Hoppa till innehåll
Hem » وەرچەرخان. عیرفان رەهنموون

وەرچەرخان. عیرفان رەهنموون

پاش کوژرانی عەلی عەبدوڵا ساڵح ، دیکتاتۆری پێشووی یەمەن لە لایەن حوسییە بەکرێگیراوەکانی ئێرانەوە ، جەنگی ئێران و عەرەبستان پێ دەنێتە قۆناخێکی مەترسیدارترەوە کە زەرفیەتی ئەوەی هەیە کە سنوورەکانی ئەو وڵاتە ببڕێ و لوبنان و عێراق و سووریەش بگرێتەوە . کوژرانی ئەو دیکتاتۆرە ، گشت لایەنە ناکۆکەکانی یەمەن لێک نزیک دەکاتەوە و ئەمەش بە سوودی عەرەبستان و بەزیانی ئێران دەشکێتەوە.

erfan-rehnmun-0
هەر لە ئێستاوە ئەگەر عەرەبستان ئازایانە و ئاوەزمەندانە ، بجووڵێتەوە ، دۆڕانی ئێران مسۆگەرە . ئەم رووداوە ، ناسیونالیزمی عەرەبیی دژی ئێران تۆختر کردۆتەوە و ئێرانی کردۆتە تەنیا وڵاتی جیهان کە لەسەر زەوی و بە توندی ، دژایەتیی بەرژەوەندییەکانی ئیسلامی سونی – عەرەبی دەکات . ئێران نە لە رووی ئابوورییەوە و نە لە رووی تیکنۆلۆژیا و نە لەرووی پشتیوانیی نێودەوڵەتییەوە ، توانای بردنەوەی لەم جەنگەدا نیە و بەبێ گومان دەدۆڕێ .
بەدووریش نازانرێ ، حیزبوڵای لوبنان وەک شاباڵی ئێران و خەنجەرەکەی لە کەلەکەی عەرەب دا ، بکرێتە ئامانجی هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل-عەرەبستان .
تەنیا خاڵی بەهێزی ئێران لەم جەنگە ناوچەییەدا ، بیری ستراتیژیک و بوێریی مەیدانیی ئێرانە لەبەراورد لەگەڵ نەیارە عەرەبەکانی دا . هێشتا دیار نیە کە شازادە موحەمەد بن سەلمان ، رادەی بوێری و بیری ستراتیژیکی تاچ رادەیەکە و ئەوەش دوورەدیمەنی جەنگەکە لێڵ دەکات .
ئەگەر عەرەبستانیش لەم جەنگەدا ، نەتوانێ سەرکەوتنی یەکجارەکی بەدەست بێنێ ، یەک پرس بەتەواوی روون و ئاشکرایە : ئابووریی ئێران توانای پێشبڕکێی عەرەبستانی نیە لەم جەنگە پڕتێچوەدا و تاران لە ناوخۆی ئێرانیش دا ، پێگەی جەماوەریییەکەی تادێ لاوازتر دەبێ . هەربۆیە ، ئێران هیچ بەختێکی لەبردنەوەی ئەم کێشمەکێشە ناوچەییەدا نیە و پێشبینی دەکرێ لە ناوچەکە پاشەکشەی پێ بکرێ و ئەم رووداوە دەتوانێ ، خاڵی وەرچەرخانی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو بێ .
پێویستە ئەوەش بزانین کە تا ئێستا هەم بۆ ئیسرائیل و هەم بۆ رۆژئاوا ، بوونی ئێرانی یەکپارچەی شیعە بۆ باڵانسی شیعە-سونی ، پێویستییەکی ستراتیژیک بوە و سوودیشی بۆ فرۆشتنی چەک و بەهەدەردانی وزەی تیرۆریستیی موسوڵمانەکان و دوورخستنەوەی لە رۆژئاوا ، هەبوە . هێشتا هیچ نیشانەیەک نیە کە ئەو ستراتیژییە گۆڕانی بەسەردا هاتبێ . بەڵام ئیران زیاد لە ئەندازەی پێویست پەلوپۆی هاویشتوە و کاتی هاتوە پەلۆپۆی بکرێ .