"an independent online kurdish website

لەم ڕۆژانە کۆنترین حیزبی کوردی کە هەتا ئێستاش لە مەیدانی خەبات و تێکۆشان دا ماوەتەوە تەمەنی ٧٣ سالەی خۆی پڕ کردەوە وپێی نایە ٧٤ مین ساڵی تەمەنی کە ئەویش حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانە.

جیلی یەکەمی حیزب بەداخەوە زۆر کەم کەس لە ژیان دا ماوەتەوە . هەر وەها جێی داخە کە  بەهۆی نەبوونی میدیا و هێرشە جینایەتکارانەکانی داگیرکەران بۆ سەر ئەو حیزبە لە قۆناغە جۆراوجۆرەکانی تەمەنی حیزب دا  زۆربەی تێکۆشەرانی جیلی یەکەم بە نەناسراوی و تەنانەت وەک سەربازی ون سەریان ناوەتەوە و وێنەیەکیشیان نیە .

جیلی دووهەم کە زۆرترین تەمەنی خەباتی نهێنی و زیندان و دەربەدەری و ئاوارەییان چێشتووە، لەو بوارە د اکەمێک باشتر بوون و لانی کەم ژمارەیەکیان وەک ئەوەی کە هەبوون و باندۆریان بووە بۆ جیلی سێهەم کە ئێمەین ناسراون. بەشێک لەو خەباتکارانە هەتا ئێستاش لە ژیان دا ماون و بگرە ڕۆڵیان هەیە لە حیزبی دێمۆکرات و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردیش دا. دوو هەفتە لەمەوبەر یەکێک لە خەباتکارە هەرە ناسراو و زەحمەتکێشەکانی جیلی دووهەم کە کاک سەعید کوێستانی بوو ماڵئاوایی لێکردین و ئەرک و ئاواتەکانی بە ئێمە و نەسلی نوێ سپارد ، یادی بەخێر.

یەکێک لە سیما ناسراوەکانی بزووتنەوەی دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان و دووبارە زیندووکردنەوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان کەلە ژیان دا ماوە و ڕۆژگارێکی سەخت ئەو مرۆڤە سەرکردە بوو،تەشکیلاتی بوو، ڕاگەیاندنکار و نووسەر بوو، بەرپرس و مامۆستا بوو ، زیندانیی سیاسی بوو، تەبعیدکراوی دەستی داگیرکار بوو بە هۆی بیری کوردایەتی و ئازادیخوازی لەم ڕۆژانە دا بیستم کە بەداخەوە نەخۆشی و پیری بڕستی لێ بڕیوە. ئەو مرۆڤە گەورەیە کاک عەبدولا عیزەت پوور خەباتکارێک لە بنەماڵەی گەورەی قاسملوویە و لە ئاڵمان دەژی.

کاک عەبدولا عیزەت پوور تێکۆشەرێکی لێوانلێو نیشتیمان پەروەری، سەداقەت، پاکی، دڵسۆزی، تەوازوع، وەفاداری بۆ گەل و نیشتیمانەکەیە هەتا ئەم ساتەوەختەش. مرۆڤێک کە نەک بە قسە بە ڵکوو بە کردەوە هەموو ژیانی خۆی بەختی میللەتەکەی کرد. تەنانەت دوژمن ژیانی بنەماڵەیی ئەو تێکۆشەرەی لە ژێر گوشار دا هەڵوەشاندەوە چوونکی ئەو وەک کێوی ئاز لە هەمبەر داگیرکار دا وەستایەوە و ڕووی لە ئاسۆی سەرکەوتنی گەلو پشتی لە داگیرکار بوو. هەرچێ سروەت و  سامان کە هەیبوو و کەمیش نەبوو دوژمن دەستی بەسەرداگرت، تاقانە کچەکەشی لە دیداری ئەو باوکە مێهرەبان و پڕلە سۆزە بێ بەش کرد هەتا ئێستاش.

عەبدولا عیزەت پوور ئامۆزای شەهیدی ڕێبەر دوکتۆر قاسملوویە کە تەواوی ساڵانی تەمەنی خەباتگێڕانەی هاوبیر و هاوکار  وهاوخەباتی ئامۆزا دێمۆکرات و ڕێبەرەکەی بوو. ئەو هیندە مرۆڤێکی بە ئیستیقامەت و باوەڕ بەخۆیە، دەتوان بیڵێم هەتا ئێستاش کەس لە هاوڕێیانیشی لێی نەبیستووە کە بڵێ من ئامۆزای کاک دوکتۆرم، واتە قەت نەیویستووە لە گەورەیی و ناو  وناوبانگی دوکتۆر  قاسملوو کەلکی وەرگرێ کە مافی خۆشی بووە. تەنانەت کە کاک دوکتۆر لە ژیان دا بوو، سکرتێری گشتیی حیزب و خۆشەویستی هەموو ئەندامان بوو، ڕۆژێک کەسێک نەیبیست کە خاریج لە هەڵوێستە سیاسییەکان جارێک لە جاران بەرگریی بنەماڵەیی لە کاک دوکتۆر بکا، یان چاوەڕوانیی پۆست و مەوقعیەتی بەرزی هەبێ لە  حیزب و لە کاک دوکتۆر.

لە دەورانی دوای کوودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢زیندانی زۆری کێشا، تەبعید کرا بۆ باکووری ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر، ئاوارەیی باشوور و هەندەران بوو، هاتە دەرەوە بەڵام دیسان گەڕایەوە شاخەکانی کوردستان و وەک پێشمەرگە و بەرپرسێک کاری کرد. هەر ئەرکێک حیزب بۆی دیاری کردباوە بۆی شانازی و سەربەرزی بوو.

کاک عەبدولا لەو کادرانەی حیزب بوو کە خاوەن بیر و باوەڕی سۆسیالیستی و عەداڵەتخوازانە  بوو، بەڵام هەمیشە لە کادرە هەرە جیدییەکانی حیزب لە پێناو پرسی نەتەوەیی کورد بووە. لەو ٧ کەسەی پێکهێنەر و بەشدارانی کۆنفرانسی یەکەمی حیزب لە ساڵی ١٣٣٤ لە کەوتەری مەهاباد بووە کە لەوێ دا حیزب بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندیی تەشکیلاتیی خۆی لەگەل حیزبی توودەی ئێرانی داوە.

بە دەستپێکی زیندوو کردنەوەی حیزب لە دوای کۆماری کوردستان تا بە ئەمڕۆ کاک عەبدوڵا شانازیی ئەندامەتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانی هەیە. لە هەموو کێشە و دابڕانەکانی نێو حیزب ئەو لەوکادرانە بووە کە جێ گورکێی نەکردووە هەر لەگەل حیزب ماوەتەوە تەنانەت ئەگەر لەو کێشانە دا هیندێک جار ناڕازی و بە فکر نیزیک لە باڵە دابڕاوەکانیش بووبێ، کەچی باوەڕی وابووە کە دابران چارەسەری کێشەکان نیە.

دوای کۆنگرەی ٩ی حیزب لە ئاخەر ڕۆژهەکانی ساڵی ١٩٩١ بە ئیسراری کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی سکرتێری گشتیی حیزب کاک عەبدولا بە نابەدڵی ڕێی هەندەرانی گرتە بەر تا هەم بحەسێتەوە  وهەم چارەسەری نەخۆشیەکانی بکاتەوە. لە ماوەیەکی کورت دا بە هاوکاریی حیزب و دۆستانی حیزب کاک عەبدولا گەیشتەوە ئاڵمان و لەوێ مافی پەنابەریی وەرگرت. ئەو یەکێک بوو لەو کەسانەی کە دەبووا لەگەل دوکتۆر شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی لەو کۆبوونەوەیە دا بەشداری بکا کەلە میکۆنووس دەگیرا  وبەداخەوە ئەو کارەساتەی لێکەوتەوە کە کوردی ڕۆژهەڵات و حیزبی دێمۆکرات هەتا ئێستاش پشتی لە ژێر باری قورسی دا ڕاست نەکردۆتەوە، بەڵام ئەو کەس چەند دەقەیەک درەنگتر دەگاتە شوێنەکە و دەبینێ کە کاک دوکتۆر و هاوڕێیانی غەڵتانی خوێن کراون و ناتوانێ دوادیدار لەگەل هاوڕێ خۆشەویستەکەی پێک بێنێ. ئەگەر ەئو چەند دەقەیە دوا نەکەوتبا ئێستا دەبا ئەویش ئێستا لە پەنا هاوڕێیانی و دوکتۆر قاسملووی ئامۆزای لە پێرلاشیز بووایە.

بە بێ موبالیغە  دەتوانم بیڵێم کە کاک عەبدولا عیزەت پوور لەو تێکۆشيرانەی کورد و حیزبی دێمۆکراتە کە دەبێ کتێب لە سەر کەسایەتی و زیاتر لە ٦٠ ساڵ خەباتی بنووسرێن. کۆڕ وسیمیناری لە سەر بگیرێ و وەک سونبۆلی خۆڕاگری و فیداکاری و ئیستیقامەت بە جیلی ئێستا و داهاتوو بناسرێندرێ. ئەو مرۆڤێکی دەروون پڕ،باوەڕمەند، هێمن و خاوەن لێکدانەوە بوو. بە تایبەتی لە سەر ئەدەبیاتی کوردی، فارسی و ئازەری دا تەواو زاڵ بوو، کۆمەڵگای ئێران و کوردستانی چاک دەناسی. بۆیە لە وەها  مەوقیەتێک دابوو کە کاک عەبدولا هەر کادرێکی سادە نەبوو لە ڕیزەکانی حیزب، بگرە سەرچاوەی زانیاری و ئەزموون  بوو.

کاک  عەبدولا زۆر تایبەتمەندیی هەبوو کە هەموویان تەوازوع و گەورەییان لێدەباری. ئەندامی ڕێبەری و بەرپرسی یەکەمی ئۆرگانێک بووە، بەڵام زۆربەی کات لەباتی چەکێکی سووکی وەک کڵاشینکۆف، بڕنۆیەکی قەدیمی لە شان کردووە، سیگاریەکی توخە و لە باتی سیگاری ئامادە، هەمیشە تووتن و پەڕی لە گیرفان دابووە. تا لە کوردستان بوو ئەسپی هەبوو و زۆر ئەسپی خۆش دەویست. بە کۆلکە دار دیکۆر و شتی یەکجار جوان و سرنج ڕاکێشی دروست دەکرد و سەلیقەیەکی تایبەتیی هەبوو. مەجلیس خۆش و ئەهلی باس لە سەر مێژووی جۆڵانەوەکانی کورد و گەلانی دیکە، ئەدەبیات، باسی فەلسەفە و گەشەی کۆمەڵگا  بوو.

کاک عەبدولا عیزەت پوورلە دایک بووی ٢٩ی سیپتامبری ١٩٣٤(٨٤ ساڵ تەمەنیەتی) و  خەڵکی گوندی حاجی بەرکەولیای گەلی قاسملوویە و خۆشی لە بنەماڵەی گەورەی قاسملوویە و بابی کچێکە. ئەو لە هاوینی ساڵی ١٩٩٢ هاتۆتەوە ئاڵمان و لەوێ دەژی کە بەداخەوە بەهۆی چوونە سەری تەمەن و نەخۆشی ماوەیەکە دۆخی باش نیە.  هەم ڕێبەریی حیزب و هەم کۆمیتەی ئاڵمانی حیزب سەردانیان کردووە و لێیان پرسیوە.کاک عەبدولا ساڵانێکی زۆر لە زیندانی ڕێژیمی پاشایەتی دا بووە و  لەگەل زۆر کەس لەوانەی کە دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بوونە حاکم و دەسەڵات و جینایەتیان خوڵقاند ئاشنا ببوو کە ڕەفسەنجانیی جینایەتکار  یەکێک لەوان  بوو و کاک عەبدولای سۆسیالیست و دێمۆکرات لە زیندان دا زۆر جار بە هۆی بیری کۆنەپەرەستانەی ڕيفسەنجانی بە نیسبەت ئازادی یەوە لەگەلی تووشی کێشە و دەمەقاڵە هاتووە.

لە ماوەی رابردوو دا نووسەر و خەباتکاری  هێژا کاک قادر وریا لە بابەتێکی بە پێز دا ڕێزی لە خەبات و کەسایەتیی کاک عەبدولا گرت و دۆستان و هاوڕێێانی کاک عەبدولا  وکاک قادر پێشوازییەکی گەرمیان لە نووسینەکەیان کرد و منیش دووبارە دەستخۆشی لە بەڕێز کاک قادر دەکەم.

لە کۆتایی دا هیوادارم تەمەنی کاک عەبدولا درێژ ،  و تەمەنی کۆماری نگریسی پەت و سێدارەش کورت بێ  ت کاک عەبدلا بە دیداری زێدە شیرینەکەی شاد بێتەوە و نیشتیمانەکەی بە ئازادی ببینێ. کاک عەبدولا شیاوی ئەوەیە سەدان و هەزاران ڵاپەڕەی لە سە ربنووسرێ، بەڵما بەداخەوە من هەر ئەوندەم لە دەست هات کە سەری  تەعزیم بۆ گەورەیی کاک عەبدولای عیزەت پوور دانەوێنم و لە هەمبەر کەسایەتیی خەباتگێڕانەی دا کڕنۆش بەرم.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی