گوێ لە برێت ماکگۆرکی ئەمریکا و یان کۆبشی نەتەوەیەکگرتووەکان مەگرن. ئەوان دیپلۆماتکاری کارامەن و ئەوەندەی بیانناسم کەسی باشن و هەڵوێستەکانیان شەخسی نین و پێویست بەو هەڵچوونە ناکات لە دژیان، بەڵام ئەو بەدیلانەی کە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان داوە پێشنیازی خۆیانە و هیچ بەڵگەیەک نییە

کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆشکی سپی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وردەکاریەکانیان داڕشتبێ. ئامانجی گشتیی ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هێشتنەوەی دۆخی ئێستای جیهانە و پاراستنی ”ئاشتی و سەقامگیریی نێودەوڵەتیە”. ئەمەش تەنها دروشم نییە. هۆکاری زۆر هەیە کە زلهێزەکان لە دژی گۆڕانی رادیکالین لە جیهاندا، بەڵام بە کورتی: براوە دەیەوێت هەردەم بباتەوە و دۆخەکە نەگۆڕێت. کەسێکی دەوڵەمەنت بینیوە پشتگیری لە سووتاندنی بازاڕ بکات؟
بۆ ئەوان دابەشکردنی وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە شەڕ لە دژی داعش دەکات، پێچەوانەی ئەو ئامانجە دەردەکەوێت. لەبەرئەوە دیپلۆماتکارانیان لە عێراق هەرچی پەیمان هەیە، هەرچی پێشنیاز هەیە بە دەم دەیڵێن، تەنیا بۆ ئەوەی قەناعەت بە بارزانی بێنن گشتپرسییەکە دوابخات.
ئەوان کاری خۆیان دەکەن. دیپلۆماتکاری باش پایتەختەکەی ئامانجەکانی بۆ رووندەکاتەوە و ئەویش هەموو رێگەیەک دەگرێتەبەر بۆ جێبەجێکردنی.
من لێرە لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی قسەم کردووە و دەتوانم بە متمانەی تەواوەوە بڵێم ئەنجوومەنی ئاسایش لە دوور و نزیک ئاگاداری وردەکاریی هیچ پێشنیازێک نییە بۆ دواخستنی گشتپرسی. لە راستیدا پێچەوانەکەیم پێ گوتراوە. دەرچوونی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش کە رێگەخۆشکەر بێت بۆ دابەشبوونی عێراق یان شەرعیەت بە گشتپرسی بدات، ئێستا مەحاڵە. بۆ ئەو کارە، دەبێت لای کەمی بەغدا و ئانکەرە و واشنتن پێکەوە رازی بن و هەموومان دەزانین بێ تارانیش جێبەجێ نابێت.
هەر دیپلۆماتکارێک یان بەرپرسێکی نێودەوڵەتی هاتە هەولێر پەیمانی ئەوەی دا کە لە بەرامبەر دواخستنی گشتپرسی ئەنجوومەنی ئاسایش ئامادەیە تەنانەت گفتوگۆش لەسەر شەرعیەتدان بە گشتپرسی بکات، ئەوە راست ناڵێت. لە یەک حاڵەتدا نەبێت ئەویش ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پرۆژە بڕیارێک دەربکات کە بۆ کورد دڵخۆشکەر بێت، بەڵام ئەم وردەکاریانەی تێدا نەبێت:
1- باسی هێزی ئاشتیپارێزی تێدا نەبێت:
با بڵێین کورد رازی دەبێت لەسەرئەوەی دوو ساڵ گشتپرسی دوابخات. لەبەرامبەردا دەبێت گەرەنتی دەستبکەوێت کە لەماوەی ئەو دوو ساڵە هێزە عێراقی و ئێرانییەکان هەوڵی دەرکردنی پێشمەرگە نەدەن لە کەرکووک و ناوچەکانی ماددەی 140. تاکە گەرەنتیی نێودەوڵەتی بۆ ئەو کارە بڵاوکردنەوەی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوەیەکگرتووەکانە. کورد لەو حاڵەتەدا دەبێت مەرجێکی دیکەی هەبێت و بڵێت هەموو ئەو سەربازانەی کە نەتەوەیەکگرتووەکان دەیاننێرێت، دەبێت لە وڵاتی زۆرینە موسوڵمان و عەرەبییەوە نەیەن. زۆرجار لە یوئێن دەبینم کە چۆن سۆزی سەربازانی ئاشتیپارێز وا دەکات لایەنێکی دیاریکراو لە شەڕدا زەرەر بکات. وردەکاری هەموو شتێکە.
2- قەڵەمهەڵگری مەلەفی عێراق لە ئەمریکاوە بگۆڕێت بۆ فەرەنسا
هەر وڵاتێک کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی فایلی هەبێت و پرۆژە بڕیاری لەسەر هەبێت یان جێگای مشتومڕ بێت ”قەڵەمگرێک ” Penholderی هەیە. ئەمە تێرمێکی نیمچە فەرمییە. بۆ نموونە کەنەدا قەڵەمهەڵگری هاییتییە. واتا زۆربەی ئەو پرۆژە بڕیارانەی کە لەسەر هاییتی دەردەچن، دیپلۆماتکارانی کەنەدا زۆربەی رەشنووسی پرۆژە بڕیارەکە دەنووسنەوە و بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی دانوستاندنەکان دەکەن. گرنگ ئەوەیە کە وردەکاری هەر پرۆژە بڕیارێک لە دەست کەنەدایە، چونکە بە کورتی هاییتی ئەوەندە بۆ کەنەدا گرنگە کە دیپلۆماتکارانی کەنەدا خۆیان هیلاک دەکەن و دەچنە ناو وردەکارییەکانەوە. ئەمەش بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەسەڵاتێکی زۆر دەداتە کەنەدا لەسەر مەلەفی هاییتی.
نموونەی دیکەش نەرویج و فەرەنسایە لەسەر ئەفریقای ناوەڕاست و ئەڵمانیایە لەسەر جۆرجیا و لەهەمووی گرنگتر ئەمریکا قەڵەمهەڵگری عێراقە.
کورد کێشەی لەگەڵ ئەمریکا نییە و بە بۆچوونی من گرنگترین پەیوەندی دەرەکدی کوردستان لەگەڵ ئەمریکایە، بەڵام کە دێتە سەر مەسەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش، لە حاڵێکدا باس دێتە سەر پرۆژە بڕیارێک لەسەر گشتپرسی، لە بەرژەوەندیی کورد نییە کە ئەمریکا قەڵەمهەڵگری مەلەفی عێراق بێت، چونکە دیپلۆماتکارانی ئەمریکی لە کاتی نووسینەوە و دانوستاندن وردەکارییەکانی ئەو رەشنووسەدا، زۆر ئاگادار دەبن لەوەی تورکیا نیگەران نەکەن. بەڵام فەرەنسا وا نییە.
3- بە ئاشکرا لە پرۆژە بڕیارەکەدا باسی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلان نەکرێت.
ئەمە لەو باوەڕەدام پێویست بە روونکردنەوە ناکات کە بۆچی گرنگە.
4- پێناسەی ناوچەکانی ماددەی 140ی تێدا نەبێت.
ئەگەر ئەو پێناسەیەی تێدا نەبێت، هەولێر و بەغدا بەکەیفی خۆیان پێناسەی دەکەن. باسی دەقی ماددەی 140م بۆ مەکە، بەغدا و هەولێریش بە کەیفی خۆیان دەستوور تەفسیر دەکەن. لەبەر ئەوە دیاریکردنی ئەو ناوچانە لە هەر پرۆژە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشدا زۆر گرنگە.
5- نەخشەی جوگرافیی بوونی هێزەکانی پێشمەرگە بە پرۆژە بڕیارەکەوە هەڵنەپەسێرابێت.
6- رێگە نەدرێت نوێنەرانی کورد باجی دیپلۆماسییان هەبێت و بێنە ناو بارەگای یوئێن:
لای کەمی چوار بەرپرسی کورد دەبێت باجی بەردەوامی نەتەوەیەکگرتووەکانیان هەبێت لەژێر ناوی عێراق، بەڵام ئەو باجانە پێویستیان بە رەزامەندیی بەغدا نەبێت. ئەمە وردەکارییەکە کە لەوانەیە بۆ تۆی خوێنەر گرنگ نەبێت، بەڵام لە جیهانی دیپلۆماسیدا زۆر جار تەنها ئامادەبوونت لە هۆڵێکی کۆبوونەوەکاندا رێگە لە زۆر شت دەگرێت.
7- کۆبوونەوەی دەوری نەبێت
با بڵێین پرۆژە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش دەرچوو لەسەر گشتپرسی و پرۆژە بڕیارەکە بڵێت بۆ نموونە: ”گشتپرسی ئەنجام نادرێت تاوەکو بەغدا و هەولێر لەسەر دیاریکردنی سنوور رێکنەکەون”. ئەگەر کۆبوونەوەی دەوریی دوو یان سێ مانگ جارێکی ئەنجوومەنی ئاسایش نەبێت، کێ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەکات؟ لە راستیدا ژمارەیەکی زۆری پرۆژە بڕیارەکان کۆبوونەوەی دەوری بەدواداچوونی هەیە و کەس جێبەجێیان ناکات، بەڵام بوونی کۆبوونەوەی دەوری، هیچ هیوایەک ناهێڵێت بۆ جێبەجێکردنی هەر پرۆژە بڕیارێک دەربارەی گشتپرسی.
دەبێت ئەو خاڵانە و خاڵی زۆری دیکەش کە لەم گۆشەیەدا دەرفەت نییە هەمووی بنووسم، لە هەر پرۆژە بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشدا دەربارەی گشتپرسی هەبێت بۆ ئەوەی بە ئاشتیانە کورد بگەیەنێتە سەربەخۆیی. بەڵام وەکو لەسەرەوە ئاماژەم بۆ کرد، ئێستا دەرچوونی پرۆژە بڕیاری لەوشێوەیە مەحاڵە.
سەرچاوە: روداو