بەڕێزان، لەئاکامی زیاتر لە بیست و دووساڵ بەدواداچوون و کاری بەردەوام، بۆ خزمەت بە وشە و ئەدەبی کوردی، فەرهەنگی فارسی بەکوردیی کاوەم نیزیک بە دووساڵ پێش ئێستا لەسەر هێڵی ئینتێرنێت بەبێ بەرامبەر خستە بەردەستی هەمووان.

ئەوفەرهەنگە، کە دەتوانن لەسەر ماڵپەڕی
(http://www.farhangumejuikawa.com) کەلکی لێوەرگرن، لەساڵی ٢٠١٢ لەشاری هەولێر لە دەزگای ئاراس لە ١٦٠٠ لاپەڕەی (A4)دا لەچاپدرا، ئەوکاتی تێبینیم کرد کرد کە کارەکەم هێشتا ناتەواویی زۆرن، بواری ڕێزمانیی وشەکانم تێدا نیشان نەدابوون، بێجگە لە (زاراوەی سۆرانی و هێندێکیش کرمانی و هەورامی) وشەی زاراوەکانی دیکەی کوردیی بۆوێنە لوڕی و فەیلی و بەگشتی باشووری کوردستانی تێدانەبوون. یا ئەگەر بووبیشن ئەوەندە نەبوون کە دڵم ڕازی کەن، بۆیە کەوتمە حەولووەلا و پشکنینی فەرهەنگ و سەرچاوەگەلی دیکەی وشەی کوردی بۆ دەوڵەمەندترکردنی فەرهەنگەکە و لەو ماوەیەدا ژمارەیەکی بەرچاو فەرهەنگی کوردی (یا دووزمانە) بەهیممەتی بەرزی ژمارەیەک تێکۆشەری کورد بڵاوبوونەوە، کە بەوپەڕی چاوبرسییەتی بەهەمووی ئەوانەدا گەڕام کە و ەدەستم کەوتن و وشەم لێ لەکیس خۆم نەدان و خستمە ناو وشەدانەکەم. من ئەوکارەم بە تەنیایی و دوور لە وڵات و لەئاوارەییدا دەست پێکرد، تەنیا ژمارەیەکی زۆرکەم لە دڵسۆزانی وشەی کوردی بەهانامەوەهاتن، کە ژمارەیان لەقامکی دەستان کەمتر بوو.
لە ڕەوتی ئەوکارەدا تووشی زۆر گرفت بووم، وەک کێشەی فۆنت لە سەرەتاکاندا، و بەدەیان جار ناچار بووم فۆنتەکە بگۆڕم بە فۆنتێکی باشتر و شیاوتر، تا سەرەنجام بەیاریدەی خۆشەویستێک توانیم بگەمە فۆنتی لەبار و شیاو بۆ کارەکەم. کێشەی هەرە گەورەی من لەگەڵ فۆنتەکان لەوەڕا هاتۆتە پێش کە ناچار بووم، بە دوو فۆنت بنووسم، فۆنی کوردی بۆ کوردییەکە و فۆنتی فارسی بۆ فارسییەکە، لەوڕێگایە دا تووشی کێشەی زۆر بووم، چونکە شێوە و کاری فۆنتەکان زۆر پێکەوە ناگونجێن، بەخۆشییەوە بەشی هەرە زۆری گرفتی فۆنتم تائێستا بەتایبەتی بە هاوکاریی برایەکی بەڕێز و خۆشەویستی لە پرۆگرام زانم بۆ چارەسەر بوون، بەڵام ئێستاش تاک و تەرا تووشی هێندێک هەڵە دەبم کە لە تێکەڵبوون و جێگۆڕکێی پیتی (ه)ی فارسی لەگەڵ بزوێنی (ە)ی کوردی دا هاتوونەتەپێش. بۆ نموونە: وشەیەکی وەک (گوهر)ی فارسیم لێ بۆتە (گوەر)، واتە پیتی (هـ)ی فارسیم لێ بۆتە بزوێنی (ە)ی کوردی، و ئەوە نەک هەر لە لێگەڕاندا دۆزینەوەی وشەفارسییەکە واتە بۆ نموونە (گوهر)دا تووشی کێشە دەبین، چونکە لە ئەستوونی فارسییەکاندا بەشێوەی (گوەر) هاتووە و بە ڕێنووسی فارسی ناخوێندرێتەوە، و… زۆر هەڵەی دیکەش، کە لەپێداچوونەوەکاندا تووشیان دەبم و ڕاستیان دەکەمەوە. گرفتێکی دیکەشم ئەوە بووە کە لەپێشدا ئەو فەرهەنگەم بۆ چاپکردن دانابوو، کەوا بوو بۆ کەمتر جێ گرتن، وەک لە هەموو کتێبە فەرهەنگەکاندا باوە، بۆ وشە هاو ماناکان، لەپێش یەکێک لە وشەکاندا واتاکە دەنووسی و بۆ وشەکانی دیکە، لەجێگای مانادا دەنووسی: بڕوانە…. بەڵام لە فەرهەنگی سەرهێڵ یا ئەلەکترۆنیدا ئەوە باش نییە و هەوڵم داوە هەموو واتاکانی وشەیەک لەپێش خۆی بنووسم. لەوەشدا ئێستا لەپێداچوونەوەدا زۆرجار ناچار دەبم لەزۆر جێگادا کە تووشی وشەیەک دەبم کە هەموو واتاکانی لەپێشدا ڕیزنەکراون، تەوای بکەم، جار وابووە تەنیا بۆ چارەکردنی گرفتێکی ئاوا لە مانای وشەیەکدا، زیاتر لە ١٥ کاتژمێر کات بەخت بکەم. یا جار وابووە لە ڕاگوێستنی ماناکانی وشەیەک لەسەر م.ئۆفیس ڕا بۆ ئێکسێل تووشی هەڵە بم، وێڕای باگهێشتنتان بۆ سەردانی ئەو ماڵپەڕە و چاوپێداخشاندنی فەرهەنگەکە، داواتان لێدەکەم بە پێێشنیارێک بۆ چاکسازی، دەست نشانکردنی هەڵەیەک، یا بەناردنی ئەو وشانەی لەفەرهەنگەکەدانین(چ فارسی و چ کحوردیەکەی) یاریدەدەرم بن.