"an independent online kurdish website

چەند ڕۆژ دوای تەقینەوەی شەوی یەلدا لە بنکەیەکی سەر بە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کە شەهیدبوونی ٧ تێکۆشەری کوردی لێکەوتەوە، کۆبوونەوەی بەرینی حیزب و رێکخراوە کوردستانییەکان بەڕێوەچوو.koye-kobunewey-hizbekan-duway-teroreke-0

ئەو کۆبوونەوەیە، کە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، 5ی بەفرانبار بە میوانداریی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان و بە ئامانجی هاودەنگی و یەکگرتوویی لە مەحکومکردنی تاوانی تێرۆریستی‌دا گیرا، شاندی زۆربەی هەرە زۆری حیزبە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان بەشدار بوون.

ئەو کۆبوونەوەیە بە قسەکانی کاک حەسەن قادرزادە، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان دەستی پێکرد.

بەڕێزیان لە قسەکانیدا بە ئاماژە بە چۆنیەتیی تێرۆرە خوێناوییەکەی شەوی یەلدا و، کاردانەوەی لە میدیاکان و شەپۆلی بەرینی هاوخەمییەکان لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، مەبەست لە کۆبوونەوەکەی بۆ بەشداران شی کردەوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان قسەکانی بەوە دەست پێکرد کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سەرەتای دامەزرانییەوە تا ئێستا سیاسەت و ئامانجی ئەوە بووە کە بە شێوازی ئاشتیخوازانە، مەدەنی و رێکاری سیاسی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەدیبێنێ.

کاک خالید عەزیزی لەو پێوەندییەدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە سەردەمی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، بە تایبەت دەور و نەخشی دوکتور قاسملوو لەو پێوەندییەدا کرد و، گوتی : ئەگەر ئایەتوڵڵا خومەینی و ڕێبەرانی دیکەی کۆماری ئیسلامی وەڵامی پەیامی ئاشتی و چارەسەری سیاسیی دۆزی کورد لە ئێرانیان بدابایەوە، نە ئەو شەڕە هەڵدەگیرسا، نە ئەو هەمووە زیانە گیانییە بەر دوولایەن دەکەوت؛ بەڵام ئەوان سیاسەتی ناکارامەی زەبر و زەنگیان هەڵبژارد و شەهید دوکتور قاسملوویان لەسەر مێزی وتووێژ تێرۆر کرد، بەوەش نەوەستان و دەیان کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکڕاتیان لە باشووری کوردستان تێرۆر کرد.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی کۆبوونەوی پێش تەقینەوەکەش هەر بۆ ڕێزگرتن لە پەیامی ئاشتیخوازانەی دوکتور قاسملوو و بۆ ڕێزگرتن لە یاد و بیرەوەریی بەڕێزیان بوو.

کاک خالید عەزیزی لە تەوەرێکی دیکەی باسەکەیدا تیشکی خستە سەر سیاسەتی ناکارامەی تێرۆر و گوتی: ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی وەستاندنی خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستان چەکی تێرۆر بەکار دێنێ، دەبێ باش بزانێ کە تێرۆر کۆڵمان پێ نادا و نامان‌وەستێنی.

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە پرسی نەتەوەیەک کە داوای مافەکانی خۆی دەکا، ئەو پرسە بە تێرۆر نە چارسەر دەکرێ و نە لەبار دەبرێ.

کاک خالید عەزیزی لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا گوتی کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان بۆ ئەوەیە یەکدەنگ بین لە مەحکومکردنی تێرۆر و هەموومان هەست بە بەرپرسایەتی بکەین لە پێوەندی لەگەڵ ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان و ئەوە پەیامە بدەین بە دراوسێکانمان کە هەرێمی کوردستان بە دەرفەت دابنێن نەک هەڕەشە.

لە بڕگەیی سەرەکیی کۆبوونەوەکەشدا نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی بەشدار وێرای دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان و مەحکومکردنی پەلامارە تیڕۆریستییەکی شەوی یەلدا بۆ سەر حیزبی دێموکڕاتی کوردستان؛ ڕاو بۆچوون و پێشنیاری خۆیان هێنایە بەر باس، ئەو حیزبانە وێڕای پێداگری لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی ماڵی کورد و هاوپێوەندیی نیشتمانی داوایان لە ناوەندە بەرپرسیارە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە لەو ڕووداوە بکۆڵنەوە و لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاکامەکەی لە پێناو پاراستنی ئەمنیەتی هێزە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان تێبکۆشن.

لە بڕگەیەکی دیکەی بەرنامەکەدا کاک قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لەسەر پەیامی هاوبەشی کۆبوونەوەکە قسەی کرد و، دوای وەرگرتنی ڕاو سەرنج و پێشنیاری نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکان، بڕیارنامەی کۆتایی کۆبوونەوکە بە تێکڕای دەنگی بەشداران پەسند کرا.

دوابڕگەی ئەو کۆبوونەوەیە پرێس کۆنفڕانسێک بە بەشداریی میدیاکان بوو کە لەو بڕگەیەشدا کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان وەڵامی پرسیاری میدیا و کاناڵەکانی ڕاگەیاندنی دایەوە.

ئەو حیزبانەی بەشداری ئەو کۆبوونەوەیەبوون بریتی بوون لە:

پەیەدە،کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ، ڕەوتی سۆسیالیستی کۆمەڵە، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان، بزوتنەوەی دێموکراتیکی گەلی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆماجڤاکێن کوردستان(کەجەکە)، پارتی دێموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە، ئەنەکەسە (کە پێکهاتوو لە ١٣ حیزب و رێکخراوی سیاسیی ڕۆژاوای کوردستانە)، حیزبی شیوعیی کوردستان، بزووتنەوەی رزگاریی دێموکراتی کوردستان، پارتی کرێکاران و رەنجەدەرانی کوردستان، پارتی ئازادی کوردستان؛ کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، پارتی یەکیەتی دێموکراتی کورد لە سووریە، پارتی دێموکراتی نیشتمانیی کورد لە سووریە، یەکیەتی دیموکراتی کوردستان، حیزبی پێشکەوتخوازی کوردی سووریە.

…..

بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان یەکدەنگ و یەکگرتوو کردەوەی تیرۆریستی مەحکووم دەکەین.

koye-pm-shehid-teror-2016-12-20-01

ئێمە نوێنەرانی  نزیک بە ٣٠حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەمە ٢٥ی دیسەمبری ٢٠١٦ بە یەکەوە لە شوێنی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی شەوی ١ی بەفرانباری ئەمساڵ(٢١ی دیسەمبری ٢٠١٦) لە قەڵای دیموکرات(بارەگای سەرەکیی حیزبی دیموکراتی کوردستان) لە نزیک شاری کۆیە، کۆ بووینەوە.

ئەو تاوانە تیرۆریستییە کە شەهید بوونی ٥ پێشمەرگەی دیموکرات و دوو پۆلیسی ئاسایش و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکەی لێ کەوتەوە، بەشدارانی مەراسمێکی کردبوو بە ئامانج کە بە بۆنەی ٨٦ ساڵەی لە دایکبوونی د.قاسملووی شەهید پێک هاتبوو. ئاشکرایە ئەگەر تیرۆریستان بیانتوانیبا بۆمبەکانیان بگەیەننە نێو شوێنی مەراسمەکە بە دڵنیاییەوە کارەساتێکی زۆر گەورەتریان دەخوڵقاند.

هەر یەک لە ئێمە حیزب‌و لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لەم کۆبوونەوەیە، پێشتر جیا جیا ئەم تاوانەمان بە توندی مەحکووم کردوە و هاوخەمیی خۆمان لە گەڵ بنەمالەی قوربانییەکان و حیزبی دیموکراتی کوردستان راگەیاندوە. ئەمڕۆش هەموومان یەکدەنگ و بە یەکەوە بۆ جارێکی دیکە ئەم کردەوە تیرۆریستیە مەحکووم دەکەینەوە و لە گەڵ بنەماڵەی قوربانیان ، دیموکراتەکان ولایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەلات، هاوخەمیی خۆمان دووپات دەکەینەوە.

ئەمە یەکەم جار نیە دەستی ڕەشی تیرۆر، لە هەرێمی کوردستان گیانی تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵات دەستێنێ. لە نەوەدەکانی سەدەی ٢٠ دا بە داخەوە سەدان کادر‌و پێشمەرگە‌و ئەندام‌و لایەنگری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات‌و بنەمالەکانیان لە باشووری کوردستان بوون بە قوربانیی پیلانە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. هەر لەم یەک دوو ساڵەی دواییش‌دا چەند پیلانی تیرۆریستی لە دژی بنکەکان‌و تێکۆشەرانی ژمارەیەک لەو حیزبانە پووچەڵ کراونەوە کە لە کاتی خۆی‌دا لە ڕێگای ڕاگەیەنە گشتییەکانەوە هەواڵەکەیان بڵاو بۆوە.

ئێمە نیگەرانین کە تاوانی تیرۆریستیی شەوی ١ی بەفرانبار‌و پیلانە پووچەڵ بۆوەکانی پێشتر، سەرەتایەک بێ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە هەرێمی کوردستان ببێتەوە بە مەیدانی  پیلان و هەڕەشە و کردەوەی تیرۆریستیی لە دژی لایەنە سیاسییە خەباتکارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە کاتێك دا نەتەوەکەمان لەباشوور و خۆراوای کوردستان لە گەڵ تێرۆریزم لە شەڕێکی بەرین دایە و قوربانیی  گەورە پێشکەش دەکاو، هەر لەم سۆنگەیەشەوە ڕێز و ئیعتیبارێکی جیهانیی  وەدەست هێناوە، چۆن دەتوانین ڕێگە بدەین ڕۆڵەکانی بەشێکی دیکەی کوردستان لە سەر خاکی هەرێم ببن بە ئامانجی تیرۆر؟ هەر دەوڵەت و لایەنێک لە ژێر هەر ناوێك‌دا دەست بۆ تێرۆر و ڕەشەکوژی ببا مەحکوومە. هەر بۆیە جگە لەوەی هەر یەک لە ئێمە لە سیاسەت و تێکۆشانی خۆمان دا دژی دەوەستینەوە، بە ئەرکی حکوومەتی هەرێم و سەرجەم دەزگا پێوەندیدارەکانیشی دەزانین ڕێگر بێت لە بەڕێوەچوونی هەرەشە و پیلانی تێرۆریستی لە دژی لایەنە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستان، گیرساونەوە. هەر وەها سەرنجی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر بۆ لای تێرۆریزمی دەوڵەتی لە ناوچەکە بەرامبەر هێز و لایەنە خەباتکارەکانی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان ڕادەکێشین و پیویستی و گرنگیی بەربەرەکانی لە گەڵ ئەم جۆرە لە تیرۆریزمیان وەبیر دێنینەوە.

وێڕای مەحکوومکردنی شەڕو لەشکرکێشی، تیرۆر و سەرکوت و تۆقاندن لە لایەن دەوڵەتانی ناوچە  لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ پرسی کورد دا، بە قووڵی باوەڕمان بەوە هەیە کە خەباتی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی لە ڕۆژهەڵات و هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان، بە شەڕ و سەرکوت و تیرۆر لە نێو ناچێ. لە کاتێک‌دا لە سەر پشتیوانیمان لە خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان بۆ مافە ڕەواکانی لە هەموو بەشەکانی کوردستان پێ دادەگرینەوە، داوامان ئەوەیە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان‌و ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان لە نێوخۆی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات، کەمپەین وچالاکیی هاوبەش لە دژایەتی لە گەڵ  سیاسەت و بەرنامەو پیلانی تیرۆریستیدا وەڕێ بخەن.

کۆبوونەوەی هاوبەشی نزیکەی ٣٠حیزب‌و لایەنی سیاسیی هەر چوار بەشی کوردستان

٢٥/١٢/٢٠١٦

لیستی لایەنەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەی هاوبەشی

حیزبە کوردستانییەکانی هەر چوار بەشی کوردستان

بۆ مەحکوومکردنی کردەوەی تیرۆریستی

٢٥ی دیسامبری٢٠١٦  – کۆیە

ناوەکان بە پێی تەرتیبی ئەلفوبێ:

بزووتنەوەی دێموکراتیکی گەلی کوردستان

بزووتنەوەی رزگاریی دێموکراتی کوردستان

پارتی پێشکەوتنخوازی کورد لە سووریە

پارتی دێموکراتی نیشتمانیی کورد لە سووریە

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دێموکراتیکی گەلان (هەدەپە)

پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان

پارتی ئازادی کوردستان

پارتی یەکیەتی دیموکرات  ( پەیەدە)

پارتی یەکیەتی دێموکراتی کورد لە سووریە

یەکیەتیی دیموکراتی کوردستان

حیزبی پێشکەوتنخوازی کوردی سووریە

حیزبی دیموکراتی کوردستان

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

حیزبی شیوعیی کوردستان

حیزبی یەکیەتیی کورد لە سووریە

ڕەوتی سوسیالیستی کۆمەڵە

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

کۆما جڤاکێن کوردستان(کەجەکە)

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی  کوردستان

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان

یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتیکی کوردستان

ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا  (ئەنەکەسە)



سەرچاوە: کوردستان و کورد

2016/12/25

بابەتی پەیوەندی دار

دوو تەقینەوە لە بەردەم بارەگای دەفتەری سیاسی حدک لە کۆیە روویاندا

شەهیدانی کردەوە تێرۆریستیەکەی کۆیە بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردران

تیرۆر نامان ترسێنێ هەرەشە هەنگاومان پێ شل ناکا، لوقمان مێهفەر

كه‌ڵاشی خوێناوی چمان پێده‌لێ؟، ئەحمەد شێربەگی


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی