"an independent online kurdish website

زستانی ١٣٦٦ی هەتاوی مقەرمان لە خوارەوەی چیای قەرەغان لە سنووری کوردستانی باکوور نیزیک گوندی وارگەنم بوو، بەڵام زستانێکی زۆر سەخت و بەفرێکی زۆریش باری و ڕنووی زۆریش لە بەرزایەکان هاتبوونە خوارێ. naji_feqepur

ئێمە لەوێ بووین هەتا بەهاری ١٣٦٧ی هەتاوی کە هەوا وردە وردە بەرەو خۆشی دەچوو! ئێمەش لە بەر هێرشی ئیحیتمالیی دوژمن بەیانیان دەڕۆیشتین بۆ سەر بەرزایەکان تا کاتژمێر ٩و ١٠ی بەیانی ئەگەر هیچ جمو جۆلێکی دوژمن نەبایە دەگەراینەوە بۆ مقەر.

بئێمە بەیانییەک لەو بەرزایە بووین . کە تاوهەڵات و هیچ شتێک نەبوو گوتما دەڕۆین بۆ مقەر! کاتی گەرانەوە چاوم بە ڕێوییەک کەوت لە شوێنی ڕنوو کە ئەویش دەڕۆیشت بۆ لای قەرەغان، بە هاوڕێیانم گوت من دوای دەکەوم و بەڵکوو بیگرم! حاجی خەرەگۆشی(ڕووحی شاد) گوتی منیش لە گەڵت دێم! کاتێک ئێمە گەیشتینە شوێنی ڕنووەکە، حاجی زیاتر لە دە میتر لە پێشی من بوو . شوێنەکە وەک، ئاوێنە وا بوو ڕنووی بەفر چوو بوو بۆ خوارێ و هەموو شتێکی لە گەل خۆی برد بوو بەس تیژە برد و سەهۆڵ مابوو لە شوێنی ڕێوو.

شوێنە کە زۆر سەراو ژێر و بەردی تیژ لە شوێنی ڕنوو هاتبوونە دەڕێ و عەرزیش ببوو بە بە بەستەڵەک! حاجی تفەنگەکەی هێنابوو خوارێ و سەرنیزەی ڕاست کرد بوو، بۆ ئەوەی بەر نەبێ! لە نەکاو خلیسکا و وەک تۆپی فووتباڵ چوو بۆ خوارێ لە نێو دۆڵەکە لە سەر بەفڕ ڕاوەستا ، گۆتم تازە مرد! کەمێک بێدەنگ بوو منیش هەر لە جێگای خۆم ڕاوەستا بووم ، نەمدەتوانی بۆ کوێ بڕۆم، لە نەکاو حاجی سەری بەرز کردەوە و تەماشای کردم و جنێوێکی بە خۆی دا! گۆتی ئەقەلەن وەرە یارمەتیم  بدە. دیتم سەر و دەم و چاو هەمووی سوورە لە خوێندا وەک هەڵالەی لێ هاتبوو.

دوای پێشمەرگەکان لە لای مقەرەوە هاتن هەڵیان گرت و بردیان، بەڵام هەموو گیانی شکا بوو! یادی بەخێر بەڕاستی شەهید حاجی خەرەگۆشی پێشمەرگەیەکی قارەمان ، قسە خۆش و هەمیشە دەم بە بزە بوو.

بەهاری هەمان ساڵ، یانی سالی ١٣٦٧ی هەتاوی ئێمە تیمێک پێشمەرگە بۆ گەشتێکی سیاسی و نیزامی بەرەو ناوچەی سۆما رێکەوتین، پاش دوو شەو و ڕۆژ گەیشتینە گوندەکانی ناوچەی سۆما و چەند ڕۆژێک لەو دەوروبەرە ماینەوە. ڕۆژێکیان دەوروبەری ئێوارە بوو دەمانەویست بڕۆین بۆ گوندی کەینیسی .کاتی ڕۆیشتنمان دوو چەکدارمان بینی! کاتێک ئێمە بەئیحتیاتەوە بەرە و ئەوان دەچووین من لە نێو بەردەکاندا کەوتمە خوار ( بەربووم) و ڵاقم دەرچو و و ئیدی نەمتوانی ڕێگا بڕۆم! ڵاقی من هەموو ڕەش هەڵگەڕا و زۆریش ئازاری هەبوو.

ئێمە دوای بەو حالەشەوە چووین بۆ گوندی کەینیسی! هاوڕێ یان لە نێو گوند کەسێک یان پەیدا کرد بوو گۆیا ئەو دەتوانێ ڵاق و دەستی لەجێ چوو چاک بکاتتەوە(سنخچی)! کابرا هاتە لای من و تەماشای لاق کردم و بە دارێک و پارچە پەڕویەک ڵاقی سووڕاندم! لاقەکەم چاکی نەکرد هیچ ، خراپتریشی کرد! گوتی چاکم کردووە ئێستا لە جێگای خۆی دایە.

دوای ئەوە ئیدی نەمتوانی هەر بە یەک قەدەمیش بڕۆم! هاوڕێ یان ئەسپێکیان هێنا و سواری بووم و رێکەوتین بۆ بەرزایەکان ، بەڵام لاقەکەم ئازارێکی یەکجار زۆری هەبوو. ئەو ڕۆژە لە شوێنێک ماینەوە و بۆ ئێوارێ چووین بۆ گوندی جووجەهی کە کەسێک لەوێ هەبوو هاتە لای ئێمە و دیار بوو هۆستایەکی کوردەواری خۆمان بوو هەر زۆر زوو توانی لاقی من بێنێتە سەر جێی خۆی و ئیدی لاقەکەم بڕێک ئاسوودە بوو و ئازاری کەم بوو! ئەو کەسە ئێستا لە ژیاندا نە ماوە هەزار هەزار رەحمەت لە گۆری.

ئێمە دوای ئەوە درێژەمان بە گەشتی خۆمان دا و گوتمان عەمەلیاتێکیش دژی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بە رێوە دەبەین لەو دەوروبەرە، بەڵام فەرماندەیەکی نیزامیمان هەبوو زۆر وارد نەبوو لە کاری نیزامی دا! ئێمە هەرچەند لە ناوچە دا گەڕان بەڵام نەمانتوانی هیچ عەمەلیاتێک بکەین.

پاشان گەراینەوە بەرزایەکانی رووحانی! هاوڕێ یانی بەر پرس گوتیان ئێمە دەگەرێنەوە بۆ مقەرەکانی خۆمان لە گەلی بەردەرەش! من ، ئەبووبەکر ئیبراهیمی و نوسرەت ئەحمی زادە گوتمان عەمەلیاتمان نەکردووە ، کەوابوو ناگەرێینەوە! ئەوکات عسکەر عەلی زادە کادری کومیتەی سەلماسیش لە گەڵ مان بوو! کاک عەسکەر و باقی هاوڕێ یان زۆر ئیسراریان کر و د گوتیان دەبێ ئێوەش لە گەڵمان بگەرێنەوە، بەڵام گوێمان بەوان نەدا و ئیدی ئەوان گەڕانەوە بۆ بنکەکانی خۆمان لە گەلی بەردەڕەش! ئێمەش بێ ئیجازە لەوێ ماینەوە.

گوتمان دەبێ عەمەلیاتێک بکەین! ئەو شەوە چووین بۆ گوندێک و تا بەیانی گەراینەوە شوێنی دیاری کراوی خۆمان و بەیانیش چووین بۆ شناسایی جادەی نێوان گوندی حەسەنی و سوڵتانی بە دووربین تەماشایی پایەگای سوڵتانی مان دەکرد و کاتژمێر هەشتی بەیانی دوو سەربازی تەئمینی جادە لە گەل دوو سەگ لە پایەگای سوڵتانی دەرکەوتن و سەنگەرەگانیش لە سەر تەپۆلکەیەک بوو، پێ دەڵێن : بەڕۆژێ نەبی کە زاڵە بە سەر جاددەی نێوان سوڵتانی و حەسەنی دا. سەربازەکان ئەو ڕۆژە هاتنە سەر جادە و لە جادەرا بەرەو شوێنی خۆیان بە رێکەوتن و کاتێک گەیشتنە سەری ئەو باسکە لەوێ را چوون بۆ سەنگەری خۆیان.

ئێمەش گەراینەوە جێگای خۆمان و لەوێ کۆبوونەویەک مان گرت و لە سەری ساغ بووەوە کە لەوو تەئمینی جادانە بدەین. بۆ ئێوارێ چووین بۆ گوندێک و تا نیزیکەی بەیانی لەوێ بووین دوای هێندێک شتی خواردنمان هەڵگرت و بەرەو شوێنی مەبەست رێکەوتین. بۆ بەینای گەیشتینە ئەوێ و جێگای خۆمان گرت و چاوەڕێی هاتنی سەربازەکان بووین! پێوستە ئەوەش بڵێم ئەبوبەکر و نووسرەت لە نێو سەنگەری سەربازەکان دا بوون منیش لە تەنیشتی ئەوان بووم! ئەو سەنگەرە کەوت بوو تەپۆلکەیەکی بەرز و بە رێزەبەدێکی خر لە سەر یەک دانا بوون، بەڵام نێو بەردەکان دا کونی گەورە هەبوو! ئەگەر کەسێک لە لای خوارەوە ڕا بهاتبایە بەجوانی دیار بوو و هەر کەسێک لە نێو ئەو سەنگەرە دا بایە دەیبینی! ئێمە هەر تەماشای پایەگامان دەکرد، کاتژمێر بوو بە هەشتی بەیانی! ئەو ڕۆژەش وەک ڕۆژی پێشتر هەر دوو سەرباز و لە گەڵ هەر دوو سەگەکان لە پایەگا هاتنە دەرێ و بە هەمان ئەو رێگایەی ڕۆژی ڕابردوو دا بەڕێ کەوتن! لە پێشی سەر بازەکان شیوێکی بڕێک قووڵ و حەستەم هەبوو! سەربازەکان هاتنە ئەوێ برێک تەئخیر بوون! ئەوان لە نێو گەلی دا ئەو رۆژە رێگای خۆیان گۆری بوو! ڕاست لە هەورازی دێت بۆ ئەو سەنگەرە لەوێ را هەڵکشا بوون، کانی یەک لە نێوە ڕاستی بەڕۆژ هەبوو. ئاوێکی کەمی دەهاتە دەرێ! سەربازێک دەچێتە سەر کانیەکە بۆ هێنانەوەی ئاو و ئەوی دیکەش دێتەوە بۆ نێو سەنگەری خۆیان! ئێمەش هەر چاوەڕێ بووین! لە نەکاو ئەبوبەکر گوتی بەخوا من دەبینێ! منیش  گوتم چوون دەتبینێ؟ ئیدی من لە پڕ هەستامە سەرپێ تەماشام کرد ڕاست دەکات سەربازەکە ئەمجارە لە لای دیکەوە هاتوون کە دەکەوێتە وروبەرووی پایەگای سولتانی . سەرباز تەقریبەن لە مەودایەکی دە مێتر ئێمە سەر پێ لە پشت بەردێک ڕاوەستا بو. تەفەنگێکی ژ_٣ لە سەراوژێر شانی و نێو چاوانی گرژ هەڵگەرابوون و تەماشای ئێمەی دەکرد! وەختی چاوی بە من کەوت تەفەنگەکەشی هەرلە شانی بوو! بە فارسی گوتی؟ ایست! بەڵام ئییستەکە زۆر درێژ بوو! من برێک چووم بۆ لای و گولەیەکم پێوەنا ، بەڵام وێی نەکەوت! لەو کاتە دابوو ئەبوبەکر گوتی مەیکوژە ئێمە بە دیلی دەگرین! هەر لە گەل قسەی ئەبوبەکر! سەربازەکەم بەجێ هێشت و هەڵاتم بۆ لای گەلی رەشۆوێ و نوسرەت و ئەبوبەکریش بە دوای مندا هەڵاتن! سەربازیشمان بەجی هێشت، بەڵام پایەگای سولتانی بە دۆشکە تەقەیەکی زۆر لە سەرباز و سەنگەرەکەی دەکرد.

کاتێک ئێمە گەیشتینە نێو گەلی ڕەشۆ کەسێکی شەخسی مان بینی و لە نێو گەلی دا ئەویش دەچوو بۆ خوارێ، نەمان زانی ئەو کەسە کێ یە! ئەو مام نەبی خەلکی گوندی سوڵتانی بوو، دوای سەرباز دێن دەیگرن و ئازارێکی زۆریش دەدەن و پێ دەڵێن تۆ دەزانی ئەوانە کێن و ئاگاداری و هەر لەوێ دەیگرن و بۆ ورمێ دەبەن و شەش مانگیش زیندانی دەکەن و ئازارێکی یەکجار زۆریش دەدەن و دوای ئازاد دەکەن(مام نەبی باوکی هاوڕی مان کاک ئەنساری عەزیزی کە پێشمەرگەی حیزب بوو و ئیستا لە وڵاتی سوئێد دەژی).

ئێمەش هەورازی کۆچکێ بەرەو بەرزای رووحانی دەچووین و هەواش برێک گەرم بوو! کاتێک لە هەوراز دەڕۆیشتین ئەبوبەکر لە پێشی نوسرەت بوو منیش لە دوای نوسرەت بووم بەڵام بە فاسیلە! ئاغابانوویەکیەم لە سەرشانم دانا بوو و نوسرەت هەر لە ئەسلی خۆی دەم و چاوی زۆر رەشن و ددانی سپی وەک ئافریقایەکانە، لە بەر هەڵاتن، هەوای گەرم و ئارەق کردن دە بەرابەر رەشتر ببوو! برێکی دیکە بەرەو سەرێ رۆیشتین لە نەکاو نوسرەت تەماشای منی کرد بەو دەم و چاوە جوانە و ددانی سپی گوتی: تۆ ناترسی من دەترسم! منیش پێ کەنیم و گوتم: بۆ دەترسی دەنگی نەکرد! چەند جارێکی دیکەش بەو شێوەیە تەماشای کردم و هەر تی من دەترسم و منیش هەر ئاوا بە پێ کەنین وەڵامم دایەوە و گوتم بۆ دەترسی؟ بۆ جاری ئاخر گوتی ئاغەبانووی تۆ دیارە ئێمە ئاشکرا دەکات! گوتم ماڵت ئاوەدان بێت هەر ئەوەل گوتبات بۆ ئەو هێندە خۆت ماندوو کرد! ئەوە هەر ئێستا فڕێدەدەم.

پاشان ئێمە سەرکەوتینە سەر بەرزایەکان بە ڵام هێشتا دەنگی تەقە دەهات و سەر باز بەرە و شوێنی ئێمە دەڕۆیشتن، خۆمانیش تەماشای ئەوانمان دەکرد و نەیادەوێرا بچنە ئەو شوێنە، کاتژمێر هەشت و چڵ دەقە تەقەمان کرد کەچی ئەوان هەتا کاژمێر یەکی نیوەرۆ نەیان وێرا بچینە نێو ئەو سەنگەرەی کە ئێمە تێدا بووین و هەڵاتین.

هەڵاتنی ئێمە لە بەر ئەوە نەبوو ترسەنۆک بووین، لە بەر ئەوە بوو ئێمە بێ ئیجازە مابووین و بێ ئیجازەی حیزبیش ئەو کارەمان کرد . بە کورتی و بە کرمانجی بە بێ نەزمی ئەوکارەمان کردبوو.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی