کوردایەتی و سیاسەت کردن دوو چەمکن کە ئاوێتەی ژیانمان یا باشتر بڵێێم هەوێنی ژیانی ئێمەن. کوردایەتی پێناسەی ئێمەیە بەڵام هەر کوردایەتیێک ناچێتە بازنەی سیاسییەوە. بەشێک لە خەڵکی کوردایەتی خواز ئەیانەوێ کوردایەتی بە حیزبی بکەن و لەوێوە بوونی خۆیان نیشان بدەن. مرۆڤی سیاسی بۆ کوردایەتی پێویستی بە حیزب نییە و ڕسالەتی ئەو خزمەت کردنی سیاسەت لە پێناو کوردایەتی دایە.

کوردایەتی بە هەست ئەکرێ بەڵام سیاسەت بە عەقڵ. مرۆڤی سیاسی واقعی بە هەستی کوردایەتی خواز یاری ناکا بەڵام مرۆڤی چەواشە کار بە هەستی کوردایەتی خواز یاری دەکا. مرۆڤی سیاسی ڕاستینە ناکەوێتە ژێر باندۆری هەستی کوردایەتی خوازەوە بەڵام مرۆڤی بە ڕواڵەت سیاسی کار بە هەستی خەڵک جەوگیر دەبێ. مرۆڤی سیاسی بە پێی شارەزایی لە مێژوو، ناسینی کۆمەڵگا، بە دەست سختنی سەرچاوەی موعتەبەر، بێ دەمارگرژی و درۆ کردن سیاسەت بۆ خزمەت بە نەتەوەکەی دەکا و مرۆڤی سیاسی واقعی ” فی البداهە ” قسە ناکا.
ئەزموونی تاڵی دوای ڕفراندۆمی باشووری کوردستان ئەوەندە وانەی تیایە کە هەر کەس دەبێ لێی فێر ببێت و بە خۆیدا بچێتەوە. ڕفڕاندۆمی باشوور زیاتر لەوەی ڕفڕاندۆمی باشوور بێت، ڕفڕاندۆمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ڕفڕاندۆمی باشوور ئەوەندە کاریگەر بوو کە تەنانەت ئەوە پێڕە کوردەی کە لە چوارچێوەی ڕژیمدا بە حساب دێن هەڵوێستی نەتەوەیی خۆیان نیشان دا.
سەرەتای ئەمسال لە گەڵ چەند دۆستی ئازیز و ماندوو بە چارەنووسی نەتەوەکەیان نامەیەکمان بۆ خامنەیی نارد تا بەڵکو دەست لە پیلانگێڕی بە دژی باشووروو ڕۆژئاوای هەڵگرن، لە جیاتی دۆستایەتی لە گەڵ تورک ڕێگای دۆستایەتی لە گەڵ کورد بگرنە پێش. ئێمە زۆر بە جوانی هەستمان بە مەترسی ڕژیمی ئێران لە سەر هەرێمی کوردستان دەکرد ولێمان ڕوون بوو کە نزیک بونەوەی ئێران و تورکیە هاوسەنگی سیاسی ناوچەکە ئەگۆڕی. تەنانەت ئەوشمان دەزانی کە پلانی ڕژیمی ئێڕان کوشتنی مەسعوود بارزانییە.
لە کاتێکدا ئێمە ئەو نامەمان ئاڕاستەی خامنەیی کرد، دەنگێکی لاواز لە ناو دەسەڵاتی ئێڕان بۆ قبووڵ کردنی سەربەخۆیی کوردستان دەبیسترا و داوای لە کاربەدەستانی ڕژیم دەکرد متمانە بە ڕژیمی تورک نەکەن و پشتگیری کورد بکەن. ئەمە بۆ ئیمە بیانوویەک بوو تا گوڕوتینێک بەو دەنگە هیوابەخشە ببەخشین. ئەگەر ئەو مەنتقەی ئێمە کە لە نامەکەماندا بەکارمان هێنا کۆدەنگی لێ بکەوتایەتەوە تا رژیمی ئێرانی ناچار بە پێداچوونەوە بە سیاسەتی خۆی لە هەمبەر باشوور ڕۆژئاوای کوردستان ببێ، ئیستا بارودۆخی کورد شتیکی دیکە بوو، بەڵام ئێران بە ئاڕاستەکەی دیکەدا هات، کەرکووکی گرت، لە قەڵادزێ نمایشی سەربازی دا، ناو ماڵی کوردی وێران کرد و ئیرادەی گەلی ئێمەی تێک شکاند. لەم ناوەدا کۆمەڵێک خەڵک کە خۆیان بە سەربەخۆ خوازوو لە ئیمە بە کوردتر دەزانی نامەی ئێمەیان بۆ خامنەیی بە فرۆشتنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانی تەنیا لە بەر ئەوەی ئێمە باسی مافی گەلی کورد مان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانمان نەکردبوو. ئەم پێڕە خەڵکە کە لە ناویاندا عەواملی ڕژیمی ئێران هەبوو هەموو هەوڵیان ئەوە بوو تا پێش بە سیاسەت بگرن و لومپنگەری پێش بخەن. لەم ناوەدا کۆمەڵێک خەڵکی بەڕێزیش هەبوون دیسان کەوتنە ژێر باندرۆی ئەو فەزاوە کە کەسانێکی گوماناوی خوڵقاندیان.
لە کاتە هەستیارەکانی شکانی دوای ڕفڕاندۆم دیسان هەمان خەڵکی دڵسۆز بە وتار و لێکدانەوەی خۆیان شانیان دایە ژێر باری ئاواری کوردستان، بەڵآم جەماعەتی لومپنیزم کەمترین قسەیان بۆ دۆخەکە نەبوو.
هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، بە داخەوە لەم ناوەدا کۆمەڵێک کەسی بەڕێز کەوتنە ژێر باندۆری ئەو فەزاوەوو لایان وابوو ئەگەر هەڵوێستی توندوتیژ نەگرن لە قافڵە دوا دەکەون. ئەم بەشە لە لایان وابوو کە دەبێ باشووری کوردستان سەربەخۆیی بە دەست بێنێ بێ ئەوەی حساب بۆ ئێڕان بکەن. ئەم بەشە لە دۆستان حەساسییەتیان بە ئیمتیازدان بە عەرەب و تورک نەبوو تەنیا بە ئێڕان نەبێ بۆیە لایان وابوو نامەی ئێمە بۆ خامنەیی خۆبەدەستەوەدانە.