دوای ڕوودانی کارەساتی بومەلەرزە و گیان لەدەست دان و بریندار بوونی هاونیشتمانیانی ئازیزی پارێزگای کرماشان و شارەکانی دەورو بەری ناخی هەر کوردێک و مرۆڤایەتی هەژاند و غەمبار کرد.

دوای ئەوەی ڕێژەی خەسارەکان و قوربانیانی خەڵک جار بە جار زۆر دەبوو گەورەی خەسارەکە لە لایەک و دڕەندەی ڕێژیم بۆ پەردەپۆش کردنی گەورەی خەسارەکەو لاوازی زۆری خزمەتگوزرای لەلایەکی دیکە هەموومانی نیگەران کردبوو.
گەلی کورد خۆی دەستی هیمەتی هەڵگرت و بە حەماسەیەکی بێ وێنە هەوڵی یارمەتی دا کە تا ئێستاش بەردەوامە. ڕێژەی ئەو یارمەتیە بەربڵاوانەی گەلی کورد کە لە شمالی ترین خاڵی کوردستان واتە قوتورو ماکۆ تا جنوبیترین خاڵ ئیلام و بیجار و شارەکانی تر سەرچاوەی گرتبوو، بە ئەندازەیەک زۆر و بێ وێنە بوو کە وێڕای سەر سوڕمان گەورەی خەڵکی کورد بۆ یارمەتی ئەو بەشەی کوردستان کە دەیانگووت لە بیر کراوە دەرخست.
بێ گوومان قەڵەم و زمانی من زۆر زۆر لاوازترە لەوەی گەوەرەی ئەو هەڵمەتە نیشتمانیە کوردانە و مرۆڤایەتیە وسف بکەم یا بە وشە بینرخێنم. بەڵام هەر بۆ نمونە بۆ ئەوەی گەورەی ئەو هەڵمەتە دەرکەوێت دەتوانم ئاماژە بە یەک ژمارە بکەم تەنیا یەک کاروانی پیرانشار نزیکەی ۱٥۰ ماشێن بوە ئەگەر هەر ماشێنێک ۲ تۆن هەڵگرێ ئەوا دەکا ۳۰۰ تۆن کەلو پەل کە ئەوە تەنیا یەک کاروان بووە. وێنەی هەوای گەیشتنی یارمەتیەکان تا ڕادەیەک دەرخەری گەورەی ئەو هەڵمەتەیە.
دوای ڕووداوی لە دەست دانی شەهید کاک ئەبوبەکری مەعروفی و لە کاتی گەیاندنی یارمەتی جارێکی تر هێنانەوەی تەرمی ئەو شەهیدەی مرۆڤایەتی و کوردایەتی حەماسەیەکی تری لێ هەڵکەوتەوە کە نمونەی زۆر کەم و هەڵگری زۆر پەیام بوو.
دژایەتیەکانی ڕێژیم لە لایەک، کە لە ترسی حەماسەو و هاوسۆزی و یەکڕێزی کورد سەرچاوەی گرتبوو قارەمانی و خۆڕاکری و خەڵک لە لایەکی تر دیسان ئەوەی وەک تابلۆیەکی نیشتمانی پڕاو پڕ لە هەستی کوردایەتی تۆمار کرد. بە دیتن و بەردەوامی بەدواداچوونی هەواڵەکان تا تەرمی ئەو شەهیدە گەیشتە زێدەکەی بۆکانی قارەمان تەنیا سرودی ئەی ڕەقیب، کەس نەڵێ کورد مردووە زیندوە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان لە مێشکمان دا دەزرینگاندەوە.
ئەگەر بە کورتی ئاماژە بە چەند خاڵی سەرنج ڕاکێشی ئەو هەڵمەتە نیشتمانیە بکەم کە قوناغێکی نوێی لە بزوتنەوەی ڕزگاری خوازیمان لە شێواز وجۆری بەڕێوبەردن دەزانرێت بکەم، دەتوانم ئاماژە بە بەرز بوونی هەستی نیشتمانپەروەری و وشیاری نەتەوەی، سەرکەوتوو بوون لە خۆڕێکخەری و بەربڵاو کردنی هەڵمەتەکان هەروەها خێرای خۆڕێخستن بکەم کە بەهاوکاری کاریگەری تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لەلایەن ڕێکخراوەکانی نا حکومی و پێشوازی خەڵک بەڕێوەبردرا.
هەر بۆیەش سەری ڕێز دانەواندن لە بەرانبەر ماندووبوونیان دەست خۆشی شانازی پێکردن، ئەرکی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە.
لە هەمان کات دا هەر وەک پێش تر ئیش ئاماژەم پێکردوە دەبێ خوێندنەوەیەکی نوێمان هەبێ بە نیسبەت کۆمەڵگای ئێستای ڕۆژهەڵات هەموو ئەرک و چالاکیەکانمان چ وەک حیزبی و چ وەک ڕێکخراوی ناحکومی چ وەک خەڵک و ڕۆژنامەنوس تەنانەت وەک ئەوەی دەمانهەوێ شۆڕشی ڕزگاری خوازی سەربخەین.
چونکە ئەو خوێندنەوە دەبێتە هۆکاری باشتر ناسینی کۆمەڵگای ئێستا و لە کاتێکی وا دا گەیشتن بە ڕزگاری ئاسانتر دەبێت.
بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە و بەشێکی باسی منە لێرەدایە
لە پەراوێزی ئەو جۆرە هەڵماتانە هەندێ دەنگ دەیکەنە بیانوو بۆ ئەوەی هێرش بکەنەسەر حیزب کە هیچی نەکردوەو و ناتوانێت و ئەوان هیچ نین و لەو باسانە.
پێم وایە ئەو هێرش کردنە دروست نیە چونکە ئێمە ناتوانین خەبات و قوربانی دانی حیزبەکان نادیدە بگرین.
ئایا بەشێکی زۆری ئەو قوربانی دانە لە سەد ساڵی ڕابردوو لە ڕێزی ئەو حیزبانە نەبووە بە دژی داگیرکەر و دیکتاتۆر دا؟
ئایا تا ئێستاش بە هەزاران ئەندام و لایەنگر و دۆست خۆبەخشانە لەو خزمەتە بەردەوام نین چۆن دەتوانین بڵێین هیچ نین؟
ئایا بە هەزاران پێشمەرگەی ئەو حیزبانە ئێستاش لەشاخی کوردستانن هەر سات ئامادەن بۆ ئەوەی گیانی خۆیان بدەن هیچن؟
لە سەر چ مەنتقێک دەتوانین ئاوا بەئاسانی خەبات و شەونخونی خەڵک ئاوا بە سفیر هەژمار بکەن؟
بۆیە ئەو دەنگە بە بێ بنەمایەکی لوژیکی دەزانم و تەنیا بەشێکی گلەی کەرن و تەواو.
هەندێک جاریش هەندێک سیاسی یا بڵێین چالاکی ڕاگەیاندنیش دەکەوێتە خانەی ئەوجۆرە گوتارە کە پێم وایە سودێکی نیە.
بەڵام ئەگەر مەبەسەت ئەوەیە کە حیزبەکانی ئێستا وێڕای قوربانی دانیان و ئەو پتانسیلەی هەیانە لە ئاستی پێویست دا نین دەبێ خۆیان ڕێکبخەونەوەو بە شێوازێکی سەردەمیانە لە بەڕێوەبری شۆڕش دا چالاک بن و ڕەهەندی جیای شۆڕش بە جۆش خرۆش بخەن بۆ ئەوەی کاریگەریان هەبێت من وەک حیزبیەک هاوڕام و تەنانەت پێم وایە هەر کەس یەک وشەش بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش بکات جێگای ڕێزە.
تەنانەت دەبێ هەموومان هەست بەو گرنگیە بکەین لەو چوارچێوەیە هەوڵی خۆمان بدەین ی پێویست بێت ئەنجام بدەین.
چونکە ناتوانین شۆڕش بە بێ ڕێخستن سەربخەین و تا ئێستاش باشترین چوارچێوە بۆ ڕێخستنی شۆڕش دەتوانێ حیزب و حیزبەکان بن.
کەواتە وێڕای رەخنە لە ڕۆڵی حیزب لە ئێستا دا بۆ ئەوەی بتوانێ لە ئاستی پێویست دا بن دەبێ ڕێزیش بۆ خەبات و قوربانی دانیان بین.
لایەکی تری ئەو بابەتە ئەوەیە ئەگەر بەشێک لە کاریگەری حیزب لە چۆنیەتی بەڕێوەبەریەکەی دا بێت، دەتوانین بەڕێوەبەران ڕەخنە بکەین و هەوڵی چاکسازی و باشتر کردن و گۆڕانیان بدەین نەک ئەوەی هەمووی چوارچێوەی حیزب بخەینە ژێر پرسیار.
خاڵێکی تری ئەو بابەتە پێم وایە پێویست و دروست بۆ شۆڕشێکی سەرکەوتوو دەبێ داوا بکەین و تا سەربکەوین ئەوەیە هەوڵی سڕینەوەی لایەک نەدەین بەڵکو هەموومان هەوڵ بدەین پێکەوە کار بکەین هێزەکانمان یەکبخەین و هەماهەنگیمان زیادتر بکەین.
ئەگەر هەبوونی کۆمەڵگایەکی ئازد و نیشتمانێکی ڕزگارو ئاوەدان ئامانجی زۆربەی هەرە زۆری ئێمە بێت دەبێت هەموومان پێکەوە جا ڕێکخراوی ناحکومی بێت یا حیزب یا گەل یا هەر تاکێکی تر کار بکەین هەر کەس لە بواری خۆی بەهەماهەنگی یەکتر پێکەوە هەوڵبدەین.
لە هەموو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو حیزب و ڕێکخراوەکان و زۆر کۆڵەکەی تر پێویستن کەواتە لە جیاتی هەوڵی سڕینەوەی یەکتر هێزوو وزەمان بۆ پێکەوە کار کردن بخەینە گەڕ کە پێم وایە سەرکەوتوو تر بین.
لە ئێستای شۆڕش و خەبات دا هەمیشە دەبێ بەدوای فرموڵێک دا بگەڕێین کە حیزبەکان ئەرکی سیاسی و لەشکری و ڕاگەیاندنی و دیپلۆماسی خۆیان بە باشی ئەنجام بدەن و لە هەمانکات دا لە گەڵ کۆمەڵگای ئێستای ڕۆژهەڵات بە ڕێکخراوە ناحوکمی و چالاکە مەدەنیەکانیش لە هاوکاریەکی نزیک و بە بەڕێوەبەریەکی سەردەمیانە ئاوێتە ببن کە پێم وایە مەحاڵ نیە.
بەڵام خاڵێکی پێویست لێرەدا ئەوەیە ئەوانەی دەکەونە ئەو چوارچێوە لە سەر ئەو بنەمایەیی کە لە چوارچێوەی سیستمی ڕێژیم دا گۆڕانکاری بەدەست هێنان لە مەحاڵ نزیکە ڕێکبکەون ئەوەش لە ڕاستیەکانی ڕێژیم سەرچاوە دەگرێت.
ئەوکات بەدی هێنانی کۆمەڵگایەکی ئازاد و دادپەروەر نیشتمانێکی ڕزگار ئاوەدان دا سەرکەوتوو تر دەبین.
ئەلبورز ڕۆئین تەن
2017-11-18