"an independent online kurdish website

هەر دەڵەی دوێنی بوو کە ئەم یەکەم و دواین وێنەم لە گەڵ تۆ، خزم و دۆستی دوور ئاشنا کێشا. تۆ چەند خۆشحاڵ بووی بە سەردانم و منیش چەند سەودای دیتنی یەکەم جاری تۆم هەبوو.kewin-piroti-2

بەڵام هەرگیز بە بیرم دا نەدەهات ئەمە ببتە ئاخر وێنەمان.  هەر لە دوورەوە ناسیمی؛ هەر لە دوورەوە بووی بە مرۆڤێکی ئەو پەڕێ جێگای ڕێزم، بەڵام لە نزیکەوە بووی بە ئاشنایەکی هەمیشەیی و هەر لە دووریش ڕا جێت هێشتم.

لە هەندەران چاوت بە ئەم جیهانە پڕ مەینەتە هەڵێنا، لە هەندەران پێدەگەیشتی و هەر لە هەندەرانیش سەرت نایەوە.  ئاخ کە چ داستانێکی دڵ هەژین و چ چیڕۆکێکی بێ کۆتاییە.

ئەوەندەی هیوایەکی پاشەرۆژ و جیگای هیوامان بووی، بگرە زیاتریش خۆت ئەویندارێکی سەر هەڵگرتووی ژیان بووی. دەرگایەکی بەرفرەوانت بۆ زیاتر پێگەیاندن و پێشگەیشتن لە پێش بوو؛ دوا رۆژت لە بەرچاو و بە خۆزیاوە هەنگاوت بۆ دەنا.

تۆ ئەو کەسەی بووی هەر کەسێک ناسیبایەی، تۆی لە هزردا دەمایەوە. هەر کات بیرت لێدەکەمەوە لە هەرە تایبەمەندی یە بەرچاوەکانت، هۆنەری دەربڕین، ئاخاڤتن و لێدوانی تۆم دێتەوە یاد. تێت گەیاندم  کە ئەم هونەرەدەتوانێت چەندە کاریگەرە،  کە گەلێک خەڵکی ئەم جیهانە ئەگەر لێی بێ بەشن، بەڵکوو خاوەنیشی بن دەکاری ناخەن، دەنا گەواهی ئەم هەمووە ڕووداوە خەم هێنەر و  فرمێسک ڕێژانەی ئەم سەردەمە نەدەبووین.

لە ئەوەش گرنگتر، ڕێبوارێکی تینووی گەیشتن بە زانیاری و زانست و راستی بووی. خۆت دەتهەویست بزانی بۆ؟ خۆت هەوڵت بۆ دەدا بیبینی و بیزانی و باوەری پێ بێنی، بە پێچەوانەی ملیۆنها کەسی ئەم گەڵە بێ دەرەتانەمان، کە بۆیان تاریف کرد و ئەوانیش باوەڕیان پێکرد، جا ڕاست یان ناڕاست!

 تۆ پرسیارت زۆربوون و وەڵامەکانیش کەم!

لە هەمووی ئەو ماوەیە جێت هێشتین، تەنیا جارێک تۆم لە خەوما دێت.

 هەموو بە خۆشحاڵیەوە بانگمان کرد: ئەوەتا، کەوین هاتۆتەوە!

ئەوەندە حەپەسا بووم ووشەم بە سەر زار دا نەدەهات.  لە دەمێکدا ڕووبەڕووم ڕاوەستابووی، زۆر بە ئارامی و ئەو چاوە ڕشانەت ڕووت لە ئەمن کردبوو؛هەر متەقت لێ نەدەهات؛ ڕەنگ و ڕووت چڕژا و ماندوو و شەکەت دیاربووی؛ بەلام بزەیەکی سەر لێوت هەموو وەلامەکانی منی دایەوە، واتا لە هەر کوێ یەک بی پەیمانت داوە  نەک ڕووگرژ بەڵکوو هەر دەم سەر و ڕووخۆش و ڕەزا سووک بی، وەک کچە کوردێک پەیمان شکێنی لە مەرامت دانیە.

پاش تۆ، بڕوام هەر بە پروردەگاریش کزتر بوو؛ ئەگەرچی پێشتریش ئەو باوەڕەم لە کزێی دابوو. دەزانی بۆ؟  چونکە ئەو لە ئەو تاقیکردنەوەیە زۆر ساکارەش دا سەرنەکەوت. ئەو نەیتوانی بە فریای قوربانێکانی هەڵەبجە بکەوێ و تەنانەت هەناسەیەکیشی بە کۆرپە ناز لێشێواوەکانی ئەو مەڵبەندە تووک لێکراوە بە ڕەوا نەزانی.  خۆ دەش زانی لە دەمێکدا سوارچاکی پەیامی ئاشتی و ڕێبەری مەزن لە ویەن خەرێکی گەیاندنی پەیامی پێکەوە ژیان و بەرخۆدانی گەلەکەی بوو، لە  خۆین دا شەلالیان کرد، کە چی بە هانای ئەویشەوە هەر نەچوو. لە ئەم کاتەش دا کە دوژمنانی کورد خەڵکی باکووری کوردستانیان داوەتە بە بەر پەلاماری خۆیان و بەزەییان بە کەس دا نایە، ئەو هەر بە خەیاڵیشی دانایە.  هەر دوور نەڕۆێین، ئەوەتا نەیتوانی فریاد ڕەسی کارمامزێکی شۆخ و شەنگ و بێ ئازار و سەرهەڵگرتووی هەندەرانیش بێت و

 ئەگەر ئەوم بۆ ئەو ڕۆژانە نەبێ، بۆ چیمە!؟

  هەر بۆیە باشترت تێگەیاندین کە ئەوەی هەیە بیبینین، کە چاک یان خراپ، هەرچی بیکەی و هەر چی بی، هەر خۆتی؛ ئەوی دیکە هەموو خەیاڵە

لە یەکەم ساڵوەگەری ئەم کۆچە نابەوەختەدا، هەر لە ئەو کاتەدا بە شانازی یەکی زۆری دەزانم کە بووی بە ئاشنا و یارێکی هەمیشەیی، بە دەڵێکی پڕ لە خەم سەری ڕێز و نوازش بۆ مرۆڤێک دانوێنم کە بوو بە هێمای وەفاداری و ڕێزلێنان. بێگومان هەموو ئەو کەسانەش کە تۆیان ناسی هەروا لە گەڵ بیرەوری یەکانت دا دەژین و هەرگیزلە یادت ناکەن.

 

کەوین گیان زۆری حەز لە موسیقا و قوتابیەکی ڕێگای ئاواز و نواندنی هونەر بوو، ئەو گۆڕانی یەی مامۆستا ماملێ پێشکەش بە گیانی نەسرەوتووی هەم ماملێ و هەم کەوین گیان.

ڤیدیۆ

 

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی