“بە یادی تەواوی ئەو کوردە خەباتگێرانە کە هەست و نیستی خۆیان لە پێناو ئازادی مرۆڤەکان دانا! نەمازە لەنێو ئەواندا شۆرشگێری راستین کاک ‘عەبدوڵا عزەتپوور’!”
ئێمە ئەندامانی بنەماڵەکەمان بێ سەبرانە گوێمان بەلای زەنگی تەلەیفونەوە بوو کە میوانی خۆشەویست دوایین کاتی گەیشتنی خۆی بە شەمەندنەفەر، بۆمان دیار بکا، پاشان ئێمەش چەپکەگوڵ بەدەست بەپیرییەوە بچین.
ڕۆژێک پێش ئەوەی میوانەکەمان بگاتە جێ، لە پێشدا دیوێکی خەومان بۆ ڕێکوپێک و دیاری کرد بوو. دوو منداڵی تەمەن دە دوازدە ساڵانەمان هەبوو بە ئەوانیش ئاگاداریمان دا بوو، لەبەر ئەوەی میوانەکەمان لە ڕێگایەکی دوورەوە دەهات، هەتا ئەو کاتە ماندووی دەحەسێتەوە بێدەنگی بپارێزن!
منداڵەکان سیماو بیچمی میوانەکەیان وەبیر نەدەهاتەوە، بەڵام زۆرجاران باسی کەسێکیان دەگێڕایەوە، لە شاخ سواری ئەسپێکی سپی کرد بوون. ئەو کەسەش بێجگە لە میوانە بەرێزەکەمان کەسێکی دیکە نەبوو، سابۆیە ئەم بیرەوەرییە ببوو بەهۆی پردێکی هۆگری لە نێواندا و تاکوو پێدەچوو ئەم هۆگری یە لە مێشکی منداڵەکاندا بەهێزتر دەبووە.
زەنگی دەرگایە زرینگایەوە، هەرچەند ئێمە وامان چاوەڕوان نەدەکرد میوانەکە پێش ئەوەی تەلەیفونمان بۆ بکا، لە نەکاو وەژوور کەوێ! بەڵام ئەو ئادرێسی ئێمەی هەبوو، دەستڕەپێشخەری کردبوو، بە تاکسی ماڵەکەمانی دۆزیبووە. وەک ئەوەی بە دڵمان دابێ ئەم زەنگەی دەرگایە هی میوانەکەمانە، هەموو وێکڕا بەرەو دەرگا ڕامان کرد کە دەرگامان کردەوە، ئەوەی دڵ خەبەری دابوو، وەڕاست گەڕا!
میوانەکەمان بەسەرو لیباسێکی تەکوز، لەحاڵێکدا باڵتۆیەکی ڕەش دەبەردا و
جانتایەکیش بە دەستەوە لەبەردەرگایە ڕاوەستابوو. بەدڵێکی گەرم و تاسەیەکی وەدی هاتوو ئامێزمان بۆ لای یەک کردەوە و لاڕوومەتی یەکترمان ماچ کرد. منداڵەکانیش بە خۆشەویستێکی تەواوەوە، لەحاڵێکدا ڕوومەتیان وەک گوڵە خاشخاس سوور هەڵگەرابوو، بە مەبەستی بەخێرهاتن، هەستی دەروونی پاک و بێ خەوشی خۆیان پێشکەش کرد. ئەوجار سەر رێگامان بۆ وڵا کرد و هاتە ژوور. خێزانم جانتاکەی لە دەست وەرگرت. منیش باڵتۆیەکەیم لێ وەرگرت و بە ڕەختاویزم داکرد.
میوانەکەمان کۆت و شەڵوارێکی سوورمەیی تازەی دەبەردابوو کە لەسەر یەخەی کراسی سپی کراواتێکی ڕەنگ ئاسمانی گوڵداری بەستبوو. مووی سەری کەمێک ئاڵۆز، قەپۆزبەرانی، و… لەسەریەک دەکرا بگوترێ سیمایەکی وێچوو، ڕواڵەتێکی بە ئاشکرا سیاسەتمەدارانەی پێوە دیار بوو.
هەروا بەپێوە بۆماوەی چەند لەحزەیەک بە دەنگی بەرزی پڕ لە شادی لە بارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی ماڵەکەی ئێمە دا قسەی کرد. ئینجا لەسەر داوای من چوو لە نێو مۆبڵێکدا دانیشت. دوو منداڵەکانی منیشی لە ئەم بەرو ئەو بەری خۆیدا جێ کردەوە، لەحاڵێکدا دەستی هاویشتبووە سەرشانیان، سەری بردە بن گوێیان و کەمێکیش بەخۆییەوە گوشین و گوتی:
_ “ماشاڵڵا زۆر گەورەبوون! هەر بژین! بوون بە خانم و ئاغایەکی تەواو!”
لە سەرەتادا ئەم ڕەستەیەمان زۆر بە ساکار وەرگرت، بەڵام پاشان لێمان بوو بە خەمێکی گەورە و لەبیر نەچوو! من دوو سێ ساڵێک دەبوو ئەم هاوڕێیەم خۆم نەدیبوو، بەڵام خێزانم و منداڵەکان زیاتر لە هەشت ساڵ بوو نەیان دیبوو. ئەوەی شایانی باسە هاوڕێ لەو ماوە دوورییەدا پیرو شکەستە ببوو! موی سەرو سمێڵی تەواو ماش و برینجی، چین و چروکی پیری بە ئاشکرا بە ڕووخسارییەوە دیاربوو. بەڵام ئەوەی زۆر بەلای منەوە سرنجڕاکێشتر بوو، ئەوە بوو کە ئەم پیاوە لەم کاتەوە پێی نابووە ماڵەکەی ئێمە، ڕووی قسەو گەرموگوڕییەکەی زیاتر بەلای منداڵەکانەوە بوو! منیش بۆ ئەوەی لە ئەم کەشوهەوایەی تێی کەوتبووین بێینەدەر، ڕووم کردە لای هاوڕی پاش هێندێک پرسیار لە بارەی حاڵ و گوزەرانی لە ئوروپا، پێشنیارم پێکرد بچینە چێشتخانە بە خواردنەوەیەک گەروومان تەڕ کەین.
ئەویش داواکەی منی قبووڵ کردو هەستایە سەرپێ. لەحاڵێکدا هەروا دەستی هاشتبووە سەرشانی منداڵەکان، بەرەو چێشتخانە وەپێش کەوتن. لەوێش منداڵەکان هەرکامە لەسەر کورسییەک ڕووبەڕووی دانیشتنەوە. بەڵام هاوڕێ بێ پسانەوە چاوی خۆشەویستی لەسەر منداڵەکانم هەڵنەدەبڕی و هۆشی بە تەواوی بەلای ئەوانەوە بوو. من هەر لە یەکەم نیگادا بۆم دەرکەوتبوو، ئەم پیاوە تیشکی نێو نیگای بە دوای چ دادەگەڕێ! چونکە ئەم مێرە ئازار چێشتووە نزیک بە نۆ ساڵ بوو، لە مێهری باوکانە سەبارەت بە جگەرگۆشەکانی بێبەری کرابوو!
ئەو پیاوێکی لە زیدو یارو خۆشەویستانی هەڵبڕاو بوو، بەبێ مەیلی خۆی ئاوارەی هەندەران ببوو. ئێستا لەم دوورەوڵاتانە دەیویست یادی جووتە کۆترەکەی بەرهەمی ژیانی لە نێو نیگا و نێوچاوانی منداڵەکانی مندا بدۆزێتەوە.
من دەمدیت ئەم پیاوە لەو کاتەوە هەنگاوی ناوەتە نێو ماڵەکەی ئێمە، تەم و تومانێکی خەمناک لە دەروونیدا سەری هەڵداوە و تەواو بیرو هۆشی بەدوای دوو گەوهەرە دزراوەکانیدا ڕاپێچ دەدا! سەرەنجام گردەلوولی تەم و تومان زەڕەکانی ناخی لوولداو بە هروژمەوە پەردەی نهێنی دڕی! ئەوسا ڕوو بە منداڵەکانی من گوتی:
“_ ڕەنگە ‘سەیران’و ‘دڵشاد’ەکەی منیش ئێستا وەک ئێوەی نەونەمام باڵایان کێشا بێ! چونکە ئەوانیش دروست لەگەڵ ئێوە هاوتەمەنن!”
لەو پەیوەندییەدا منداڵەکانی من شتێکی ڕوون و ئاشکرایان وەبیر نەدەهات،
بێجگە لەو چیرۆکە نەبێ کە ئەسپێکی سپی کلک گر، یاڵ درێژو گەردن بەرز سوارچاکێک بەرەو لووتکەی ئاسۆیەک لینگی دەداو جار جاریش سوارەکە ئەوانی لە پاشتەرکی خۆی سوار دەکرد و بە نێو مێرگ و زنوێراندا دەیگێڕان.
هەموولایەکمان بۆ ماوەیەکی کورت بێدەنگ بووین. من حەزم نەدەکرد بە پرسیاران دەردی لەسەر دەردان دابنێم، چونکە دەمدیت بەلەمی نێو دەروونی ئەم پیاوە خەریکە بەدەست شەپۆلە بەهێزەکانەوە نوقم ببێ! هەروا دەمدیت چۆن ڕووخساری پیاوانەی بەرەو گرژی دادەگەڕێ و شادی بەخێرایی لێی تەریک دەکەوێتەوە.
بە بۆنەی ئەوەی میوانەکەمان بۆسەردانی ئێمە لە وڵاتێکی دیکەوە ڕێگایەکی دووری وەبەرخۆ نابوو، بە ئەم سەردانەشی تانجی سەرفەرازی لەسەر نابووین. دەستم برد پیکێکم مەی بۆ تێکرد و بەخۆشی ئەم دیدارە پیرۆزە فڕەکانمان هەڵدا. لە پیکی دووەمدا خێزانم نەیتوانی خۆی ڕاگرێ و بە دەنگێکی کزەڵۆکەوە پرسی:
_ کاکە لە مێژە هەواڵت لە منداڵەکان و دایکیان بڕاوە؟
میوانەکەمان بە هۆی ئەم پرسیارەی خێزانم ئاگری دەروونی پڕتین و گڕاویتر بووە! لە تاوان دەستی بۆلای گلاسەکەی درێژ کرد ویستی ئاوری دەروون بە ئاوی مەی دامرکێنێتەوە. پاش فڕەکە لەسەرەخۆ پێش دەمی سڕییەوەو وڵامی دایەوە:
_ بۆچی! ماوەیەکە دەتوانم لە ڕێگای تەلەیفونەوە بەنهێنی پەیوەندیان پێوە بگرم و زۆر بە کورتی گوێ لە دەنگیان ڕاگرم!…
دیسان نیگایەکی تیژی هەڵبڕییەوە لای منداڵەکانی من، بەدەم ئاخێکەوە درێژەی بە قسان داوە. خوشکم، ئەوەی ڕاست بێ، زۆرتر لەگەڵ کیژەکەم سەیران قسان دەکەم. دڵشاد هێشتا بە تەمەنێک نەگەیشتووە کە هەست بە دووری بابی بکا. ئاخر ئەو هێشتا لە دنیایی منداڵی خۆیدا پەل داوێ! بەڵام سەیران نا، چونکە هەمووجارێ لەنێو قسەکانیدا هەست دەکەم کە لە دەرووندا لەبەر کۆسپێک ئازار دەکێشێ! بەدوای ئەم قسەیە لێویی کەوتە تەتەڵەو بەکڕەکڕ قسەکەی بڕی و بێدەنگ بوو.
خێزانم بێدەنگی شکاندو پرسی یەوە:
_ ئەدی کاکە، دایکی منداڵەکان چۆنە و چ دەکا؟
بەدوای ئەم پرسیارەدا ڕووی بەرەو دەرەوە وەرسوڕاندو بۆ چەند چرکەیەک لە نوختەیەکی نادیارەوە ڕاما، پاش کەمێک بیر کردنەوە، هەرچەند لە وەڵام دانەوەکەیدا نابەدڵی بەدی دەکرا، بەڵام ناچار زۆر خێرا گوتی:
_ دایکی منداڵەکانم شووی کردۆتەوە!
بەم وڵامە خەم وەک بروسکەیەک لەسەر تەوێڵی خێزانم خۆی نواندو بەسەر سووڕمانەوە پرسی:
_ مێردی کردۆتەوە!؟
هاوڕێ کەمێک سەری داخست و بە هێوڕی وەڵامی دایەوە:
_ بەڵێ، ئاخر چی کردبایە! بەخۆشی خۆی نەبووە!
_ یانی چی؟ بەخۆشی خۆی نەبووە!؟ کێ دەتوانێ ژنی بە مێرد بە زۆر بە کەسێکی دیکە بە شوو بدا؟
بە خەمباری و کەمێکیش بە تووڕەی وڵامی دایەوە:
_ لەم سەردەمەو لە مێژووشدا دەرک و دیوانی ئایین هەر بەدەست ملهوڕانەوە بووە! خوشکم بۆ ناتوانن؟ یاسا بە دەست زۆردارانە، لە پێشدا بە زۆر تەڵاقی
ئیسلامی یان داوەو پاشانیش بەهەمان ڕەسم لە کەسێکی دیکەیان مارەکردووە!
_ باشە بۆخۆت چۆن بیر دەکەیەوە؟
_ من بێجگە لەوەی باری قورسی ئەم چیرۆکە تراژدییە بەکۆڵ بکێشم و بەخۆم بسەلمێنم چارەیەکی دیکە شک نابەم!… بە بڕوا ی تۆ چ بکەم باشە؟
خێزانم سووکێک لە ڕووی خۆی داو گوتی:
_ تێ ناگەم چۆن!؟ ئاخر بۆ؟
میوانی خۆشەویست ئاخێکی هەڵکێشاو لەسەرەخۆ گوتی:
_ من لەم بارەوە دایکی منداڵەکانم بە تاوانبار نازانم. چونکە ئەو ماوەیەکی زۆر زیندانی کراوە. ئەو لە ژێر ئەشکەنجەو گوشارێکی لە توانا بەدەرو بەخاتری بێ سەرپەنایی منداڵەکانی ناچار بووە سەر بۆ ویستی دوژمن دابنوێنێ! خوشکم! گاڵتە بەردار نییە!! ئەویش مرۆڤێکی دەردو ڕەنج چێشتووە، لە سۆنگەی مندا زۆری چەرمەسەری دیووە. لەلایەکی دیکەوە کەس یارمەتی دەری نەبوو. تەنانەت هیچ یەک لە خزمان ئامادە نەبوون منداڵەکانی بۆ وەخۆ بگرن! دڵنیام ئەگەر هاتباو سەرپەنایەکی بۆ خۆی و منداڵەکانی شک بردبایە، سەریشی تێدا چووبا دیسانیش قەت قەت سەری بۆ ویستی بەدکاران شۆڕ نەدەکردەوە. منیش ئەوە بەچاوی خۆتان دەبینن، بێ دەسەڵاتم ڕێگای گەڕانەوەم لێ بەستراوە! سا هەر بۆیە بە ناچاری ئەو بەسەرهاتە تاڵەم بەخۆم سەلماندووە و لەم بارەوە هیچ چەشنە کینەیەکیشم سەبارەت بە دایکی منداڵەکانم لە دڵدا نەماوە… هەمدیسان بێدەنگی و سەری دەباڵە خۆی ناوە…!
دیتم میوانەکەمان تینوویە، بەمەی نەبێ توونیەتی ناشکێ، هەربۆیە گلاسەکەیم بۆ پڕکردەوە، ئەویش وەک ئەوەی لە کردەوەی خۆی پاشگەز بووبێتەوە، بەڕواڵەت هێندێک لە خەم و خەفەتی خۆی وەلاناو سەری بەرز کردەوە و ڕووی هەڵبڕییەوە لای منداڵەکانی من، چیرۆکێکی زۆر کورتی دەربارەی ئەسپە سپی یەکەیدا بۆ گێڕانەوە، دوایەش بەدەم قاقایەک کە وەک بوڕکانێک لە دڵی چیایەکی سەرکەشەوە سەری هەڵدابێ ئەوتۆ، ڕوو بە کیژەکەی من گوتی:
_ئەوکاتە کە سەیران و دایکی لە چیا هاتبوونە لام، لەبیرمە قەدو باڵاتان وەک
یەک بوو. بەتایبەت ڕەنگ و ڕووخسارو هەڵسووکەوتیشتان زۆر وەک یەک دەچوو! هەردووکتان زمان شیرن، زمانتان هەر لە چەشنی هەنگوین بوو! ئاخ خودای من ئێوەی دوو منداڵ چەندە وەک یەک دەچوون، هەر دەتگوت سێوێکن و دووقاش کراون!…
چاوەکانی فرمێسکیان تێدا قەتیسمابوو. گەرووی کوڵەی گریانی تێدا گیرسابوو. بە پچڕپچر وشەکانی دووپاتە دەکردەوە. لە پڕ قسەکەی بڕی. بە تەواوی حەزو لە قووڵایی دڵەوە بروسکە ئاسا چاوی لە منداڵەکانی من بڕێو ەو لەسەر ڕووخساری زوولالی ئەوان تابڵۆە بەنرخەکانی ژیان و لاپەڕە زێڕینەکانی بیرەوەرییەکانی هەڵدایەوە.
من بە تەواویی هەستمەوە دەمدیت ئەم کێوە سەربەرزە چۆن لە دووری دوو بەرهەمی ژیان و ژیاری وەک موومێک دەسووتی و دەتوێتەوە! دەمدیت چۆن فرمێسکی چاوی هۆن هۆن بەسەر سنگیدا دەچۆڕێتەوە سەر ئەو خاکە لە نیشتمان کە تۆویی سەیران و دڵشادەکەی لێ چاندووە. نەونەمەکانیش بە ڕۆندکی باوکێان باڵایان دەکێشاو چرۆیان دەردەکرد دەپشکووتن و بەڕێگای تێلەکانەوە بەگوێی باوکیان مژدەی یەکگرتنەوەیان دەداو دەیان گوت:
“_ باوکە گیان رۆژ بۆ هەمیشە لەبن هەوراندا نامێنێ، ئاسۆ ڕوونە و ئازادی نزیک، باوەشت گەرم ڕاگرە! بە زوویەک کۆشکی پڕ لە بەختەوەری لەسەر سنگت بنیاد دەنێینەوە.”
باوکەش بەردەوام بیرو هزری نەپچڕاوەی بە دوای جووتە ڕۆڵەکانی خۆیدا لە پەرواز بوو، بەپەرۆشەوە چاوەڕوانی گەیشتنی دوو مەلە بازرەبووەکانی خۆی دەکرد…