"an independent online kurdish website

گۆڕانکارییەکانی ناو کابینەی ترامپ و کاریگەرییان لە سەر سیاسەت و رووداوەکانی ناوچە، تەوەری گفتوگۆی ئەم ژمارەیەی رۆژنامەی کوردستانە لەگەڵ شەریف هەژاری، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

شەریف هەژاری

 

ئامادەکار: سەلیم زەنجیری

 

ئەو گۆڕانکارییانەی لە کابینەی ترامپدا کراون دەتوانێ چ گۆڕانێک لە سیاسەتی دەرەوەی ئامریکا بە نیسبەت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دوای خۆیدا بێنێ؟

 

پێموایە ئەو گۆڕانکارییانە بۆ مەبەستێکە کە خودی ترامپ باوەڕی پێی ھەیە و لە کاتی پڕوپاگەندەی ھەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی بە گەلی ئامریکا داوە کە بۆ بەدیھێنانیان تێبکۆشێ. ئەوگۆڕانکارییانە بەمانای گرتنەبەری سیاسەتێکی جیددی ئامریکایە بەرانبەر بە دۆسیەکانی کۆریای باکور و ئێران. ئێستا ئەگەری دانیشتنی ھەردوو سەرۆکی ئامریکا و کۆریای باکور ھەیە، بەڵام بە نیسبەت خۆرھەڵاتی نێوەڕاستەوە، پێموایە ترامپ باوەڕی وایە بۆ ئەوەیکە ئامریکا لەو ناوچەیەدا ھێژمۆنی خۆی بپارێزێ، پێویستە ئەجێنداکانی ئێران بپڕوکێنێت، بەڵام ئەوانەی بەرپرسی یەکەم بوون لە وەزارەتی دەرەوەو ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا، لەگەڵ ناسینی واقیعیانەی ترامپ لە دژی تیرۆر و ئاژاوەنانەوەکانی ئێران لە خۆرھەلاتی ناوەڕاستدا یەکیان نەدەگرتەوە.

 

ئەم کاراکتەرانەی کە ترامپدیاری کردووە، واقیعیانەتر ڕێژیمی ئێران دەناسن؛ بۆ نموونە،ترامپ پێی وایە گەورەترین ھەڵەی ستراتێژی کە ئۆباما کردبێتی، ڕێککەوتنامەکەیەتی لەگەڵ ئێراندا و ئێران گەورەترین سپۆنسەری تیرۆریزمە لە جیھاندا. هاوتای ئەو بیرکردنەوەش، جۆن بۆڵتۆنی دەستنیشانکراو بۆ ڕاوێژکاریی ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا باوەڕی نەگۆڕی وایە کە،تەنیا ئامریکا و ئیسرائیل بە بوردومانکردندەتوانن ڕێگری لە ئێرانێکی ناوکی بکەن. هەروەها پۆمپێئۆی دەستنیشانکراو بۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکاش پێی وایە کە بە کەمتر لە دوو ھەزار ھێرشی فڕۆکە، ئەتوانرێت بەرنامەی ئەتۆمی ئێران خاپوور بکرێت.

 

بە وردبوونەوە لەم بۆچوونانە، دەردەکەوێت کە ترامپ ئەیهەوێت تیمێکی یەکدەست لە کابینەکەیدا پێک بێنێت کە لەسەر یەک باوەڕ و یەک ئەجێندا بەرانبەر خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت ئێران کە وەک دایەنگەی تیرۆریزم دەناسن، بکەونە کار.

 

کەواتە مەبەست لە گۆڕینی ئەوانە، زیاتر وەستاندنی ئێرانە؟

 

کاتێک پۆمپێئۆ لێپرسراوی دەزگای سیا بوو، دیارترین کاری، گۆڕانکاری بوو لە بەشی مەلەفی ئێران لە سەرەتای مانگی ٧ی ٢٠١٧ دا و”میکایل ئەندریا”ی کردە لێپرسراوی “سی‌ئای‌ئەی” بۆ دۆسیەی ئێران.پێموایە تا ئێستا جێدەستی ناوبراو لە جووڵە و بزاوتەکانی نێوخۆی ئێراندا بەرھەمدار بووە.

 

بە داخەوە تا ئێستا توێژەرانی کورد لە خوێندنەوە بۆ کەسایەتییەکانی دۆسیەی(ئێران،عێراق،تورکیا و سوریا)ی دەزگای “سیا”دالاوازن و لە میدیاکانی کوردستانیشدا بایەخی پێ نادرێت. میکایل ئەندریا ڕۆڵێکی گەورەی لە گرتنی تاوانبارانی ١١ی سێپتامبر و هەروەهالە پاکستان، یەمەن و زۆر وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا گێڕاوە،بە تایبەتی ڕۆڵی دیاری ھەبووە لە کوشتنی تیرۆریست(عیماد موغنییە)ی سەرکردەی کاریگەری ڕێکخراوی تیرۆریستی حیزبوڵا لە دیمەشقی پێتەختی سوریا.

 

لە ئێستادا “میکایل ئەندریا” نازناوی “ئایەتوڵا میک” ی لێ نراوە. وای نابینم ھەموو ئەو گۆڕانکارییانە لە خۆیەوە کرابێ و پێموایە پڕووکانی ئەجێندای ڕێژیمی تێرۆریستی ئێرانی بەدواوەیە. بە کورتی ترامپ بەم گۆڕانکارییانە دەیهەوێت بە ئێران و ھەموو جیھان بڵێت کە، لە ھەموو ساتێکی فەرمانڕەوایدا، بژاردەی سەربازی لە دژی ئێران کراوەیە!

 

بە سەرنجدان بە ناکۆکییەکانی نێوان ئامریکا و ئۆرووپا لە سەر رێککەوتنی بەرجام، پێشبینی چ سناریۆگەلێک بۆ ڕێککەوتنەکە دوای ئەو ئاڵوگۆڕانە دەکەن؟

 

دیارە ئامریکا تا ڕادەیەک ڕێزی وڵاتانی ئۆرووپای ھاوپەیمانی بە نیسبەت پرسەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستەوە دەگرێت. بۆ نموونە، بە نیسبەت لێدانی عێراقەوە، ئامریکا تا سنوورێک گرینگی بە بۆچوونی دەوڵەتانی وەک فەرەنسای سەردەمی جاک شیراک و ھەندێ لە ھاوپەیمانە ئۆرووپاییەکانی دیکەی دا، بەڵام دواتر سەرەڕای جیاوازی بیرکردنەوەیان، ڕاستەوخۆ لێدانی عێراقی ڕاگەیاند.

 

سێ ئەگەر لە ئارادان کە ترامپبیگرێتەبەر لەبارەی ڕێککەوتننامەی “بەرجام” ەوە:

١: پێداچوونەوەی بنەڕتیی بە ڕێککەوتننامەکە لە لایەن ئامریکاوە.

٢: هەڵوەشاندنەوەی تاکلایەنەی ڕێککەوتننامەکە لە لایەن ئامریکایەوە. لەو بوارەوە میک پۆمپێئۆی وەزیری دەرەوە پێی وایە کە لە سەرەتای مانگی ٥ی ئەمساڵدا، ترامپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دەکشێتەوە، چونکە بەڵێنی بە سەرۆکی ئیسرائیل داوە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی لەو جۆرەی قبوڵ نییە.

٣: لێدانی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەلایەن ئامریکا و ئیسرائیلەوە. پێشتر”جۆن بۆڵتۆن” لە بابەتێکدا کە لە”نیویۆرک تایمز” بڵاوی کردبوویەوە، بە ڕاشکاوی وتبووی کە “تەنیا ھێرشی سەربازی چارەسەری بەرنامەی ناوکی ئێرانە”.

 

تەنانەت ئەگەر دۆخی ڕێککەوتننامەکە بەم شێوازەی ئێستاش بمێنێتەوە، ئێران قازانجێکی ئەوتۆی تێدا نەکردووە. چونکە ئامریکا لە پراکتیکدا ھیچ حسابێک بۆ ئەو ڕێککەوتننامەیە ناکا و نەتەنیا تێڕوانینی ئامریکای بەرانبەر ڕێژیمی ئێران نەگۆڕیوە،بەڵکوو توندتریشیکردووە.

 

گەر لێی ورد بینەوە لەشەشمانگیڕابردوودا، دراوی ئێرانی خراپترین و ھەرزانترین نرخی لە مێژووی خۆیدا تۆمار کردووە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە لە دامەزراوەی پراکتیکی سیاسیی-ستراتێژیی ئامریکادا، ڕێژیمی ئێران لە لیستی ڕەش و کۆتایی پێھێناندایە وسەرەتا ئەو ڕێژیمە لە ڕووی ئابووری و دراوەوە ئەڕوخێنن و بە دوای ئەودا، لێکەوتەی تریشی دەبێت!

 

لەم نێوەدا هەڕەشەیەک بە ناوی ڕووسیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا، دەتوانێ چ کاریگەرییەک لە سەر یەکهەڵوێستی ئامریکا و ئۆرووپا بۆ ئەو مەسەلەیە هەبێت؟

 

ھەڕەشەی ڕووسیە جیدییە و جیدیتریش ئەبێت، تا مەترسیی ڕووسیە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا زیاتر ببێت، دەوڵەتانی خۆرئاواش یەکگرتووتر دەبن؛ بۆ نمونە،لەم دواییانەدا كوشتنی سیخوڕێک و کچەکەی لە بریتانیا لەلایەن”ڕووسیە”یەوەکاردانەوەیەکی زۆری هەبوو و بریتانیا، یەکیەتی ئۆرووپا و ئامریکا ژمارەیەک دیپلۆماتکاری ڕووسیەیان دەرکرد.

 

ڕووسیە زلھێزێکی جیھانییە، نفوزی مێژوویی ھەیە، جیۆپۆلۆتیکی کاریگەری ھەیە، بەڵام ئایا وڵاتانی ڕۆژئاوا و ناتۆ لێ ئەگەڕێن کە ئێران ببێتە بەشێکی بەدیھێنەری ئەجێنداکانی ڕووسیە و ئەسەدیش کارێک بکات کە ڕووسیەبە کەیفی خۆی لە دەریای ناوەڕاستدا یاری بکات؟

 

بێ گومان لێ ناگەڕێن و ئابووریی وڵاتانی رۆژئاوایی، ژئۆپۆلۆتیکیان، نفووز، ھاوپەیمان و تێکنۆلۆژییان وادەکات کە ڕووسیە تا سەر نەتوانێت سووریا و ئێران بە دەست دیکتاتۆرەکانەوە بھێڵێتەوە، بەڵام ئەم ململانێیە کاتی دەوێت و بە شەووڕۆژێ کۆتایی نایەت! بەڵام ھەتا ئێران و ئەسەد ھاوپەیمانی سەرەکی ڕووسیە بن، ڕۆژئاوا لە دژیان یەکگرتوتر ئەبێت.

 

لە ئێستادا ململانێی نێوان ئامریکا و ڕووسیە ئەوەیە کە ئامریکا وەک باڵادەستی جیھان ئەیهەوێت نفوزی بەسەر تەواوی پانتایی جیھاندا ھەبێت و، ڕووسیەش تەنھا ئەیهەوێت لە دراوسێکانی و دەوروبەریدا ھێژمۆنی خۆی بسەلمێنێت، بۆیە لە حەقیقەتدا نفوزی ئامریکا وەک زلھێزترینی جیھان، و ھێژمۆنی ڕووسیە وەک زلھێزێک لە جیھاندا جیاوازییان زۆرە.

 

ئێستا، وەک سەردەمی شەڕی سارد نییە کە شەڕ دونیای گرتبێتەوە و لە ئەنگۆلاوە تا کوبا و لەوێشەوە تا خۆرھەڵاتی ناوەڕاست درێژ بووبێتەوە، یان لە نێوان دوو ئیدئۆلۆژی لیبرالیزم و کۆمۆنیزمدابێت، بەڵکووڕووسیە شوناسێکی ئایدۆلۆژی نەماوە و شەڕ نزیکە لە سنورەکانی ڕووسیەوە، ھەر لە سووریاوە بۆ ئێران و، تا دەگات بە جۆرجیا و ئۆکراین، کەوابوناکرێچاوەڕوانیئەوەبین کە ڕووسیە وەک زلھێزێک بە ئاسانی خۆی بەدەستەوە بدات؛ بەڵام لەستراتێژیداڕووسیە توانایھێشتنەوەیئەوڕێژیمە دیکتاتۆرانەی وەک ئێران و ئەسەدی نییە!

 

بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو سناریۆیانە، چەندە دەتوانرێ پاشەکشێ بە ستراتێژی ئێران لەناوچەکەدا بکرێت کە لە ئەنجامدا گۆڕینی ڕێژیمی بە دواوە بێت؟

 

قۆناخی ئەم ڕێژیمەی ئێران ڕووەو پاشەکشەیە؛لە ئێستادا ئەجێندا دەرەکییەکانی ڕوو لە شکستەو لە ستراتیژیشدا شەڕ دەخرێتە نێو ئێرانەوەو ڕووخانی ئەو ڕێژیمەی لێدەکەوێتەوە.

 

سەرەڕای باڵادەستی ئێران لە سووریادا، ئێستا باسی کشانەوەی ئامریکا لە سووریا و جێگرتنەوەی فەرانسە باسێکی گەرمی چاودێرانی سیاسییە، خوێندنەوەتان بۆ ئەمە چییە؟

 

پێموانییە بەشێوەیەکی ڕادیکاڵی ھەموو ھێز و ڕاوێژکارانی ئامریکا لە سووریا بکشێنەوە، چونکە تایبەتمەندی ئیمپراتۆریەتی ئەمریکی جیاوازترە لە تایبەتمەندی ئیمپراتۆرییەکانی تر، بۆیە ڕۆیشتە ھەر خاکێک، ئەستەمە بە تەواوەتی لێی بکشێتەوە؛ بەڵام ئەو جێگرتنەوەیە، چەند ڕەھەندێکی ھەیە:

– ڕەھەندی مێژوویی: پێموایە ھەندێ ڕووداوی مێژوویی ھەن کە لە کاتی جیاواز یاخود لە شوێنی جیاواز دووبارە دەبنەوە. بەپێی دەرئەنجامی پراکتیزەی ڕێککەوتننامەی سایکس–پیکۆ-سازانۆف، فەڕانسە بووە خاوەنداری ویلایەتی شام (سووریاو لوبنانی ئەمڕۆ). تایبەتمەندی داگیرکاری فەڕەنسی(کلتوری) بوو، واتە ھەوڵی دەدا کلتوور و زمانی فەڕەنسی بەسەر ئەو گەلانەی کە داگیری دەکردن، لە ناویاندا بڵاوبکاتەوە، بۆیە فەڕانسە کەسانی ڕوێنراوی مێژوویی خۆی ھەیە لە ناو سووریادا. ئەمەش دەکرێت وابێت کە فەڕانسە زیاتر لە دۆخی کۆمەڵایەتی-سیاسیی نێو سووریا تێ بگات تا ئامریکا.

 

– ئامریکا ئەیهەوێت بەکردەوە بیسەلمێنێت کە ھاوپەیمانەکانیشی شەریک دەکات لە فراوانخوازییەکانیدا، بەمەش ڕۆڵ بە ھاوپەیمانە ئۆرووپاییەکانی ئەسپێرێت و ھێز دابەش کردنە.

 

– ئەکرێت ئامریکا لە دایکی خۆی (ئیمپراتۆریەتی بریتانیا)وە ئەزموونی وەرگرتبێت کە ھەندێ جار نەیهەوێت ھێژمۆنییەکانی بەر فراوانخوازی ڕووسیە بکەوێت، بۆیە بریتانیائاسا بە ھاوپەیمانێکی ئەو شوێنە ململانێ لەسەرە پڕ ئەکاتەوە.

 

– ھۆکارێکی تر ئەمەیە کە نەیهەوێت دڵی تورکیای ھاوپەیمانی ستراتێژیی خۆی لە پێناو پەیەدە بڕەنجێنێت، بەڵکوو بە یارییەکی سیاسییانە لەو مەسەلەیە خۆی لادەدات یان تەنانەت ڕەنگە ئامریکا بیهەوێت شێوازی نوێ بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ڕووسیە لە سووریا بەکاربێنێت.

 

لەو نێوەدا تورکیا چی لێ دێت؟ ئایا پاوانخوازییەکانی هەروا درێژە دەکێشێت؟

 

ئەردۆغان سیاسییەکی فێڵاوییە و بەباشی لە گرینگیی ژیئۆپۆلۆتیکی تورکیا دەزانێت. ئێستا ئەردۆغان دەزانێت کە چۆن لە بەرژەوەندی تورک، ھەم دین بەکاربێنێ و ھەم ململانێی نێوان ڕووسیە و ئامریکا بۆ پێکانی بەرژەوەندییەکانی خۆی بقۆزێتەوە.هەڵبەتسەرکەوتنەکانی ئەردۆغان بەشێکی گرێدراوی ئەوەیە ئەو ڕەوتە کوردییەی کە دژایەتی ئەردۆغان دەکات، خاوەن ستراتێژییەکی ڕوونی نەتەوەیی کوردی نییە!

 

بەرژەوەندییەکانی تورکیا وەک ھێزێکی ناتۆ و هی فەرانسەش وەک ھێزێکی تری ناتۆ جیاوازن و تا ئەندازەیەکیش ئەجێندایان ناکۆکە لە خاکی سوریادا. بەو پێیەی فەڕانسە لەھەر ھێزێکی تری نێودەوڵەتی زیاتر بایەخ بە پرسی کورد دەدات، کە لەمەدا بە جیھانی کردنی پرسی کورد لە لایەن قاسملووەوە ڕۆڵی گەورەی لە ڕاکێشانی فەڕانسە بەلای پرسی کورددا ھەبووە. بەڵام یەک ستراتێژیتورکیای ئەردۆغانی ئیخوانی و فەڕانسەی ڕۆژئاوایی لە دەورییەک کۆ دەکاتەوە، ئەویش دژایەتی کردنی هێژمۆنی ئێران، ڕوخاندنی ئەسەد و کەمکردنەوەی هێژمۆنی ڕووسیایە لە خاکی سووریادا.

 

بە گشتی ئەو گۆڕانکارییانە چەندە بە قازانجی کورد دەبن، یان کاریگەرییەکانی لە سەر پرسی کورد چۆن دەبینن؟

 

پێموایە گەر ئێمە بڵێین دۆخ بۆ کورد ناخوڵقێ و دەرفەت نایەتە پێشەوە، ئەوا ڕاستگۆ و واقیعی نین.کورد خۆی دەرفەتەکان وەک پێویست ناقۆزێتەوە. بەشێک لە ھێزە کوردییەکان بوونەتە دارەدەستی ئێران و بە بێ ھیچ شەرمێک فەرمانەکانی ئێران جێبەجێ ئەکەن.

 

ھەرچەندە ئێران ئەیهەوێت گەمارۆی ئابووری بخاتە سەر بەشەکانی کوردستان و ئاژاوە و تیرۆر لە باشور درێژە پێ بدات، بەڵام ئەم کارانەی، تەنیا پەلەقاژەی کۆتایی تەمەنیەتیی و لە ستراتێژیدا ڕووخانی ئێران، مانای پڕووکانی ترسناکترین ڕێژیمیدژی کورد و سڕینەوەی بیری تەنگەتیلەی تەواوی ئەو قەڵەم بەدەستە جاش-بیرانەیە کە ئێستا لە باشوری کوردستان وەک(مۆدێل) و بەھاوکاری کردنی ڕاستەوخۆی کونسولی ئێران لە نێو تاکی کورددا بڵاو دەکەنەوە.

 

من ڕووخانی ڕێژیمی ئێران بە حەتمی ئەزانم، ئەمەش سەد لە سەد لە قازانجی دۆزی کورددایە و ئەو حیزبانەش کە خۆیان پێدا ھەڵواسیوە، لە پاشەکشێ و ئاشبەتاڵدان، ئەمەش کەمێک پشوودرێژی دەوێت.

 

کورد یان بزووتنەوەی سیاسیی کورد چۆن دەتوانێ کەڵک لەو دۆخە وەربگرێت کە هاتووەتە ئاراوە؟

 

تۆ دەبێت خۆت ئازادیت بوێت، نەک تۆ ژێردەستەیی و برایەتیی گەلان و پێشکەشکردنی کەرکوک بە داگیرکەرانت بوێ و لای ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانت بیریی نەتەوەیی بە عەیبە بزانیت و بڵێی مۆدێلی نەماوە، کەچی دواتر بشڵێیت “بۆ ئامریکا نایەت بەرگریمان لێ بکات و ئازادیمان پێ ببەخشێت”!

 

چارەی پرسی کورد، تەنیا و تەنیا یەکڕیزییە!بەڵام ئەگەر یەکڕیزیش بەدی نەھات، ئەکرێت ھێزە نەتەوەییەکانی ھەر چوار پارچەکە، میساقێکی شەرەف بە نھێنیی ئیمزا بکەن و لەسەر چەند خاڵێك بۆ پاراستنی بەرژەوندییە نەتەوەییەکان، ئەگەرەکان و قۆستنەوەی دەرفەتەکان ڕێک بکەون و نەترسانە لە ساتی نزیکبونەوەی دەرفەتەکاندا، بە بێ گوێدان بە ڕاگەیاندنەکان، غافڵکارانە تەواوی سەرکردەکانی جاش-بیران و کەرەستەکانی دەست داگیرکەران لەو پارچەیە کە دەرفەتەکەی بۆ ھاتۆتە پێش، قەلەپاچە بکەن!

 

ئەگینا گەر دووبەرەکیی ھەر ھەبێت، یەکڕیزی پێک نەیەت و بەشێک لە ھێزەکان ھەر سیقەیان پێ نەکرێ و، لە دەرفەتەکاندا ھەموو دەسکەوتێک بە داگیرکەران ببەخشن، ئەوا دەیان دەرفەتی دیکەش بێتە کایەوە ھەر لە دەستی دەدەنەوە؛بەپێچەوانەوە دەبێت وەک شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلانی‌تر، غافڵگیرانە تەمبێی میکرۆبەکانی ناو خۆت بکەیت، ئەگینا مێژوو ھەمیشە دووبارە دەکەنەوە!

 

کوردی ڕۆژهەڵات و پارتە سیاسییەکانی دەبێ چ سیاسەتێک ڕەچاو بکەن کە لەو دۆخەدا بە قازانجیان بشکێتەوە؟

 

ھەرچەندە دۆخی ئۆپۆزسیۆنی کوردی خۆرھەڵات لە ھەرێمی کوردستان لەژێر ھەڕەشەیەکی ترسناکی تیرۆرکردندایە، بەڵام سەد لە سەد پێموایە دواڕۆژیان ڕووناکە.

 

ئەمەوێت ڕاشکاوبم، ھیوایەکی ئەوتۆم بە بەشێکی ھێزەکانی خۆرھەڵاتی کوردستان نییە چونکە سەربەخۆییان نییە، ئەمە زۆر ترسناکە بۆ ئێستا و ئایندەی خۆرھەڵاتی کوردستان. چونکە ھەمیشە لە ڕێی ئەوانەوە دەست دەخرێتە ناو کاروباری ئەو پارچەیەوە، تەنانەت داگیرکەرانیش سودی لێ وەردەگرن!

 

پێموایە حدکا وەک سەرەکیترین ھێزی خۆرھەڵات دەبێت ئەوە یەکلایی بکاتەوە کە زیاد لە پێویست ھێزو پێشمەرگەی ھەبێت، چونکە ئێمە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست ئەژین و کوردیشین!!

 

بە کورتی حدکا پێویستە لەسەر دوو بنەما کار بکات:

– لە ڕووی ئاشکرا و ڕاگەیاندنەوە میساقێکی نەتەوەیی لەگەڵ ھەندێک لە ھێزەکانی خۆرھەڵات ئیمزا بکات بۆ دەرفەتەکان، بەڵام بە وردی بزانێت ئاکامەکانی ئەو میساقە چی لێ دێتە بەرھەم.

– لە ڕوی نھێنییەوە، تەواوی ئەگەرەکان و پێشھاتەکان و دەرفەتەکان لە باڵاترین ئۆرگانی لە دیباچەیەکدا کۆبکاتەوە و وای دابنێت کە میساقی یەکەمی لەگەڵ حیزبەکانی خۆرھەڵات وەدی نایەت.بەڵکو وەک حدکا خۆی ئیشیان لەسەر بکات، بۆ ئەوەی گەر بژاردەی یەکەم نەھاتەدی، ئەوا حدکا خۆی پەکێجیدووهەمی لە بەردەست دابێ و پراکتیزەی بکات.

 

دوا وتەتان؟

 

گرنگە حدکا نوێنەرایەتییەکانی بەتایبەت لە ئامریکا، کانادا و بریتانیا بەھێز بکات و، لە ئاستی ناوچەییشدا گرنگی بە پەیوەندی بدات بەپێی سەرکەوتنی ھێزەکانی قۆناخەكە و جیۆپۆلۆتیک!ھەلومەرجەکە لە بەرچاو بگرێ.

 

ستراتێژیی فاشیست مەزھەبی-نەتەوەیی ڕێژیمی ئێران بۆ شۆردنەوەی بیریی نەتەوەیی تاکەکانی کوردە و تەنانەت خودی ڕێژیمی ئێران ھەندێ لە قەڵەم بەدەستانی باشوری کوردستانیشی بۆ بەکاردێنێت، ئایا لە ئاست ئەم پیلانە نوێیەدا، بزاڤی نەتەوەیی دەبێت کام ڕێکارانە بگرێتەبەر؟

چۆن بیریی نەتەوەیی کوردیی لە ڕوی تیۆرییەوە بەپێی قۆناخەكە دادەڕێژرێتەوەو بە پراکتیکی شۆڕشگێڕانەش خۆی دەسەلمێنێتەوە!؟

 

سەرچاوە: کوردستان مێدیا

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی