"an independent online kurdish website

 ساڵی ١٣٧١ ی هەتاوی بوو و بنکە و بارەگاکانمان  لە لێوژێ بناری قەندیل بوون و هێشتا بەرەو قووڵایی خاكی کوردستانی باشوور لە ژێر فشاری هێزە بەڵادەسیەکاندا نەگواستبوونەوە  و ناوچە سەرسنووریەکانمان چۆلنەکردبوون.

muhamad-suleimani

 لە سازمەندەهی ئەو ساڵەدا وەك کادری سیاسی لکی یەك دیاری کرام و رەحیم مەنگوڕی وەك سەرلك و مینە بازدیش جێگری ئەو لکە بوون. هەر لەو  ساڵەدا  محەممەد میقدادی(ڕەشە)  بە سەرپەرستی هێزی قەندیل لە لایەن دەفتەری سیاسیەوە ناسێندرا، کە زۆرمان پێخۆشبوو، لەبەر ئەوەی محەممەدە ڕەشە خەڵکی ناوچەی پیرانانی پیرانشار بوو کە  بەدوای  نەقڵکرانی کاك سەید رەسوڵ سەید ئەحمەدی و پێشتریش کاك هەمزە بێهنام بۆ هێزی ئاگری. لەو کاتەدا یەکەمجار بوو  کەسێکی خۆجێی وەك کەسی یەکەمی هێز دیاری بکرێتەوە.  بەگشتی کادر و پێشمەرگەکان زۆر کەیف خۆشبووین و ڕەشەیش کە لە نزیکەوە هەموو هاوڕێکانی دەناسی و پەیوەندی پتەو بە هێز لە نێوان هێز و لکەکاندا دامەزراند. سەرپەلەکانی لکی یەك  شەهیدان عەبدوڵا تەبەرزە و مراد رەحیمزادە بوون و جێگر پەلەکانیش ئاوارە ئاف  و ناوی جێگر پەلەکەیترم نەهاتەوە یاد کە بەیەکەوە هەموومان  هاوکاری ی بووین و زۆریش پێکەوە دەگونجاین و  و پێشمەرگەکانیش زۆر بەچاکی یارمەتی و هاوکاری سەرخستنی ئەرکەحیزبیەکانمانبوون.( شەهید مینە  بە هۆی کردەوەی تیرۆریستی لە گەڵی عەلی بەگ لە گەڵ محمەد درەخشانی کادری کومیتەی شارستانی پیرانشار کە ئەو کات شوفیر بوو، تیرۆرکران) ئەو ساڵە سەرەتایی ڕۆژێکی گەرمی هاوینی بوو. لە چیاکانی پشتی ماسوێ مابووینەوە،  بۆ ئەوەی دڕێژە بە کاروچالاکیە سیاسی و تەشکیلاتی و نیزامیەکان بدەین لە دەڤەری نە‌غەدەی.

پێشمەرگەکان هەموو شاد و کەیف خۆشبوون و دەستە دەستە لەژێر سێبەری تەپڵە گوێنی و بنجی تیروێ و تاشەبەردەکاندا لە دەوری یەکدیدا کۆببوونەوە و هەر یەکە و بە شتێکەوە سەرقاڵبوو. هێندێکیان بە پێکەنیەوە  باسی سەربردە و قسەی خۆشیان بۆ یەکدی دەگێڕایەوەو و هێندێکیشیان بارودۆخی سیاسی و ئەمنی ڕێژیمان تاوتوێدەکرد و بە ئومێدەوە بەرەو ئاسۆی سیاسی  و خەباتی حیزبیان دەڕوانی. ئەو کات واباوبوو  پێشمەرگەکان بەدڵخوازیخۆیان هاومزڵیان هەڵدەبژارد بۆنان و پێخۆر هەڵگرتن بۆ ڕۆژانی دوایی  و هاونشین لە کاتی پشوو و مانەوەدا. تیمی پچووکی ئێمە لە مینە بازیدی و محەممەد سلێمانی و حوسێن دەمە و جعفەر ڕێواس و مراد رەحیمزادە پێك هاتبوو. ( مراد رەحیمزادە بەداخەوە پاشان لە گوندی قەڵاتی زێدی خۆم لە گەڵ هاوڕێی عەبدوڵا تەبەرزە شەهیدکران کە  ئەو  دوو فەرمەندەیەش  یەکێکی تر بوون لە ئازاترین پێشمەرگەکانی هێزی قەندیل) حوسێن دەمە کە بەداخەوە ( ئەویش بە پیلانێکی تیرۆریستی لە گەڵ مستەفا محەممەدزادە لە سەر دەروازەی نێوان قەندیلی گەورە و پچووکدا شەهید دەکرێن لە لایەن چەند پیاو کوژێکی باشووری کوردستان) کورێکی ئازا و بە هێز و قسەخۆش و پیتۆڵ بوو. لە کاتی مانەوە و  پشووماندەدا، حوسێن لەسەر چیا و تەپلۆکە و بندار و دەوند بوایە، بۆ حەسانەوە و پشوودان  بە سەرنێزەکەی پاش خۆماندوو کردنێکی زۆر  جێگای خۆی تەخت و رێکدەخست و وەك ئەوە دەچوو کە لە هەر شوێنێكدا کۆشکی پشوودانی سازدەکرد. پێشمەرگەکان بەگشتی  زۆریان هەوڵدەدا لە گەڵ حوسێن هەومزڵبن. لە گەڵ ئەوەشدا  حوسێن دڵناسكبوو، زوو زوو لێمان زوێر دەبوو و من و شەهید مینە زۆرمان دڵ ڕادەگرت و  بەهەق حوسێن ڕێزی زۆری لە مینە بازیدی دەگرت و بەگوێی ئەویدەکرد . ئەو ڕۆژە لە سەر چا لێنان کە سڕەی خۆی دەبێت هەڵدەچێ و داوایی جیابوونەوەی کرد بوو. کاتێك مراد رەحیمزادە بانگی کرد و گوتی محەممەد حوسین دیسان بەرگە و بنەی  پێچاوەتەوە و دەڵێت چیتر  لە گەڵ ئێمەدا نابێت. منیش زۆر بە پێکەنینەوە گووتم، مراد بینێرە بۆ” کۆمیسۆنی سیاسی نیزامی”  بۆ ئەوەی  پاکانە حیسابی لەگەڵدا بکەین. مراد ڕەوانەی ئێرەی( لایی منی)  بکە و و با کۆڵەپشتیەکەشی لە گەڵ خۆیدا بێنێت. حوسێن کە زۆرمان لێدوور نەبوو گوێی لە قسەکانی ئێمە بوو  خێرا هات و گوتی: ها ئەوە نان و پێخۆرەکەیە و بۆچیتە؟ منیش پاش دابەشکردنی بە دوو باش، بەشی خۆم پێداو  و گوتم  بە خێرچیت برالە،  ئەوە پاکانە حسابەکەمان کرد و هیچمان پێکەوە نەماوە، هەرکەسێكت  پێتخۆشە بڕۆ لای!!. ئەویش بە توڕییەوە لێم دوور کەوتەوە و گووتی تازە هەر بەنزیکتاندا تێناپەڕم باشە، تازە نەگەڕیمەوە بۆ لاتان!!. بەڵام ئێمە دەمانزانی نە حوسێن بێ ئێمە  هەڵدەکا و نە ئێمەیش رازین ئەو لێمان جیابێتەوە و لە کۆتایدا بۆ جارێکتر تر یەکمان گرتەوە. شەوێکی هاوینی ١٣٦٩ی هەتاوی بوو بۆ پشوودان و حەسانەوە بڕیاردرابوو بۆ چەند ڕٶژێك لە شیو و دٶڵ و ئەشکەوتەکانی “دٶڵەڕەش’ دا  بمێنینەوە. شەوێ بەر لە وەڕێکەوتن  کاك محەممەدە ڕەشە، بە کاك محەممەد قەرەخدری  دەڵێت تیمێك بنێرە بابڕۆن ئەو کەلوپەلە نیزامیانە لە فڵان گوندەی بێنن.  مینە بازیدیش کە خەڵکی ناوچەی بەریمێرگان بوو و هەر لەو کاتەشدا شارەزای بواری ئەمنی و جوگرافیایی ئەوێ بوو،  وێڕای پۆلێك پێشمەرگە، مەحمووریەتی پیدەرێت. هێز لە شوێنەکە زۆرر  دوور نەکەوتبوویەوە. کاتێك کاك مینە و هاوڕێیانی دەگەنە جێگای دیاری کراو تەنیا کەرێك یان دەست دەکەوێت بۆ گواستنەوەی موهیماتەکە. خۆشتان دەزانن گوێدرێژ هێزی ئەسپ و هیستری نیە و توانای ئەوەی نیە بەڕێژەیەکی زۆر بەرهەڵگرێت. پێشمەرگەکان دەزانن بەو کەرە نەخۆش و بێ هێزە هەموو ئەو شتانەیان بۆ ناگوازرێتەوە کە هێز داوایکردبوو.  ئەو کات ئێمەش بۆ پشوویەکی کورت لە پشتی هەنگەوی، واتە  مەلامەحموودی هەرکەسە پاڵی بەکۆڵەپشتیەکەی دابوو لە گەڵ هاوڕێکانیدا گفتووگۆی دەکرد. دەنگە دەنگی سرت و خورت و  پێکەنینی پێشمەرگەکان دەبیسرا و ئەو کات هەمیشە دڵمان خۆش و خۆمان بە پادشای وڵات دەزانی و  هەرگیز  هەستمان  بە شەکەتی و بێهیزی نەدەکرد.  هێندێكجاریش جێگرپەلەکان بەسەر پێشمەرگەکاندا دەگەڕان و داوادەکرا، بەسەبری قسە بکەین و نەکا لە دەورووبەرمان شتی نامۆ هەبێ یان شوان و کەسی تر گوێی لە دەنگە دەنگی ئێمە بی و ڕۆژی دوای بڕۆن ڕاپۆرتمان لە لای دوژمن لێبدەن و پشووەکەمان لێ تێکبدەن و توشی شەربین. لەلای هێز دەنگە دەنگ پەیدابوو  و ئێمەیش زۆر خێرا خەیاڵمان بۆ ئەو پۆلە پێشمەرگەیە چوو کە بۆ مەحمووریەتی کورت لێمان دوورکەوتبوونەوە و وامانزانی لە کەمینی دوژمن کەوتوون. هەرچۆنێك بوو خۆمان نزیك کردەوە و زانیمان مەسەلەکە کەلوپەلی نیزامیە. بە حووکمی ئەوەی ئەو شەوە لە گەڵ تیمی پێشڕەودا بووم، بۆم هەبوو لە هەرکوێیەك بوەستم. محەممەدە ڕەشە پەیوەندی بە مینە بازیدییەوە کرد و لێی پرسین زۆرتان ماوە بەرەو لای ئێمە بگەڕێنەوە یان جارێ هەر لەوێن!  کاك مینە بازیدی  دیار بوو باسی دژواری کارەکەی دەکرد و ئەو وڵاغانەی دەست نەکەوتبوون هەتا بری زۆری چەك و تەقەمنی لە گەڵ خۆیاندا بێنن و لەو کاتەدا تەنیا کەرێکیان دەست دەکەوێت. کاك ئەحمەد نەستانی روودیکردە رەشە و قەرەخدری و فەرمەندەکانی تر و  پرسی چیانکردوە، بەرێکەوتوون یان هەر لەوێن! ئەوانیش وڵامیدایەوە و گووتیان کاك ئەحمەد مینە دەڵێت ئەو هەموو شتەمان پێنایەت. نەستانی  تورەبوو گوتی بۆچی پێیان نایەت خۆ بەکۆڵ نایهێنن، یانی لەو  گوندەیدا  کەسێك وڵاغی نیە بڕۆن لێی وەربگرن و شتەکانی لێبار بکەن! کاك ئەحمەد بە بێسیم قسەی  لە گەل کاك مینەی کرد، کە ئەوکات ناوی نهێنی شەڕگە بوو، کاك ئەحمەد پرسی ئێ شەڕگە پێم بڵی بۆچی ئەو شتانەتان بۆنایەت و خۆ بە کۆڵی هەڵناگرن! هەرچی مینە بوو دەیگووت ولاغەکە ئەو هێزەی نیە هەموو  کەلوپەلەکە هەڵگڕێ و هیترمان دەست نەکەتووە. نەستانی سووربوو کە دەبێت هەرچۆنێك بێ ئەوەی پێتان گوتراوە بیهێنن! مینەش لەوکاتەدا زۆر تورە بوو  و لە وڵامدا گووتی: (مەریوان،  ناوی نهێنی بێسیمی کاك ئەحمەد بوو)  مەریوان  گیان! هەر لە خۆت دەپرسم، شەغرە بەکەڵەبابیەوە دەدرێت! مەبەستی مینەی ئەوە بوو کە  بە گوێدرێژ  هەموو ئەو شتانەی داوا کراون بۆمان نایەت. هەموو لێگڕا  دەستیان  بە پێکەنین کرد و نەستانی گوتی بەخوا برام ئەو کابرایە زۆر سەیرە و هەر بەقسەی خۆیدەکات. ( شەغرە کۆمەڵێك باقەی گیایە) دیار بوو نەستانی بەتەواوی لە بەمەستی مینەی نەگەیشتبوو و ئەگەر هەڵەم نەکردبێت محەممەد قەرەخدری مەبەستی مینەی بۆ نەستانی روونکردەوە.

 ژیان هەرچەندە سەخت و دژواربوو، بەڵام ئیرادە و ئیمان بەڕێبازی سیاسی حیزب و، خەباتی نەتەوایەتی هەموو خەمو خەفەتێکی زەمانەی لەبیربردبووینەوە و لەو ڕۆژگارەداتەنیا بیرمان بە تەنیا لە سەر کارو چالاکیەکانمان بوو. دیسان گەڕاینەوە ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، ئێوارەیەکی زوو خۆمان گەیاندە گوندی کانیەکلی، کە گوندێکی دڵگێر و مێژوویبوو لانی کەم بۆ پێشمەرگە دێرینەکان. چوونکی وەختی خۆی کە ڕێژیم نەتوانیبوو بە هۆی بەرگری شێرانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە مەڵبەندی خۆڕاگری پیرانشار، قارەمانانی هێزی ئاوارە کە پاشان ناوی گۆڕا بۆ هێزی قەندیل هەموو شار و دەڤەرەکان داگیربکات و کۆنتڕۆڵی بکاتەوە. لەو وەختەدا پەلێك لە پێشمەرگەکانی لکی ٢ی هێزی قەندیل مەقەڕیان لەوێ دەبێت. یەکێك لەو هاوڕێ و دۆستانەیش کە واختی خۆی لەوێدا ژیابوو و عەلی دیواری بوو. عەلی کوڕێکی شەرکەر و ئازا و فەرمەندەیەکی  چاونەترسبوو، بەڵام زوو زوو لێمان تووڕە دەبوو. ئەو شەوە بەرێکەوت من و عەلی لە گەڵ چەند پێشمەرگەی تردا چووینە ماڵی حاجی عەلی( حاجی یەکان سێ برابوون و زۆر کوردپەروەر و بەرێزبوون و خۆدا پێدراو و دەوڵەمەندی ناوچەی گەدەیبوون) و وەك سوننەتی پێشمەرگایەتی دەستم کرد بەناساندنی ناوێ هاوڕێکانم.  پاش ناساندنی ناوی یەکە بەیەکەیان بەمام حاجی عەلیم  گوت، مام حاجی  ئەوەش کاك عەلی دیواریە و کادرێکی تێکۆشەر و بەئەزموونی حیزبە و خەڵکی گوندی قوبادبەگیانە و کوری رەسوڵی خدری شێخەیە. دیارە منیش بەهەڵە ناوی باوکم گووت و ناوی باوکی عەلی لە ڕاستیدا مام ” خدر” ە  نەوەکی رەسوڵ. هەستم بەو هەڵەیەنەکرد و عەلیش لەوێ هیچی نەگووت و یان ئەوەتا لە بیری نەبوو یان شەرمی کرد لەوێ هیچم پێ بڵێت و لە زەوقمبدات. بۆمانەوەی ڕۆژی دوایی  بەرەو چیای سپی سەنگ هەڵدەگەڕاین کە شەوێکی تاریك و ئەنگووستەچاوبوو و رێگامان بە نێو گوێنی و کیفاری بەدڕکی ئەو  ناوەدا دەبڕی. لە پڕ عەلی کە لە سەفەکەدا زۆر مان فاسیلەنەبوو، بە توڕەیەوە بانگی کرد و پرسی محەممەد!! کاکە گیان ئەتو ئەگەر ناوی باوکم نازانی و لە بیرتنەماوە، بۆ لەوێ منت بە هەڵە بەمام حاجی ناساند!   خۆ مام حاجی عەلی منی دەناسی و پێویستی بەفەلسەفە بافی  تۆ نەبوو! پاشان هەر لە خۆت دەپرسم، ناوی باوكم مەردی حیسابی خدرە یان ڕەسوڵ؟ منیش بە هێواشی زانیم عەلی زۆر توڕە بووە و هەقی بە دەستە و هەڵەکە لە من بووە. گووتم عەلی گیان  جا  ئەو توورە بوونەی دەوێت برالە! بە خوا قسەی بەینی خۆمان بیت، من ناوی رەسوڵم لە هی خدری زۆر  زۆر  پێخۆشترە!..  عەلی زۆر توڕە و بێزار بوو  لە وڵامدانەوەکەم و بێدەنگەی لێکرد و گەڕایەوە جێگای خۆی لە نێو سەفەکەدا .  بەردەوام بووین لە ڕیگا ڕۆیشتن بۆ شوینی مانەوە.  ماندوویەتی و شەکەتی ڕێگا لێك زویربوونەکەی لە بیر من و عەلی بردەوە و هەر وەك هەمیشە هاوڕێ و دۆستی نزیك بووین.

 

محەممەد سلێمانی

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی