"an independent online kurdish website

هاوینی سالی ١٣٧٢ بوو. ئێمە کادر و پێشمەرگەکانی هێزی ئاگری و مەلبەندی شیمال لە ناو چادرەکانی سەڕوو لە بناری شاخی شەهیدان لە ناوچەی تەرگەوەری ورمێ بووین.


هێزی ئاگری خۆی بۆ عەمەلیاتێک لە ناوچەی شپیرانی سەلماس ئامادە دەکرد کە ئەویش لێدانی گورهان یا گوردانی گوندی دێلەزی ناوچەی شیپیران بوو. ئەو کات من وەک پێشمەرگە لە پەلی ١١ی لکی یەک سازمان درابووم. كاک سەعید یوسفی (سەعید گولێ ] سەرلکمان بوو. من ناخۆش بووم و ئەسلەن باش نەبوو. کە زانیم پێشمەرگەکان بەرەو ناوچەی شیپیران حەرەکەت دەکەن، وێرای ئەوەی زۆرم پێخوش بوو لە گەلیان بڕۆم بۆ ناوچەی شپیران و دەمزانی کە بەرنامەی عەمەلیاتیان بە دەستەوەیە، بەڵام بە هوی وەزعیەتی خرابی جسمانیم ناچار بووم بچمە لای کاک سەعید پێی بڵیم کە ناخوشم وناتوانم لە گەلتان بێم. کاک سەعید وتی وەلا مەجید گیان زۆرم پێخۆشە لە گەڵمان بی، بەڵام کە وەزعت باش نییە مۆشکیلە نییە من لە گەل کاک مەحمود دەشتی [ئەو کات کاک مەحمود دەشتی بەرپرسی مەڵبەندی شیمال بوو] قسە دەکەم و دەتوانی لە گەل کاک مەحمود بمینییەوە.

پێشمەرگەکەکان خۆیان ئامادە کرد و خۆشحاڵی بە دەم و چاوی هەموویانە دیار بوو، بە تایبەت کادر و پێشمەرگەکانی شاری سەلماس و ناوچەکانی دەوروبەری، پاش مالئاوایی خواستن لە یەکتر ئەوان وەرێکەوتن بەرەو ناوچەکانی سەر بە شارستانی سەلماس و ئێمەش هەر لە جیگای خۆمان ماینەوە. زۆری نەخایاند کە کاک روستەم جەهانگیری  کە ئەندامی مەلبەندی شیمال و بەرپرسی کومیتەی شارستانی ورمێ بوو ، بانگی منی کرد و وتی: خوت حازر بکە دەچین بۆ شوێنێک. وتم هەر ئێستا دەرۆین، وتی بەڵێ هەر ئێستا دەرۆین. دەست بەجێ خۆم حازر کرد و وەدەر کەوتم و چوومە لای کاک روستەم و دیتم کە کاک کاوە دەشتەبێلی یش خوی ئامادە کردووە و لە گەلمان دێت.

خوڵاسه، ئێمەش پاش مالئاوایی خواستن لە کاک مەحمود و هاوڕێیانی دیکە بەرەو گوندی جێرمێ شور بووینەوە.[پێویستە بگوترێ کە گوندی جێرمێ و بێتکارە لە لایەن ریژیمەوە سوتێنراون و تا ئێستاش ئیجازەی ئاوەدان کردنەوەیان پێ نەداون. هەروەها فەرماندەی قارەمان و لێزان شەهید براهیم شێخالی لەو گوندە دا و لە سالی ١٣٦٤ شەهید بوو] من نەمدەزانی کە بۆ كوێ دەرۆین و هەر پێم وابوو دەچینە ناو چادرەکانی جێرمێ. نازانم کە کاک کاوەش هەر وەكو من بێ خەبەر بوو یا پێیان ڕاگەیاند بوو کە بەڕەو ناو شاری ورمێ دەروین.

نایەته یادم کە چووینە ناو چادرەکانی جێرمێ یا نە . بەڵام لە خوارەوەی چادرەکان لە شوێنێک دانیشتین و کاک روستەم پێی وتین کە ئێمە مەئموریەتمان لە لایەن مەڵبەندەوە پێ دراوە و دەچینە ناو شاری ورمێ بۆ بەسەر کردنەوەی تەشکیلاتمان و مەئموریەتەکەمان چەند حەفتەیەک دەخایەنێ و دەبێ زۆر زۆر وریا بین و زۆر نیهێنیکار بین و لە بیرتان نەچێ کە ئێمە بۆ کاری نیزامی ناچین و دەكرێ بە چوکترین هەڵە گەورەترین زەڕبه بخۆین.

راستییەکەی من پاش بیستنی قسەکانی کاک روستەم سەرەتا پێم وابوو کە کاک روستەم شوخیمان لە گەل دەکا و چونکە ئەوەلەن من و کاک کاوە پێشمەرگە بووین ، نە کادری تەشکیلاتی و پاشان من نەخوش بووم و هەر بویەش لە گەڵ هێز نەچوو بووم بۆ ناوچەی شپیران، بەڵام کە زانیم کە کاک روستەم جدییە و ئێمە هەر بەڕاستی بەرەو ناو شاری ورمێ بەرێوەوەین، وام فکرم کردەوە کە حەتمەن حیزب دەیهەوێ بۆ کاری تەشکیلاتی تاقیمان بکاتەوە و لە گەل ئەوەی حاڵم ئەسلەن باش نەبوو بەڵام بریارم دا کە هەرچی لە دەستم بێ دریغی نەکەم بۆ بە ئەنجام گەیاندنی مەئموریەتەکەمان.

پاش ئەوەی کاک روستەم لە قسەکانی تەواو بوو بەرەو گەڵی بەردەسور کەوتینە رێ. لە خوارەوەی گوندی جێرمێ تووشی هێندێک کاروانچی بووین کە خەریکی نان و چاو خواردن بوون بە باشمان زانی بچینە لایان و هەم نان و چایەک بخۆین و هەمیش برێک لە سەر وەزعیەتی ناوچەی تەرگەوەر پرسیاریان لێ بکەین.

پاش ئەوەی لە نان و چای خواردن بوینەوە و هەواش وردە وردە تاریک هەڵگەڕا، سوپاسی کاروانچییەکانمان کرد و مالئاواییمان لێیخواستن و بەرەو گوندی تویێ کە گوندی کاک کاوە بوو وەرێکەوتین. بەڵێ پاش نیزیک بە ٤ سەعاتێک ڕێگا برین گەیشتینە نێوان گوندەکانی بەردەسوور و کویێ. سەگوەرێكی زۆر بوو ، تەقە دەکرا ، نازانم رێژیم هەستی بە بوونی ئێمە کردبوو یا هەر لە خۆرا تەقەی دەکرد. سەعات ١٠ی شەو بوو. وردە وردە خومان لە گوندی تویێ نیزیک کردەوه و کە دڵنیا بوین گوند ئارامە چوینە مالێک و تا سەعاتی یەکی شەو لەوێ بووین. مالی ئاوا ، بە گەرمی پێشوازی لێ کردین و پاش ئەوەی هێندێک پرسیار لە سەر وەزعی ناوچە و سوپاس کردن لە ساحیب ماڵ و بنەماڵە بەڕێزەکەی، مالئاواییمان لێ خواستن و لە گوند وەدەرکەوتین.

 

هیچ بەڵەدییەکم بە سەر ئەو ناوچەیە نەبوو و هەر بویەش هەمیشە کاک کاوە لە پێشەوە و منیش لە دواوەی هەردوکیان دەرویشتم. لە پێشدا قەرار بوو بەرەو پشت گوندی سولکی برۆین .پاشان پەشیمان بوینەوە و ڕێگامان بەرەو لای وردە دولکەکانی نێوان گوندەکانی قەسرکی تەمەر-بەگ و گوجار گوڕی و لای سەعاتی ٣ی شەو گەیشتینە ئەوێ و لە وردە دولکەیەک دا ماینەوە.

من نوستبووم و نازانم کە کاک روستەم و کاک کاوەش نوستبوون یا نە. کە دونیا روناک بوو،  کاک روستەم بانگی کردم و وتی هەستە جیگاکەمان ئەسلەن باش نییە و با برێک وەسەر بکەوین تا بەڵكو شوێنێکی باشتر پەیدا بکەین. وردە وردە بە دۆلکەکەدا وەسەر کەوتین بەڵام جیگایەکی باشمان وەچەنگ نەکەوت. بەڕاستی شوێنەكه زۆر خراب بوو و ئەسلەن بۆ مانەوەی تیمی تەشکیلاتی نەدەبوو. لە ئاخر دا کاک روستەم وتی ئەگەر لەو گردە وەسەر کەوین، لە پشت گردەکە شوێنی باش هەیە بۆ مانەوە. بریارمان دا بچینە ئەوێ و کاک کاوە وە پێش کەوت و ڕۆیشیتین.

پێش ئەوەی له گردەكه به سەركەوین، پاناییەك کە ٣٠ میترێک دەبوو کەوتە پێشمان و کاک کاوە و کاک روستەم گەیشتبوونه ناو پاناییەكەوه و دەرۆیشتن و منیش کە وەسەرکەوتم دیتم کە نەفەرێک لە پیشمان لە سەر گردەکە دانیشتووە و یەک سەر کاک روستەمم ئاگادار کردەوە کە ئەو نەفەرە دەبینی. دیارە ئەوان نەفەرەکەیان نەدیبوو.

لە جیگای خومان دانیشتین دیار بۆ کابراش ئێمەی دیبوو و هەستا و بە عەجەلە رویشتە ئەودیوی گردەکە. کاک روستەم وتی: ئەوە یا شوانە یا پالەیە و عەجەلە بکەن با بگرین و لای خومان رابگرین تا ئێوارێ. سەعات دروست ٧ی بەیانی بوو رۆژ دەرکەوتبوو. کە گەیشتینە سەر گردەکە ، کابرا بەچەکەوە هاتە پێشمان و وتی ئێوە کێن و داوای تەسلیم بوونی لە ئێمە کرد. تازە زانیمان کە لە کەمین کەوتووین و زۆریش درەنگە. هەر زوو من و كاك كاوه هەریەكە و خۆمان له پشت كۆمەڵیك ورده بەرد كه له نێو زەویەكەدا كۆیان كردبووه نێزیك كردەوه و سەنگەرمان لە پاسدارەکان گرت. كاك روستەم كەوتبوو بەینی من و كاك كاوه و ڕاست رووبەڕووی پاسداره چەك بەدەستەكه. من دیتم کە پاسدارەکان خەریکن دەورمان بگرن. کاک روستەم وتی: ئای بە خوا ئاشکرا بووین و پاشان بانگی کابرای پاسداری کرد و وتی وەرە تەسلیم بە. پاسدارەكەش كه پشتی به هاورێیانی گەرم بوو به پەلە سەرێكی سوڕاندەوه و چاوێكی لێكردن كه هاوڕێیانی چەپەریان گرتووه و ڕووی تفەنگەكانیان له ئێمەیه، به كاك رۆستەمی گوت تەسلیم بن و به لوولەی تفەنگەكەی وەكو ئیشارەت بەرەو هاورێیانی کە لە دەستی چەپی ئێمە بوون ڕێگەی پێ نیشان داین.

كاك رۆستەم ویستی هەموو هەولی خۆی له گەڵ چەكدارەكه بدەت و بۆیەش لێی پرسی تۆ كوردی؟ وەره نێزیك بەوه! بەڵام، سوودی نەبوو. ئێمه قامكەكانمان له سەر پەلاپیتكه تفەنگ بوو و هەر چاوەروانی ئەوەمان دەکرد کە کاک روستەم دەستوری تەقە و هێرش بردن بۆ سەر پاسدارەکان بدات. سەحنەیەکی زۆر وەحشەتناک بوو. بیر بکەنەوە تەنیا ٣ کەس لە قولایی ناوچە و لە سەعاتی ٧ بەیانی ئاشکرا بی دەبێ حاڵت چون بێ.

لەو کات و ساتە دا تەنیا بیرم لە مردن دەکردەوە، یانی پێم وا بوو ئیدی ئەوە ئاخرین سەعاتی ژیانمە. هەر بویەش بریارمان دا کەم بژین، بەڵام کەڵ بژین. کاک روستەم بە کاک کاوەی گوت بڕو و ئەم مەدرەکانەی کە لە کیفەکەی رادیۆدا بوون لە ناو بەرە. دیاره دوایه بۆم ڕوون بووه كه ناو و كۆدی تەشكیلاتی و زانیاری پێوەندیدار به تەشكیلاتی نهێنی حیزبی دەنا و چانتاکەی ڕادیۆیەكەی كاك رۆستەم دا بوون كه كاك كاوه هەلیگرتبوون.

کاک کاوە بەرەو خوارەوە چوو و دیتم کاک روستەمیش بە دوای دا رۆیشت. كاك كاوەش دواتر گوتی كه كاك ڕۆستەم به ئێمەی گوت ورده ورده بەرەو دواوه بكشێنەوه و تا وەكو له دۆڵەكەی خوارەوەمان نێزیك بینەوه و دواتر به هەموومانی گوتووه كه ڕابكەن. بەڵام من كه نەمبیستبوو- دەبێ بڵێم كه لە كاتی خۆی دەنگی ئارپیچی ئازاری گۆی دابووم- له گەڵ پاسدارەکە لە بەرانبەر یەکتری راوەستا بووین و هەر چاومان لەیەکتر دەکرد. کە چاوم لێ کرد کاک روستەم و کاک کاوە هەر هەلدەهاتن بەرەو خوارەوە و نیزیکەی ١٠٠ میترێک لێم دور کەوتبوونەوە. من لە جیگای خومدا دانیشتم. پاسدارەکە بۆ دواوە هەڵات و لە پڕا دەیان پاسدار تەقەیان لە کاک روستەم و کاک کاوە کرد کە بە ناوقەدی زەویەکدا هەڵدەهاتن.

من قەت باوەرم نەدەکرد کە ئەوان بە سڵامەتی دەرچن. منیش دەستم کرد بە ڕاکردن بە ناو كەندێكی قووڵ و جوگەی ئاو دا. دیارە جوگەکە تەقریبەن وشک ببوو. كەندێكی زۆر پێچی هەبوو و ڕێگاکەم بڕێک دور کەوتەوە. ئەوە باش بوو کە لە سەرەتا دا لە پاسدارەکانەوە دیار نەبووم و بویەش حەتتا یەک گوللە بۆ لای من نەهات. پاسدارەکان کەوتنە دوای هاورێیانی دیکەم و ئاگایان لە من نەبوو و زۆر بە توندی تەقەیان لە هاوڕێیانی دیکە دەکرد. هەر وەک پێشتر وتم من بە نێو جوگەی ئاو دا دەرویشتم، و پاسدارەکان وە پیش من کەوتبوون و کاتێک منیان دی ویستیان پێشی من بگرن، دەی وەرە ئینجا مەجید چیت خواردووە ترشک! ئێدی وەک تاوی باران گوللەم بە سەردا بارین. باوەربکەن بە دەیان جار کەوتمە خوار و هەستامەوە و جارێکی دیکە ناوی خوام دەهێنا و هەڵدەهاتم بە دوایی کاک روستەم وان دا.

ئەگەر عەجەل نەهات ناهێت. من کاک روستەم و کاک کاوەم دەدیت کە نیزیکەی ٥٠٠ میترێک لە پێشەوەی منەوە هەڵدەهاتن و تەقەیەکی زۆریان لە سەر بوو. بەم شێوەیە نیزیکی یەک سەعات هەڵاتین تا گەیشتینە ناو گوندی تویێ، گوندەکەی کاک کاوە. کاتێک ئەوان گەیشتنە سەر جادەی ورمێ و تەرگەوەر کە ئیدی لە من و پاسدارەکانەوە دیار نەمان و پاسدارەکان دەیان ویست بە هەر جورەک بیت بم گرن یا بم کوژن.

زۆر هێلاک و ماندوو ببووم . سكم دەست بە ئێشانیکی توندی کردبوو. ئێدی تاقەتی راکردنم نەمابوو و لەسەرەخۆ دەڕۆیشتم. چاوم دەگێرا لە شوێنێکی باش سەنگەر بگرم تا ئاخەرین هەناسە شەر بکەم و هێندێک پاسدار بتوپێنم و پاشان بەسەربەرزی و بە غرورێکی پێشمەرگانەوە سەردانێمەوە. دیارە ئەوە باش بوو کە پاسدارەکان بە هۆی ئەوەی کە بە دوایی ئێمە دا هەڵدەهاتن تووشی نەفەس بڕکە هاتبوون و نەیان دەتوانن بە نیشانە گرتن تەقەمان لێ بکەن و زیاتر تەقەیان هەرەمەکی بوو. هەر وەک وتم من لە سەرەخۆ دەرویشتم و پاسدارەکانیش لە سەرەخۆ دەهاتن، دیتم کە چەند پاسدار دانیشتن یا خویان لە ناو زەویدا درێژ کرد و تەقەیان لە من کرد. ئێدی گوللەی زۆر خەتەرم بۆ دەهاتن و زانیم کە ئەگەر دەست بە راکردن نەکەم ڵیم دەدەن و هەربویەش دیسان دەستم بە راکردن کرد و توانیم خوم بگەینمە سەر جادەکە.

کە گەیشتمە سەر جادە مینیبوسێک پر لە سەر نیشین لە وێ راوەستا بوو. سەرەتا پێموابوو کە پاسدارن و ئەوانیش پێیان وابوو کە پاسدارم. دیار بۆ كه كاتێك هاورێیانیشم گەیشبوونه سەر جادەكه ئەو ماشێنانه هەر لەوێ بوون و کە زانیم ئەوان شەخسین و ئەوانیش زانین کە پێشمەرگەم، وتیان کاکە برو پەلە بکە و خوت بگەیێنە هاورێیانت و بە دەست کاک روستەم و کاک کاوەیان پێ نیشاندام. کە دیتم هاورێیانم سلامەتن و لە ناو باخچەیەک دا بەرەو ناو گوندەكه دەرون زۆر خوشحال بوو. بە دوایی ئەوان دا کەوتمە ڕێ، کە گەیشتمە ناو باخچە دیسان لێم بەزر بوون. راست چوومە ناو گوند.

تویێ گوندێكی بچووكه و چەند ماڵێكی لێیه و بگره هەر ماڵەوه باخچەیەكی داره سێو و میوەی له پێش دەرکەی خۆی پێگەیاندووه. كاتێك به ناو گوندەكەدا تێپەڕ دەبووم گوێبیسی دەنگی گریانی ژنان بووم. کە گەیشتمە نیزیکی ژنەکان دیتم بە چەند ژن ژنێكیان گرتووە و هەموو دەگریان. ژنەکان کە منیان دیت زۆر ترسان و پێیان وابوو کە پاسدارم و هەر بویەش وتیان کاوە هەلێ پاسدار هاتن. کاوەم دیت کە بە ژنەکانی دەگوت دایکم بگرن با نەگاته من، ئەگەر بمگرێ بەرم نادات. لەو کاتە دا كاوه چاوی کەوتە من یەک سەر هەواری کرد کاک روستەم مەجید هات!

كاك كاوه داواتر بۆی گێڕامەوه كه زۆر نیگەران بووه لەوەی منیان نەدیوه. دەیگوت هەتا ئەو كاتەی منی دیت و بانگی كاك روستەمی كرد، هەر پێیوابووه من بەڵایەكم به سەرهاتووه. بۆیه به دیتنی من زۆر خۆشحاڵ بوو. دایکی كاك کاوە کە چەند رۆژ پێشتر بۆ سەردانی کاک کاوە هاتبووە شاخ، من ٢ رۆژ لە خزمەتی دا بووم و بویە کە چاوی کەوتە من هاواری کرد ئای ئەوە مەجیدە! دەستم کرد بە پێکەنین و شوخی و بە دەنگەکی بەرز وتم نەترسێن هیچ نییە و ئەم شاخانە پرە لە پێشمەرگە و ئێستا بە چاوی خوتان دەبینن کە چێ بڕبڕانێیەک بە پاسدارەکان دەکەین.

بەر هەر شێویەك بوو دیسان گەیشتمەوه هاوڕێیانم و لە گوند وەدەرکەوتین. كاتێك تازه له ناو ماڵەكان چوبووینه دەرەوه كه ڕوو بكەینه شاخی پشتی گوند، ژنێك جانی ئەسپێكی سەركێش دەكرد بۆ ناو گۆند. كاك رۆستەم داوای لێكرد كه ئەسپەكەمان بداتێ بۆ ئەوەی بڕێك یارمەتی لەشی ماندوومان بكات و دوورمان بخاتەوه. بەڵام، ژنه ناوساڵەكه گوتی كوڕم، با ئەسپەكەم بە قوربانی ئێوە بێ، بەڵام به خوا زۆر سەركێشه و به رووتی سواری بن بەر ئەرزێتاندا دەدا. كاك روستەمیش بیانۆیەكی ئەو ژنەی بۆ نەدانی ئەسپەكه به گۆنجاو زانی و درێژەی به ڕێگاكەی دا.

کاک روستەم وتی سەردەکەوینە گردێك کە بەسەر گوندی بەردەسور دا زال بوو و کاوەش وتی نە با هەر بە دوڵەکە دا بەرەو گەڕوی گۆندی كۆیه و گەلی جێرمه و بێدكار سەركەوین، چوونكه ئەو پێی وابوو تا به دۆلەكەدا برۆین له دیدی ئەو هێزانه دوور دەبین كه خەریك بوون به هەموو شوێنێك دا بەڵاو دەبوونەوه. بەڵام کاک روستەم وتی نە ئەگەر هێزی رێژیم لە لای گوندی کویێ وه بێن و پێشمان بگرن تازە نەجاتمان نابیت. کە هەر باش بوو نەچووین، چونکە فەوری چەند ماشینی پر لە پاسدار گەیشتنە ئەوێ. کاک كاوه وتی تا من بزانم لەو گەرویە کە لە پێشمانە سەنگەری دیدەبانی پاسدارەکانی لێیە و بە ڕۆژ ٢ یا ٣ چەکداری رێژیم دێنە ئەوێ کە هیوادارم نەهاتبن.

بەرەو سەرەوە هەڵکێشاین . هێزێکی زۆری رێژیم گەیشتە دەوروبەری گوندی تویێ، بەڵام سەرەتا نەوێران بێنە ناو گوند، چونکە پێیان وابوو کە ئێمە لە ناو گوندەكەدا خومان حەشار داوە. کە چاومان بە پاسدارەکان کەوت به پەله وەسەرکەوتین و باش بوو دیدەبانەکانیان هێشتا نەهاتبوون. سەعات هەشت و پانزدە دەقیقە بوو کە گەیشتینە سەر گردەکە کە زال بوو بە سەر گوندی بەردە سوور و جاری ئەوەڵم بوو کە ئەو گوندە کە کەوتبووە ناو دولێک و روبارێکیش بە نێوی دا دەرویشت بێبینم. له خوارەوەی ئێمە دوو موڵگەی رێژیمی بوو و هەر سەد میترێک لێمان دور بوون.

پاسدارەکان لە سەر خاکریزی پایگا راوەستا بوون و چاویان لە ئێمە دەکرد. پرسیم كاك رۆستەم ئەوه چیه. كاك رۆستەم به شێوازی خۆی وەلامی دامەوه: یێک مالا حاجی نەعمانێ بەندێ یه [بابی خۆی] و ئەوا دیژی مالا حاجی عەبدوللای بارزانیه [باپیری من]. كۆرۆ مەجید ما تو نابینی ئەوه پایگانه، پایگا!! پرسیم كه واته بۆ بەو ڕێگەیەدا دەرۆین، كاك رۆستەم گوتی كه رێگامان گەرۆی كۆیێ یه بەڵام له لەلایەن گروپی زەربەتی پاسدارانەوه گیراوه. چارەمان نەبوو و لە بەر چاوی ئەوان دا بەرەو گەلی بەردەسوور وەڕێکەوتین. نازانم ئێمەیان دی یا نە بەڵام تەقەیان نەکرد. گەیشتینە سەر کانیاوێک و بڕێک ئاومان خواردەوە.

كاوه گوتی ناوی ئەو كانیه، كانی گەنیه. جا هەر بەڕاستی ئاوێكی زۆر گەنی له بەردەچوو. وێدەچوو تەنیا به كەلكی دوو مانگی وەرزی بەهار بێت. كاك كاوه كه سەری پشتبنەكەی كردبووه وەكو فیلتەر بەكاری دێنا كه له ئاوخواردنەوه بووه گوتی به خوا له میزی مانگا زیاتر تامی هیچ شتێكی تر هەست پێناكەم. بەڵام هەر باش بوو ناخی تەر كردین.

پاسدارەکان گەیشتە لای سەرەوەی ئێمە ، بەڵام باش بوو ئێمەیان نەدی. هەستاین و رامان کرد هەتا گەیشتینە رازەبەردێک کە دەکەوتە پشت گوندی بەردەسوور. لە ناو رازەبەردەکە بڕێک دانیشتین زۆر زۆر ماندوو بووین و هەروەها زۆریش برسی بووین. کاک روستەم وتی هاوڕێیان من لاقەکانم قفلیان کردووە و ئیدی تاقەتی یەک قەدەمی دیکەم نەماوە حەرەکەت بکەم و لە بن بەردێک راکێشا. دیارە کاوەش لە بن بەردێکی دیکە راکێشا. وزەمان نەمابوو، تێنووتیش ئیتر هێزی لێ بڕیبوین. هێشتاش مەترسیمان هەر له سەره، هەرچەند هەستی ئەوكاتەمان نییه كه یەكەم جار پاسدارەكه ڕایگرتین و چاومان كەوته كۆمەڵی چەكدارەكانی رژێم كه سەنگەریان لێگرتبووین. ئێستا ئیدی له پەنا تاشه بەردێكی گەوره بووین. لایەكمان گەلی جێرمە و بێدكار بوو و پاسدارەكان تەنیا لایەكیان هەبوو كه لێمان نێزیك بنەوه. بەڵام ئێستا كه هەرسێكمان پێكەوه بوین و سپەرمان هەبوو، ئاكامی هاتنیان زۆر جیاواز دەبوو. من بڕێک وەسەرکەوتم بزانم چێ خەبەرە ، دیتم کە پاسدارەکان بەرەو لای ئێمە دین. ئێستاش لە بەر چاومە کە پاسدارێک بە جلوبەرگی کوردی کە رەش بوون لە پێش پاسدارەکان دەهات و بەرد بە بەرد کونترولی دەکرد . دابەزیمە خوارێ و بە هاوڕێیانم وت کە پاسدارەکان بەرەو لای ئێمە دێن. کاک روستەم وتی ناتوانم حەرەکەت بکەم. وتم باشە کاک روستەم تو لێرە بە و من کاوە بۆیان وەسەر دەکەوین و لێیان دەدەین. کاک روستەم قەبوولی نەکرد و وتی ئەوان نازانن کە ئێمە گەیشتووینەتە ئێرە و ئەگەر شوێنەکەمان پێ بزانن بە هەموو هێزەوە هێرشمان بۆ دێنن و ناهێلن نەجاتمان بێت. وتم کە وایە تا پاسدارەکان نەگەیشتوونەته ئێره با برۆین. ئێمه تەنیا یەك بژاردەمان هەبوو كه به تاشەبەردەكانا كه سینگی چیاكەیان تەنی بوو، ورده ورده برۆینه خوارەوه هەتا خۆمان بگەینینه سەر چۆمی بەردەسور كه درژێته ناو گۆلی ورمێ.

من و کاوە هەستاین و رەخت و تفەنگەکەی کاک روستەم مان هەڵگرت و هەر یەکەو کەوتینە بن هەنگلەکی کاک روستەم و بەرەو سەر روباری بەردەسوور دابەزین، کە گەیشتینە سەر روبارەکە و دەست و چاومان شوشت و ئاومان خواردەوه، بێ راوەستان هەر بەكەنار روبارەکە دا هەڵکشاین بەرەو گوندی جرمێ. هەر دوو لای رووبار پڕبوون له دارو دڕوو. شوێنی واش هەبوو كه تاشه بەردی گەوره ڕێگای لێ دەگرتین و دەبوایه لەو چۆمه بپەرینەو و ماوەیەكیش به لایەكەی دیكەی ڕووبارەكەدا هەلكشێین. كاوه كه شارەزای ئەو ناوه بوو گوتی با سەرکەوینە سەر ڕێگاكەی ناوقەدی شاخەكەدا كه رێگەی ڕێبواران بوو برۆین ئەگینا هەر دەبێ ئەمبەر و ئەوبەری ڕووبارەكه بكەین. كاك روستەم سەیرەكی هەورازەكەی كرد كه دەبوو برۆین هەتا دەگەینه ڕێگەكه. گوتی كاوه، مەسەلەن چەند جار دەبێ لەو چۆم بپەرینەوه، كاوه گوتی ڕەنگه ده جارێك. كاك رۆستەم گوتی من حازرم بیست جار ئەم لا و ئەولای ڕووبار بكەم بەڵام ئەم هەورازه سەر نەكەوم، كاوەش تێگەیشت و دەنگی نەكرد و كەوته پێشمان.

وەزعی کاک روستەم هێدی هێدی باش بوو، ئیدی هەر به درێژایی رووبارەكه و بە ناو دارودەوەنەكان و جار جاریش به ناو ئاو دا ڕێگەمان بڕی . لە سەعاتی ١٠ی بەیانییەوە تا ١٢ شەو لەو گەلییە سەخت و هاسێیەدا و پاش ئەوەی زیاتر لە ١٠ جار بە سکی برسییەوە ئەملا وئەولای روبارەکەمان كرد کە زۆریش سارد بوو، هەر نەگەیشتینە گوندی جرمێ.

بەڕێگەوه كاوه گوێزی نەگەیوی دەم چۆمەكەی به بەرد دەكوتا و دەی خوارد. دەنگی بەتاوی به گوێزه تاڵانه نووسا بوو. له ناكاو بڕێكی مەڕمان بینی و خوشحال بوین کە نان ماستێک و چایەک دەخوێن. چاومان له شوانەكه گێرا و دۆزیمانەوه. بەڵام بە داخەوە و لە بەد شانسی ئێمە کەرەکەی شوان بەزر ببوو و شوانیش لە ئێمە برسیتربوو. شوانەكه كه ساڵانی دواتر بووه بە پێشمەرگەی حیزب، زۆر خزمەتی كردین. هەر دەیگوت مەرێك دەكوژمەوه، بەڵام نەمان هێشت.

كه زانیمان به تاریكی شەو لەو گەلیه دەرناچین و زۆریش ماندوو ببووین، له شوێنێكی ئەمن ئاگرێكمان كردەوه و له دوەری كۆبوینەوە. كاك رۆستەم كه له بەر ماندوو بوون كەوشه تەرەكانیشی نەخستبوو، له بەر گەرمای ئاگرەكه و له ناو كەوش و گۆریای تەڕ، لاقەكانی شەقار و برینی گەورەی هەلگرتبوون، به چەشنێك كه تەنیا حەنای بێریڤانەكانی هەواری شێبان و مالەكانی عەلی قارن، ڕۆژی دواتر توانی دادی بدات. تا لای بەیانی نوستین، کە دنیا بڕێک رۆناک بوو کەوتینە رێگا بەرەو گوندی جێرمێ، بەڵام كاك ڕوستەم له بەر ئازاری لاقەكانی زۆر به زەحمەت دەیتوانی ڕێگا بكات. دیارە هێندێک لە هاتنی هێزی رێژیم بۆ کوندی جێرمێ نیگەران بووین و هەر بویەش دەمانویست زوو بگەینه جێرمێ. پاش ٢ سەعات رێپێوان گەیشتینە ناو چادرەکانی جێرمێ و خەڵک بە دیتنی ئێمە زۆر خوشحال بوون و مەریان سەربری.

بەڵێ خوێنەرانی بەڕێز ئەو جاریش بەو شێوەیە لە مردن نەجاتمان بوو . پێویستە بوترێ کە کاک رۆستەم بەو هەلسەنگاندنەوەی کە بۆ وەزعیەتی ئەم رۆژە و بریاری هەڵاتن و پاشان لە پشت کوندی توویێ کە بە دولەکە نەروین و رێگای گەروی گوندی بەردەسور بگرین و پاشان نەیهشت لە پشت گوندی بەردەسور لە پاسدارەکان بدەین دروسترین بریار بوو کە دای و نیشانی دا کە لەگەل ئەوەی کادرێکی سیاسی ، تەشکیلاتی باشە ، هەروەها فەرماندەرێکی باشی نیزامییە.

ڕێز و سلاو م هەیە بۆ هەموو ئەو خوێنەرانە کە بەلایک و کومنت پێخوش بوونیا بۆ ئەم بیرەوەریەم نیشانیان داوە و سوپاسیان دەکەم. لە ئاخر دا زۆر سوپاسی کاک و رۆستەم و کاک کاوە دەکەم کە هەم ئیجازەیان دا کە ئەم بیرەوەرییە بنووسم و هەم هاوکاری منیان دا لە نوسینەوەی ئەم بیرەوەرییەم، بە تایبەتی کاک کاوەی بەڕێز کە زەحمەتی پێداچوونەوە و راستکردنەوەی هەڵەکانم وە ئەستوو گرت و زۆر سوپاس بۆ کاک جەعفەر مەحمود پوور کە چەند هەڵەیەکی پێ نیشان دام.

سەرچاوە:  پێشمەرگەکان

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی