"an independent online kurdish website

   پەروەردەکردنی منـداڵان بە ئەرێنی و دروسـتی، بەرپـرسیارێتییەکی گەورە و ئەرکـێکی قورس و زۆر هەستیارە، لە ئەستۆی خێزانەکان بە گشتی و دایکاندا بە تایبەتی.


 هەندێ رەفتاری نادروست و هـەڵە لە لایەن دایکان و باوکانەوە، منداڵەکـانیان تووشی فـشار و گەلێ کێشەی دەروونیی نەخوازراو دەکەن کە لە ئەمڕۆ و داهاتووشدا رەنگـدانەوەیەکی نەررێنـیان لە کەسـایەتی و لە ژیـانیانـدا دەبـن.. منـداڵان باجـێکی زۆری ئـەم هـەڵانـەی دایکـان و باوکـانیان دەدەنەوە.

بێگومان هەموو دایکان و باوکان هیواخوازی ئەوەن، کە منداڵەکانیان باشترین منداڵبن و داهاتوویەکی گـەش و پایەیـەکی بەرزیـان هەبێـت و مایەی رێـز و شانـازییابن.. بەڵام ئەمە ئـەوە ناگەیەنێت کە پاکـانە بۆ هـەڵە پەروەردەییەکـانیان بکەین لە پەروەردکـردنی منـداڵەکـانیاندا، هەرچەنـد کە ئـەم هەڵانـەشـیان بێ مەبەسـتبن و لە نەزانیـنیانـەوە بن.

یەکێک لە گەورەترین ئەو هەڵە زیان بەخشانەی باوکـان و دایکـان لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیانـدا تێیکەوتوون و تێیدەکەون، بەراوردکردنی منداڵەکانیانە بە مـنداڵانی تـر.

لەوانەیە ئەم هەڵەیە بەسەر کەسانێکی وەکوو ئێوەش هاتووبێت و دەرد و زیانەکـانی بەراوردکـردنتان بە منـداڵانی تـر چێشـتووبێت.

بەشی زۆری دایکـان و باوکـان، سەرەڕای ئـەوەی کە دەزانـن بەراوردکـرن لە نێوان منـداڵانـدا کارێـکی هـەڵـە و زیـان بەخـشە و کـاردانەوەیـەکی خـراپی لێـدەکـەوێتـەوە، کەچی درێژە بەم رەفتارە زیان بەخشە دەدەن، منداڵەکانیان لە گەڵ خوشک براکـانیان و لەگەڵ منـداڵانی کەسـوکـار و هـاوڕێ و دراوسی و ناسـیاوەکانیادا بەراورد دەکەن.

بەراوردکردن لە نێوان منداڵانـدا، هەر بە دایک و باوک و خـێزانەکانەوە نەوەستاوە، بەڵکو تەشـنەی کـردووە و بەشـێک لە مامـۆسـتایانی قـوتابخـانەکانیش ئـەم هەڵـەیە دەکەن و قوتابییەکانیان بە یەکتری بەراورد دەکەن، لەگەڵ ئەوەی کە مامۆستاکان لە هەموو کەسێک باشتـر ئەم راستییە دەزان، کە لە رووی زیـرەکی و بەهـرە و توانـا زەینی و هـۆشییەکـانـدا، جـیاوازی لە نێوان منداڵانـدا هـەیە. پێویستە رەچـاوی ئـەم جیاوزیانە بکەن و هیـچ قوتـابییەک بە قوتـابییەکی تـر بـەراورد نەکـەن.

هـاوڕێیەکم وتی: من زۆ رقـم لە بابەتی بیرکـارییە، هۆکارەکەشی ئەوەیـە کە لە پۆلی دووەمی قوتابخانەی ناوەنـدی بووم.. لەگەڵ ئامۆزاکەمدا لە هەمان پۆڵـدا بووین، ئەو بیرکاریـدا زیرەک بوو. ماموستای بیرکـاریمان هەموو جارێک پێی دەوتم: بڕوانە کە ئامۆزاکەت چەند زیرەکە، چەند بە خێرایی وەڵامی پرسیار و راهێنانەکان دەنووسێت، ئەی تۆ بۆ وەکو ئامۆزاکەت نیت و ناتوانیت بە ئاسانی وەڵامی پرسیارەکان بدەیتەوە؟

ئەم بەرواردکـردنەی مـن بـە ئامـۆزاکەم و دووبـارەکـردنەوەی چەنـدین جـار،  تا رۆژێک خۆم پێنەگیرا و بە مامۆستاکەم وت: مامـۆسـتا ئەی تۆ بـۆ وەکو مامۆســتا سامان دوکـتۆرات لە بیرکاریـدا وەرنەگرتووە؟ ئەم قسەیەم تەنگەی مامۆستای گرت و لەبەر چـاوی هـاوڕێ قوتابییەکـانمـدا زلـلەیەکی مـزری لـێدام.. هەستی بـرینـدارکـردم.

لەو رۆژەوە رقـم لە بیـرکـارییە، لەو کـاتەدا رقـیشم لە ئامـۆزاکـەشم دەبــۆوە.  لێکـۆڵینەوەیەک ئامـاژە بەوە دەکـات، ئـەو منـداڵانەی کە قـوربانیی بەراوردکـردنن بە منـداڵانی تر، دووچاری متمانە بە خۆنەبوون بوونە. زۆر جاریش هەست بەوە دەکەن، کە هیچیان لەباردا نییە و بە کەڵکی هیچیش نایەن، لە شوێنی شیاویشـدا نین. ئەمەش بە شێوەیەکی گشتی لە خوێندن و لە ژیانیاندا رەنگیداوەتەوە و کاردانەوەیەکی نەرێنی بۆ دروست کردوون. تا رادەیەک رەشبینیشی کردوون و هەست بە بێ ئومیدی دەکەن.

بەراوردکـردن لە نێـوان منـداڵانـدا، ئـەم لایەنـانە دەگـرێتەوە:

١ـ بەراوردکـردن لە زیـرەکی و بلـیمەتی لە توانـا هـۆشییەکانـدا.

٢ـ بەراوردکردن لە هـێزی بازووەکان و لە بەهـرە جـووڵەییەکاندا لـە نێـوان منـداڵاندا.

بۆ نموونە: دایکێک داوا لە کوڕەکەی دەکات خۆت لە قەرەی فڵانە منداڵ مەدە چونکە ئەو لە تۆ بەهـێزترە.. یا ئەی تۆ بۆ وەکو براکەت وەرزش ناکەیت و کێشت داناگـریت؟

٣ـ بەراوردکـرن لە خوێندندا: بەراوردکردنی قوتابییەک بە قوتابیانی تر لە لایەن دایک و باوک و مامۆستاکەیەوە.. وەکوو: تۆ بۆ وەکو فڵانە قوتابی نمرەی بەرز وەرناگریت؟

تۆ بۆ بە یەکەمی پۆلـەکەت دەرناچـیت؟

٤ـ لەبارای توانای هونەریدا: وەکوو بەهرە و توانای وێنەکێشان، گۆرانی وتن، نواندن.

ئەوە هەڵەیە کە دوو تابلۆی وێنەکێشانی دوو قـوتابی بە یەکتری بەراورد بکەین، با لە تەمـەنێک و لە پۆلێکـیشدا بن، چونکە هەر منـداڵێک بە شـێوازی خۆی گـوزارشت لـە هـزر و لە خەون و لەو بیرۆکەیەی کە لە خەیاڵـیدایە دەکـات

٥ـ بەراورکردن لە جوانی و بەژن و باڵادا: بە تایبەتیش بەراوردکردن لە نێوان کچاندا،

بۆ نموونە: کە دایکـێک بە بـەر چـاوی کچـێکی بە کچـێکی تـری دەڵـێت تـۆ جـوانیـت.

خوشکەکەی غیرەی لێدەکات و ئەو هەسـتەی لا دروست دەبـێت کە خۆشـکەکەی لـەم جوانتر و شەنگتر و باڵا رێکترە، وا دیارە من ناشیرین و باڵا ناڕێکم، ئەگینا دایـکم بە منیشی دەوت جوانیت. ئەمە دەبێتە گرێیەکی دەروونیی لای ئەم کچەی، رەنگە رقی لە خوشکەکەشی بێتە. یا لە بەردەم کچەکەیدا، ستایشی کچی هاوڕێکەی دەکات و دەڵێت: کچی هاوڕێکەم، زۆر لەبلەبان و قسە قوت و خۆشە.. خۆزگە کچەکەی منیش وابوایە.

 بەم خـۆزگەیەی کچی هـاوڕێکەی لە بەرچـاوی کچەکەی دەخات و رقی لـێدەبێتەوە.

زیانەکـانی بەراوردکـردن:

زیانەکانی بەراوردکردنی منداڵـێک بە منـداڵانی تـر زۆرن، لەوانـەش:

١ـ هەستکـردنی منـداڵ بە خۆبـەکەمـترزانین: گەر بە هەمیشەیی منداڵەکتان بخەنە ژێر فشاری بەراوردکردن بە منداڵانی تر. بارگرانی و بێزاری و وەرستبوون بۆ منداڵەکەتان دروست دەکەن. کارتێکردنێکی نەرینی لە راپەڕاندنی کارەکانیدا رەنگـدەداتەوە. چونکە ئەو منداڵەی بە هاوڕێکانی یا منداڵانی تر بەراورد دەکرێت، کە نەتوانێت خۆی یەکسان و هاوتابکاتەوە لەگەڵیاندا. متمانە و بڕوای بە توانای خۆی نامێنێت. سەرەڕای ئەمەش هەستی رق و ئیرەیی و چکوسی بەرانبەر بەو هـاوڕێ و ئەو منـداڵانە لادروست دەبێت و هـاوڕێتیشیان سارد و کـاڵ دەکـاتەوە.

دایـک و بـاوک لە بریتـیی ئـەوەی کە منداڵـەکەیان تـووشی دۆخـێکی نەخـوازراوی وا بکەن.. باشـتر و دروستر وایە، کە دەست بەسەر خاڵە لاوازەکـانیدا بگـرن و لەگەڵـیدا دابنیشن و پێکەوە چارەسەری گونجـاویان بۆ بـدۆزنەوە.. پێویستیشە سـتایشی لایـەنە ئەرێنییەکانیشی بکـەن.

٢ـ کەبوونەوەی رێـزگـرتن لە خـود: بەراورکردنی منـداڵێک بە منداڵانی ئاست بەرزتر ئـەو بـڕوایە لای ئـەو منـداڵە دروست دەبێت، کە هـاوڕێکانی لـەو زیاتـرن، ناتـوانێت. کارێکی باشی ئەوتۆ ئەنجـام بـدات، کە بە دڵی دایک و باوکی بێت و لێی رازیبن. ئەم هەستەشی زیانێکی زۆری پێدەگەیەنێت. تەنگ بە گەشەکردنی کەسێتی و پێشکەوتنی ئاکادیمیی لە خوێنـدنـدا پێ هەڵـدەچنێت.

بۆیە پێویستە دایکـان و باوکـان بـروایان بە جـیاوازیی توانـا و بەهـڕەی تـاک هـەبێت، بە تایبەتیش لە منداڵانـدا، کە خاوەنی هەستێکی ناسک و دڵێکی پاکن.. گەر گەورەکان فـێریان نەکەن ئـەوان رق و کـینە و ئیـرەیی و چکوسی نـازانـن.

٣ـ کەمبوونەی بایەخدان بە باشکردنی کارەکانیان: گەر بێت و دایک و باوک کۆشس و بەهـرە و کارە ئەنجـامدراوکانی منداڵەکـەیان، پشتگوێ بخـەن و بایەخـیان پێ نـەدەن و

بە هەنـدیان نـەزانن، دەستخـۆشی و ئافـەرینی منـداڵـەکەیان نەکـەن و بە ئەنجـامـدراوە باشترەکانی هاوڕێکـانی بەراوردیـان بکەن و بە چـاوێکی کەمتر لە بەهـرە و تواناکانی منداڵەکەیـان بـڕوانن.. وا لە منـداڵەکەیـان دەکەن کە ساردبێتەوە و چـیتر خۆی مانـدوو نەکـات.. چونکە دایـک و بـاوکی لە بەهـرە و کارەکـانی نـاڕازیـن و بە هەنـدی نـازانن.

هەستیش بە شـەرم دەکـات و گۆشـەگـیر و دوورە پـەرێـز دەوستـێت، لـەوە دەتـرسێت کە دایـک و بـاوکی بە منـداڵی میـوانەکــانیان بـەراوردی بـکەن و بیشکـێننەوە.

٤ـ لەدەسـتدانی بەهـرەی داهـێنان: گەر بەهـرە و خـەون و توانـا تایبەتمەنـدییەکـانی منداڵەکەتـان لەبەرچاونەگرن و هانی نەدەن بۆ درێـژەپێدان و پێشکەوتن و داهـێنانی زیاتر و باشتر و، پەرپێدان بە بەهـرە و ئارەزووەکانیان. بەراوردیان بکەن بە بەهـرە  و منداڵانی بەهرەمەنتر و داهـێنەرتر، منداڵەکەتان وا لێکیدەداتەوە کە شکستی هـێناوە

و پێویست بە درێـژەپێـدان ناکـات و حـەزی داهـێنانی تێـدا دەمـرێت.

٥ـ دابـڕانی نێوان منـداڵ و دایـک و بـاوکی زیاتـر دەبێت: بەراوردکـردنی منـداڵەکەتـان لەگـەڵ منـدالانی خـزم و ناسـیاو و هـاوڕێ و دراوسـێ، یا لەگـەڵ خوشـک و بـراکـانی، هۆکارێکە بۆ دروست بوونی گـرێی دەروونی بۆ منـداڵەکەتان، هەست بـەوە دەکـات کە ئەو پەسەنـد نییە و خۆشـتان ناوێـت و لەبەردڵاتـان نییە و لێی رازی نین.. بۆیـە حـەز بەوە دەکات مـاوەی دابـڕان و دوورکەوتنەوەی لێتانەوە بپارێـزێت و هـێندە بەلاتـانەوە نەیات.. ئەمەش خاڵـێکی نەرێنییە و پەیـوەنـدی و خۆشـەویستیی بۆتـان لاواز دەبـێت.

٦ـ بەراوردکـردن دوژمنـایەتی دەخاتە نێـوان منـداڵانەوە: بەراوردکـردنی منـداڵەکەتان بە منـداڵانی تر، لە جـیاتی ئەوەی ستایشی ئەو منـداڵانە بکات، هەستی دوژمنایـەتی و رقـلێبوونەوەیانی لا دروست دەبێت، ئەم بەراوردە پاڵـنەریشە بۆ ئەوەی بە نادروستی رەفتار و هەڵسوکەوت لەگەڵیاندا بکات. چونکە غیرەیان لێدەکات و ئیرەییان پێدەبات، دووریش نییە کە دوژمنایەتی و شەڕ و ئاژاوە لە نێوانیاندا دروست بێت و ئەنجامێکی خـراپی لێبکەوێتەوە.

٧ـ بەراوردکردن پەیامێکی نێگەتیڤە بۆ منداڵەکەتان: کاتێک دایک و باوک بەراوردی منداڵەکەیان لەگەڵ منداڵانی تردا دەکەن، ئەو پەیـامەیان پێـدەگەیەنن، تـۆ بێ توانـایت و هیچت لەدەست نایـات، بۆیە پێویستە خـۆت بە منـداڵانی تر بەراوردبکـەیت و چـاو لەوان بکەیت.. ئەم بۆچوونە هەڵەیەشتان، وا لە منداڵەکەتان دەکات کە بەهای خۆی لەدەست بدات و ببێت بە پاشکۆی منـداڵانی تر.. لە خـۆشی رازی نابێت و هەست بە دڵـنیایی و دەروون ئاسوودەیی ناکـات.

٨ـ بەراوردکردن وا لە منداڵەکەتان دەکات، کە رستەگەلێکی لەم جۆرە بەکاربهـێنن:

من لە فڵان منـداڵ باشـترم.. یا من لە فڵان منداڵ خەراپـترم.. یا من جیاوزتـرم لەگەڵ منداڵانی تردا..”باشترم ـ خراپترم ـ جیاوزاترم” ئەم وشانە خۆبەراوردکـردنە لەگـەڵ منداڵانی تردا. منداڵەکەتان وای لێدێت هەمیشە بە منداڵانی تر خۆی بەراورد بکات.

٩ـ منـداڵ دوای خۆشەویستی دەکەوێت: هەموو منداڵـێک دەیەوێت پـاراوی سـۆز و خۆشـەویستیی دایک و باوکی ببێت. کە منداڵەکەتـان دەیـەوێت بێ جـیاوازی وەکوو خوشـک و براکـانی تـری خۆشـەویستیی پێ ببەخـشن و نـازی هەڵـبگرن.. بـۆ ئـەم مەبەستەش دەیەوێت کاری لە توانـا بەدەر ئەنجام بدات، لە چـوارچـێوەیەکـدا دەژی کە لـە توانـای سـروشتی خـۆی زیاتـرە. هـەر بـۆ ئـەوەی کە ئـێوەی دایـک و بـاوکی لێی رازی ببن.

 

 ١٠ـ زیـادەڕۆیی لە بەراورکـردنـدا: بێ لەبەرچـاوکـرتنی جـیاوزی لە بەهـرە و توانـا و بـارودوخ.. هەنـدێ لـە منـداڵانی جیاواز لەگـەڵ منـداڵانی تـردا، تـووشی لەخـۆبـایی و لەخۆدەرچـوون و فـیززلی دەبـن، لەوانـەیە ئەم خەسـڵەتە نەرێنییە ببـێتە خـوویـان.

 

١١ـ بەراوردکـردنی منـداڵ بە منـداڵانی تر، هۆکارێکە بۆ شەرمکردن و گۆشەگیری و خۆدوورگـرتن و ناکۆمـەڵایەتی. کەم دووە و حەزناکات تێکەڵاوی دانیشتن و کۆڕبێت.

١٢ـ منـداڵان لە هەموو بوارەکـاندا وەکوو یەک بەهـرەمەنـد و بە توانـا و پێرفێکت نین. منداڵ هەیە لە بیرکاریـدا زیرەکە.. هەیە لە زماندا زیرەکە.. هەیە لە وێنەکێشاندا.. هەیە لە نوانـدا.. هەیە لە موزیک و گۆرانیـدا، هەیە لە هۆنراوە و وتار خوێندنەوەدا،…هـتد.

دایکـان و باوکـانی خۆشـەویست، مامۆستایانی هـێژا و دڵسۆز: بەراوردکردن لە نێوان منـداڵەکـانتان و قوتابییەکـانتان و منـداڵانی تر و قوتابیـانی تر، زیـانێکی مەتـرسـیداری نەخـوازراوی لێدەکەوێتەوە، هۆکارێکە بۆ گەلێ کـێشە و گـرێی دەروونی و بارگـرژی.

رەنگـدانەوەیـەکی خـراپیشی لەسەر کەسـایەتی و ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتووی منـداڵان دەبێت و هـۆکـارێکیشە بـۆ رق و دژایـەتی و دوژمنـایەتی لە نێـوان منـداڵانـدا.

خۆ ئەگەر بەراوردکـردن لە نێوان منداڵاندا، بە ئاراستەی پۆزەتیف بێت، واتا ئەگەر بۆ ئەوەبێت کـە منداڵەکـانتان چـاو لە منـداڵانی ئاسـت بەرزتـر و زانـا و دانـاتر لـە خۆیـان بکەن، هەوڵبـدەن وەکوو ئەوان ئاستی خۆیـان بەرزبکەنەوە و سـوود لە زیـرەکی و لە ئەزموونەکانی هاوڕێکانیان وەربگـرن، بە رووحێکئ وەرزشیـیەوە ململانێ و کـێـبڕکێ لەگـەڵ یەکتریـدا بکەن لە پێناوی زیاتـر فێربوون و داهێنان و پێشکەوتـن، ئەمە مایەی بەخـتەوەری و پێشکەوتـن و سوودبەخـشینە نەک زیـان پێگەیاندن.. پەروەردەکـردن و راهـێنانی منـداڵان بە ئاراسـتە ئەرێنییەدا، لە سایەی دایکاـن و باوکـان و مامۆسـتایانی هـۆشـیار و هـەستیار و دووربیـن و شـارەزایـانی پـەروەردەی ئـەرێنـیـدا دێتـەدی.

رەزا شوان

نووسـەر لە بـواری ئـەدەبی منـداڵان و پـەروەردەی منـداڵان.

 r.shwan@hotmail.com          

 

(*) تێبینی: تا رادەیـەک سـوودم لـەم سەرچـاوانە وەرگـرتـوون:

١ـ اضـرار المقارنة بین الاطـفال ـ مجـلة هـي ـ یمـام سـامی.

٢ـ المقـارنة بین الاطـفال ـ من اکـثر اخطاء الـتربیة شیـوعا ـ هالة الشحات.

٣ـ  لماذا نصر علی المقـارنة بین الاطـفال ـ تربیة الاطـفال والصحة النفسیة.

٤ـ الاطـفال من الجنة ـ دکتور جـون جـرای ـ ٢٠١٨

٥ـ ادوات التهـذیب الایجابي في الـتربیة ـ دکتور جـین نیلسن و ماری نیلسن ـ ٢٠١٨

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی