"an independent online kurdish website

 بەناوی خوای دڵاوای دلۆڤان ، عیساکەند کوندێکی مەڵبەندی موکریان و سەر بە شاری مەهابادە، لە ئاوایی برهان نیزیکەو لەسەر ڕیگای مەهاباد بۆکانە. ماڵێکی لێیە پیاوەکەی ناوی (خدر) وژنەکەی (ئامین)ی ناوە.mela_biraym1

کاک خدر لە بنەماڵەیەکی مام ناوەندی کەوتۆتەوە و کاری سەوداو مامەڵەو کڕین و فرۆشتنەو دوکانداری بوو . کوڕێکی هەبوو بە ناوی (ڕەحمان پورئەحمەدی)ە ئەگەر هەڵەم نەکردبێی تاقە کوڕەی ماڵێی بوو . پێش شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕمانی ڕێژیمی پاشایەتی بەهۆی ئەوەی دەگەڵ مەلای ئاوایی ناسیاوێکی سەردەمی فەقێیەتیم بوو، لێک نیزیک بوین و لە هەمانکاتدا من سەر دەفتەری ژنمارەکردنی ڕەسمی بوم و شوکر بۆخوا زۆربەی خەڵکی مەڵبەندەکە هەم دەیان ناسیم و هەم کار هاسانی زۆریشم بۆ دەکردن، بۆیە زۆرم هاتو چۆی ئەم دەورو بەرەم دەکرد و سەرێکیشم لەو گوندە دەدا . کاک خدر کە دەگەڵ ماڵە مەلای تێکەڵاوی هەبو منیش دەمناسی و تا چوبام چایەکم لە لای دەخواردەوە.

شۆڕشی گەلانی ئێران سەر کەوت و ڕێژیمی پاشایەتی ڕمـانـد. حیزبی دێـمـۆکـڕاتی کوردستانی ژێر دەستی ئێران کە تاقانە حیزبی دامەزرێنەری کۆماری کوردستان بوو بە ئاشکرا دەستی بە کارو تێکۆشانی سیاسی کردەوەو ڕیبازی قازی و کۆماری گرتەوە. ماڵم لە مەڵبەندی بۆکان گوازرایەوە بۆ مەڵبەندی نەغەدەو لە گوندی خەلیفەلیان جیگیر بوم. ماوەی ساڵێک زیاتر بەدەم مەلایەتیەوە کاری حیزبیشم دەکرد و پاشان راستەوخۆ بومە کادر و وازم لە مەلایەتی هێنا. (ڕەحمان پورئەحمەدی) نازانم پێشتر لە هێزی بەیان یان پێشەوا پێشمەرگە ببو بەڵام هاتبوە لکی (٢)ی هێزی ئەفشین لە مەڵبەندی نەغەدە. ڕۆژێک هاتە لای من و کوتی : من کوڕەکەی کاک خدری عیساکەندم هاتومە هێزەکەی ئێوە، باوکم پێی کوتوم بێمە خزمەت تۆو خۆت پێبناسێنم، دەشیکوت ئاگات لێم بێی. فەرماندەی لکی (٢) خوا لێخۆشبو (شێخ محەممەد بڵباسی) بوو. ناوبراو لەو لکە دەست بەکار بوو بە (ڕەحمان ئیساکەندی) بەناو بانگ بوو. زۆر زوو نەک لەناو هاوسەنگەرانی بەڵکو لەناو خەڵکی ئەو مەڵبەندە بە تایبەت ناوچەی خەلیفەلیان جێی خۆی کردەوەو بە کوڕێکی لە بەر دڵان ناسرا. شەهید ڕەحمان ڕۆڵەیەکی ئازاو بوێرو بە پرنسیپ و دڵسۆزو چاونەترس و لە خۆبردوو بوو. باکی لە زۆری دوژمن نەبوو ، ئیمان و ورەی  رەحمانی پێشمەرگە لەوە بەرزتر بوو کە لە داگیر کەرو خۆفرۆشان باکی هەبێی . هەرچەند خەڵکی مەڵبەندەکە نەبوو بەڵام خوو خدەو رەفتاری جوان و دڵپاکی و ئاکار چاکی وای لێکرد بوو ئەوانەی نەشیان دیبو ناوبانگیان بیستبو.

