"an independent online kurdish website

سالی ١٣٦٨ی هەتاوی بوو کە لەگەڵ شەهید ئەحمەد بابەکە، کادری تێکۆشەر و فەرماندەیەکی بەوەجی حیزب ناسیاویم پەیدا کرد.ahmed_babeke_1

شەهید ئەحمەد بابەکە وەکوو زۆرێک لەو کادرو پێشمەرگانەی حیزب هەرچەند لە ناو حیزبی دێموکراتدا فێری نووسین و خوێندنەوەی کوردی ببوو و سەڕەڕای سەرقاڵی بە کار و ئەرکی لەرادەبەدەری پێشمەرگایەتی هیچ کات خۆی لە قافڵەی فێربوون بەجێ نەهێشت و هەمیشە لە هەولی زۆرتر فێربوون و خۆی پێگەیاندن بوو. شەهید ئەحمەد بابەکە وەک زۆرێک لە رۆڵەکانی نەتەوە بەشخوراوەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەستی بە بێبەشبوون لە مافی خوێندن و پێگەیشتن لە ژێر رژێمی کۆماری ئیسلامیدا دەکرد و تا دوایین هەناسەکانی لەو هەڵەی کە ژێر سێبەری دێموکراتدا بۆخۆپێگەیاندن وەدەستی کەوتبوو کەڵکی وەرگرت. رادەی موتالعە کردنی شەهید ئەحمەد بابەکە زۆر لە سەرێ بووو هەمیشە هاوڕێکانی هان دەدا کە لە پێناو خزمەت بە حیزب و گەڵ و نیشتمان بەردەوام خەریک بە خوێندنەوە وفێربوون بن و ئاستی تێگەیشتن و زانیاری خۆیان بەرنە سەرێ.

ئەمن یەکێک لەو کەسانە بووم کە ئاکار و هەڵسووکەوتی شەهید ئەحمەد بابەکە زۆر کاریگەریی ئەرێنیی لە ژیانم دا هەبوو. کاک ئەحمەد بە هۆیی رەوشتی هاوڕێیانە و سەردەمییانە لام زۆر هاوڕێی و هاوسەنگەرێکی خۆشەویست بوو؛ وەک لاوێکی تازە تێکەڵبوو بە شۆڕش و پێشمەرگایەتی، رێنوینیەکانی ئەم شەهیدە کۆڵنەدەرە لە سەر من زۆر کاریگەر بوون. شەهید ئەحمەد بابەکە کەسێکی بەورە و هاندەر بوو و بەردەوام بە پلان و بەرنامە کارو تێکۆشانی شەخسی و حیزبی بەڕێوە دەبرد و ورەی بە کادر و پێشمەرگە و هاوڕێیەکانی دەدا. لە کاتی گەرانەوە لە ناوچە کە شەهید ئەحمەد بابەکە ئەوپەڕی لێهاتووی خۆی لە مەیدانەکانی شەڕی دژی گەلی بە باشی تاقی کردبووە، سەرچاوەی رێنوێنی و هیوا هومێد لە نێو ئورگانەکانی حیزبیش بۆ ئێمە بوو. لە بیرمە لە هێزی قەندیلی ئەوکات، ئێمەش وەک باقی هێزەکانی تر تیمی تۆپی پێمان بوو بەڵام لە چەند کێبەرکێی لە گەڵ هێز و ئۆرگانەکانی تری حیزب ئاکامی

دڵخوازمان تۆمار نەکردبوو. شەهید ئەحمەد بابەکە پێشنیاری کرد تیمێکی پشتیوان لە نێو هێزدا پێکبێنن و لێهاتوویی  کەسانی تریش لە هێزدا تاقی بکەنەوە. ئەو تیمە لە کەسانێک پێکهات کە هیندێکیان لە ژیانیان دا تۆپیان بە پێ نەکەوتبوو. بەڵام لایەنی گرینگتری ئەو پلانەی شەهید ئەحمەد بابەکە تەمرینی زیاتر کردن بە ئێمە  لە چەند یارییەکی دۆستانە و لە هەمووی گرینگتر بردنە سەری ورەی تیمی هێزی قەندیل بە بردنەوە لە بەرامبەر ئەم تیمە پشتیوانە بوو. پاش یەک دوو یاری بواری رووحیی تیمەکەی خۆمان زۆر باش چوو سەرێ و چەندین ئاکامی باشمان تۆمار کرد کە بەرهەمی کارتێکەری شەهید ئەحمەد بابەکە لە ژیانی کۆمەڵایەتیشـماندا بوو.

بە هۆیی هەڵکەوتەی جوغرافیایی و دێمۆگرافی حاستەمی ناوچەی پیرانشار و نەغەدە (بەتایبەت نەغەدە) حزووری کادر و پێشمەرگە لەو ناوچەیە بەردەوام لە گەڵ گرفت بەڕەروو دەبوو. هاوینی ١٣٦٩ی هەتاوی یەکێک لەو ساڵانە بوو کە هێزی قەندیل لە ناوچەی پیرانشار لە چەندین عەمەلیات دا بە نیسبەت ساڵانی رابردوو شەهیدی زیاتری پێشکەش بە خاکی کوردستان لە شەر بە دژی کۆنەپەرستان و بەکرێگیراوان دابدات ،و  سەرکەوتن بە بەراوەرد لەگەل ساڵانی رابردوو کەمتر بەرچاو دەکەوت. بێگومان ئەمە لە سەر رووحیاتی کادرو و پێشمەرگەی نەغەدە کاریگەری نەرێنی بوو کە پێویستی بە رێنمای و رێنوێنی و هاندەری فەرماندەی وەکوو شەهید ئەحمەد بابەکە هەبوو. بۆ بردنە سەری ورەی پێشمەرگە و زەبردان لە رژێم شەهید ئەحمەد بابەکە پێشیاری هێزی پشتیوانی بۆ قووڵایی شاری نەغەدە کرد و کارو چالاکی تەشکیلاتی و تەبلیغاتی و نیزامی بەڕێوە بەرن. بۆ ئەم مەبەستە کادر پیشمەرگەکانی کۆمیتەی نەغەدە کە پێک هاتبوو لە ١٠ کادر وخۆمان سازمان دا و چووینە ناو شاری نەغەدە و پاش بەرێوەبردنی هێندێک کاری تەشکیلاتی و رێکخستن و ٢ ئەرکی نیزامیش بە سەرکەوتووانە و بە بێ هیچ زیانێک لە خۆمان شارمان بە جێ هێشت. ئەم جەولەیە بۆ ناوی شاری نەغەدە بوو بە هۆی چوونە سەری ورەی کادر و پێشمەرگە و هێز و پاشان پیشنیارمان کرد هێزێکی پێشمەرگە بۆ ئەنجام دانی جەولەیەکی هەمەلایەنە سەردانی شاری نەغەدە و دەورووبەر بکات. جەولەکە زۆر بە سەرکەوتووانە بەرێوە چوو؛ چەندین عەمەلیاتی نیزامی سەرکەوتووانە ئەنجام درا کە چەندین سال بوو لە ناوچەی نەغەدە حزووری پیشمەرگە بەم شێوەیە نەبیندرابوو. ئەم دەستپێشخەرییەیی شەهید ئەحمەد بابەکە و پلان و پێشنیارەکانی و لە ئاکام دا سەرکەوتنی ئەم دوو جەولانە ببوو بە هۆی خۆشحاڵیی لە رادەبەدەری خەڵکی وەزاڵەهاتووی ناوچە و لە هەموو شوێنێک باسی قارمانەتی و ئازایەتی هێزی پێشمەرگە و حزووریان لە ناوچە دا دەکرا.

کاک ئەحمەد هەمیشە ‌هەولی دەدا فێر بێ و هاورێیانی خۆی فێر بکا و من کە بە هۆی هێندێک هۆ دەورەی سیاسی نیزامیم نەدیبوو زۆر هەلسووکەوتی نیزامی لە ناوبراو فێر بووم و ئامۆژگاریەکانی زۆر بە هانامەوە هات.

شەهید ئەحمەد زۆر کادرێکی بە ئەزموون سیاسی و فەرماندەرێکی زیرەک و بەبەرنامە بەتوانا بوو خۆشەویست و لەبەردلان بوو، ناوبراو پیشمەرگەیەکی زۆر بەناوبانگ بوو لە ناو خەلک دا زۆر خۆشەویست بوو.

شەهید ئەحمەد بابەکە سالی ١٣٧٣ ی هەتاوی کاتێک کە لە گەل چەندین پێشمەرگەی حیزب بۆ بەرێوەبردنی کاری تەشکیلاتی و ئەرکی حیزبی دەچوونەوە کوردستانی رۆژهەلات، لە ناوچەی بەربنەی پیرانشار تووشی بۆسەی بەربڵاوی جاش و بەکرێگراوانی رژێم دەبن و لە شەرێکی قارەمانانە و نابەرابەر دا پاش چەندین کاتژمێر شەڕ و بەربەرەکانی دەیان بەکرێگیراو و پاسدار دەکوژن و بە داخەوە شەهید ئەحمەد بابەکە کادری بە ئەزموون و فەرماندەی چاونەترس و خەڵک خۆشەویست هاوکات لە گەل چەند هاوڕێی تر شەهیدان مەحموود ئیسماعیلی، قادر حاجی عەولای، مامۆستا حوسین فەتحولاهی ، مراد دریازی و سیامەند شەهید دەبن و گەرچی بە جەستە لێمان دوور دەکەون بەلام هەمیشە لە دڵمان دا زیندوونە.

هەزاران سلاو لە گیانی پاکی شەهید ئەحمد بابەکە و هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان .

جەمال عەبدوللازادە

ئامریکا

١١ی ئاپریلی٢٠١٧

ahmed_babeke_4ahmed_babeke_3ahmed_babika

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی