ئەو ڕۆژەى كه وەنەوشه و نێرگزى شارەزور به سێوێكى ژەهراوى داپڵۆسان و هەراڵه برايمەى قەنديل و شاهۆ و ئارارات و حەمرين و شەنگاڵ و داڵاهۆ و بێستون شينيان بو گێڕان.
شانزهی سێیه!
ئەو ڕۆژەى كه چۆلەكه له جريوه كەوت و بولبول له هەڵهبجەو
له باشورى خاكه پارچه پارچه كراوەكەى كوردستانەوه ناخى گيرا و نەى توانى مژدەى نەورۆز ڕا بگەيەنيت،
ئەوڕۆژەى كه كەو له قاسپه كەوت و پەرەسيلكه له بێچوەكانی بڕا،
ئەو ڕۆژەى كه تيره نانى دەستى نازداران له خولان كەوت و نانى سەر ساج سوتا و جوتيار به دەم برسێتى و چاوەڕوانيەوه سەرى نايهوه
ئەو روژەى كه كورپەكانى هەڵەبجه به مەمكەمژه و بووكه شوشەكەى دەستيانەوه له چمكى كەواكەى دايكيان دا لە زريكه و گريان و گارەگار كەوتن، ئەو روژه نه بزن باڕاندی و نه مافى مروڤ وەدەنگ هات،
تەنانەت كەڵه سياسەت وانەكانى وڵاته زلهيزەكانيش خويانيان به لۆكەى دەورى بۆريه نەوتەكانى بەسره و كەركوك كەڕ كرد بوو و لەوه دەترسان كه ليژنهی لێكۆڵينەوه دفتەرى گرێبەستەكانى كەرەستەى شەڕ له كۆشكەكانى سەدام حسێن بدۆزنەوه و لەقاو بدرێن،
شانزهی سێیه،
وا بەرەو بەهارەو تازه بوك و زاواى شارەزور خەريكى پوشته بوونن بۆ جێژوان و سەيران
و هێزى خيڵى ئەنفاليش به سێو و باڕوتێكى بۆن خوش وا بەرهو جێژوانيان دێن تا برايەتى و موسلمانێتى و سونه بوونى خۆيان بسەلمێنن و پێیان بڵێن كورد و عەرەب برايه و عيراق يەك پارچەيه،
ئەوان هاتن نه خوێنى كەسيان ڕشت و نه هيشتيان كەس هاوار كات، بەهاريان بەره و پاييز گهڕاندەوه و سێويان لێ دابەش كردن و ئەوەى گيان لەبەر بوو به بۆنى خوش كرده خەوى هەتائی و بێدەنگییان پيشكەش به شارەكه كرد، ئەوان ئەيان وت نوێنەرى خوان
ئاخر پروسەى ئەنفال و ئەم قڕانەيان به خويندنەوەى چەن ئايه له قورئانى پيرۆز دەست پى دەكرد، خوايش نه ڕەشەبا و نه باران هيچكامى نه ناردن بو شارەزور تا كورپه ساواكان ڕزگار كات
شانزەى سييه
هەڵەبجەیه بەرو ئيوارەيەكى ژەهراوى پڕ له مەرگەساتى بێ بەزەيي بێ گۆڕى و بى كفنى و بى تەڵقين دەروات و سەدام و عەلى حەسەن بادەى سهڵامەتى و سەركەوتن دەنوشن و خەڵاتى براوەى حەربى ئيسلامى له وڵاته يەكگرتووە عەڕەبيهكان وەردەگرن، بەڵام مێژو دەڵێ براوەى خەڵاتى پاڵەوانى وهک ئهوان دهڵێن ئەم كێبركێيه هەر عومەرى خاوەره،
شانزەى سێيه و
بيست و شەش ساڵه كورد دەڵێت ئەوەى كه له ههڵهبجه روى دا جينۆسايد بوو و كاربەدەستانى مافى مروڤيش داواكاريەكانيان له ژير دەفتەرى بهرژەوەنديه نێودەوڵەتى و گرێبەسته نهوتيهكاندا دەشارنەوه و هەر حاشاى لێدەكەن،
بەڵام مێژو دەڵێت به جينوسايد نەناسينى ههڵهبجه و ئەنفال خۆى جينوسايدێكى لۆكەئى پڕ له فێڵى ديپلۆماسيه كه نه مافى مروڤ و نه جيهان و نه خێڵى ئيزرائيل ناتوانن توڵەى بكەنەوه جگه له كورد خوى نەبيت.
شانزەى سييه و
ئەبينم پاش ساڵانێكى زۆر دێوزمەى شوم هەر ماوه و سەرى هەڵۆكانى كورد هەلدەكەنێت
بەڵام تا تەوارێک له كوبانى و هەڵۆيەك له چياكانى حەمرين و شەنگال و شێريك له قەنديل و پڵنگێك له شاهو بمێنێت، نه شەمشەمه كوێره و نه كەمتار و نه رێوى و نه قاڵاو ناتوانن جوانى كوردستان چەپەڵ كەن و پەپوله و بولبولى ئەم خاكه پڕ له گەوهەرى خوشەویستیه و مروڤايەتيه بخنكێنن.
سەرچاوە: پێشمەرگەکان