زۆرجار کاتێک کەسێک لە بارەی کەسانی ”نارێک” لە کاری رێکخراوەیی و ئیداریدا پرسیارم لێ دەکات، دەلێم کارکردن لە گەڵ ئەوانە وەک کوتران یان واکسیناسیۆن بەرامبەر نەخۆشیە گشتگیر (واگیر)ەکانە، کە مرۆڤ لەبەرامبەر ئێپیدێمیە گشتی و گەورەکان بەهیز و پارێزراو دەکات. کۆمەڵگای کوردی بە هۆی کەشی ناتەندوروستی پێوەندیە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریەکانیەوە و بەهۆی کێشەکانی هاوردەی لەلایەن نەیاران و کێشە چارەسەرنەکراوەکانی ناوخۆییەوە بە گشتی بەشێکی زۆر لە ئێمە کەسانی ”نارێک”ین.

نارێک یان بە ئینگلیزی (OCPD) کەسانێکی تەواوگەران کە بە رادەیەکی رادەلەبەر پێیان خۆشە هەمووشتێک کۆنترۆل بکەن و پێیان وایە دەبێ هەموو وردەکاریەکان لە ژێر چاوەدێری و بەئاگاداری ئەوانەوە بەرێوە بچێت. بێجگە لەوە ئەوان باوەریان بە خەڵکانی دیکە نیە. دانی دەسەڵات و ئیختیار لەلایەن ئەوانەوە بۆ خەڵکانی دیکە زۆر زەحمەتە. چونکە ئەوانە قەت بڕوا بەکەسانی دیکە ناکان و پێیان وایە ئەوان خاوەنی وردبینی و دیقەتی تەواو نین. ئەوان حەز ناکەن کەس لەپێوەندی لە گەڵ ئەوان قسە بکات و یا خود باسی کاری ئەوان بکات، چونکە ئەو کارە بە دەست تێوەردان لە کاری خۆیان دەزانن بەڵام بەخۆیان ماف دەدەن داوای بەرپرسایەتی و وەڵام لە خەڵکانی دیکە بکەن. ئەوان لە پێوەندی لە گەڵ پرسە هەستیارەکان، کەسانێکی بەرچاوتەنگن و پێیان وایە دەبێ هەمیشە ”قسە قسەی ئێمە بێت”.
مەزەندە دەکرێت کە لەوانەیە ٧٪ دانیشتوانی جیهان خاوەنی ئەو تایبەتمەنیدە بن. مرۆڤە نارێکەکان لە نێوان ژن و پیاودا دەدۆزرێنەوە بەڵام بە پێی لێکۆلینەوەکان رادەی پیاوانی نارێک لە ژنان زیاترە (مارتین سلیگمان ١٩٧٥). کەسانێک کە تووشی نەخۆشی نارێکی دەبن لە قسەکرند، خاوەنی کردارێکی رەق و وشکن. ئەوان وا نەبێ کە لەباری عاتفی و هەستیەوە مرۆڤی وشک بن بەڵام هەڵسوکەوتیان وشک و نارێکە. ئەوان لە پێشنیار و قسەکردندا دەستپێشخەری ناکەن بەڵام وەڵامەکانیان زۆرجار جیددی و توورەیە. لەوانەیە چونکە بۆخۆیان لە بابەتێن نەزانن هەڵسوکەوتیان توند و تێکەڵ بە ترس و نیگەرانی بێت. میکانیزمەکانی بەرگری ئەوان لە کارەکاندا زۆرجار هێنانی بیانوو، جیاکردنەوەی خۆ لە کۆمەڵ، زێهن ساسی، بەپێچەوانە کردنی شتەکان و هەوڵدان بۆ پووچکردنی کارە هاوبەشەکان یا خود کاری کەسانی دیکەیە.
ئەو کەسانە لە نزیک بەتەواوی ژیانی تاکەکەسی و رێکخراوەییدا لە هەوڵی کۆنترۆلی خەڵکانی دیکەن و بۆخۆیان هیچ جۆرە نەرمی و ئێنعتافێک قبووڵ ناکەن، زۆرجار بە هێنانی باسی نەرێنی و وەشاندنی هێزی و وزەی نەرێنی دەبنە هۆی بەفیرۆدانی کاتی هاوبەشی ئەندامانی رێکخراوە. ئەو رەوشە بەرلەوەی کە مرۆڤ بە تەمەنی پێگەیشتوویی (بلوغ) بگات دەست پێ دەبێت و ئەگەر لەکاتی خۆیدا دەرمان نەکرێت لەکاتی گەورەساڵیدا کێشەخوڵقێنتر دەبێت. تایبەتمەندیەکانی ئەو جۆرە کەسانە بە کورتی بریتین لە:
- ئەوان بە هیچ شێوەیەک خۆیان لە گەڵ شتی تازە ناگونجێنن، تەنانەت بۆیان تازەکردنەوەی کەلوپەلی کۆن بۆ نوێ کارێکی زۆر ئەستم و کات بەرە.
- لە پێوەندی لە گەڵ بیروباوەرەکەی زۆر وشک و توندرەوە و ئامادە نیە لەوبارەدا کۆتا بێت.
- پێی خۆش نیە بەشێک لە کارەکەی بەخەڵکانی دیکە بسپێرێت، مەگەر ئەوەی کە کارەکان بەو شێوەیەی کە ئەو پێی خۆشە ئەندام بدرێن.
- لەترسی ئەوەی کە لەوانەیە کارێک بەو شێوەیەی کە ئەو پێی خۆشە بەرێوە نەچێت، هەمیشە دژی کارەکانی کەسانی دیکەیە و زۆرجار ئەوەندە بیر لە وردەکاریەکان دەکات، کە ئامانجی سەرەکی کارەکان لە بیر دەکرێت.
- کاتێک کە کاری پێسپێردراو، یا خود بریاری دا کارێک ئەنجام بدات، لە ئەنجامەکەیدا هەموو هەوڵێک دەدات کە بەو شێوەیەی کە وتراوە ئەنجام بدات و تەواوگەرایە.
- لە بەرامبەر ئەنجامی دروستی ئەرکەکانی رۆژانەی رێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی بەشێوەکەی ”انفعالی” رادەوەستن
- لەوە نارازین کە خەڵکانی دیکە ئەو دەرک ناکەن و قەدری نازانن
- بێ حەوسەڵە و حەزیان لە دەمەچەقە و شەڕە قسەیە
- بە شێوەی ناماقووڵانە رەخنە لە سەرچاوەکانی دەسەڵات دەگرن یا خود سووکایەتی پێ دەکەن
- حەسوودی بەکەسانێک دەبەن، کەسانێک کە بەرواڵەت لەوان چاکترن یان دیارترن
- بەردەوام لەبەرامبەر کار و چالاکی تازەدا سکاڵای نەبوونی کات، توانا و پێویستی دەکات
- زۆرجار دژی جیاوازی و نوێگەراییە و جاری واشە بەشێوەیەکی ناچاری وێرای قبووڵ کردنی بەردەوام پرتەبۆڵە دەکات
بەشێک لە هەڵسوکەوتی ئەو جۆرە مرۆڤانە نارێکی ئاگرێسیڤ واتە بە شێوەی ناراستەوخۆ دوژمنایەتیە بۆ بە شێوەی کاتکوژی (فردافکنی)، تانە لێدان، یەک دەندەیی، ترش رۆیی، یا خود بەجێ نەگەیاندنی بە ئانقەستی ئەرکەکان ( ویلیام مەنیبگێر ١٩٣٧). ئەوان تاقەتی ئەوەیان نیە کە چاوەروانیەکانی خەڵکانی دیکە لەخۆیان ببینن، ئەگەر ناچار بە ئەنجامیکارێک بوون یا خود ئەگەر کەرەسەی بەرگری ئەوان لە خۆیان کە بریتی بێت لە ناوبردنی رق و توورەییان، ئەوان لەوانەیە تووشی دڵەخورپەی زۆر بن.
بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگا و رێکخراوەدا کار لە گەڵ ئەو مرۆڤانە بکرێت یا خود بەگشتی کاریان لە گەڵ بکرێت، پێویست بە شێوەی ”رەوان دەرمانی” پشتیوانانە هەیە، هەڵبەت ئەمەش لە خۆیدا زۆر کێشە و گرفت پێک دێنێت. قبووڵکردنی چاوەروانیەکانی ئەوان بەواتای قبووڵ و دانپێنان بە ”نەخۆشی” ئەوانە و لەلایەکی دیکەوە قبووڵ نەکردنی ویست و داخوازی ئەوان، بۆ ئەوان وەک ”دوور خستن” و ”پەراویزخستن”ی ئەوان دەبیندرێت. بەو شێوەیە کۆبوونەوە بۆ کاری هاوبەش لە گەڵ ئەوانە وەک مەیدانی شەڕ وایە. کەسە نارێکەکە ئەو دڵخۆریانەی کە لە گرووپدا دۆزیویەتەوە دەهێنێتە بەرباس، لەکاتێکدا پێی خۆشە هەمیشە بەشێك بێت لە گرووپەکە. هاوکارانیش دەربرینی توورەیی کەسە ناریکەکە بۆ خۆ دوورخستن، دەرکەوتن و کار نەکردن وەک بەشێک لە ”توورەیی” حیساب دەکەن نەک نیشانەی ئۆبجێکت، هەروەکوو تایبەتمەندی ئەو نەخۆشەیە. بۆیە هەرکات کەسی وا دەستی کرد بە توورەیی و رەفتاری نارێک و پەرخاشگەرانە دەبێ هاوکارانی دەبێ وێرای نەرمی نواندن هەوڵ بدەن ئاکامی ئەو رەفتارەی بۆ کەسەکە دەست نیشان بکەن. بە وتەی پسپۆران (کاپلان و سادۆک ٢٠١٣) باشترین شێوەی کۆنترۆل کردنی ئەو جۆرە کەسانە سنووردار کردنی هەڵسوکەوتیان و وەبیرهێنانەوەی ئاکامی خراپی رەفتاریان لە ناو رێکخراو و ئەنداماندایە.
مەجید حەقی – فینلاند
18.2.2018