"an independent online kurdish website

ڕۆژی دووشەممە٠٢/٠١/٢٠١٧ی زایینی، سەرۆکی فەڕانسە سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێم بەڕێز مەسعود بارزانی سەردانی هێزی پێشمەرگە و بەرەی شەڕیان کرد.luqman-mehfer-0

فڕانسوا ئۆلاند ڕایگەیاند شانازی ئەوەی پێبڕاوە لەگەڵ پێشمەرگە دوواوە و وێنەی لەگەڵ گرتوون هاوکات پشتوانی خۆی و وڵاتەکەشی بۆ کورد دەربڕی. ئەو پێشمەرگەیەی هەتا دوێنی بە (زد انقلاب، مخرب و تێرۆریست) نێودەبرا، ئەمڕۆ بۆتە فریشتەی نەجات لەجیاتی جیهان شەڕی دڕندەترین دووژمنی سەردەم دەکات. ئەوەش دوای شەڕی دووهەمی جیهانی و دامەزرانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد‌ دەتوانم بڵێم بە یەکەم دەرفەت لەئاستی نێودەوڵەتیدا بۆ کورد دەژمێردرێ کە دووبارە سەروەری و سەربەخۆیی کوردستانی تێدا نیشانی جیهان دایەوە.

دوابەدوای جوانەمەرگ کردنی کۆماری کوردستان، کورد دەستی لەخەبات بۆ بە دەستهێنانی مافی نەتەوایەتی هەڵنەگرت. بەپێی هەلومەرجی ناوچەی و نێونەتەوەیی خەبات و تێکۆشانی خۆی لە شێوە و شێوازی جۆراوجۆردا بەپێی توانا و ئیمکاناتی کە هەیبووە درێژە داوە. لەو ڕاستایەدا تووشی نەهامەتی و چارەنووسی نادیار هاتووە، بەڵام لەبەرئەوەی نەتەوەیەکی زیندوو و لەخۆبردوو بووە هەرگیز لە قوربانیدان سڵی نەکردووە و هەمیشە دوای هەرەس و نسکۆ هەستاوەتەوە. هەرکات لەئامانجەکانی نزیک بۆتەوە تا بەئاواتە لەمێژینەکانی بگات، ‌گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی لێکراوە و ڕووبەڕووی شکست کراوەتەوە. نموونەکان بەرچاون: دوای شۆڕشی١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ی زایینی لەعێراق و هاتنەسەرکاری عبدالکریم ‌قاسم و گەڕانەوەی سەرۆکی ئەوکاتی شۆڕشی کوردستانی باشوور خوالێخۆشبوو مستەفا بارزانی نەمر لە سۆڤیەتی ئەوکات ‌و دوای ‌قۆناغێک لە ‌وتووێژ و هەوڵدان بۆ پێکەوە ژیان، نوسینەوەی دەستوور و گونجاندنی ئەو دەقەی ”کورد و عەرەب بران و ‌لە ئێدارەکردنی‌ عێراقدا هاوبەشن” لێکەوتەوە. بەڵام زۆری نەبرد ئەم خاڵە هەر لەسەر لاپەڕەکان بەبێ ئەوەی بکەوێتە قۆناغی پراکتیکەوە مایەوە. بەعسییەکان کەوتنە بڕو بیانوو و شەڕیان دژی کورد هەڵگیرساندەوە. شۆڕشی مەزنی ئەیلول بەڕیبەرایەتی سەرۆک مستەفا بارزانی گەیشتە چڵە پۆپە و کوردی هەموو بەشەکان ڕوویان تێکرد. هیوایەک بە بووژانەوە و سەرکەوتن پەیداببوو تا ئەوەی بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ی بەدوادا هات و دەوڵەتی ئەوکاتی عێراق دانی بە مافی ئۆتۆنۆمی کوردەکاندا نا. ئەو دەسکەوتەش زۆری تەمەن نەکرد کە بەپیلانی زلهێزەکانی جیهانی و وڵاتانی ناوچەیی، قەراردادی شوومی ئەلجەزایریان ساڵی(١٩٧٥ی زایینی) لەدژی شۆرشی باشووری کوردستان داڕشت و شۆرڕشیان تووشی نسکۆ کرد. ساڵی (١٣٥٧ی هەتاوی / ١٩٧٩ی زایینی) شۆڕشی گەلانی ئێران دژی رژێمی پاشایەتی سەرکەوت. دەرفەتێک بۆکوردی رۆژهەڵات هاتە ئاراوە. کوردانی بەشەکانی دیکە گیانێکی تازەیان هاتەوە بەر. هیوا بە سەرکەوتن زۆر بوو. پرسی کورد تا دەهات زیاتر بەرەو نێونەتەوەیی بوون دەچوو، پرسی کورد وەک پرسێکی هەرە گرینگی ڕۆژهەڵاتی ناڤین سەیر دەکرا. ڕژێمی ئاخوندی ئێران سیستەمی سیاسی وڵاتی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی و چاوی بەرایی نەدا کورد بەماف و ئازادییەکانی بگات. بەو تەفسیرەی بۆخۆی لە ئایینی ئێسلام هەیەتی فتوای جیهادی لەدژی کوردی ڕۆژهەڵات دەرکرد. خەڵکی کوردستان بە ڕیبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیکمەت و ژیری دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو خۆڕاگری و بەربەرەکانییەکی بێ وێنەی لەخۆ نیشاندا کە ڕێژیمی بەچۆکدا هێنا و نەیهێشت لەو پیلانەیدا سەرکەوێ. ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە تۆڵەی ئەوە لەسەر مێزی وتوووێژ لە (ڤیەن) دوکتۆر قاسملووی هەڵگری پەیامی ئاشتییان تیرۆر کرد. سێ ساڵ دواتر لە (برلین)ی ئاڵمان دوکتۆر شەڕەفکەندی جێگرەوەی قاسملوویان تیرۆرکرد. پاش ئەو کارەساتانە چەندین هۆکاری دەرەکی و ناوخۆیی، کورد بەگشتی کەوتە بەردەم ڕۆژگارێکی سەخت. لە هەر چوار لای نیشتمانەوە گەلەکۆمەی لێدەکرا. کوردەکان لە ڕۆژئاوا و باکووری کوردستانیش لە پیلانگێڕی دووژمنان بێ بەش نەبوون و ئێستاشی لەگەڵ بێت گرتن و دوورخستنەوەی سەرکردە و سیاسەتمەدارانی کورد هەر بەردەوامە و بە بیانووی جۆراوجۆر هیرشی کاولکارانە دەکرێتە سەر کوردستان و خەڵکەکەی کۆمەڵکووژ دەکرێ و ئاوارە دەکرێن. دوای شەڕی دووهەمی کەنداو و ڕووخانی حکومەتی سەدام حوسێن، دەرفەتێکی دیکە بۆ کوردی باشوور هاتە ئاراوە. بۆ یەکەمجارکورد لەژێر چاوەدێری نێونەتەوەییدا لەسەر خاکی خۆی هەڵبژاردنی ئازادی ئەنجامدا و بوو بە خاوەنی پارلمان، حکومەت و سەرۆکی هەرێم. هاوکات دوژمنانی نێوخۆیی و لایەنگرانیان لە ناوچەکەدا بۆ ساتیکیش لەپیلانداڕشتن و ئاژاوەنانەوە دەرحەق بە ئەزموونی هەرێمی کوردستان غافڵ نەبوون. هەر ڕۆژەی بیانوویەک بەکورد دەگرن: ئاژاوە و دووبەرەکی نانەوە، دەستدرێژی کردنە سەر سەروەریی خاکی هەرێم، بڕینی بودجەی هەرێم بە مەبەستی درووستکردنی قەیرانی دارایی و ئابووری، سنووردارکرنی پەیوەندییە سیاسیی و بازرگانییەکانی هەرێم و هتد . لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەرێمی کوردستانییان لەگەڵ شەڕێکی نەخوازراو ڕووبەڕوو کردەوە. ئەوەش پیلانێکی تری وڵاتانی زاڵ بەسەر کوردستاندا بوو کە ڕێڕەوی شەڕی ”داعش”یان گۆڕی و کوردستانیان کردە گۆڕەپانی سەرەکی ئەو شەڕە. هەرێمی کوردستانیش بە یەکڕیزی هێزی پێشمەرگەیان توانی هێرشی دڕندانەی ”داعش” تێکبشکێنێ و مەترسییە گەورەکە لەسەر خاک و خەڵکەکەی لابەرێ. ئەوە بەو مانایە نییە کە ئیتر مەترسی بەرۆکی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکوو هێشتا ”داعش” لە عێراقدا ماوە و شاری موسڵ کۆنتڕۆڵ نەکراوەتەوە کە گرووپێکی دیکەی هەم تایفی و هەم مەزهەبی لە شێوەی میلیشیا بەناوی ”حەشدی شەعبی” خۆی لە بۆسە ناوە ولەڕاستیشدا تا ئێستا چەند جارێک ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ گرژی و ئاڵۆزی لەدژی هێزی پێشمەرگەدا لە ناوچە کوردییەکاندا پیکهێناوە. ئەوەش سیگناڵێکە کە لەداهاتوودا بێجگە لە سوپای عێراق، ئەو گرووپەش دەتوانێ وەک هەڕەشە و مەترسی لە دژی کورد بەکاربێت.

وڵاتانی ڕۆژاوایی و ئەمریکا درکیان بەو ڕاستییە کردووە کە هێزی هاوپەیمان و نەتەوەی دێموکڕاسیخواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر کوردە و هەر ئاوانیش کە بە کردەوە نیشانیان داوە ئامادەن بۆ مافەکانی مرۆڤ و دژ بە تیرۆریزم بجەنگن. سەردانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە هەرێمی کوردستان و بە تازەییش هاتنی سەرۆکی فەڕانسە ئەو ئاماژەیە پشتڕاست دەکاتەوە کە کورد لە غیابی دەوڵەتی خۆیدا ناڕاستەوخۆ دانپێدانراوێکی نێودەوڵەتییە. کەچی وڵاتانی ناوچە و یەک لەوان ئێران لە پیلانگێڕی ناکەوێت و دروست لەو کاتەدا سەرانی فتنەچی کۆماری ئێسلامی بانگهێشتی نووری مالکی دەکەن و ئەویش لەژێر ئەوامری ئەواندا لە تاران ڕادەگەیێنی کە کورد دەبێ بکشێتەوە بۆ سنوورەکانی بەر لە هاتنی ”داعش”. ئەو سنوورانەی بەناحەق بەعس لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ڕژیمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە دابڕێنراون. لەکاتێکدا بەپێ دەستووری نوێی عێراقی فیدراڵ دەبوا هەرچی زووتر خرابانەوە سەر هەرێم بەڵام هەر ڕۆژەی بە بیانوویەک وەدوا دەخرا. پاش ئەوەی ”داعش” هێرشی کرد لەماوەی کەمتر لە سێ رۆژدا گەیشتە دەروازەکانی بەغدا، سپای ڕاکردووی (مالکی) لە بەسرەش ئۆقرەی نەبوو. ئێستا ئەو ناوچانە کە هەر بستێکی دەکرێ بڵێین بەخوێنی ڕۆڵەیەکی کورد ڕزگاری بووە. دەبێ ڕادەستی سووپایەکەی (مالکی) بکرێتەوە. کورد گۆتەنی”(نەوەک با هاتبێ نە باران).

‌ئێستاکورد لە قۆناخێکی هەستیار و لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرینگی مێژوویدایە، دەبێ چ بکات؟ مێژوو پێمان دەڵی کەدوو هوکاری سەرەکی هەن هەرکات ئەم دووانە پێکەوە سەریان هەڵدابێ چ لە بەرژەوەندی کورد و چ لە دژی کورد ئەوا شوێندانەری خۆی لەسەر پرسی کورد بە گشتی هەبووە. ئەوانیش یەکەم هۆکاری نێوخۆیی و دووهەم هۆکاری دەرەکی بووە. ئەمڕۆ هەلومەرجی نێونەتەوەیی لە بەرژەوەندی پرسی کورددایە و لە ڕۆژهەڵاتی نێوڕاستدا بە فاکتەرێکی گرنگی هێز و سیاسەت دێتە هەژمار بۆیە هۆکاری دەرەکی بۆ پشتیوانی لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی کوردی لەبار و گونجاوە. ڕای گشتی لەگەڵ بێ مافی کورد نیە.کەم نین ئەو وڵاتانەی کە ئامادەن دان بەسەربەخۆیی کوردستاندا بنێن. ئێستاش وەک وڵاتیکی سەربەخۆ هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێم و سەرۆکی هەرێم دەکەن. بۆیە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر یەکیەتی و یەکڕیزی نێوماڵی کورد پێویستە تا هۆکارە نێوخۆییەکەش بوار بڕەخسێنێ تا سەرکردایەتی سیاسی کورد هەنگاو بەرەو ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی دەوڵەتی کوردستان هەڵبگرێ. هاوهەڵوێستی و کۆدەنگی کورد چەکێکی کاریگەرە کە پرسی کورد و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بەرەو سەرکەوتن و چارەنووسێکی دیار دەبا. پێچەوانەکەشی چارەنووسێکی نادیار پیشاندەدا. بۆیە ئەرکی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی باشوورە کە کێشە ناوخۆییەکانییان وەلابنێن و لەداهاتوودا و لەژێر سێبەری ئاڵای کوردستان و دامەزراوە یاساییەکانی دەوڵەتی کوردستاندا بە ڕاوێژ و دیالۆگ چارەسەری گرفت و کێشەکانیان بکەن. هاوکات ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی کوردیشە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئەرکە لە چوارچێوەی ڕێکخراوەکەی خۆیدا تێبکۆشی تا هێزە سیاسییەکان دەکەونە ژێر کاریگەری ڕای کۆمەڵانی خەڵک و بەمەش نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان جارێک بۆ هەمێشە ڕزگاری بێ و چیدیکە قوربانی و نەهامەتی بەرۆکی نەگرێ. بەوهیوایە.. .

ڤیدیۆ


نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی