٨ ساڵ بەرلە ئێستا یەک دیپلۆماسی و زەد وبەندی دیپلۆماسی مان هەبوو، بەڵام ئێستا بەتەواوی گۆراون و جیاواز بوونەتەوە. ئێستا کەم و زۆر ئەو زەدوبەندە دیپلۆماسیانەی دوولایەن هیندێک دەرەنجامی هەیە کە مومکینە بەزاندنی ئەو دەرنجامانە خاریج لە ئیرادەی خودی دوولایەنیش بێ.

چوارەم: ئەوکات یەک حیزب بووین و سەرەڕای هەموو کێشەو گرفتێک، نفووزکردنی موخالیفان وبگرە دۆستانی حیزبیش بە کێشرانی پێی خۆیان بۆ ناو کێشەکان زۆر مەیدانی نەبوو، کەچی ئێستا ئەو مەیدانە زۆر ئاواڵاترە تا ئەوکاتی کە لێکترازان کرا.

پێنجەم: ئێمە جاران تەقریبەن یەک تاریف و یەک شێوە بیرکردنەوە و هەروەها کردەوەمان بۆ ئیدارەی حیزب هەبوو، ئێستا وەک ئەوکات نیە کە پێکەوەبووین. گومان لەوەدا نیە کە شێوەی ئیدارە کردنی حیزب لە نێو هەردووبەشدا جیاوازیی تێکەوتۆوە. ڕەفتار و مەوقعیەتی تاکەکانیش وەک خۆی نەماون.فەرد هەیە ئەوکات لە پەڕاوێز دا بوو، ئیستا دەسەڵات و بڕیار بەدەستە کە ئیمکانی هەیە بۆ پاراستنی ئەو مەوقعیەتە ئەگەر بە زاهیریش نەبێ ، لە باتن دا کۆسپ دروست بکا.

شەشەم: لێکترازانی ساڵێ ٢٠٠٦ بەرهەمی کۆنگرەی ١٣ نەبوو. بەرهەمی کۆنگرەی ١٢، ١١ و ١٠یش نەبوو. بەشێکی ئەو کێشەیە ئاکامی کۆنگرەی ٨ بوو کە دوای کۆنگرەی ١٠ ڕێژەیەکی کەمی چارەسەر کرا بوو ، بەڵام زۆرترین موخالیفی هەبوو. بەڵام بەشی هەرەزۆری کە بوو بە هۆی لێکترازانی ٢٠٠٦ ، لەو کاتەوە دەستی پێکردبوو کە  پێش کۆنگرەی ٩ هەوڵێکی چڕ لە پشتی پەردەڕا دەستی پێکردبوو بۆ گۆڕینی سکرتێری ئەوکات کە کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی بوو .  هەر وەها کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی مانگێگ دوای کۆنگرەی ٩ پێشنیارێکی کرد بۆ  هەڵبژاردنی جێگری سکرتێر   و پێشنیارەکەی لە کۆمیتەی ناوەندی دەنگی هێنا. ئەو پێشنیارە و ئەو هەڵبژاردنە خێرایی دایە کێشەکانی دوای کۆنگرە هەشت و تەنانەت دوای شەهید بوونی کاک دوکتۆر قاسملووش .  ئەو هەڵبژرادنە بوو بە مەبدەئی هەوڵ و هیمەت بۆ ئەوەی کە کۆنگرەی ١٠ بە هەمان ئاکام کۆتایی بێ کە کۆتایی هات.

ئەوەش زیاد بکەم کە هەرچۆنێک گوتم کێشەکان لە کۆنگرەی ١٣ دا دەستیان پێ نەکردووە، دڵنیام پابەند بوون بە ئاکامەکانی کۆنگرەی ١٣ش ناتوانێ یەکڕیزیی حیزب بێنێتە دی و بیچەسپێنێ. مەگەر کام لا پابەند بووە بە ئاکامەکانی کۆنگرەی ١٣؟ خۆ هیچکام لەوا دوو لایەنە سەرەرای ئیدیعاشیان، نەیانتوانیوە بەتەواوی پابەندی بڕیارات و ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی ١٣ بن. گەڕانەوە بۆ کۆنگرەی ١٣ چارەسەری نیهایی نیە. هەرکام لەو دوو لایەنە دوو کۆنگرەی گرتووە، کۆمەڵێک ىڕیار و ڕاسپاردە هەیە لە دوای ئەو کۆنگرانەوە.

حەوتەم: سەرچاوەداراییەکانی حیزبی ٨ ساڵ بەرلە ئێستا لەگەل دوو حیزبی مەوجوود ئەمڕۆ جیاوازن. کەوایە لەو مەیدانەش دا زەدوبەندەکان جیاوازن. یەکێک لە کێشەسەرەکییەکانی ئەوکاتیش شێوەی ئیدارەکردن، دەست پێڕاگەیشتن و سەرف کردنی داراییەکانی حیزب بوو.

هەشتەم: هێماکانی حیزب دابەش بوون بە سەر دوو بەش دا. هیندێک هێما کەم ڕەنگ وهیندێکیان هەتا ئاستی قەداسەت براونەتەوە پێش. دەستکاریی هێما مێژووییەکانی حیزب کراوە. ئەمانە پیویستە دووبارە ڕێکبخرێن وعام پەسەندی بکەن.

کەوایە کەس پێیوانەبێ کە کێشە وپرسگریکی تەشکیلاتیی حیزبێک کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە لە بازنەی کۆمەڵە کادرێک دا دەخولێتەوە ، بوونی دوو حیزب بە ماوەی ٨ ساڵ کە تەقریبەن دەتوانین ژمارە و تەنانەت تواناکانیشیان نیزیک لە یەکتری ببینین، بە یەک کۆبوونەوە چارەسەر ناکرێ. ئاکتۆرەکان هەمان ئاکتۆری لێکترازێنەرن. ئەو نەسلی لێکترازاو ئێستاشی لە گەل بێ ٩٥ لە سەدی حاکمە و بڕیار بەدەستە، چ ڕاستەوخۆ، چ بە شیوەی سێبەر ئەوانن کە بڕیاری هەردوولا نوقتەی کۆتایی دادەنێنەوە.

من لەگەل ئەوەی کە هیندێک نیگەرانم لەوەی کە بەدەنە ی حیزب زۆر بێ خەبەرە لە دانیشتنەکان ، پێموایە پیویستە بەدەنەی حیزب ڕۆڵی بدرێتێ بۆ یەکگرتن ، حیسابی بۆ بکرێ و بەشداری بڕیاری یەکگرتن بکرێ، بەڵام دڵنیام کە یەکگرتن دەبێ و ئەوە جەبری زەمانەیە و دەبێ ملی بۆ ڕاکێشین ، و دەڵێم: بەڵێ دەبینە هاوڕێی داهاتووش بەڵام پشوو درێژیی ئێمەی پێویستە.  نە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و نە حیزبی دێمۆکرات وەختی زیادی و ئینێرژیی زیادیان نیە کە سەرفی ئەو دوو بەرەکیە بکەن. پەڕواێز خستنی بەدەنەی حیزبیش واتە نەچەساپانی یەکگرتن وئاکامەکەشی لە یەکگرتنی ١٩٩٧ درەوشاوەتر نابێ. بە کوردییەکەی یەکگرتنی تەنها ڕءبەرایەتیی هەردوولا، چارەسەر نیە.

دوو ڕیگامان لەبەرە: یان یەکگرتن و وەسەریەکخستنەوەی هێزی ڕێبازی دێمۆکرات، یان لاوازیی زیاتر و لە نیهایەت دا بوونە دوو مەحفەلی بچووکی بێ کاریگەری لە نێو بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات دا.

بە هیوای یەکڕیزی

danistn_danistn_nu

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی