Hoppa till innehåll
Hem » خەڵاتی درۆ، ڕۆژاوای دوڕو، فەرهاد شاکەلی

خەڵاتی درۆ، ڕۆژاوای دوڕو، فەرهاد شاکەلی

دوو سەعات لەمەوپێش، چاوم لە ڕاگەیاندنی ڕاستەوخۆی کۆمیتەی نۆبێل بوو، کە خەڵاتی ئاشتیی ساڵی ٢٠١٨ دەدرێتە (دێنیز موکوێگێ)ی خەڵکی کۆنگۆ و خاتوو (نادیا موراد)ی ”ئەندامی کەمینەی یەزیدی لە باکووری عیراق”.


تا دوایین چرکەی ڕاگەیاندنەکەم بینی و گوێ لێ بوو، نە خەڵاتدەرەکان و نە ئەو هەموو ڕۆژنامەوان و میدیاکارانەی لەوێ ڕاوەستابوون بۆ ڕووماڵکردنی ڕووداوەکە و هەندێ پرسیاریشیان لە خانمی پێشکەشکار کرد، بە یەک تاکە وشەیش ناوی کوردبوونی نادیا مورادیان نەهێنا و نەیانگوت خەڵکی کوردستانە.

ئەم جۆرە هەڵوێستە بۆ من شتێکی تازە نییە و دەمێکە لە میکانیزمی ڕوواڵەتکارانە و چەواشەکارانەی ئەم ڕێزلێنان و خەڵاتکردنە درۆ و ساختەکارانە تێگەیشتووم. ئەم پاییزە دەبێتە چل ساڵی ڕێک کە من لە سوێد دەژیم. لەم چل ساڵەدا سیونۆ (٣٩) جار پێشکەشکردنی خەڵاتی ئەدەبییات و چل (٤٠) جاریش خەڵاتەکانی دیکەم بینیوە و تا ڕادەیەک ئاگاداری یارییەکانی پشت پەردەی بڕیارەکانی کۆمیتەی نۆبێلیش بوومە، کە لێرە و لەوێ لە ڕێگەی هەندێ ڕۆژنامەوان و میدیاکاری چوختی و بەلەسەوە ئاشکرا دەکرێن. بۆیە وتم (٣٩) جار خەڵاتی ئەدەبییات، چونکە ئەمساڵ خەڵاتی ئەدەبییات نادرێ. ئەکادیمیای سوێدی ئاوڕووی خۆیان و خەڵاتەکەیشیان برد، کاتێ ئەوە ئاشکرا کرا کە مێردی ئەندامێکی ئەکادیمیای سوێدی، پێوەندیی سێکسیی لەگەڵ ژنی بەشێک لە ئەندامانی ئەکادیمیادا هەبووە و ئەنجامی ئەم پێوەندییانە چی بووە.

من لە دڵەوە پێم خۆشە کە خاتوو (نادیا موراد) خەڵاتەکەی وەرگرت و پیرۆزبایی لێ دەکەم. نادیا و ئازارەکانی نادیا و سەدان و هەزارانی دیکەی وەک نادیا، شایانی ئەوەن دەیان و سەدان خەڵات وەربگرن و ڕێزیان بگیرێت و خەم و خەفەت و ئازارەکانیان بۆ خەڵکی ئەم دنیایە و بۆ مرۆڤایەتی تۆمار بکرێن. بەڵام دەبێ لای مرۆڤە هۆشیارەکان و ڕووناکبیران و بڕیاردەر و سیاسەتمەدار و خەڵکانی دیکەیش ئەوە ڕوون بێت، کە خەڵاتی نۆبێل، چ هیی ئاشتی و چ هیی ئەدەبییات، بە فیلتەری سیاسەتێکی دزێو و ناشیرین و گوماناویدا تێدەپەڕێت و هیچ پێوەندییەکی بە داهێنان، یا بە چەوسانەوە و بەدبەختییەوە نییە. باسی خەڵاتەکانی دیکەی نۆبێل، فیزیا و کیمیا و پزیشکی و ئابووری، ناکەم، چونکە وەک ئەم دووەی باسم کردن، ئاگاداری ئەوانە نیم.

کۆمیتەی نۆبێل بە نادیا موراد دەڵێ ”ئەندامی کەمینەی یەزیدی لە باکووری عیراق”. ئەوان لە من و تۆ چاکتر دەزانن و ئاگادارن کە نادیا کوردە و خەڵکی کوردستانە. ئەوان زۆر چاک ئاگادارن کە نادیا و سەدانی وەک نادیا بە هەوڵ و کۆششی حوکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕزگار کراون. بەڵام بەرژەوەندیی ڕۆژاوا ئەوەیە هەمیشە جەختی یەزیدیبوون بکات، بە کوردستانیش بگوترێ باکووری عیراق. لەم بوارەدا دەبوو خزمانی یەزیدی خۆیان، بە زمانێکی ڕوون و ئاشکرا، بە هەموو ئەوانەی باسیان دەکەن، یا قسەیان لەگەڵ دەکەن یا ڕێزیان دەگرن، بڵێن: تۆ مافی ئەوەت نییە بڕیاری ناسنامەی ئێمە بدەیت. ئێمە کوردین، ئایینەکەمان یەزیدییە و ”وەلاتێ مە کوردستانە”. کۆمیتەی نۆبێل لە کورد و کوردستانیبوونی نادیا خان خۆی گێل دەکات، کەچی لەوەدا هیچ هەڵە ناکات کە لە جێی (شەنگال) بڵێ (سنجار)، چونکە ئەمەیان ئەو شێوەیەیە کە عیراقی عەرەبی پێی خۆشە و دەیەوێ بیسەپێنێت. (داعش) دەیویست بە زۆر و بە هەڕەشە و سووکایەتی نادیا خان و هەزاران نادیای دیکە واز لە دین و ئایینی خۆیان بهێنن، ڕۆژاوایش دەیانەوێ بە خەڵاتکردن و بە بەرتیل بەرگی جوانی کوردبوونیان لە بەر دابکەنن.

هەر لەم دەرفەتەدا دەبێ ئەوەیش ڕوون بکەمەوە کە میدیاکارانی کوردستان، زۆر جار خوێنەر و بیسەر و بینەر چەواشە دەکەن، ئەوانەی کە ئینگلیزی یا زمانەکانی دیکەی ئەورۆپا نازانن، و بە شێوەیەک قسە و لێدوانی ڕێبەر و سیاسەتمەدارانی ڕۆژاوا دەگوێزنەوە کە لەگەل ڕاستیدا ناگونجێت. دەیان جار گوێم لێ بووە و بینیومە، کە کابرای ڕۆژاوایی وتوویەتی (Northern Iraq)، کەچی ئەمان بە (کوردستان) تەرجەمەی دەکەن. تەنانەی بەرانبەر سیاسەتمەدار و بەرپرسانی عەرەبیش هەر ئاوا (شەرمن و سەلار)ن. کابرای عەرەب دەڵێ (الاقلیم)، بەڵام ئەمان کە تەرجەمەی دەکەن، دەڵێن (هەرێمی کوردستان).

ئێستا کە یەکەمین جارە لە مێژوودا کوردێک خەڵاتی نۆبێل وەردەگرێت، دەبێ کورد لەوە ژیرتر و وریاتر و ڕاستگۆتر بن، کە کڵاوی زەرد و سوور و کەسکی ڕۆژاوایان بکرێتە سەر. دەبێ ڕاستوڕەوان بە ڕۆژاوا بڵێن، یەزیدی کوردن و یەزیدیخان کوردستانە. نابێ لەوە بترسن و سڵ بکەنەوە کە ”دۆستەکانیان!” لێیان زویر ببن. ڕووناکبیرانیش دەبێ ئەو ڕاستییەیان لا ڕوون بێت کە خەڵاتی نۆبێل، لە ٣٠-٣٥ ساڵی ڕابوردوودا، زۆر جار، وەک ڕێگایەک و وەک کەرەستەیەک بۆ ناوزڕاندن و دژایەتیکردنی ئیسلام بە کار دەبرێت، نەک بۆ ڕێزگرتنی داهێنانی ئەدەبی یا خەبات لە پێناوی ئاشتیدا. زۆر جار بینیومانە کە مرۆڤکوژ خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی پێ بەخشراوە و کۆلکە نووسەر خەڵاتی ئەدەبییات. ڕۆژاوا ئەگەر شەڕی ئیسلام و موسڵمانان دەکات، با بچێت خۆی بیکات، نەک کورد بە کار بهێنێت و دواییش بە گورگانخواردی بدات. لە شەڕی (داعش)دا هەزاران تێکۆشەر و خەباتگێڕ و قارەمانی کورد کوژران و بریندار کران، بەڵام ڕۆژاوا پاداشتی کوردیان بەوە دایەوە کە دژی گشتپرسی ڕاوەستان و داگیرکردنی نیوەی خاکی کوردستانیان پێ ئاسایی بوو.

هەر ئەم ڕۆژاوایە و هەر ئەم کۆمیتەی نۆبێلە، ساڵی ١٩٨٨، کە هەڵەبجە ژارباران کرا و (ئەنفال)ی بەدناو ڕووی دا و هەزاران کچ و ژنی کورد دیل کران و هەرچی خراپە بەسەریان هێنرا، یەک وشەیان لە دەم دەرنەچوو، نەوەک سەددام حوسەینی دۆست و خۆشەویستیان زویر ببێت. نە ئەوسایش و نە ئێستایش نەیانهێشت ڕاستیی ئەو کارەساتانە ئاشکرا بکرێت، چونکە ئەودەم ئەوەیش ئاشکرا دەبوو کە خۆیان هاوبەش و هاوکرداری ئەو تاوانانە بوون.

 

نادیا خانمی بەڕێز و خۆشەویست! لە دڵەوە پیرۆزبایی لە تۆ و لە نەتەوەی کورد و لە کوردستانی نیشتمانی هەموومان دەکەم. تۆ زۆر لە خەڵاتی نۆبێل گەورەتریت و زۆر لە سیاسەتی ڕۆژاوا پیرۆزتریت. ئازارەکانی تۆ، ئازاری هەموو مرۆڤایەتین و بەشێکن لە مێژووی مەینەت و چەوسانەوە و ژێردەستیی مرۆڤ لە سەرانسەری مێژوودا. تکایشت لێ دەکەم: ئەو ئێوارەیەی کە خەڵاتەکە وەردەگریت و ئاخاوتن پێشکەش دەکەیت، بە کوردی قسە بکە و زۆر ڕوون و ئاشکرا بڵێ: ئەز کوردم و وەلاتێ من کوردستانە.

برینی نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەی، نە بە خەڵاتی نۆبێل و نە بە بەڵێن و دۆستایەتیی ڕۆژاوا ساڕێژ دەبێت. ئەم جارەیش، ئەم نووسینەم بە وتە جوانەکەی سۆکرات، فیلۆسۆفی گەورەی یۆنانی، دەبڕمەوە، کە فەرموویەتی: ”خۆت بناسە: Know Thyself!”.

 

زانستگەی ئوپسالا، سوێد

سەرچاوە: ئاوێنە