لەلایەن کومیتەی نەغەدە مەعموریەتێکی نەهێنیم پێ ئەسپێردرا ، دەبوو بچمە شوێنێک لە ناو گوندە ئازەریەکان، نەدەبوو نەخۆم چەکم پێ بێ و نە  کەسی چەکداریشم دەگەڵ بێ. دەبوایە دەگەڵ دوو جیرانی ئازەری کە دۆستی حیزب بوون دابنیشم و هێندێک ڕاسپاردە هەبوون بیان گەیەنم. دەبوو لەناو پێشمەرگەکان کەسێک هەڵبژێرم کە بتوانێ ئەو نهێنیە بپارێزێ. بەپێی هەڵسەنگاندنی خۆم پێم وابوو ڕەحمان ئەو کەسەیە، بەڵام بە حوکمی ئەوەی خاڵەشێخ محەممەد سەرلکیان بوو تەجروبەی کاری دەگەڵیان هەبوو، خۆشی کەسێکی وردبین بوو، دەبوایە داوا لەو بکەم کەسێکی ئاوام دەگەڵ بنێرێ. کاتی دەگەڵم باسکرد فەوری کوتی تۆ خۆت ڕەحمانی دەناسی و منیش بڕوام پێیەتی و لێی دڵنیام پێت چۆنە ئەوت دەگەڵ بنێرم. وادیار بوو هەڵەم نەکردبوو ڕەحمان ئەو کوڕەیە کە دەکرا نەهێنی کاری دەگەڵ بکەی و ترسی ئاشکرا بونیت نەبێ. لەو سەفەرەدا کە ئێمە دو کەس و تەنیا دەمانچەمان بە دزی پێ بوو. غیرەت و سەداقەت و پاکی و دڵسۆزی و ئەمینداری ڕەحمان سەرسامی کردم، تا ئێستاشی دەگەڵ بێ لە کەسم نەبیستوە بڵێن ڕەحمان باسی لەو سەفەرە کردووە. ئەگەر هەڵە نەبم کە مێژوەکانم باش لەبیر نەماون، ساڵی ١٣٥٩ی هەتاوی پاسدار هێرشیان کردە گوندەکانی قەرەقەساب و مەمەلیان شەڕێکی توند ڕویدا ، توێتایەکی پاسدارەکان کەوتە دەستی پێشمەرگەکان، چەند پاسدارێک کوژران و سەرئەنجام پاسدار خۆیان بۆ ڕانەگیراو ڕایانکرد

. لەو شەڕەدا بەداخەوە (ڕەحمان پورئەحمەدی) بەتوندی بریندار بوو، لەبەر کاری بوونی برینەکەی زۆری نەخایاند بەداخەوە گیانی کردە قوربانی گەل و نیشتمان. تەرمی شەهید لە گوندی گەرگولی سەرێ بە خاک ئەسپێردرا. دوای تەواو بوونی شەڕ کەشەکە هێور بۆوە کومیتەی نەغەدە منی ڕاسپارد وەک نوێنەری کومیتە بچمە گەرگولی سەرێ و تەرمی شەهید دەرهێنمەوە و بۆ ماڵی بابی بەرمەوە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەیان بکەم و ئەوەندەی دەزانم و دەتوانم دڵنەواییان بکەم و هاوخەمی نیشان بدەم. کاتێک چوینە گەرگولی سەرێ دیمەنێکم دیت سەرم لێی سوڕماو پڕ بە دڵیش خۆشحاڵ بوم کە دیتم پیاوانی ئەو گوندە بە پیرو لاوو کۆمەڵێک لە دایکانەوە هاتن و دەوری گۆرەکەیان داو کوتیان: ئەوە شەهیدی کوردستانە و خوا ئەو شانازیەی بە ئێمە بەخشیوە کە لێرە نێژراوە و ڕێگە نادەین دەستی بۆ بەرن. ئای لەو دیمەنە جوان و پڕمانایە، کورتەکەی ئەوە دەگەیەنێ کە پێشمەرگە ئیتر کوڕی دایک و بابێک نیە بەڵکو ڕۆڵەی کوردستانە و خۆشەویستی لە دڵاندایە ڕێزی لـەسەر سەرو چاوانـە. دەگەڵ چەنـد پێشمەرگە کـە ڕەحمەتی شەهـیـد (یوسف بەنگینی) بەرپرسیان بوو، چوینە گوندی عیساکەند. یەکسەر چوینە ماڵی کاک (خدر) دایک و خوشکی شەهید بەگەرمی بەخێر هاتنیان کردین، چونکە منیان دەناسی دەستیان دەستۆ کردم و ماچیان کردم.. دیار بوو سۆزەیەکیان کردبوو بەڵام بۆیان ڕوون نەبوو. پێشمەرگەکان دەیانزانی من پێیان دەڵێم و دەبێتە شین و گریان، دەمانەویست لەو کاتەدا ئەوان لەوێی نەبن. کوتم کوڕینە هەتا چایەکە سازدەبێ بۆ خۆتان بچنەدەرێێ، منیش دەگەڵ خوشکە (ئامین) دایکی شەهید بڕێک قسە دەکەم. دایکی ڕەحمان کوتی: بەقوربانت بم مەلا برایم ئەدی بۆ ڕەحمانت دەگەڵ خۆت نەهێناوە؟ با ئەوەش بڵێم باوکی شەهید چوو بوو بۆ سەردانی ڕەحمان. من واقم وڕمابوو، تاسابووم نەمدەزانی بە چ وشەو ڕستەیەک ئەو هەواڵە تاڵ و کتوپڕە دەربڕم و بیگەیەنم . دوای تۆزێک راوەستان دایکی ڕەحمان کوتی: بە قوربان بۆ وڵامم نادەیەوە؟ ئارەقەیەکی خەماوی بە لاجانگەکانم دا هاتنەخوارو بە خەمێکی گرانەوە کوتم: خوشکی ئازیز ڕەحمان شەهید بووە بۆیە دەگەڵ خۆم نەمهێناوە!  ئای لەو هەواڵە جەرگ بڕە و کتوپڕە. دایک ئاگری لە هەناوی بەربوە و ڕۆڵەی جوانەمەرگ کراوە، نازانێ کوڕەکەی چۆن شەهید بووەو لە کوێی نێژراوە، دەستی لە ئەستۆی من کردو بۆ ماوەی کاتژمێرێک هەر بە ڕۆڵەی شەهیدی هەڵدەکوت و تۆفانی داخ و کەسەرەکەشی بەسەر مندا دەڕشت. جارێک دوعای لێ دەکردم و جارێک دوعای بۆ دەکردم. پاش ڕشتنی کوڵ و کۆی دەرونی لە گریان وەستاو خۆی بە قوربانی ڕەحمان و کوردستان دەکرد. ئاواتی دەخواست کوردستان سەرکەوێ و خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نەچێی .کوتی: داوای لێبوردنت لێدەکەم کە قسەی ناحەزم پێ کوتوی، دەزانم برایانە دەگەڵم گریای، تۆ برای و دەزانی خوشک لە برا نیزیکتری نیەو دەتوانێ دەردی دڵی لە لابکاو سێڵاوی خەمی خۆشی بەسەردا بڕێژێی. دەزانم دڵت گەورەیە و قسە نا خۆشەکانم نات هێشێنێ. لەو کاتەدا پێشمەرگەکان هاتنەوە ژور. زۆر بە ئارامی دەستی لە ئەستۆو یەک یەک ماچیکردن. زۆر بەورەوە کوتی: چیتر ناگریم چونکە ئێستا چومە ڕێزی دایکانی شەهیدانی کوردستان و شانازی بەخۆم دەکەم، قوربانیم بۆ ڕزگاری گەل و نیشتمان داوە. ئیتر ڕەحمان چیتر ئێی من نیە ئی هەمو کوردستانە. دایکی شەهیدان بـەخشندەتریـنـ و دڵفراوانترین خەڵکی کوردستانن. خوێنی ئـازیزترین کەسیان لـە ڕێگای ڕزگاریدا ڕژاوە.  ئەو قوربانیە بە نرخانە شەهیدانی کوردستانن و ئەو دایکانەش دەستەخوشکی دایکی نیشتمانن.

 براتان مەلا برایمی مەجیدپور ٢٧ / ڕەزبەری ٢٧١٥ کوردی

 ١٩ / ئۆکتۆبری ٢٠١٥ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی