لە درێژەی لایڤەکەی بەختیا بلوری لە سەر زاری چالاکێکی دێرین و بەرپرس و بەشدارێکی ڕوداوەکانی ئەودەم درێژە بە باسێکی تێکەڵ پێکەڵی ناڕون دەدەن کە پێویستی بە ڕاست کردنەوە هەیە.
۱– باسی ئەوە دەکرێت کە گوایە ڕێکحستنی حدکا لە هەورامان بونی نەبووە و دوای شەڕی سێ مانگە سەری هەڵداوە.
ئەم جۆرە دەربڕینانە جۆرێک چەواشە کاری و زەین کوێریی و خۆ گێل کردنە
ڕێکخراوی حدکا زستانی۱۳٥۷ لە پاوە بە ناوی کومیتەی هەورامان و جوانڕۆ دامەزراوە و بنکەیەکی ئاشکرای لە نێو شاری پاوە هەبو کە ڕۆژانە بۆ چالاکی و سەردانەکانی خەڵک کراوە بو، ئەو کومیتەیە بەشی نیزامی هەبو کە شەهید موستەفا بەرپرسی بو. ئەو دەم شارەبانی و کومیتەی سپای پاسداران دەور و ڕوڵیان نەبو بۆیە پەلێک پێشمەرگە ئەرکی چاوەدێر نەزم و ئارامی شارییان پێ سپیردرابو.
جیا لە شاری پاوە لە چەند شوێنێکی ناوچەکە کومیتەی حدکا هەبون ( نەوسود جوانڕۆ) کە بەردەوام بە پێی تێگەیشتن و توانای ئەو کات لە هەڵسوڕاندا بون.
بەشێک لە هەڵسوڕاوانی دیار و چالاکی دوایی کۆمەڵە ئەندام بون لەو ڕێکخستنانەی حدکادا، بۆ بەشداری لە کۆبونەوەی بەرینی حدکا کۆمەڵێک ئەندام و هەوادار و خەڵکی ناوچەکان چوینە مەهاباد و ڕۆژی دوایی بۆ چۆنیەتی چالاکتر کردن کەموکوری وگرفتی ڕێکحراوی حدکا لە پاوە لەگەل شەهیدان جەلیل حەیدەری و یاسین ئیراندوست ( دوو چالاک و هەڵسوڕی دیاری دواتری کۆمەڵە) چوینە خزمەت دوکتور قاسملو . جەلیل و یاسین دوو چالاکی دیار و هەڵسوڕ بون کە هەرکام تایبەت مندی خۆیان هەبو . جەلیل کەسێکی هەڵسوڕ و بە ئەزمونی سیاسی بو کە لە کەسانی دەورو بەری خۆی جیای دەکردەوە، یاسین کە پێشتر لە باشور ئەزمونی کاری ڕێکخستن و کێشەی نەتەوایەتی شارەزای باشتری لە ئێمە مانان هەبو جیاواز بو ، بەتایبەت لە سەر زبانی کوردی کە ئەودەم ئێمە بە گشتی کۆڵەوار بوین.
لە بیرمە جەلیل لە سەر کومیتەیەکی حیزبی بەناو هەورامان و جوانڕۆ کێشەی هەبو کە هەورامان و جوانڕۆ دوو ناوچەی جیاوازن و تایبەتمەندییە جیاوازەکانی ئەو دوو ناوچەیە پێویست دەکات کە جوانڕۆ کومیتەیەکی سەربەخۆی هەبێت.کاتێک کە هاتینە دەر جەلیل وتی من لەمڕۆ بەدواوە ناتوانم لە کومیتەیەکدا کار بکەم کە سوور دەزانم سەرکەوتو نابێت( ساڵانێک دواتر ئێمە دەرکمن بەو هەڵەیە کرد کە ئەگەر جوانڕو کومیتە و هێزێکی سەربەخۆی هەبوایە چەندە بە کەڵک دەبو).
۲–لە درێژەی لایڤەکەی بەختیاردا باسێکی ناڕون و تێکەڵ سەبارەت بە کۆبونەوەی سەریاس و قورەقەڵا دەکرێت ، ئەو دوو کۆبونەوەیە دوو کۆبونەوەی جیا بە مەبەستی جیا پێک هاتن کە هەر دووکی لە لایەن کومیتەی حدکا پێشنیار کرا و بەڕێوە برا.
کۆبونەوەی سەریاس – بۆ دامەزرانی شەورای شار و گوندەکان پێکهات و کە کۆبونەوەیەکی گەورە و جەماوەری بو کە بە مێوانداری شەهید موستەفا و حزمانی لە سەریاس پێک هات، بڕیاری دیاری کردنی هەیئەتی نوسینەوەی ئەساس نامەی ناوخۆی شەورای شار و گوندەکان درا، یەکێک لە مەکتەب قورئانییەکان لە نێو هەیئەتەکەدا هەڵبژێردرا کە دواتر ئەم مەکتەب قورئانییە کێشەی لە نوسینەوەی ئەساس نامەی شەورادا دروست کرد و دواتر مەکتەب قورئانی و جاشەکان هێزی غەیرە بومییان کێشایە ناو شار و شەڕیان ساز کرد.
کۆبونەوەی قوڕەقەڵا- کێشەو ئاڵۆزیەکانی ناوشار گەیشتبووە حاڵەتی تەقینەوە، بەرپرسی سپا(زوڵفەقاری) بەپێی بەرنامەی دیاری کراو بە نیاز بو بۆ پەرەپێدانی دەسەڵاتی لاوازی خۆی هێزی غەیرە بومی (سپای پاسداران) بکێشێتە پاوە و لەو پێناوەدا پلانی داڕێژراو و دیاری کراوی خۆی هەبو. بەشێک لە پلانەکەی ئەوە بو کە بۆ هێنانی هێزی غەیرە بومی پێویستی بە پشتیوانی دانیشتوانی پاوە و دەورو بەر هەبو، هەر بۆیە ڕۆژانە ئاڵۆزی و نا ئەمنی جۆر واجور دەکەوتە ناو شار کە گوایە لە ناو شار ئەمنیەت و ئاسایش نییە و پێویست بە هێزێک هەیە کە ئەمنیەت و ئاسایشی شار بپارێزێت .مەلاکان و مەکتەب قورئانی و جاشەکانیش چاوساقی زوڵفەقاری بون. دەمێک بو جاشەکان خزابونە ناو جاشخانەکان و هیچکات بە چەکەوە دەر نەدەکەوتن، سەردەمی ئاڵۆز کردنی شار جاشەکانیش کەوتبونە مانۆڕ دان و بە کۆمەڵ سواری ماشینی ڕیاوی ئەرتەشی دەبون دەکەوتنە هاتو چۆ ، لەیەکێک لەم مانۆڕانەدا یەکێک لە ماشینە ڕیاوەکان بە هۆی ناشارەززای جاشی ڵێخوڕ لای کوندی دەرەوەیان بە ۳۰ٓ – ۲٥ کەسەوە کەوتە ناو ئاودڕێکەوە و کۆمەڵێک جاش کوژران و کۆمەڵێکیش بریندار بون، خەڵکی دەورو بەر کە شاهیدی ڕوداوەکە بون ڕژانە سەر کوژراو بریندارەکان و هەمو چەک تەقەمەنیەکانیان بە تاڵان برد، سپا ئەم هەلەی قۆستەوە بۆ دروست کردنی نارەزایەتی زیاتر کە گوایە پیشمەرگەکانی حدکا تەقەیان لەو ماشینە کردووە و چەک و چۆڵەکەشیان بە تاڵان بردوە.
چەند ڕۆژ دواتر شار شاری باروتە و دنکە شەمچەیەک کارەسات خولقێن ، رانندە مینوبوسێک(جاف) لەگەل کەسێکی پاوەیی دەمە قاڵێکی نێوان خۆیان لێ بەرز دەبێتەوە ، ئەم دەمەقاڵە دوو کەسیە کاری شەمچەی شاری باروتی کرد و شار بە تەوای ئاڵۆز بو مەڵا و جاش و مەکتەب قورئانیەکان کەوتنە شوعار دان ( داوای هاتنی هێزی غەیرە بومیان دەکرد ) بەرەو بنکەی سپای پاسداران.
بە پێی بەرنامەی دیاریکراو فەرمانداری پاوە بو بە شوێنی مێوانداری لە مانگرتوان . لەولاشەوە کومیتەی حیزب بڕیاری دا بە دژی ئەو مانگرتنەی فەرمانداری پاوە لە قوڕەقەڵا مانگرتنێک ڕێک بخات.ئاپۆرایەکە زۆر و بەرین لە زۆربەی شار و گوندەکان( نەوسود، نۆدشە ناوشاری پاوە، جوانڕۆ، روانسەر، سەلاس و باوەجانی تەنانەت کرماشان و کامیاران و داڵاهۆ) رویان لە قورەقەڵا کرد، سەرەتا شەورایەکی کاتی و دواتر شەورای مانگرتوانی قورەقەڵا هەڵبژێردرا کە هەر دوو دەورەکە کاک ڕەحیم بەغدادی وەک بەرپرس و قسەکەری شەورا هەڵبژێردرا. دەنگدانەوەی ئەو مانگرتنە بەرینە ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوی ناچار کرد هەیئەتێک ( ئوستاندار و ئاخوندێک و چەند بەرپرسێکی ئوستانی کرماشان) بە هلیگۆپتەر بنێرنە قورەقەڵا بۆ جێ بەجێ کردنی داخوازی مانگرتوان. داخوازییەکی دوازدە خاڵی درایە هەیئەتی حکومەتی و یازدە خاڵی قەبوڵ کرا ، خاڵی سەرەکی بریتی بو لە پێشگیری هێزی غەیرە بومی بۆ پاوە، ئوستاندار ڕایگەیاند کە ئەو خاڵە لە دەسەڵات و توانای مندا نییە و پێویستی بە مەشوەرەتی بەرپرسانی باڵاهەیە و دواجار بەڵێنی دا کە لەگەل بەرپرسانی باڵا پشتیوانی داخوازەکەتان بم بۆ بەرگری لە ناردنی هێزی غەیرە بومی .
قورەقەڵا لە ۳۰ کیلومتری شاری پاوە و لەسەر تاکە ڕێگای ئەسڵی کرماشان پاوە هەڵکەوتوە، چەند کاتژمێرێک دوای گەڕانەوەی هەیئەتەکە بە چەند هەلیکۆپتەرێک ( بەسەر مانگرتواندا)کەوتنە کۆاستنەوەی هێز لە کرماشانەوە بۆ پاوە.هەر ئەو شەوە دەنگۆ داکەوت کە تیمێکی پاسداری نێردراو بۆ پاوە بە نیازن کە دزە بکەن بۆ لای قوڕەقڵا و بە هۆی تەقە و دەسڕێژ لە مانگرتوان بڵاوە بە مانگرتووان بکەن، بۆ بەرگری لەو پیلانە تیمێک پێشمەرگە ڕەوانەی دەروازەی شاری پاوە کران کە جمو جوڵەکانی پاسدارەکان بگرنە ژێر چاوەدێری، لە نێوان دوریسان و بیمارستانداپێشمەرگەکان نیوە شەو دەکەونە ناو کەمینی پاسدارەکان و دەدرێنە بەر دەسڕێژ و پێشمەرگەکان ڵێیان دەێنە دەست و کۆمەڵێک پاسدار کوژړان و بریندار بون. بە گەیشتنی هەواڵی شەڕ و تێکهەڵچون بە قوڕەقڵا فرماندە موستەفا خۆی دەکەیەنێتە نزیک شوێنی ڕوداوەکە . وا دیارە پاسدار و جاشەکان خۆیان ئامادە کردووە بۆ هێرشێکی بەربڵاو و لە شار دەرکەوتون، لە دورە تەقەیەکی سەر لەبەیان لە ئەم بەر و ئەوبەری چەمی دوریسانی پاسدارەکان کاک موستەفا بریندار دەبێت( ۱٥/ ۸/ ۱۹۷۹) کە بە هۆی سەختی برینەکەی لە نزیک ڕوانسەر شەهید دەبێت.شەڕ بە تەواوی پەرەی سەند و کۆمەڵێک جاش و پاسدار کوژران و بریندار بون و لەم لاش چەند شەهید و بریندارێک، ئاکام خومەینی فتوای جیهادی داو و حدکا ی هەڵوەشاوە ڕاگەیاند و هەمو هێزە چەکدارەکانی ئێرانیی ڕاسپارد بە زوترین کات خۆیان بگەیەننە پاوە.
ئەمەی سەرەوە کورتەیەک لە راستی ڕەوتی ڕوداوەکانی ئەو سەردەمە بو کە کۆمەڵەییەکان لە چەند وشەیەکدا بە مەبەستەوە چەواشەی دەکەن کە گوایە حدکا دوای شەڕی سێ مانگە لە هەورامان سەری هەڵداوە. ئەوە ئەو قەزاوەتەیە لەسەر ڕوداوە گرنگەکانی ناوچە کە هێشتا لە زەینی خەڵکی ناوچەکە نەسڕراوەتەو کە چی ئەو کەسە ڕاسگۆ و بێ لایەن و بەرپرسانە بە مەیل و ئارزو خۆیان دەسکاری و چەواشەی دەکەن
۱٤/ ۱۱/ ۲۰۱۸
مەنسور
درێژەی هەیە
کولانەوەی برینێکی پڕ ژان، شەڕی کۆمەڵە و دێمۆکڕات بەشی 1، مەنسور ئیراندوست