"an independent online kurdish website

وەک پێشتر لەسەر فەیسبووک ئاگادارم کردنەوە، فەرهەنگی فارسی-کوردیی کاوەم بەشێوەی (online) لەسەر تۆڕی ئینتێرنێتی (www.farhangumejuikawa.com) خستۆتە بەردەستی هۆگرانی وشەی کوردی.logo1

ئەو فەرهەنگە بەرهەمی بیست ساڵەی کاری شەو و ڕۆژانمە لە تاراوگە. تا ئێستا ٩٤٩٧٣ وشەو دەستەواژەی فارسی دەگرێتەخۆ کە بەرانبەرە کوردییەکانم بۆ داناون. ئەو فەرهەنگە ئەگەر لەسەر کاغەز چاپ کرێ، قەبارەکەی دەبێتە ٢٤٠٠ لاپەڕەی (A4) و قورسایی‌یەکەی خۆ لە ٥/١کیلۆ دەدات. ئومێدم وایە لەماوەی داهاتوودا زۆر وشەی کوردی و فارسیی دیکەش بدۆزمەوە و بیانخەمە سەری، بەڵام بەداخەوە لەبەر دەست وێڕانەگەیشتنم بەناوچەکانی کوردستان کە سەرچاوەی ڕەسەنی ئەو شتانەن، نەمتوانیوە وشەڕەسەنەکانی هەموو زاراوەکانی کوردی لە فەرهەنگەکەدا بگونجێنم. ئەوە کەموکووڕییەکە ئێوەی بەڕێز لە چارەکردنیدا دەتوانن هاوکار و پشتیوانم بن. ئەو فەرهەنگە ئی هەموو کوردە، کەوابوو مڵکی هەموومانە، با بەهەموان دەوڵەمەندتری کەین. بێجگە لەو فەرهەنگە خەریکی لێکۆڵینەوەی بەردەوامیشم لەسەر مێژووی کۆن و تێکدراوی کورد و بەرهەمەکانی کارم لەسەر ئەو ماڵپەڕە بڵاو دەکەمەوە. تائێستا ژمارەیەک لە نووسراو و کتێبەکانمم لەکتێبخانەی ماڵپەڕەکەدا بەشێوەی (PDF) داناون کە دەتوانن دایانبەزێنن و بیانخوێننەوە. بێجگە لەو کارانەش، تائێستا ژمارەیەک پەندی پێشوونانم لەچەند بەشدا لەبەشی فەرهەنگی گەلی لەماڵپەڕەکەمدا داناون و ئی دیکەش وردەوردە دادەنێم. بەتەمام تا بۆم بگونجێ خزمەت بە وەبیر هێنانەوە و خزمەتی بوارە جیاجیاکانی فەرهەنگی کوردی بکەم. وەک دەزانن ئەوە بۆ کەسێکی بەتەنیا و بێ پشتیوان و داڵدەدەر کارێکی ئەکجار قورس و ئاستەمە. چاوەڕوانیم لە هاوڕێیانی بەڕیزم ئەوەیە کە:

داڵدەدەر و هاندەر و هاوکارم بن بۆ بەجێ گەیاندنی ئەو ئەرکە و هەر بۆ هەڵسەنگاندن و بایەخ پێدانیش بێ بەکارەکانم لە ڕێگای خزمەت بە نەتەوەکەمدا، بە چاو لێکردنی بەردەوام و سەردان و ڕەخنە و پێشنیار (بەتایبەتیش لەسەر فەرهەنگەکە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و کەم و کووڕییەکانی و لێ زیاد کردنی وشەی تازە و دەوڵەمەندتر و بەکەلکترکردنی) یاریدەم بدەن و دڵم خۆش کەن. تا بەهێزێکی زیاتر و گوڕوتینێکی شیاوتر درێژە بە خزمەتەکەم بدەم.

بە ناردنی شتی فۆلکلۆری و لایەنەکانی سەرنج ڕاکێشی فەرهەنگی گەلیی کوردەواری وەک چیرۆک و ئەفسانە کۆنەکان و بەیت و لاوک و حەیرانی ڕەسەن و تێک نەدراو و بەگشتی ئەو بابەتانەی خزمەتی کەلەپووری نەتەوەییمان دەکەن، ماڵپەڕەکەمان دەوڵەمەندتر کەن.

لەبارەی فەرهەنگەکەوە پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە (PDF) بەشێوەی کوردی و فارسی بەجیا، پێشەکی و چۆنیەتی بەکار هێنان و خشتەی نیشانەکانی ڕێزمانیش دادەنێم، کە دۆخی وشەکان لەبواری ڕێزماندا دیاری دەکەن.

لەگەڵ ئەوپەڕی ڕیزمدا بۆ هەمووتان

عەبدوڵڵا ئیبراهیمی

٢/١/٢٠١٧

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی