"an independent online kurdish website

حەیدەری: حەز دەکەم بە چاوێکی دۆستانەوە لەو چیرۆکە بنواڕم و بڵێم کاک خالید عەزیزی نەیزانیوە یان لە واتای ئەو وشانەی کە بەکاری هێناون بە باشی تێنەگەیشتووە.jh

پەیمان حەیدەری چاوەدێر و چالاکی سیاسی کورد کە دوای تەمەنێک خەبات و پێشمەرگایەتی ئێستا لە خاکی بریتانیا دەژی، بە گوێرەی قسە و لێداوانەکانی، بە وردی بەدواداچوونی بۆ پرۆژەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕەژیم بۆ تواندنەوەی نەتەوەی کورد و بەلاڕێدا بردنی خەباتی مافخوازانەی کورد کردووە و ئەگەرچی پێشووتر ڕای وابووە کە ئەو پلان و گەڵاڵە و پیلانانەی وەزارەتی ئیتلاعات لە ناوخۆن و بە ناوی هەندێ بەرە و حیزب و لایەن و کەمپەین و لە ژێر درووشمێکی بە ڕواڵەت کوردانەدا کار دەکەن، ئێستا هاتۆتە سەر ئەو بڕوا و قوناعەتە کە پرۆژەکانی ئیتلاعات تەنیا لەو چوارچێوەیەدا قەتیس نەماون و تەنانەت هەندێ لە حیزبەکانی کوردستانی خۆرهەڵاتیسی گرتۆتەوە، پەیامی نەورۆزیی بەڕێز خالید عەزیز ئەو گریمانە و گومانە لە ناوبراودا زیاتر بەرەو دڵنیاییە دەبات و لایوایە ئەو گوتار و شێوە خەباتە ڕێک لە چوارچێوەی ئەو پیلانانەی ڕژیم دایە، هەڵمەت مەعرووفی ڕۆژنامەوان و چالاکی سیاسی خۆرهەڵاتی کوردستان، وتووێژێکی لەگەڵ بەڕێزیان کردووە و چەند پرسیارێکی بێ لایەنانەی ئاراستەی بەڕێزیان کردووە، بەو هیوایە کە کەسانێکیش هەبن وڵامی ئەو هەڵوێست و تێڕوانیانەی بەڕێز پەیمان حەیدەری بدەنەوە کە لە کوردستانی خۆرهەڵاتدا بەرەو پەرە سەندنن.

پرسیار: لە وتووێژێکی خۆتان کە لە ڕۆژی کورد بڵاو بۆتەوە باستان لە پرۆژەکانی ئیتلاعات کردبوو، بەڵام چەقی قسەکانتان زیاتر کەسانی ناوخۆ و ئیسلاح تەڵەبەکانی گرتبۆوە، دەکرێ بپرسم ئایا ئەو ڕەوت و پرۆژانە تا ئێستا توانیویانە ئۆپۆزیسیۆنی کوردی واتا حیزبەکانیش بگرێتەوە، ئەگەر بەڵێ، ئایا بە تاکە یان بە کۆ؟ هیچ بەڵگە لە ئارادا هەیە؟

حەیدەری: لە ڕاستیدا من لە ناو نانی حیزبە کوردستانییەکان بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هەندێ خۆ دەبوێرم و خۆپارێزانە بۆی دەچم و حەزیش ناکەم ئەوان خۆ بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی پێناسە بکەن و نە دەبا بیکەن، بەڵام جیا لەو چیرۆکە، من لاموایە کە هەر وەک لە وتووێژی ئاماژە پێکراویشدا باسم لێوە کردووە لە چەق بەستوویی بیری سیاسی لە ناو حیزبەکاندا و نەبوونی شێوازێکی دیاریکراو بۆ خەباتی نەتەوایەتی کە بتوانێت هاوئاهەنگی بکات لە نێوان واقعی شۆڕشگێڕەکانیان و لەم دۆخە بۆشەدا، ئەم حیزبانەش بەداخەوە لە داوی پرۆژە جۆراوجۆرەکانی دام و دەزگا ئەمنییەتییەکانی دەسەڵاتداریی ئێرانی و کۆماری ئیسلامی کەوتوون و بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ژێر کاریگەری کەسانێکدا کە مۆرەی وەزارەتی ئیتلاعات ىوون، کاریگەرییان وەرگرتووە و تواندراوە نفوز بکرێتە ناو حیزبەکانەوە و بە پەیوەندی کردن لەگەڵ حیزبەکان، بیانخەڵەتێنن، و بەداخەوە توانیویانە کەڵک و سوودێکی باش بە قازانجی خۆیان لەو حیزبانە وەرگرن، هەر ئەوەی کە تا ئەو کات و ساتە توانیویانە یان بێدەنگیان بکەن و یان ناچالاکیان بکەن و یانیش  بیانکەنە هاودەنگ و هاوسۆزی خۆیان، نیشانەی ئەوەیە. لە ڕاستیدا ئەگەر باش چاو لێبکەن هەر لە دەور و پشتی خۆتان نموونەگەلی زۆر لەو بارەوە دەبینن. ئەو پەیامە نەورۆزییەی کاک خالید عەزیزی ئەگەر هەر تاکێکی کوردی نەتەوەیی گوێی لێبگرێت، نەک سەرسووڕهێنەرە بەڵکو مرۆڤ دەخاتە ناو بازنەی گومانێکی قووڵەوە کە کاک خالید عەزیزی بەو پێگە حیزبییە کە هەیەتی، ناکرێت و ناشێت، بیری لە دێڕ بە دێڕی ئەو پەیامە نەکردبێتەوە و ئەگەر گریمان بیری لێ نەکردبێتەوە ئەوە خۆی داستانێکی ترە کە دەتوانین بازی بەسەرەدا بدەین بەڵام ئەگەر بیری لێکردبێتەوە، ئەوە حیکایەت لە داڕمانێکی مەزنی باڵێک لە حیزبێکی سیاسییە کە بە هەموو هیممەت و قەبارەی خۆیەوە کەوتۆتە ناو داوی پرۆژەگەلی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی و لێرەشدا دەیهەوێ بە ڕواڵەتێکی خەمڵێندراوی کوردانە دەرخواردی خەڵکی کوردستانی بدات.

پرسیار: باستان لە پەلکێشانی دیسکۆرسی کۆماری ئیسلامی بۆ ناو حیزبەکاندا کرد، هەروەها زیاتریش چوونە پێش و باستان لە هاوکاری نێوان ئۆپۆزیسیۆنی کوردی کرد کە لەبارەی کاک خالید عەزیزی و حیزبەکەیدا کوتتان نابێ و نەدەبا خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن پێناسە بکەن، ئەو پەیامە چی وا هەستیاری تێدایە کە ئێوە بە دۆڕانی باڵێکی حیزبێکی سیاسی پێناسە دەکەن و بە کەوتنە ناو داوی پرۆژەگەلی ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی دەکەن؟

حەیدەری: ئەوەی کە لە وڵامی پرسیاری پێشوو گوتم کە حەزم نەدەکرد حیزبە کوردییەکان خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران بزانن مەبەستم تەنیا حیزبەکەی کاک خالید عەزیزی نەبوو، بەڵکو مەبەستم سەرجەم حیزبە کوردستانییەکان بوو، لە هەمان کاتیشدا مەبەستم ئەوەیە کە کاتێک کە حیزبێک یان کەسێک دەبێ بە ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتی زاڵ، واتا چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتە، سنوورە جوغرافیاییەکان و دەوڵەت-نەتەوەکەی، بە فەرمی دەناسێ، کەواتە هەڵگری شوناسی نەتەوەیی ئەو چوارچێوە سیاسیەیە، بەڵام پرسی ئەو پەیامەی کاک خالید عەزیزی بەڕاستی ئەگەر بە وردی دێڕ بە دێڕی پەیامەکەی کاک خالید عەزیزی گوێ بگرین و سەرنجی بدەینێ کە سەرانسەری پڕە لە پێکناکۆکی، پێکناکۆکییەک کە لانیکەم لە هەڵبژاردنی وشەی بەکارهێنراودا بوونی هەیە، یەکەم ئەوەی کە بەڕێزی پەیام بۆ نەتەوەی کورد دەنێرێ و لە هەمان کاتیشدا باس لە خەباتی نەتەوایەتی دەکا و لە هەمان کاتدا باسی مافی نەتەوایەتی دەورووژێنێ، لێرەدایە دەبێ لە بەڕێزیان بپرسین، ئەرێ کاک خالید مەبەستتان لە نەتەوە کێیە؟ نەتەوەی ئێرانیە؟ کوردە؟ ئەگەر کوردە، لە ڕوانگەی ئێوەوە نەتەوەی کورد باڵێک یان بەشێک لە ئەقوامی ئێرانییە یان نەخێر کورد چیەتی و ناسنامەیەکی جیاوازی هەیە؟ دەبێ بپرسین کاک خالید عەزیزی، بەرژەوەندی نەتەوایەتی، چ واتایەکی هەیە و ئەگەر دەکرێ بێ زەحمەت ئەو واتا سیاسییەم بۆ شی و ڕوون بکەوە، ئەگەر بێت و ئەمانە ڕوون بکرێتەوە ئەنجا ئەم پەیامە نەورۆزییەی بەڕێزیان باشتر دەردەکەوێ کە ناتوانێت پەیامێک بێ لە لایەن کەسێکی نەتەوەدۆست یام کەسێکی کورد دۆست یان کەسێک کە بە شوێن یەکەمین مافی نەتەوایەتی خۆیدایە و ئەوەش مانەوە و لابردنی ترسی نەمانە لە سەر نەتەوەی کورد، لێرەدا ئەو کێشەی کورد  کێشەی سیاسی و مافی و حقوقی نیە بەڵکوو کێشەی بوونە، فەلەسەفەی وجوودیە (بوون یان نەبوون).

پرسیار: دژوازی و پێکناکۆکییەکانی نێوان قسەکانی بەڕێز خالید عەزیزی لە چیدا دەبینن؟ مەگەر دەستەبەر کردنی هەندێ مافی نەتەوەیی لە چوارچیوەی ئێراندا بەتایبەتی کە تا ئێستا درووشم فیدرالیزمە چ کێشەیەکی هەیە؟ ئایا دەستەبەر کردنی ئەو مافانە خۆی بەشێک لە بەرژەوەندی نەتەوەیی نیە؟

حەیدەری: حەز دەکەم بە چاوێکی دۆستانەوە لەو چیرۆکە بنواڕم و بڵێم کاک خالید عەزیزی نەیزانیوە یان لە واتای ئەو وشانەی کە بەکاری هێناون بە باشی تێنەگەیشتووە ئەگینا ئەگەر بەپێچەوانە بێ ئەوە گومانی تێدا نیە کە کاک خالید عەزیزی و حیزبەکەی دەقاودەق کەوتوونەتە ناو پرۆژەگەلی ئەمنیەتیی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بۆ جێ بە جێ کردنی پیلانەکانیان لە کوردستانی خۆرهەڵات، هەر وەکو گوتیشم ئەوان پێناسەیەکەی درووستیان بۆ نەتەوەی کورد نیە، خۆ ئەگەر بیانبا دەیانزانی کە ئێمە بە درێژایی مێژووی ٢٥٠٠ ساڵەی دەسەڵاتداری فارس بە سەر خۆماندا بە بەردەوامی لە ژێر سڕانەوەدا بووین و ئەو بەرانبەرەی فارس ناسنامەی خۆی لەسەر کورد و بە دژی کورد بۆخۆی پێناسە کردووە و لە بنەڕەتدا ئەو دەوڵەتە مۆدێرنەش کە لەسەر پێکهاتەی ئیمپراتوورییەتە داڕزاوەکانی ناوچە و بەتایبەتی دەسەڵاتداری قاجار، دامەزراوە بە سڕینەوە یان نکوڵی لێکردن لە گەلانی وەکوو کورد و بەتایبەتی کورد پێکهاتووە، کەواتە فارس و ئێرانییەت، بوونی نابێ مەگەر ئەوەی کە کورد بسڕێتەوە یان بیتوێنێتەوە کە خۆشتان دەزانن کە ئەو سیاسەتەش تا بە ئەمڕۆش درێژەی هەیە، لە درێژایی مێژوودا، کورد بە سیما و هێمای جۆراوجۆر ناو براوە و ئەمڕۆش بە جیاییخواز و سنوورپارێزانی دلێر و “ایرانیهای اصیل برادر مرزنشین” ناو دەبردرێن، هەمان گوتارێک کە لە ژێر سڕینەوەی شوناسی کوردی لە تاکی کوردی و لە کۆمەڵگای کوردستان لەسەر نەمانی کورد دەگێڕدرێت و دەور دەبینێت. سرووشتییە کە کورد لە ڕوانگەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە و لە ڕوانگەی قەومی فارس و گوتاری ئێرانییەتەوە واتا و شرۆڤەیەکی هەیە و لە ڕوانگەی تاکێکی کوردیشەوە، شۆرڤەیەکی تری هەیە، ئێمە هەڵگری شوناسێکی سەربەخۆین و بە شوێن کیانێکی کوردیدا دەگەڕێین و خۆمان، مێژوو و کولتورمان، هێماکانمان، قارەمانەتی خوڵقاندن و تراژیدیكانمان بە جیاواز لە ئی ئەوان دەزانین، بۆیە هەر کەس کە بێت و بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، دیسکۆرسی داگیرکەر لە سەر خاک و تاکی کود، دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە و تاکی کورد بکا بە ئێرانی و ئەو سیما و هێمای ئیرانیەت و حاکمیەتی فارسی پێ ببەخشێ و دووبارە پێناسەی بکاتەوە و بیباتەوە ژێر دەستی ئەو هزرە، ڕێک و لیپاولیپ ئەو کارەی کردووە کە مەبەستی بنکە ئەمنیەتییەکانی تاران نشینە، جا چ شایەکەی بێ و چ ویلایەتی فەقێکەی.

پەیامی نەورۆزی کاک خالید عەزیزی لە ژێر چەتر و ناوی مۆدێرن بوون یان  تێگەیشتوو و سیاسی بوون یان بەکار هێنانی دەرفەتگەلی جۆراوجۆر بۆ وەدەست هێنانی مافی کەم و کورت، ئەوەندەی وشەگەلی ناسیاسی و ناشۆڕشگێڕانە تێدایە کە لە ڕاستیدا هەمان گوتارە کە لە ژێر سڕینەوەی شوناسی کوردی لە تاک و کۆمەڵگای کوردستان لەسەر نەمانی کورد هەڵدەخولێ. لە ڕاستیدا ئەوە جیا لە خۆهەڵخەڵەتاندن و کورت بوونی ئاسۆی سیاسی، هیچ شتێکی تر ناسەلمێنێت. وەک خۆم بەداخەوەم و بە ڕەواشی نازانم کە کاک خالید عەزیزی یان کەسانێکی تری وەکوو ئەوان کە هەڵگری شوناسی نەتەوەیی و بانگەشەی حیزبی نەتەوەیی بوون بکەن کە لە چوارچێوە و قاڵبی ئەو جۆرە داستانانەدا ئەو گوتارانە ناگونجێن، بۆیە من پێم باشە یان بەخۆداچوونەوەیەک بە خۆیاندا بکەن یان بە شێوەی گوفتوگۆیەکی دوو لایەنەی جیددی مەودایەک بخوڵقێ کە کاک خالید عەزیزی بێت بەرانبەر بەو میللەتەی کە وەک سوڵتانێک پەیامی پێدەدات، وڵامدەر بێت. کاک خالید عەزیزی ئازیز، سەردەمی ئاغا و ڕەعییەت سەردەمانێکە کۆتایی پێهاتووە، منیش لام وا نیە ئێوە لە سەر تەختی سوڵتانێکەوە ئەو پەیامە نەورۆزییە لە هەمبەر نەتەوەی کورد بدەن و تەنانەت پەیامیش دەدەن بە نوێنەرانی پارلمانی کۆماری ئیسلامی و لاشموایە کە خودی دام و دەزگاکانی کۆماری ئیسلامیش بە پارێزەوە وشەی نوێنەری خەڵک بوون بۆ ئەو هەڵبژێراوانەی هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی بەکار دێنن، نازانم چۆن لە ڕوانگەی ئێوەوە ئەوان دەکرێت  نوێنەرانی نەتەوە کورد بن و بتوانن مافی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیدا دەستەبەر بکەن.

هەروەک لە سەرەتاشەوە ئاماژەم پێدا، پرسی کورد تا بە ئەم خولەکەش، پرسێکی سیاسی نیە، پرسێکی مافانە (حقوقی) نیە، پرسێکی ئەخلاقی و بەرابەری خوازانە نییە، پرسی کورد، پرسی فەلسەفەی هەبوون و مان و نەمانە، کورد لە ژێر لەناوچوون و سڕینەوە دایە، جا ئەگەر هێزێکی سیاسی و تاکێکی شۆڕشگێڕ لە ئەو بابەتە تێنەگا یان ئەوەی کە شۆڕشگێڕ و ئەم کارەیی نیە یان بەڕاستی ئەم نەزانینە لە سەرچاوەیەکەوە ئاو دەخواتەوە، سرنج بدەن، کۆماری ئیسلامی و گوتاری ئێرانیەت، بە تەنیا داگیرکەری خاکی کوردستان نییە بەڵکو ئەوان، کاریان بە شوناس و زمان و ئایینی کوردە، بە ژیانی کۆمەڵایەتی کورد. با بە زمانێکی ساکار بڵێم کە کۆماری ئیسلامی کوردی شیعە دەکا بە فارس و وازی لێ ناهێنێ تا نەیکا بە بەسیجی و دەست و پێوەندی خۆی، کوردی سووننە دەکا بە شیعە و واز ناهێنێ تا نەیکا بە بەسیجی، کوردە شیعەکانی کۆچ دەدا بەرەو شارە سووننە نشینەکان، بەڵام فارسی شیعەیان دێنێتە جێگایان و دێموگرافی کۆمەڵگای کوردستان دەگۆڕێ و هەوڵی سڕینەوەی دەدات، ئەگەر تۆ لە هەمان کاتدا بێیت و دووبارە پێناسەیەکی گوتاری ئێرانیەت بکەی وچوارچیوەی پیرۆزی!!!  سنووریی ئەو چوارچێوە جوغرافیاییە بپارێزی و ئیزن نەدەی بە هیچ کوردێک کە بە شوێن ڕاماڵینی داگیرکەر لە خاکی کوردستاندا بێت. پێویستە لە بەکارهێنانی وشە سیاسییەکانمدا زۆر وردبین بین، کورد بە شوێن سەربەخۆییدا نیە، ئێمە سەر بە هیچ وڵاتێک نین بەڵکو وڵاتمان داگیر و کەرت کەرت کراوە و لە بن دەستی داگیرکەر دایە کەواتە سەربەخۆیی لە هیچ داگیرکەرێک وەرناگرین بەڵکو ئێمە داگیرکەر لە خاکی کوردستان طادەماڵین و دەبێ ئەوە درووشمی خەباتی ئێمە بێ.

پرسیار: جەنابت لە قسەکانتدا بە بەردەوامی باس لە پرۆژەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ نەتەوەی کورد دەکەن، دەکرێ بڵێن ئەو پرۆژانە چین و بە چ ئاقارێکدا دەڕۆن؟ چونکە بە پێچەوانەی قسەکانی بەڕێزت، بەڕێز خالید عەزیزی لە پەیامە نەورۆزییەکەی خۆیدا باس لە قوازتنەوەی هەموو دەرەفەتەکان دەکات و تەنانەت دەست خۆشی لە کادر و ئەندامانی حیزبەکەی دەکات کە خەباتێکی فرە ڕەهەندییان هەبووە و هەموو دەرفەتەکانیان بۆ گەیشتنی کورد بۆ مافە نەتەوایەتییەکانی (پێداگری دەکەم بۆ مافە نەتەوایەتییەکانی) بەکاریان هێناوە؟

حەیدەری: دەبێ لێرە دیسان ئاوڕدانەوەیەکمان بۆ سەر باسێکی تر هەبێ، دەکرێ بڵێین ئێمە دوو چەشنە کوردمان هەیە، کوردێک کە خۆی، خۆی پێناسە دەکاتەوە و کوردێکی تا سەر ئێسقان نەتەوەییە و لە بەرانبەریشدا کوردێک کە داگیرکەر پێناسەی دەکات، ئەو کوردەی دووهەم دەبێ دەقاودەق لە ناو گوتاری هێژموونییەکی خۆسەپێنەری ئەودا جێگە بکاتەوە، بەوەیان دەڵێن کوردی ئێرانی و ئێرانی ڕەسەنی ئاریایی، بۆیە ئەگەر تۆ خۆت لە پێناسەی دووهەمدا جێگا بکەیەوە و هەڵگری هەمان پێناسە لە خۆت بی کە دەسەڵات لە تۆی دەکات، ئەوجار لە لایەن دەسەڵاتەوە تەریک ناخرێیت و و بەڵکو دەرفەتت بۆ دەەڕەخسێنێت کە لەو چوارچێوەدا تا ئاستێک گەشە بکەی و بتوانی بە دەسەڵاتێکیش بگەی. کۆماری ئیسلامی لەو قۆناغە مێژووییەدا بەو ئەنجامە گەیشتووە کە لە کۆتاییدا پرسی کورد بەرەو ئاقار و مەنزڵگەیەک دەڕوات و هزری کوردانە و هەستی کوردایەتی نەک نەتواوەتەوە، بگرە پتەوتریش بۆتەوە و ئەمڕۆ لە دونیای سیاسەتدا قورسایی هەیە و بوونی هەیە و دوای ئەو هەموو شۆڕش و سەرهەڵدانەش هەر دەبێ هەندێک مافی دەستەبەر بێ. ئەمەی کە تۆ پاش ١١٠ ساڵ خەباتی سیاسی، هێشتاش نەتتوانی واتای چەمکی دەوڵەت و ناسییۆنالیزم بکەی بە واتایەکی سیاسی و تیۆریزەی بکەی، ئەوە بەشێکە لە خەساری تۆ بەڵام لە هەمان کاتدا ئەگەر تۆ بکەویتە ناو بازنەی دووبارە پێناسە کردنەوەی دیسکۆرسەکانی داگیرکەرانی کوردستان، واتا بە دەستی خۆت بێیت و ئەو پێناسەیەی کە ئەوان دەیانهەوێ بە سەر نەتەوەکەتیدا بسەپێنن، پتەوی بکەیەوە، ئەو جار ڕاماڵین و سڕینەوە و تواندنەوەی تۆ زۆر ساکارتر و ئاسانتر دەبێت. بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە بە هەر جۆرێک بکەوینە ناو داوی ئەو ڕەوتە، ئەوا تووشی قەیرانێکی گەورە دەبین، هەر لە ناو ئەم حیزبە سیاسییانەدا ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە مانەوە لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەداو پاراستنی سنوور و پیرۆزییەکانیان هەیە، دەبێ ئەو دابەشکارییە جوغرافیاییانە قەبووڵ بکەن و خاوەنی کیانی خۆت نابی و بە درێژایی مێژووش خاوەنی نەبووی و دەبێ لە چوارچێوەی هەندێ مافی بچوکی ئەخلاقی و سیاسی و هەندێ لە ماددەکانی مافی مرۆڤدا بمێنییەوە بەرە بەرە بتوێیەوە و ئەوە هەمان ئەو کارەیە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕێگای دام و دەزگا ئەمنیەتییەکانییەوە دەیباتە پێش، با نموونەیەکی بچووک بۆ شیکردنەوەی باشتر بێنمەوە، ئەو کەسەی کە دەروا بۆ ڕاوە ماسی، ئاساییە کە بۆ گرتنی ماسی، ناچارە کردم بکڕێت تا لە قولاپەکەی بدات و ماسی پێ بگرێت، ئەو ڕاوچیە حەزی لە کرم نییە، لەوانەیە خۆی حەزی لە پرتەقاڵ یان شتێکی تر بێ، بەڵام لێرەدا مەبەستی ڕاوچێکە ڕاوی ماسییە و تێر کردنی زگی خۆی بە گۆشتی ماسی نەک بە پرتەقاڵ، بۆیە کرم دەکڕێ تا ماسی بگرێ،   کۆماری ئیسلامیش لە ئەسڵی خۆیدا حەزی لە هیچ چەشنە کورایەتی و کوردبازییەک نیە بەڵام ئەگەر هات و ناچار بوو، ئە وکات پرۆژەگەلێک بە ناوی کوردبازییەوە دێنێتە کایەوە و تاقمێک بە جل و زمانی کوردی و بە ناوی شۆڕشگێڕی کورد و مافخوازی کورد بێن و ئەو ناسنامە دڵخوازی بۆ دوو بارە پێناسە بکەنەوە و بڵێن ئێمە ئیرانین و دەبێ لە دەرفەتەکانی ناو سیستەم کەڵک وەرگرین و ئەو حاکمیەتە بە ڕەوا بزانین و ئێمە سیاسین و مودێڕنین و …تاد، ئەوە کڵاوێکی گەورەی سیاسییە کە خەریکە لەسەر کۆمەڵگای کوردستان لە خۆرهەڵات دەندرێت و خەریکە ئەو پرۆژە یەکجار گەورە ئەمنیەتییە لە ڕێگای کەسانێکی دیاریکراوەوە، جێ بە جێ دەکات و تا ڕادەیەکیش توانیویانە لە ناو کۆمەڵگاشدا یارگیری بکەن، ئاشکراشە کە کەسانی کوردپەروەر و باشیشیان تێدایە بەڵام بەداخەوە خۆیان نازانن لە چ ئاقار و چ چیرۆکێکدا تێوە گلاون و باشیش دەزانین کە باشترین سیخوڕ سیخورێکە کە خۆی نازانێ سیخوڕی دەکات.

لێتان ناشارمەوە کە هەست دەکەم کۆماری ئیسلامی بە شوێن جێ بە جێ کردنی ئیدەکانی ئاپۆئیستی لە ناو کوردستانی ئێمە دایە و ئەو ئێلیت و بژاردانەش کە درووستی کردوون، هەموویان ماوەیەک ئاپۆچی بوون و کردوونی بە قارەمان و هێناونی بۆ سەر شانۆگەرییەکە، بەڵام لێرەدا ئەو پەیامە نەورۆزییەی کاک خالید عەزیزی خەریکە سیگناڵێکی زیاتر بۆ من دەخاتە ڕوو، لاموایە لەو چیرۆکەدا کە ئەگەری ئەوە هەیە کۆماری ئیسلامی بێت ئالترناتیڤ سازی بۆ خەڵکی کورد بکات و جۆرە خۆسەرییەکی دێموکراتیکی زۆر شلەکییان بۆ درووست بکات کە بە جۆرێک بیهەوێت خەڵکی کورد بخەڵەتێنێ و خەباتی سیاسی کوردی پێ بخەسێنێ، لێرەدا هەست دەکەم کە حدک ـیش پشکێکی بەر دەکەوێ.

پرسیار: من لە قسەکانتان وا تێگەیشتم کە کۆماری ئیسلامی لە ئێستادا ناچار بووە هەندێ  ماف بدا بە کورد و لە ئەنجام دا کاک خالید و حیزبەکەشی بوونە بەشێ لەو پرۆژە، کاک خالید لە قسەکانیدا دەڵێ ئەو کەسانەی کە لێمان تێناگەن یان ئەوانەی کە لێمان تێدەگەن و خۆمان لێ لادەدەن، واتا کەسانی نەیاری سیاسەتەکەی خۆیان بە ناتێگەیشتووی سیاسی یان بە ئانقەست خۆ گێلاندوو دەناسن، پرسیار ئەوەیە، ئایا لاتان وانیە ئەوە کاک خالید و حیزبەکەنی کە لە ئێستای خەباتی کورد و بە سەرنج دان بە هێزی کورد دەیانهەوێ دەسکەوتیان  هەبێ و دەروازەیەک بۆ مانەوەی کورد بکەنەوە و کەسانی هاوبیری ئێوە تووندڕەون و لە ئەنجامدا کورد بی دەسکەوت دەمێنێتەوە؟

حەیدەری: با وڵامی ئەو پرسیارە بە نموونەیەک دەست پێبکەم، لە بریتانیا کە خۆم لێی نیشتەجێم، جیا لە ئینگلیسییەکان، چەندین نەتەوەی تری تێدا دەژین ووێلس و سکاتلەندی و هەندێک ئیرلەندی باکوور، دەشزانین کە ئیرلەندی باشوور توانی بە شەڕێکی چڕ و پڕی نەتەوایەتی دەستی ئیمپراتوورییەتی بریتانیا لەسەر خۆی کورت بکاتەوە و لایبا، بەڵام لە ڕاپرسی سەربەخۆیی پارەکانێی سکاتلەنددا، خەڵکی سکاتلەند دەنگیان بە مانەوە لە چوارچێوەی بریتانیادا، ئەوە خەسارێکی گەورەیە بۆ نەتەوەی سکاتلەندە کە لە دوای ئەو هەموو ساڵە لە سڕانەوە و توانەوە و نەمانی زمانی سکاتلەندی و ئێستاش کە زمانیان بۆتە ئینگلیسی و جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ بریتانیاییەکان نەماوە و ئێستاش بە ڕێگایەکی دێموکراتیک و یاسایی و مرۆڤانەوە دەرفەتیان هەیە بۆ سەربەخۆبوون و هەڵبژاردنی کیان و چارەنووسی خۆیان، دیسان خۆیان دەنگ بە بندەستی خۆیان دەدەن، ئەو کارە کە ئەو هاوڕێیانە دەیکەن دەقاودەق سڕینەوەی بێ ئەم لا و ئەو لای نەتەوەی کوردە، لێرەدا پێکەوە بەراورد کردنی ئەقڵییەتی فارس و دیسکۆرسی فارسییەت و ئێرانییەت و کۆماری ئیسلامیش لەگەڵ بریتانیای کەبیر کارێکی هەڵەیە بەڵام ئەوەی من باسم کرد وەک نموونەیەک بوو بۆ باشتر تێگەیشتن لە باسەکە، من بەڕاستی بڕوام وایە کە ئەو هاوڕێیانە نە پێناسەیەکی ڕوونیان لە نەتەوەی کورد هەیە و نە پێناسەیەکیان لە نەتەوە و نە لە مافی نەتەوایەتی و بەرژەوەندی نەتەوەییش هەیە بۆیە بە شوێن هەر چەشنە شانۆگەری و سیناریۆیەکی کۆماری ئیسلامیدا چەپڵە لێدان و فیکەکێشان دەکەن و دەکەونە شوێنی و لایان وایە دەتوانن کۆماری ئیسلامی هەڵبخەڵەتێنن و کڵاوی لە سەر بنێن و ئەو موتڵەق گەرایی و هێژموونییەی کۆماری ئیسلامی لە دەستی بێننە دەر و لە پەراوێزی بهاوێن، ئەمە چەشنێک لە سادە ڕوانینی سیاسییە و چەشنێک گەمژە بوونی سیاسییە، ئێمە ئەگەر لە ڕۆژی یەکەمەوە بۆخۆمان پێناسەیەکی درووستمان لە خۆمان و نەتەوە و خەباتی نەتەوایەتیمان بکردبایە، ئیمڕۆ  بە پێچەوانە توانیبوومان دەستکەوتگەلی یەکجار گەورە بەرهەم بهێنین. ئەگە رتاکی کورد ئیمڕۆ خۆی بە ئێرانی بزانێ و لایوابێ دەتوانێ لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا بە هەندێ مافی سەرەتایی خۆی بگات و لاشی وابێ کە خوێندن  بە زمانی کوردی هەموو مافەکانی جێ بە جێ دەکات و بە هەندێ یەکسانی کۆمەڵایەتی ڕازی بێ، ئیتر بڕوا ناکەم ئەو تاکە کوردە ئامادە بێ لە پێناو هیچ چەشنە کیانێکی کوردیدا گیانبازی بکات و بە ساکاری لە ناو دیسکۆرسی قەومی زاڵدا  دەتوێتەوە و دەسڕدرێتەوە، ئەو کار و هەوڵانەش بەشداری کردنە لە پرۆسەی سڕینەوە و  لەناو بردنی نەتەوەی کورد کەواتە من ئەو هاوڕێیانە نەک بە سیاسیەکی دڵسۆز نازانم بەڵکو بە سیاسییەکیان دەزانم کە هاودەست و هاوڕا و هاوکارن لەگەڵ داگیرکەری کورد بۆ نەمانی کورد.

پرسیار: پێتان وایە بەو شێوە وتارانە کە ئێوە بە پرۆسەکانی ئیتلاعاتی دەزانن، ڕەوتی خەباتی کورد و ئۆپۆزیسیۆنی کوردی بۆ کوێ دەچێ؟ بۆ دەبی بە قەولی ئێوە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری کوردی بەو ئاقارەدا بڕوا، لە بیرتان بێ کە بەڕێز عەزیزی لە قسەکانی خۆیدا باس لە خەباتی چەکداریش دەکا و پێ ناچێ وەلایان نابێ، بە گشتی لاتان وایە ئەو کارە ئاگایانەیە یان نائاگاهانە؟

حەیدەری: کاک خالید عەزیزی لەو پەیامەی خۆیدا زۆر باس دێنێتە ئاراوە، بەڕێزیان پەیام بۆ زۆر کەس دەنێرێ، لە بەشێکدا کوردستان بە خۆرهەڵاتی کوردستان دەزانێ و لە شوێنێکی تردا دەیکا بە پارێزگاکان، لە شوێنێکدا باس لە خەباتی هەمەڕەهەندی نەتەوایەتی کورد دەکا بەڵام ناشڵێ ئەو خەباتە هەمە ڕەهەندییەی کورد چیە و مەبەست و ئامانجی چیە؟ لێرەدا دونیای سیاسەتی کوردی ئەوەندە ئاڵۆزە و ئەوەندە بێ فۆرمە کە هەر کەسێک هەرچیەک کە بە دڵی بێ و مۆری هەر حیزب و ڕێکخراوێکی نادەوڵەتی لە گیرفان دابێ بە مەیلی خۆی، خۆی بە نوێنەری کورد دەزانێت و دەشیهەوێ مافی کورد دەستەبەر بکات، حەزم دەکرد بەڕێزیان بە وردی باس لەوە بکات کە مافی نەتەوەی کورد چۆنە و چۆن چۆنی نوێنەرێکی  کۆماری ئیسلامی لە مەجلیسی کۆماری ئیسلامیدا دەتوانێ مافی کورد دەستەبەر بکات و ڕێگە لە سڕانەوەی نەتەوەی کورد بگرێت و چۆن چۆنی دەتوانێ بگات بە کیانی کوردی و کورد چؤن دەتوانێت پێناسەیەکی سەربەستانە لە خۆی وەکو تاکێکی کورد و نەتەوەی کورد بکاتەوە؟. دیارە هەر وەک باسم کرد، قسەکانی کاک خالید عەزیزی یەکجار تەژین لە پێکناکۆکی و دژوازی و لاشم وا نیە کە خەباتی چەکداری ئەوان هیچ چەشنە  ڕەواییەک بۆ ئەوان دەستەبەر بکات، لە کاتێکدا کە دیسکۆرسەکەیان، دیسکۆرسێکە کە لە چوارچێوەی ویلایەتی موتڵەقەی فەقێ دایە و هیچ قەیرانێک و بۆ ڕەواییدان بە کۆماری ئیسلامی و سنوورە جوگرافیاییەکانی ئێران و گوتاری هێژموونی فارسییەت و بۆ ڕەوایی پێدان و یاسایی کردنی  دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، درووست ناکات، بەڵکو لاموایە هاتووە بە هەموو تواناییەکەوە لە گۆڕەپانەکە داوای بەشخوازییەکی گچکە لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بکات و داوای پاروویەک نانی زیاتریان لێبکات بەو هیوایە کە ئەوانیش بکەونە سەر کەرەمی سوڵتانییەوە و پاروو نانێک بهاویژرێتە بەر دەم ئەم چەشنە هاوکارییانە و  پێشم وا نیە لە کۆمەڵگایەکدا کە لە ژێر چنگی سەرەڕۆیی دایە و سەرجەم بنکە و ڕێکخراوەکانی، تەنانەت بۆ خودی فارسەکانیش و بۆ خودی هاوئاهەنگانی ڕژیم وئەو کەسانەش کە لە ناو گوتاری ئێرانییەتدا تواونەتەوە بنکەیەکی سەرەڕۆیانەن، بە ئاسانی بکرێت لە چوارچێوەی ویلایەتی فەقێهیدا،  تۆ هیچ کردەوەیەک لە خۆت بنوێنی. لە وتووێژی پێشووترم لەگەڵ ڕۆژی کوردیشدا ئاماژەم بەوە کردووە کە خودی تاکەکانی کۆماری ئیسلامی ناتوانن هیچ مافێک بۆخۆیان دەستەبەر بکەن چ بگات بە کوردێکی لەپەراوێزکەوتووی مەترسیداری جیاییخوازی لە حاشیەدا، کەواتە ئەمە خیاڵە، با نموونەیەک بێنمەوە، هەندێک کەس لە ئەفریقا کە ڕاوچی مەیموونن، بۆ ڕاوەکەیان، گردە کونێک لە دارەکە دەکەن و خواردەمەنی لە ناو دارەکە دەهاوێن و بۆ هەڵگرتنی خواردەمەنییەکە دەبێ دوو دەست بکەیتە ناو کونەکە، مەیموونیش کە دێت خواردەمەنییەکە هەڵگرێت، دوای هەڵگرتنی خواردەمەنییەکە بە هۆی ئەوەی کە هەر دوو دەستی بەیەکەوەن، دەستی نایەتە دەر و جاری وا هەیە مەیموونەکە بە قەدی دارەکەوە بۆ ماوەی ٣ تا ٤ ڕۆژ هاوار دەکات تا ڕاوچییەکان دێن و دەیگرن، لێرەدا ئەو مەیموونە بۆتە نێچیری تەماح و زێدەخوازی خۆی ئەگینا دەیتوانی خواردەمەنییەکە بەردات و خۆی دەرباز و ڕزگار بکات، ئەو هاوڕێیانەی حدک ـیش و کەسانی لەم چەشنە و هەڵبەت کەسانێک کە ڕانتی حکومەتی وەردەگرن ئەوە جیاوازن بەڵام کەسانێکی وەک ئەو برادەرانە بەڕای من ڕێک چیرۆکی ئەو مەیموونەیان لێقەوماوە و بە ناوی تێگەیشتوو و سیاسەتمەدار بوون و ئاقڵ بوون و سیاسەتی سەردەمیانە کردن و درووشمی سیاسەت ئەمری مومکینە، کەوتوونەتە ئەو داوەوە کە ئەمە بێجگە لە پاساو هێنانەوە بۆ لاوازی و چۆک دادان بۆ داگیرکەر هیچی تری تێدا بەستە نیە، شتێکی تر نیە و لاشم وایە کە کەسێک کە لە سەرکردایەتی حیزبێکی سیاسی دایە دەبێ لە هەمبەر بەدەنەکەی خۆی سەر و گەردنێ لەسەرتر بێت و ئەگەر وابێت ئەو تاکتیک و بەرنامانەی کە بەڕێز عەزیزی هەڵیاندەبژێرێ بە تەواوی ئاگاهانەن و من بەداخەوەم لەوەی کە دەبێ بڵێم بەڕێز عەزیزی یان ڕاستەوخۆیانە و یان ناڕاستەوخۆیانە، لە خەتی وەزراەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیدا هەنگاو هەڵدەگرێ.

پرسیار: کوتتان کە کاک خالید خۆی و حیزبەکەی لە چوارچێوەی ئێراندا پێناسە دەکات و کوردستان بە پارێزگای ئێران پێناسە دەکات، باشە بڕوا هەبوون بە ئێرانی بوون و مانەوە لە ئێران بەتایبەت بە هێزی ئێستای کورد و دۆخی جیهان، چ هەڵەیەکی تێدایە؟

حەیدەری: پرسی کورد وەک پێشتریش ئاماژەم پیدا، لەمڕۆدا پرسی بوون و نەبوونە، پرسێکی سیاسی  و حقوقی و یەکسانیخوازانە نیە، هەر بۆیە هەر کەسێک کە لە بازنەی درووست کردنی کیانی کوردیدا هەنگاو هەڵنەگرێ لە ڕوانگەی منەوە کە هیچ، لە ڕوانگەی دیسکۆرسی و گوتاری کوردایەتیشەوە تاکێکی شۆڕشگێڕی کوردی نییە بەڵکو هاوکاری دیسکۆرسی داگیرکەرەکانی کوردە کە هەوڵ بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد دەدەن، کەواتە کاک خالید عەزیزی و حیزبەکشی و کەسانێکی تری ئەوتۆش کە لە ناوخۆشدا خەریکن کارێکی ئەوتۆ دەکەن، ڕێک خەریکن پڕۆژەگەلی ئەم دیسکۆرسانە جێ بە جێ دەکەن و لە ڕوانگەی ئێمەوە لە قۆناغی یەکەمدا حیزبێکی کوردی نین، حیزبێکی نەتەوەیی کوردی نین و حیزبێک نین کە بتوانن مافەکانی نەتەوەی کورد دەستەبەر بکەن و ناشتوانن و بۆیان نیە بە ناوی نەتەوەی کوردەوە قسە بکەن، دیارە هەر نەتەوەیەک لە ناو خۆیدا کۆمەڵێک مرۆڤی هەیە کە  ئەو مرۆڤانە بەرژەوەندی تاکەکەسی و گیرفانی خۆیان و دەسەڵاتی تاکەکەسیان پێ خۆشە و لە ناو هەموو نەتەوەیەکیشدا ئەو چەشنە کەسانە هەبوون و پێناسەش کراون، بەداخەوە کورستان چون کیان و دەوڵەتی نەتەوەیی نیە و تەناهی نەتەوەیی تێیدا پێناسە نەکراوە و ئەوانە وەک تاوانی سیاسی پێناسە نەکراون، تۆ ناتوانی ئەو کەسانە بە ناوی خیانەت بە نەتەوە بگری و لە دادگا محاکەمەی بکەیت ئەگینا ئەو کەسەی کە دیسکۆرسێکی هەیە کە تێیدا دەیهەوێ داگیرکەر بێنێت و بەسەرتدا بسەپێنێت، دەبێ وەک خائین بە نەتەوەکەی بدرێتە دادگا و محاکەمە بکرێت، کورد خەساری گەورەی لەبەر دەست دایە کە بەداخەوە دەبێ یەک لە دوای یەک ئەمانە تێپەرێنێت، پێویستیی ناوبردن لەو حیزبە و لە بەڕێز عەزیزی و هەروەها پرۆژەکانی کۆماری ئیسلامی ڕێک لە بێژینگ دانی ڕەوتی خەباتی کوردییە، با ئێمە بتوانین لێرە، خۆمان  پێناسە بکەین، کوردی ڕاستەقینەی کوردایەتیکەر، کوردی ئێرانیی کورد باز، ئەوە دوو جۆری کوردن  و لە ڕوانگەی منەوە ئەوانە کوردبازن تا کوردایەتیکەر بۆیە ڕێبازی ئێمە و ئەوان و تەکیلفمان ڕوونە و تەکلیفی کۆمەڵگای کوردستانیش ڕوونە، هیچ ڕوانگەیەکی تەم و مژاویشمان بەرانبەریان نییە، لێرەدا ئێمە هیچ تەعارووفێکمان لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستاندا نیە، کەواتە لە نێوخۆی خۆشماندا یان دەتوانین لەسەر هەندێ خاڵی سیاسی کۆببینەوەو بە هزرێکی نەتەوایەتیەوە داگیرکەر لە خاکی کوردستان ڕاماڵین یان ئەوەی کە هەر کەسێ هاوکاری لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان بکات دەقاودەق لەبەرابەریدا وەک داگیرکەرانی کوردستان، دەوەستینەوە.

پرسیار: وەک دوایین پرسیار لاتان وایە، کۆماری ئیسلامی سەرکەوتوو بووە لە شەق کردنی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی؟ ئەگەر ئا ، داهاتووی خەبات بۆ کوێ دەڕوات؟

حەیدەری: بەداخەوە کۆماری ئیسلامی توانیوێتی لە بەڕێوە بردنی پرۆژەکانی خۆیدا، دژ بە ڕووخاندنی هێما و ورەی شۆڕشگێڕانەی نەتەوی کورد، کاریگەری هەبێت و بتوانێت ئەوانە لە ئاراستەی ئامانجەکانی خۆیدا و بۆ پتەو کردنی مەڕام و هێژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا و بەسەر کوردستانی خۆرهەڵاتیشدا، کانالیزە بکات و تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بووە، بۆیەش پرۆژەگەلێکی جۆراوجۆری تەناهی تا بە ئێستاش جێ بە جێ کردووە و توانیویەتی بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای کوردستان بگەوجێنێت و بەداخەوە بڕێکی زۆر لە ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی نەتەوەی کوردیش ئەمڕۆ خۆیان نازانن کە کەوتوونەتە داوی ئەو بازنەیەوە، هەڵبەت کەم و کوڕی لە لایەن ئێمەشەوە هەیە، ئەوەش هەر وەکوو پێشووتر ئاماژەم پێکرد ئەوەیە کە هزری دەوڵەت نەبووە بە چەمکێکی سیاسی و تیۆریزە نەکراوە، ناسیۆنالیزمی کورد تیۆریزە نەکراوە و نەبووە بە خاوەنی گوتاری پتەوی خۆی تا بتوانین بە هەڵگرتنی ئەو گوتارە ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی ئەو وڵاتە لە دەوری یەکتری کۆ ببنەوە، بەختەوەرانە من لە هەمان کاتدا، داهاتوو و ئاسۆیەکی ڕوون دەبینم، هەڵبەت لاشم وایە کە کۆماری ئیسلامیش بێدەنگ دانانیشێ و حەتمەن ئالترناتیڤ و جێگرەوەیەک بۆ کوردستانی خۆرهەڵات پێناسە دەکاتەوە و پێشموایە لەم پەیامەی کە بیستم، تا ڕادەیەک وام لێ هەڵکڕاند کە حدک، بەشێک دەبێ لەم پرۆژەیە و کەسانیکی تریش کە بەرەبەرە دەردەکەون کێن، ئەوانەی کە لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا، بژاردەکانی کۆماری ئیسلامی بوون دیار بوون و ئەوە لە  وتووێژەکانی داهاتوودا ئەو کەسانە کە خەریکن بە کەڵک وەرگرتن لە ڕانتەکانی کۆماری ئیسلامی بە دژی نەتەوەی کورد کەڵک وەردەگرن لەقاو دەدەین، بەڵام من لام وایە کە وشیارییەکی باش لە ناو کوردستاندا دەستی پێکردووە و ئەمە خۆی دەتوانی دڵخۆشکەر بێت، کەسانی شۆڕشگێڕ، قەڵەم بەدەست، خاوەن هزر، ڕووناکبیر و ئاکادمیک ئەمڕۆ تێگەیشتوون کە ناسیۆنالیزمی کورد چەمکێکی سیاسی نییە و واتا و زاراوەیەکی سیاسی نییە و خەریکن لەو ئاراستەیەدا هەنگاو هەڵدەگرن و تیۆریزەی دەکەن و دەتوانن ڕەوتی نوێی خەباتی کوردی لەسەر دابمەزرێنن، دۆخی ناوچە ئاوسی گۆرانکاریگەلێکی گەورەیە و سنوورەکان ئاڵووگۆڕییان بەسەردا دێ و کۆماری ئیسلامێش دەیهەوێ لە قازانجی خۆی بەکاری بێنێ، بەڵام ئێمە ئەم کارتە لە دەستی کۆماری ئیسلامی دەردێنین، ڕۆڵەکانی  کورد، ئەمڕۆ هەستاونەتە  سەر پێ و دەنگۆکان خەریکە دەڕوات و بەرەبەرە لەو خەوە بەردینەیە خەریکە هەڵدەستنەوە، دەتوانم ئاماژە بەوە بکەم کە وەرگێڕانی ڕوخساری کارتۆنی وەک کانتۆنی کوردستانی ڕۆژئاوا بەرەو فیدرالیزم، هەڵبەتە مۆرێکی باتڵ لێدان بوو بە تیۆری خۆسەری دێموکراتیکی بەڕێز ئاپۆ و بە دەستکەوتێکی گرنگ بۆ کورد ئەژمار دەکرێ و بەرپەرچ دانەوەی گوتاری ڕەد کردنەوەی دەوڵەتە و ئێستا ناچار بووە جارێ لە چوارچیوەی فیدرالیزمدا خۆی پێناسە بکاتەوە و هەرچەند جارێ تەواو و کەماڵ نیە بەڵام دیسانەکەش شکستی  ئەو چەشنە خوێندنەوە و دیسکۆرسەیە، کەواتە بە هیممەتی ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی گەلی کورد و خەمخۆرەکانی کوردستان، دەوڵەتی کوردستان دادەمەزرێت و داگیرکەران لە خاکی کوردستان ڕادەماڵین.

پرسیار: ئەگەر لە کۆتاییدا قسەیەک ماوە بفەرموون.

حەیدەری: زۆر سپاسی ئیوە دەکەم بۆ ئەو دەرفەتە کە بە منتان بەخشی و سپاس بۆ بەسەرکردنەوەتان سەبارەت بەم پرسانە کە لە ڕوانگەی منەوە نوێن و بوێرانەن و کۆمەڵگای کورد پێویستی هەیە بە ڕەخنەی تووند و ئاشکرا و ڕەخنەیەکی نەترس کە تا سەر ئێسقان ببڕێت و بۆ یەکەم جار ئەم بیرۆکە خۆسپەێن و سەرەڕۆیە وەلابنێ کە بە ترسەوە بە ناوی ڕێزدانان و بێ ڕیزی نەکردن و دانەڕماندن، بتوانێ  ڕاستەوخۆ دەست بۆ هەر کەسێک کە خەریکە هەنگاوێکی هەڵە بەرانبەر بە چارەنووسی نەتەوەیەک هەڵدەگرێ، درێژ بکات. هەر بژین و سەرکەوتوو بن و هیوام بەردەوامیتانە.

 ئێمەش سپاسی بەریزتان دەکەین و هیوادارین سەرکەوتوو و بەردەوام بن. بە هیوای وەدیهاتنی ئاواتی کورد و گەیشتن بە ئامانجی هەنگاوەکانی. 

ئامادەکار: هەڵمەت مەعرووفی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی