له به‌ره‌به‌ری سەری ساڵی نوێی ٢٠١٧ و پشووی لەدایکبوونی مەسیح، بە هۆی هەرزانی و نزیکبوونی وڵاتی چێک، بڕیاری سەفەرێکی چەند روژەم دا بو شاری پراگ پێتەختی وڵاتی چێک.
کاتێک گەییشتمە ئەوێ، خەڵک وڵاتیان رازاندبۆوە و خۆیان ساز دەکرد بۆ جێژنەکانی مەسیح و سەری ساڵی نوێ. شتێکی دیکە کە خەڵک باسیان دەکرد، یادی جیابوونه‌وه ودوبارە سەربەخۆبوونی وڵاتی چێک و سلۆڤاکیا بوو لە یەکه‌م رۆژی ساڵی ١٩٩٣ زایینی. یەکەم رۆژی ساڵی زایینی روژی نەتەوەیی گه‌لی سلۆڤاکیایه.
پاش کۆتاییهاتنی شەڕی یەکەمی جیهانیی نەتەوەی چێک لەگەڵ نەتەوەی سلۆڤاکیا و چەند نەتەوەیکی دیکەی وەک ئاڵمانی، مەجاری و ئوکراینی و رووسی وڵاتیکی گه‌وره‌تریان پێکهێنا و ناویان نا وڵاتی چێکۆسلۆڤاکیا.
ئەو دوو نەتەوەیە ئه‌گه‌رچی ناکۆکییان به‌یه‌که‌وه هەبوو، بەڵام بە چەندین هۆوە ناچار بوون بۆ ماوەی ٧٥ سال پێکەوە بژیین. لە ساڵی ١٩٨٩دا کە سروەی بەهاری ئازادیی رووی کرده وڵاتانی دیکتاتۆڕی کۆمۆنیستی، خەڵکی چێکۆسلۆڤاکیاش رزگاربوون و خۆیان لە ژێر کاریگەریی کۆمۆنیستە رووسه‌کان رزگار کرد.
به ئازادیی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو و سیستمی تاکحیزبیی هەڵوشێندراوە. پاش چەند ساڵێک، ئەم دوو نەتەوەیە هەستیان کرد کە لەوە زیاتر ناتوانن پێکەوە له وڵاتێدا بژیین. لە ماوەی پێکەوە ژیانیاندا، سلۆڤاکیه‌کان کە کەمینە بوون، هەستیان ده‌کرد کە لە له حکومه‌تدا به‌شدار ناکرێن و پشتگوێ دەخرێن و له لایه‌ن زۆرینه‌وه بە نایەکسانی رەفتار w هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت.
بۆ نموونه له زۆربەی ناوچەی سلۆڤاکی شاخاوییە و کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداریی تێدا ده‌کرا که‌چی له ناوچەی چێک‌یش پیشەسازیی په‌ره‌ی سه‌ندبوو.
مامۆستایەکی زانکۆی نۆروێژ باسی ئەوەی دەکرد کە یەکێک لە هۆ سەره‌کییه‌کانی پێشکه‌وتن، پیشەسازییە کە لە وڵاتانی ئه‌وروپایی و ژاپون و ئەمریکا پەرەیان پێدراوە. ئەو مامۆستایه جیاوازیی پیشەسازیی و کشتوکاڵی لە پێشکه‌وتنی وڵات‌دا به‌مجۆره خسته‌روو که ئەگەر کارگەیەکی دارتاشیی و یا ئاسنگه‌رییت هەبێت و تێیدا چه‌ند کرێکارێک کار بکه‌ن، بە زیادکردنی هەر کرێکارێک، به‌رهه‌مهاتن زیاتر دەبێت، بۆ نمونە ئەگەر بیست کرێکار زیاد بکرێت ئەوە بە دڵنیاییەوە به‌رهه‌م لانیکەم بیست قات زیاد دەبێت. هەروەها ده‌توانرێ جۆری به‌رهه‌مه‌کان بگۆڕدرێن و شتی نوێ بەرهەم بێت و بە هۆیەوە هەم ده‌رفه‌تی ئیش‌کردن ده‌خوڵقێت و هەم سوود و قازانج زیاتر دەبێت. بەڵام کشتوکاڵ سنوورداره. بۆ نموونه ئەگەر لەسەر زەویەکی کشتوکاڵیی بیست کرێکار زیاد بکرێت، نه‌ک به هه‌مان راده به‌رهه‌مه‌که زیاد ناکات و به‌ڵکوو راده‌ی بەرهەمی ساڵی رابوردوو دێته‌وه به‌رده‌ست و هه‌روه‌ها کرێی کرێکاره زیادبووه‌کانیشی دێته‌سه‌ر، واته تێچووه‌کان زیاتر ده‌بن به بێ ئه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌م بچێته سه‌رێ. لە وڵاتی چێکۆسلۆڤاکیای ئه‌وکاتدا پیشەسازیی زیاتر لە ناوچەی چێکییه‌کاندا بوو و ناوچەی سلۆڤاکییه‌کان خەریکی کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداریی بوون.
نوێنه‌ری حکومەتی سلۆڤاکیا لە ئێران لە چاوپێکه‌وتنێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێت ”گەرچی چەند ساڵی سه‌ره‌تای دوای سەربەخویی لە ساڵی ١٩٩٣دا تووشی کێشه و گرفتی زۆر بووین، بەڵام له ساڵی ٢٠٠٤ دا توانیمان بە یەکگرتوویی و هه‌وڵی گشتلایه‌نه ببین بە ئەندامی یەکێتی ئه‌وروپا و سیاسەتی دەرگای ئاواڵەمان بو سەرمایەدارانی دەرەوە جێگیر کرد و په‌ره‌مان به پیشەسازیی دا. ئێستا ساڵانه نزیک به ملیۆنێک ئۆتۆمبیل لە وڵاتی سلۆڤاکیا بەرهەم دێت کە زیاد لە سەدا ٩٩ بە دەرەوەی وڵات ده‌فرۆشرێت.” هەروەها دەڵێت ئێمە لە گەڵ وڵاتی چێک به ئاشتیانه جیا بووینه‌وه و نەمانهێشت کێشەکان بە ئاقاری توندوتیژیدا تێپه‌ڕبێت، ئێستا وڵاتی چێک یەکێکه لە گه‌ورەترین شەریکە ئابوورییه‌کان و له برا نزیکەکانی ئێمەن لە بورای سیاسی و کۆمەڵایه‌تیدا”.
بۆخوشم ئەو هەستەم لە خەڵکی چێک و شاری پراگ‌دا بەدی کرد کە بە چاوی برایانە و شەریک سه‌یری خەڵک و دەوڵەتی سلۆڤاکیا ده‌که‌ن.
ئەگەر شێوەی جیابوونه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ی دوو نەتەوەی چێک و سلۆڤاکیا ببیتە نمونە بو گەلی کورد و عەرەب لە وڵاتی پڕ له كێشە و ئاڵۆزی ئێراق کە دەیان و سەدان کارەساتی مرۆڤیی تێدا روویداوه، ئەوە بە دڵنیاییەوە بو هەر دو گەلی عەرەب و کورد و هه‌روه‌ها بۆ گەلانی دیکەی ناوچه‌که‌ش دەبێتە هۆی دواڕۆژێکی باش و پڕ لە ئاسایش و خۆشیی.

***