ئەکرێ بێژین، ئەگەر ژیان قوتابخانە بێ و مرۆڤیش قوتابی و فێرخواز، بێ گومان سەفەریش یەکێ لە گرینگترین مامۆستاکانی ئەو قوتابخانە و فێرخوازەکانیەتی.

سەفەرەکان جۆراوجۆرن، ئەکرێ بەپێی ئامانج و ئەرکەکانیان پۆلێن و پێناسە بکرێن. بە کورتییەکەی ئەوەی ئێمە دەبێتە سەفەری کۆچ و ئێمەش لەو سەفەرەدا دەوری کۆچەر یان کۆچبەرمان ھەیە، ھەڵبەت بە پەنابەر، پەناھندە و پەناخوازیش ناو ئەبرێین.
کۆچ ئەو چەمک و وشەیەی کە خەڵکان، گەلان و نەتەوە بێ وڵات و دەوڵەتەکان زیاتر پێی ئاشنان و ئازارە رۆحی، جەستەییەکانیان دەرک و ھەست پێکردووە و ئەکەن، یان ئەو وشەیەی کە ھاوڕێی شەڕ ، وێرانی، کاولکاری، کوشتن، گرتن، ئەشکنجە، خەفەقان، سەرکوت، دەمکوت و نائەمنییە.