"an independent online kurdish website

ئەمساڵ ٢٨ ساڵ بە سەر  کارەساتی تێرۆکردنی مرۆڤێکی ئازادیخواز، ڕزگاریخواز، پێشکەوتووخواز و دیمۆکراتیخواز!  تێدەپەرێت، ئەویش شەهید دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملووە.aref-bawejani-00

دوکتۆر قاسملوو کاتێک هاتە نێو گۆرەپانی سیاسەت و ڕامیاری، کە گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان  لە نێۆ بۆشاییەکی جمووجۆڵی سیاسیدا بوو، کۆمارە کەم تەمەن و بربەهرەکەی کوردستان تێکچووبوو،  چەندین ساڵبوو لە پاش کۆمار، چالاکوانە سیاسیەکان بە ناچاری پەریوەی وڵاتانی دراوسێ بووبن، و هیچ دەنگ و باسێک لە سەر جووڵانەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئارادا نەمابوو.

واتە  لە نیو سەدە پێشدا گەلی کورد بە گشتی و خۆرهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی  زۆر بێپشت و پەنابوو، لەو کاتەدا گەلەکەمان ژمارەی مرۆڤی خۆێنەواری نیشتیمانپەروەری  زۆر زۆر کەمبوو.
لەو ئان و ساتە پێویستەدا ئەو مرۆڤە هەڵکەوتووە، هاتە پێش و لیزانانانە و ئاکادیمییانە جڵەوی شۆرشی کوردی لە خۆرهەڵاتی کوردستان، بە ڕێبەری حیزبی دیمۆکرات  لەو سەردەمەدا بە ئەستۆ گرت.

007-07-Arif-Dr_Qasimlo

دیسانەوە بووژاندنەوەیەکی سەردەمیانەی بەو جووڵانەیە دایەوە. وەسیەتەکەی پێشەوای نەمر کە فەرموویەتی لە پاش شەهیدکردنی من دەیان و سەدان پێشەوای دیکە سەر هەڵدەداتەوە، بوو بە بەڵگەیەکی بەرچاو بۆ ئێرانی داگیرکەری کوردستان، و هەربۆیەش بوونی کەسایەتییەکی وەک شەهید دوکتۆر قاسملوو، کە لەقاوی سیاسەتی داگیرکاری و دیکتاتۆری و کۆنەپەرەستی ئەم ڕێژیمە نۆیەی ئێران لە ئاست کوردستان و جیهاندا دەدا. جێگەی قبووڵکردنیان نەبوو. دەیانزانی و دەیانبینی کە ئەم کەسایەتییە کوردە، ئەوەندە پر زانست و هۆشیارە لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا ونموونەترینیان فەرانسە لە ئاست وەزیرو سەرۆکوەزیران پێشوازیان لێدەکرد و ڕاوێژیان پێدەکرد. بگرە زۆر لە وڵاتان داوایان لێکردوە کە ڕێنماییان بکات لە داڕشتنەوەی ئابوری وڵاتەکەیان. یا دەیان کەسایەتی دیارو بەرچاوی ئیستای ئوروپاو جیهان لە دۆستانی نزیکی ئەم سەرکردە مەزنەی کوردن، کە بۆخۆیان گەواهی ئەوە دەدەن کە لە ڕێگەی دوکتۆری شەهیدەوە بە کێشەکانی کورد ئاشنابوون، بە تایبەت لە ڕێگەی پەرتووکە بە نرخەکەی  ( کوردستان و کورد) ەوە.

ئەم ڕێژیمە مرۆڤ کوژو ئازادی کوژەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە پێستی ناشیونالیستی فارسیدایە، ترۆرکردنی دوکتۆر قاسملووی کردبووە یەکێک لە پلانە گرنگەکانی کاری،  و دەیان کەس و دەیان ملۆین دولاریان بۆ تەرخانکردبوو. تا سەر ئەنجام و مخابن دوای زیاد لە ٨ ساڵ  لە ڕێکەوتی ١٣ / ٧ / ١٩٨٩ پلانە گڵاوەکەیان سەریگرت، و لە ژێر ناوی ئاشتی و دیالۆگ ئەو سەرکردە کەم وێنەیان لەگەلەکەمان سەند و شەهیدیان کرد.

لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بڵێن شەهید دوکتۆر قاسملوو ئەو مرۆڤە هەڵکەوتووەیە کە هەرگیز مێژووی گەلی کورد و مێژووی مرۆڤایەتی لە جیهاندا ناتوانێت لە یادی بکات.

سەربەرزی بۆ شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری خاکی کوردستان لە ژێر دەستی داگیرکەران.
بەرەو پێشەوە بۆ خەبات لە پێناو سەربەخۆیی گەل و خاکمان بە یەکجاری.

عارف باوەجانی / سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان.

١٦ پوشپەری ٢٧١٧ ی کوردی. بەرامبەر بە ٧ /  ٧ / ٢٠١٧ ی زاینی.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی