"an independent online kurdish website

بە پێی بیرەوەرییەکانی کاک “کاووس عەزیزی” ئەمرۆ سی ساڵ بەسەر دوایین سوخنرانی شەهید دوکتور قاسملو بۆ پێشمەرگەکانی حدکا تێدپەرێت، ئەو سوخنرانییە لە مەڵبەنی شوماڵ کراوە ئەوەش دەقی سوخنرانیەکەیە


هاوڕێیان

ئەمساڵ ئێمە لە هەلومەرجێکی زۆر ناسک داین. کە دەڵێم ناسک مەبەستم نییە کە هەلومەرج بۆمان خراپە. مەبەست ئەوەش نییە کە هەلومەرج بۆ ئێمە باشە. ئەوە دەگەڕێتەوە سەر کاری خۆمان کە ئەگەر بتوانین لەو شەرایتە، لەو هەلومەرجە کەڵک وەربگرین، ئیستفادە بکەین، ئەوە هەلومەرجێکی زۆر باشە بۆمان هەڵکەوتووە. ئەگەر نەتوانین لەو هەلومەرجە کەڵک وەربگرین و وەختەکە بەخۆڕایی بچێ، ئەوە هەلومەرجێکی ناسک بۆ ئێمە پێک دێ.

ئێوە دەزانن نزیک بە هەشت مانگ لەمەوبەر، لەسەر فشاری داخلی، لەسەر ناڕەزایی خەڵک و لەسەر فشاری نێونەتەوەیی، کۆماری ئیسلامی ناچار بوو بڕیارنامەی 598ی شوورای ئەمنیەت قەبووڵ کا. پێم وایە لەوەی باشتر ناکوترێ کە خودی خومەینی کوتی لە واقیع دا ئەو بڕیارنامەیە بۆ خومەینی وەک ژەهر وابوو کە خواردیەوە. هەرچەند هێندێک لە هاوڕێیان دەپرسن ئەو هەموو ژەهرەی خواردەوە بۆ هیچ بەسەر نایە.

ئەو وەختەی ئوە بڕیارنامەیە پێک هات، زۆر کەس، رەنگە ئێوەش شاهید بن، لەهەردوو کوردستان، بە تایبەت لە کوردستانی عێراق، ترسی ئەوەیان هەبوو کە ئەوە دیسان ساڵی 1975 تیکرار دەکاتەوە. دیسان دەبێتە ئاشبەتاڵ. دەیسان جووڵانەوەی کورد تێک دەشکێ. بەڵام ئێمە و رێبەرایەتیی حیزبی ئێمە هەر لە سەرەتاوە هەر لە سەرەتاوە زۆر بە سەڕاحەت رایگەیاند کە لە مێژووی حیزبی ئێمە دا ئاشبەتاڵ جێگای نییە و نابێ تیکرار بکرێ. هەروەها لێکدانەوەی حیزبی ئێمە نێشانی دا کە لەگەڵ ئەوە کە بڕیارنامەکە قەبووڵ کراوە، ئەوە نابێتە هۆی ئەوەی کە ئەو دوو دەوڵەتە بەتەواوی رێک بکەون و ئاشتییەکی بەردەوام و سوڵحیکی دایمی لە بەینیان دا پێک بێ و ئەو وەختە جووڵانەوەی کورد بکەوێتە وەزعێکی سەخت. ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات، وەکوو حیزبێکی مەسئوول، دەبێ فکری رۆژی هەرە سەختیش بکەین، کە دەڵێین ئاشبەتاڵ نابێ، حەتتا ئەگەر ئەو دەوڵەتانەش رێک کەون ئێمە دەبێ خەباتی خۆمان درێژە پێ بدەین. رێبەرایەتیی حیزبی ئێمە فکری ئەو وەختەی کردووەتەوە. باشترە لە سیاسەت دا ئینسان فکری حاڵەتی هەرەسەخت بکاتەوە، ئەوانی دیکە ئاسان دەبن. ئەگەر لە فکری حاڵەتی ئاسان دا بێ ئەو وەختە ئیدی سەختەکەی بۆ تەحەمول ناکرێ. بۆیە حیزبی ئێمە رێگای ئەوەی کە لە حاڵەتێکدا کە بە تەواوی ئاشتییەکی بەردەوام لە بەینی ئەو دوو دەوڵەتە دا پێک بێ، رێگای دیوەتەوە بۆ ئەوە کە ئێمە لەو حاڵەتە دا چ بکەین.

دەمێنێتەوە ئەوەی کە ئایا ئەو دوو دەوڵەتە دەتوانن رێک کەون؟ پێمان وایە نا. ئێمە دەبێ خۆمان بۆ حاڵەتی رێککەوتن ئامادە بکەین بەڵام پێمان وایە زەحمەتە (رێک بکەون). چونکوو دیارە جەوهەری، ماهییەتی ئەو دوو دەوڵەتە یەک ناگرێتەوە. دەوڵەتی ئێران کۆمارێکی بە ناو ئیسلامیی ئەسناعەشەری، ویلایەتی فەقیهە کە دەیهەوێ بە زۆر شۆڕشی ئیسلامیی خۆی سادر کا. وە عێراق حکوومەتێکی لائیک و غەیری مەزهەبییە کە کە دەیهەوێ و دە بەرنامەیخۆیدا دایناوە سۆسیالیسم دروست بکا. کە واتا ئەو دوو دەوڵەتە بە هیچ شێوەیەک جەوهەریان یەک نییە. مەسەلەی دووهەم ئەوەیە کە هەشت ساڵ شەڕ بوو لە بەینیان دا و دوژمنایەتیی عەرەب و فارس شتێکی تازە نییە. لە تاریخ دا دەیان جار شەڕیان کردووە، پاش هەشت ساڵ شەڕ وا ئاسان نییە ئاکامی ئەو دوژمنایەتییە لە بەین بچێ.لە نەتیجە دا ئێمە پێمان وایە ئەو دوژمنایەتییە هەر دەبێ ماوەیەک بەردەوام بێ. جگە لەوە هێندێک شت هەیە کە لە بەینی ئەوانە دا چارەسەر نابێ. من دەمهەوێ تەنیا دوو شتتان بۆ باس بکەم.

یەکیان ئەوەیە ئەگەر دیققەتتان کردبێ رۆژ هەتا ئێوارێ رادیۆ و رۆژنامەکانی ئێران و قسەکەرانی کۆماری ئیسلامی هاوار دەکەن، دەلێن عێراق جارێ خاکی ئێمەی داگیر کردووە و ناچێتە دەرێ. عێراقیش جوابی ئەوەیە کە خاکی ئێمە داگیر دەکەن. کێهەیان راست دەکەن؟ عێراق راست دەکا یا ئێران؟ ئەگەر دققەت بکەین پێم وایە هەردووکیان راست دەکەن. بۆ هەردووکیان راست دەکەن؟ چونکە عێراق دەڵێ ئەو سنوورەی کە هەیە هی پاش ساڵی 1975ـە. عێراق دەڵێ من ئەو سنوورەم قەبووڵ نییە. سنووری پێش ساڵی 1975م قەبووڵە. ئەگەر سنووری پیش ساڵی 75 بێ عێراق هیچ خاکێکی داگیر نەکردووە. ئەگەر پاش ساڵی 75 بێ دیارە داگیری کردووە. عێراق دەڵێ پەیماننامەی 1975 لەغو کەنەوە. ئێران دەڵێ بە جێگای خۆیەتی. دووهەم مەسەلە کە هەر لەو بابەتەوە دێتە مەیدانێ، مەسەلەی شەتولعەرەبە. ئێران بە پێی پەیماننامەی 1975 حەقی نیوەی شەتولعەرەبی هەیە. عێراق دەڵێ ئەو پەیماننامەیە نەماوە و شەتولعەرەب هی خۆیەتی. ئەوە مەسەلەیەکە عێراق رایگەیاندووە بە هیچ شێوەیەک نایهەوێ پاشەکشەی لێ بکا. ئێرانیش ناتوانێ قەبووڵی کا. چونکە ئەگەر ئەوە قەبووڵ بکا بە مانای ئەوەیە لە شەڕدا شکەستی خواردووە. مەسەلەی دووهەم ئەوەیە کە کێ شەڕەکەی دەست پێکرد. ئێران شەڕەکەی دەست پێکرد یا عێراق. دیارە هەموو ئێران تەبلیغاتەکەی لەسەر ئەوە داناوە کە کە عێراق شەڕەکەی دەستپێکردووە. عێراقیش دەڵێ ئێران ئەوەندە تەحریکی کرد تا نەتیجەکەی بوو بە شەڕ. بە کورتی ئەو دوو مەسەلەیە رێگا نادا ئەو دوو حکوومەتە پێکەوە رێک بکەون. بێجگە لەو دوژمنایەتییە کۆنە کە لە بەینیاندا هەیە مەسەلەیکی دیکەش هەیە کە بۆ ئێمە لە هەموان گرینگترە ئەویش ئەوەیە ئەگەر پەیماننامەی 1975 بەسترا بۆ بەسترا؟ بۆ ئەوە کە عێراق حازر بوو نیوەی شەتولعەرەب بدا بە ئێران بۆ ئەوەی ئێران پشتیوانی لە جووڵانەوەی کوردیی مەلا مستەفا بارزانی نەکا. لە واقیع دا جووڵانەوەی کورد بوو بە هۆی ئەوەی قەراردادی 1975 پێک بێ. بەڵام جووڵانەوەی کورد ئەو وەختە تەنیا لە کوردستانی عێراق هەبوو. ئێستا هەم لە کوردستانی عێراق هەیە هەم لە کوردستانی ئێران. کەوابوو جووڵانەوەکەش پان و بەرینە. سیاسیترە لە جاران. عەشیرەتی نییە. لەبەر ئەوە هەر کەس بیهەوێ تەنانەت مەسایلی دیکەش حەل بکا، ئاشتییەکی بەردەوام پێک بێنێ لەبەینی ئێران و عێراق دا، دەبێ چارەسەرێک بۆ مەسلەی کورد بکا. بێ چارەسەری ئەو مەسەلەیە، هیچ ئاشتییەکی بەردەوامم لە بەینی ئێران و عێراقدا نابێ. هەموو وەختێک ئەو شاخ و داخە بۆوەی دەبێ کە کورد بتوانێ ئەو ئاشتییە تێک بدا. تێکی دەدا ئەگەر حەقی خۆی وەرنەگرێ. هەر بۆیە لێرە دانیشتووە کە تێکی بدا، حەقی خۆیەتی.

کەوابوو نەتیجەکە ئەوەیە کە دادەنیشن پێکەوە قسە دەکەن، فشاریشیان زۆر لەسەرە لە دەرەوە را ئەو دوو دەوڵەتە. بەڵام ئاشتی دایمی لە بەینی ئەوانە دا بەزەحمەت پێک دێ. ئێمە وەختێک کە بڕیارنامەکە قەبووڵ کرابوو، باسمان کرد کە رەنگە شەش مانگ تا دوو ساڵی بوێ، هەتا بە تەواوی رێک دەکەون. ئێستا هەشت مانگی لێ رابردووە و نەک هەر رێک نەکەوتوون بەڵکوو نیوانیان بڕێکیش ناخۆشتر بووە لە چاو هەشت مانگ لەوەی پێش. ئێستا لەو بروایە داین کە مەسەلە، مەسەلەی بان میلییە و رەنگە زۆری بکێشێ کە ئەو دوانە بتوانن پێکەوە رێک بکەون.

لە پاشان کەمێکیش لە سیاسەت ئەگەر ورد بینەوە هێندێک شتی دیکەشمان بۆ دەردەکەوێ. هەتا ئێستا ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێمان خۆش نییە زۆر هێزی خۆمان بەکار بێنین. پێمان خۆش نییە زۆر شەهید بدەین. پێمان خۆشە وەزعی خۆمان بە باشی رابگرین. بۆچی؟ چونکە وامان داناوە کە ئیمامەکەمان بەو زوانە تەشریفی دەڕوا، ئیمام کە رۆیی ئەو وەختە وەزعی وڵات تا رادیەکی زۆر دەگۆڕێ. ئێمە لەوانە نین کە بڵێین دەبێ ئەوڕۆ خومەینی بمرێ سبەینێ لە ئێران دا شۆڕش دەکەین بەڵام پێمان وایە کە ئەو رژیمە گۆڕانی بەسەردێ و رێگا خۆش دەکرێ.

ئەوە ئەو هەلومەرجە ناسکەیە. وەختێک پێک هاتووە بۆ ئێمە کە شەڕ لە بەینی ئێران و عێراق نەمێنێ، بەڵام پێکەوەش بە تەواوی رێک نەکەوتوون. ئەوە فاسلەیەکی زۆر زۆر بەجێیە. رەنگە چەند مانگی دیکە بێ. رەنگە چەند ساڵی دیکە بێ. ئێمە دەبێ لەو فاسلەیە، لەو ماوە زەمانییە کەڵک وەربگرین و ئیستفادە بکەین. ئەوە ئەرکی سەر شانی ئێمەیە. باشە چ بکەین؟ چ ئەرکێکمان هەیە کە دەبێ بەجێی بێنین. من پێم وایە کە ئێمە سێ ئەرکی گەورەمان کەوتووەتە سەر شان کە بەتایبەتی لەو ماوەیە دا دەبێ تێبکۆشین جێبەجێیان بکەین. یەکەم وە لە هەموان موهیمتر ئەوەیە کە، لە مەیدانی خەبات لە نێوخۆی ئێراندا هەر دەنگمان هەبێ. هەر تەقەمان هەبێ. دیارە بە شێوەیەکی رێک و پێکتر. بە شێوەیەکی باشتر. هەر لەو کاتە دا کە خۆمان دەپارێزین لەوەی کە بە خۆرایی شەهید نەدەین، لەو کاتە دا دەبێ زەربە لە دوژمن بدەین. دەبێ زەربە لە رژیمێک بدەین کە رۆژ بە رۆژ کزتر دەبی. ئەوەڵەن ئێمە لەو بڕوایە داین کە رژیمی ئێران، بە پیچەوانەی ئەوەی کە پار دەیهەویست نیشانی بدا، ئەمساڵیش زۆر کزتر لە جارانە. زۆر کەس وا فکر دەکاتەوە – کەمێک غەیری سیاسیانە – کە ئێران ئێستا لەگەڵ عێراق شەڕی نەماوە. هەرچی هیزی هەیە کۆی دەکاتەوە و لە کوردستان خۆی بەهێزتر دەکا. ئەگەر ئێمە شەڕی جەبهەیی لەگەڵ ئێران بکەین ئەو قسەیە راستە. بەڵام ئێمە شەڕی جەبهەییمان نەکردووە. ئەگەر پێشمەرگە پیشمەرگە بوو، پارتیزان لە هەموو جێگایەکی هەبوو لە هیچ جێگایەکی نەبوو، ئەو وەختە ئێران چ دەتوانێ بکا. با 10هەزار نەبێ و 50 هەزار بێ. ئەو وەختە تەئسیری هەیە کە ئێمە شەڕی جەبهەیی بکەین کە نایکەین.

لە پاشان ئێران ئێستا دوو کۆسپیشی لە پێشە بۆ شەڕ کردن لەگەڵ پیشمەرگە. یەکیان نیزامییە. نیزامییەکەی ئەوەیە ئێوە کە پێشمەرگەن بە تایبەتی ئەوانەی کە تەجرەبەیان لەو چەند ساڵە دا زیاترە لەگەڵ رژێمی ئێران زۆر باش دەزانن کە نوقتەی هەرە بەهێزی ئەو رژێمە نە ئەوە بووە کە ئەوەی لە شتی نیزامی دا دەڵێن پڕۆژێتیکی باشتر بووە. نە سازماندهی باشتر بووە. نە سەرباز و پاسدار و بەسیجییەکەی پوختتر لە پیشمەرگەی ئێمە بوون. هیچی ئەوانە نەبووە. هێزی دە چی دا بووە؟ لە سەرەتاوە هێزی لەوەدابوو کە ئەو جەوانانەی دەهاتن بۆ شەڕ پێی ن دەکوترا کە ئەگەر ئێوە بکوژن ئەوە خزمەتی ئیسلامتان کردووە و ئەگەر بکوژرێن دەچنە بەهەشت. یەعنی رووحیەیان باش بوو و ورەیان لە سەرێ بوو. ئەوە نوقتە قووەتی رژێمی ئێرانی بووە. پارئەو وەختانە ئەگەر لە بیرتان بێ لە دوای شەڕی فاو ئیدی شکست لە دوای شکست بە سەر ئێران هات. بۆ؟ چونکە رووحیەکە نەمابوو. ئێستاش هەر وایە. ئەو جەوانانەی کە دە ساڵ لەوەپێش دەهاتن لە کوردستان یا هەشت ساڵ لەوە پێش لە دژی عێراق شەڕیان دەکرد، ئەوان بە بیر و باوەڕ بوون. بە ئیمانەوە هاتبوون شەڕ بکەن. ئێستا ئەو بیروباوەڕ و ئیمانە نەماوە. ئەوە نوقتەزەعفی هەرەگەورەی ئەو رژێمەیە. کەوابوو لە باری نیزامیەوە لە مەیدانی شەڕ دا ئێوە تەڕەف نین لەگەڵ کەسانێک کە هەتا ئاخر فیشەک شەڕتان دەگەڵ بکا. دووهەم، کۆسپێکی سیاسیشی لە پێشە ئەویش ئەوەیە چەندین ساڵە هەر لەو وەختەوە شەڕی ئێران و عێراق دەستی پێکردووە، رژێمی ئێران تەبلیغات دەکا کە ئەوانەی کە لە کوردستان شەڕ دەکەن، ئەوانە بەعسین، پیاوی عێراقن، باشە خۆ ئێستا عێراق شەڕ ناکا. ئەگەر ئێستا شەڕ بکرێ لە کوردستان کە پار مەسەلەن هێزی شیمال زەربەی توندی وەشاند لە دەوروبەری ورمێ و زۆر کەسیان لەو بریندار و کوژراوانە بردە شاری ورمێ، خەڵکەکە پرسیاریان دەکرد باشە ئەوانە لە کوێ کوژراون، ناڵێن شەڕی ئێران و عێراق نەماوە. ئەو سەرپۆشەی کە چەند ساڵ رژێم لەسەر شەڕی کوردستان داینابوو، ئێستا مەجبوورە لابچێ. مەجبوورە ئیعتراف بەوە بکا کە ئەووەڵەن شەڕێکی دیکە هەیە لە ئێران ئەویش لە کوردستانە. دووەم دەبێ ئیعتراف بکا بەوە کە لە واقیعدا نەیتوانیوە لە کوردستان زاڵ بێ. نەیتوانیوە بەو شێوەیەی کە ئیدیعای دەکرد شەڕەکە خەلاس بکا و لە هەموان گرینگتر ئەوەیە کە دەبێ ئیعتراف بکا کە حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەکانی کە شەڕ دەکەن، بەعسی نین چونکە بەعس شەڕ ناکا. بەعس دەگەڵ ئێران رێک کەوتووە. بەعس دەیهەوێ پەیماننامە ئیمزا بکا بەڵام ئێمە نامانهەوێ. لە رۆژی ئەوەڵەوەش کوتوومانە ئێمە شەڕ بۆ شتێک دەکەین. ئەو شەڕە بەسەر ئێمە دا تەحمیل بووە. بۆ شتێک، بۆ دێموکراسی بۆ ئێران بۆ خودموختاری بۆ کوردستان. کەوابوو هەتا ئەو وەختە نەگەین بە هەدەفی خۆمان و ئامانجی خۆمان شەڕی ئێمە هەر بەردەوامە. ئەگەر ئەوانە هەموو بخەینە بەرچاو دەتوانین نەتیجە وەربگرین کە ئەرکی یەکەممان زۆر باشتر دەتوانین جێبەجێ بکەین کە نیشان بدەین ئێمە هێزێکی سەربەخۆین. سەر بە هیچ جێگایەک نین. سەر بە میللەتی کورد و حیزبی دێموکراتین و ئاواتمان ئەوەیە کە دێموکراسی و خودموختاری بەدەست بێنین و دەتوانین دوای تەواو بوونی شەڕیش لە داخلی کوردستانی ئێران دا هیزی خۆمان نیشان بدەین. ئەوە پێم وایە ئەرکی هەرە گرینگی ئێمەیە کە دەبێ ئەوسال کە بە تایبەت ساڵێکی ناسکە زۆر باشتر نیشانی بدەین. ئەو نیشان دانە دیارە مانای ئەوە نییە کە وەک بۆتان باس کراوە و باسیش دەکەین کە ئێمە خۆمان هەر وا بەسەر پایەگا دا بدەین و یا خۆمان بەخۆڕایی بە کوشت بدەین.

بە پیچەوانەوە دەبێ زۆر ورد بین و زۆر نەقشەی دەقیقمان هەبێ. وا بکەین کە هیچ شەهیدمان نەبێ یا ئەگەر شەهیدمان هەبوو زۆر کەم بێ. دەبێ ئاوا بچینە پێشێ بەڵام لە جێگای خۆشی زەربەی باش لێدەدەین. ئەوە نەبێ کە ئەمە لە ماوەی چەند مانگان بڵێین 50 عەمەلیاتمان کردووە. نا لە ماوەی چەند مانگ دا دەبێ چەند عەمەلیاتی باش بکەین دەنگ بداتەوە. بە تایبەتی ئێوە هێزی شیمال لە هەموو جێگایەک زیاتر دەگرێتەوە. هۆیەکەشی روونە چونکە ئێوە لە سنووری تورکیە دان. ئەگەر بڕێک دوورتر بڕۆن دەگەنە سنووری سۆڤیەتیش کە ناڕۆن. نازانم بۆ ناڕۆن. ئێوە هەر ئەوەندە رەنگە تەقەش نەکەن بەڵام بڕوام پێ بکەن کە مەسەلەن لە ماوەی حەفتەیەکدا سێ چوار جار پەلێکی پێشمەرگە بچێتە سەر رێگای بازرگان، یا ئێستا مەسەلەن رێگای سێرۆش بۆتە رێگایەکی ئەسڵی، بچێتە سەر رێگای سێرۆ، هەر ئەوەندە چونکە ئەوانەی کە لە دەرەوەڕا دێن، زۆریان خاریجین، حەتتا شۆفیرەکانی ئەو ترۆمبیلانە خاریجین. دەنگ دەداتەوە لە هەموو ئوروپا کە رێگا گیراوە. هەر چەند مومکینە تەققەش نەکەن وە ئەوە تەئسیری زۆر لەوە زیاترە لەوەی کە ئێمە مەسەلەن لە ناوەندی کوردستان پایەگایەکی 150 کەسیش بگرین کە رژێم سەرپۆشی لەسەردادەنێ و دەڵی بەعس وای کردووە. ئێوە بتانهەوێ و نەتانهەوێ مادام شیمالین ئەرکی سەر شانی ئێوە هەر ئەوساڵە زۆر قورسترە لە هەموو ئەوانی دیکە. دەبێ چالاکتر و فەععالتر بن. ئەوە شتێکە کە نابێ لە بیرتان بچێ. بۆچی؟ بۆ ئەوە کە ئەو ئەرکە گرینکە کە باسم کرد نیشان بدەین. کە ئێمە حیزبێکی سەربەخۆین. هێزێکی سەربەخۆین داوای دێموکراسی و خودموختاری دەکەین و دەمانهەوێ ئەو دێموکراسی و خودموختارییە وەبگرین. شەڕی ئێران و عێراق هەبی و نەبێ ئەوە رەبتی بە ئێمە نییە و بۆ ئامانجەکانی خۆمان هەر شەڕی خۆمان بەڕێوە دەبەین.

ئەرکی دووهەممان ئەوەیە کە ئێمە بە داخەوە تا ئێستا لە نێوخۆی ئێراندا بە تەنیاین. راستە لەو ئاخرانە دا هێندێک تەقە کراوە لە بەلووچستان و ئەوانە و هێندێک جموجووڵ هەیە مەسەلەن بڵێین لە تورکەمەن سەحرا، بەڵام واقعیەتەکەی ئەوەیە کە بەو شێوەیەی ئێمە هەین لە داخلی ئێراندا، هیچ کەسی دیکەی لێ نییە. بۆیە ئێمە ناچارین ئەگەر واقعبین بین، ئێمە بە تاقی تەنیا ناتوانین ببین بە ئالترناتیو. یەعنی ناتوانین ببین بە جێنشینی رژێمنی خومەینی. چونکە کوردستانی ئێران سەدی 7ی خاکی ئێرانە و گەلی کوردیش لە کوردستانی ئێران سەدی 17ی دانیشتوانی ئێرانە. ئێمە لە ئەقەلییەت داین کەوابوو دەبێ هاوپەیمانمان هەبێ و لە بەشەکانی دیکەی ئێراندا دۆستمان هەبێ.ئەوەیە کە حیزبی ئێمە هەر لە سەرەتاوە، هەموو وەختێک مەشغووڵی ئەوە بووەی یەکەم دەگەڵ گەلانی زوڵم لێکراوی ئێران کە بە داخەوە ریکخراوێکی بەهیزیان نییە جارێ وەکوو تورکمەن وەکوو بەلووچ وەکوو عەرەب وەکوو ئازەربایجانی دۆستایەتی بکا. دووهەم دەگەڵ هەموو ئەو هێزانە کە ئیمانیان بە دێموکراسی و خودموختاری هەیە کە زۆربەی هەرەزۆری هێزەکان دەگرێتەوە، دەگەڵ ئەوانیش هاوکاری بکا. ئێمە تەنیا یەک هێز وەدەردەنێین ئەویش شاپەرەستەکانە. چون تەجروبەمان دەگەل شاپەرەستەکان هەیە. لە مێژە ئەو تەجروبەمان هەیە. ئەوەڵەن لەو بڕوایە داین کە شۆڕشی ئێران سەڵتەنەتی ناشتووە. دەفنی کردووە. 60هەزار شەهیدی داوە بۆ ئەوەی کە سەڵتەنەت لە مێژووی ئێراندا شوێنەواری نەمێنێ. لە پاشان ئەمە لەو بڕوایە داین کە سەڵتەنەت لە ئێراندا وەک سەڵتەنەت لە ئینگلستان و سوید نییە. ئەگەر پادشا بێتە سەر کار لە پێشدا دەڵێن دێموکراتم. بە محەمەد رەزاشاشیان وەختی خۆی کە تازە هاتبووە سەر کار دەکوت “شاهنشاه جوانبخت دمکرات” دیتمان چی کرد. دێ لە پێشدا دەڵێ دێموکرات لە پاشان دەبێتە دیکتاتۆرێک کە ئەوسەری دیار نییە. کەوابوو شاهەنشاهی بۆ ئێمە یانی دیکتاتۆری. لە پاشان دەبێتە دیکتاتۆر چونکە لە نێوخۆی وڵات دا هیچ پایەگایەکی ئیجتماعی نییە. هیچ بنکەیەکی کۆمەڵایەتیی نییە. مەجبوورە خۆی ببەستێتەوە بە دەرەوە. جاران شایەکانی ئێران خۆیان بەستبۆوە بە رووسیەی تیزاری. لە پاشان خۆیان بەستبۆوە بە ئینگلستانێ. ئێستاش خۆشیان دەبەستنەوە بە ئەمریکاوە. ناچارە بە دیکتاتۆری حوکم دەکا. میللەت پشتیوانی نییە دەبێ یەکی بێگانە پشتیوانی بێ. دەبێتە دیکتاتۆر. دەبێتە نۆکەری بێگانە کە دیتمان هەر وا بوو.

لە ساڵی رابردوو دا رەنگە خۆشتان ئاگاتان لێ بێ لەو بارەوە کەمێک سەرکەوتووتر بووین لە ساڵەکانی پێشتر. ئەمن پێم وایە لەو ساڵە کە وا لەپێشمانە زیاتر سەرکەوتوویی دەبینرێ. بەڵام دەمهەوێ لێرە شتێک بڵێم. سەرکەوتنی ئەو ئەرکەی ئێمە بەوە بەستراوەتەوە وکە لە داخل دا چۆن بین. ئەگەر هەبین دەتوانین لە دەرەوەش زۆر باشتر کار بکەین. ئەگەر لە داخل نەبین لە دەرەوەش قسەمان ناڕوا. ئەگەر پیشمەرگە لە داخل، عەمەلیاتی هەبێ، فەعالیەتی هەبێ، تەشکیلاتی حیزبمان بە تایبەتی لە شارەکانیش لەمەودوا فەعالییەتی زیاتر بێ، ئەگەر بچمە دەرێ ئەو دەم زمانم ئەوەندە درێژ دەکەم. دەتوانم قسە بکەم و زۆر شت بلێم. بەڵام ئەگەر نەبوو ناچارم کلی بکەم. ئەوە بەستراوەتەوە بە ئێوە. ئەگەر دەتانهەوێ لە دەرەوە باشتر کارەکانمان بچێتە پێشێ، لە ژوورەوە دەبێ فەععالییەت باشتر بکەین. ئەمن پێم وایە دەتوانم ئەوەندەتان پی بلێم کە لەو یەک دوو سەفەرەی لە ساڵی رابردوو دا کردم، قەت نەبووە کە وەک ئەو سی چوار مانگە، نەک هەر بیرورای گشتی و رۆژنامەکان، هێندێک لە دەوڵەتەکانیش ئاوا ئێمە وەربگرن. هێندێک لە دەوڵەتان کە جاران حازر نەبوون قسەشمان لەگەڵ بکەن، ئیستا حازرن قسە بکەن و بە رەسمی وەرمانبگرن. گوێ لە قسەکانی ئێمە بگرن. هێندێک ئیشمان بۆ بکەن. دیارە ئێمە خۆشبەختیمان ئەوەیە کە شەڕی پارتیزانی دەکەین . شەڕی پارتیزانیش نیازی بە دوو شت هەیە. دەلێن باشە چەکتان دەوێ یا پارەتان دەوێ. ئێمەش دەڵێین نە چەکمان دەوی نە پارەمان دەوێ. پشتیوانیی سیاسیمان دەوێ. کورد بە داخەوە لە کوردستانی عێراق دەچوونە هەر جێگایەکی داوای ئەو دوو شتەیان دەکرد. بەڵام ئێمە داوای پشتیوانیی سیاسی دەکەین. ئەمن دەگەڵ یەکێک لە هەرە سیاسەتمەدارانی پایەبەرزی فەرانسە قسەم دەکرد. پێم کوت ئەمە هیچمان ناوێ لەوانە. کوتی ئەوە دیارە کورد زۆر زیرەکن. کوتم بۆچی. کوتی باشە ئەگەر یەکێک پشتیوانیی سیاسی و مەعنەوی لە ئێوە بکا هەموو شتێکیشتان دەداتێ. جا کوتم مەبەستی ئێمەش هەر ئەوەیە. چونکە بۆ ئێمە موهیم سیاسییەکەیە. بارە سیاسییەکەی هەبێ ئەوی دیکەی دەبێ. شکور ئێمە ئیستا ئەوە تەماشا دەکەین پیشمەرگەی باش و پوخت و هەموو ماشەڵلا دیارە نانی باش دەخۆن و چەک و ئەوانەش باشە. هەمانە و بێحەدیشمان هەیە. پشتیوانیی سیاسیمان لەوان دەوێ و من پێم وایە ئەو پشتیوانییە سیاسییە رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێ و دەبێ ئیستفادەی لێ بکەین. دیسان ئەو فاسلە زەمناییە بۆ ئێمە موهیممە. دەبێ دەو فاسلە زەمانییە دا مەسەلەی کورد زۆر زۆر گەورەتر بێ. دەبێ وا بکەین ئەو دەولەتانە لە بەینیان دا بەرەبەرە موسابەقە پێک بێ. ئێستا فەڕز بکەین ئێمە لەگەڵ نوێنەری عێراق دادەنیشین. دەڵێین تۆ حەقی کورد نەدەی ئەوە ئێران خەریکە دەیدا. لە تورکیاش کە دادەنیشین دەڵێین ئەگەر تۆ حەقی کورد نەدەی ئەوە عێراق خەریکە دەیدا. لە ئێرانیش دەڵێین ئەگەر تۆ حەقی کورد نەدەی ئەوە تورکیە دەیهەوێ بیدا. دەبێتە دێموکراسی و لە پاشان نیشتمانێکی هەیە کە غەیری مەزهەبییە. لائیکە. جاران ئەو دەوڵەتانە کوردیان دەکرد بە ئالەتی دەست بۆ ئەوەی دژی یەکتری بەشەڕ بێن. دەبا جارێکیش کورد مسابەقەیەک پێک بێنێ لە بەینی ئەو دەوڵەتانە دا. ئەمە پێمان وایە وەزعی نێونەتەوەیی دەرەوە بۆ ئەوە موساعیدە بەڵام بەستراوەتەوە بەوە کە هەم ئەرکی داخلیی خۆمان چۆن جێبەجێ بکەین و هەم بە زانین و تێگەیشتنەوە ئەو مەسایلەی بەرینە پێش. چونکە هەر بە گۆترە ئەو کارە جێبەجێ نابێ. دەبێ زمانێکی وامان هەبێ، پەیامێکی وامان هەبێ، کە ئەو دەوڵەتانە، ئەو سیاسەتمەدارانە، ئەو رۆژنامەنووسانە لێمان وەرگرن. چونکوو جاری وایە برادەری کوردمان هەیە، دیارە هی ئێمە نییەم حیزبی دێموکراتی تورکیە، ئی عێراق دەڵێ بەڵی ئێمە دەمانهەوێ کوردستانی سەربەخۆ دروست کەین. سنووری چوار دەوڵەتان تێک دەین، عێراق و تورکیە و سوریە و ئێران و حەتا ئی سۆڤیەکتیش جار جار. باشە هەر جاری زیاتر ئەوەی گوێ لێ بێ دەترسێ دەڵێ ئەوە ئاژاوەیەکی گەورە ساز دەبێ. دەبێتە شەڕێکی بەینەلمیلەلی. زۆر رێگایەکی ئیشتباهە. لە پاشان شتێکی غەیری واقعییە. کەس ناتوانی سنووری چوار دەوڵەتان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لابەرێ و لە پاشان ئەو هێزەمان نییە. باشە کەوابوو دەبێ بچی بڵێی خودموختاریمان دەوی لە چوارچێوەی ئێران دا. هیچ شتێکم ناوێ لە دەرەوەی ئێران. دەمهەوێ زمانی خۆم هەبێ، دەبەشی کوردستاندا کاروباری کوردستان خۆم ئیدارەی بکەم. ئەمنیەتی داخلیی کوردستان دەبێ بە دەست خۆمەوە بێ. لە پاشان دەڵێم ئەوەی کە من دەمهەوێ بەشێکە لە هەموو بەشەکان. ئەگەر ئەو شێوە قسەیەمنان هەبێ، راستە خۆ هەردووکی بۆ یەک رێبازە، بەڵام فەرقیان هەیە. ئەوە باشتر وەردەگیرێ. ئەو پادشاهە کە لە خەونی خۆیدا دیبووی هەموو ددانەکانی کەوتبوون یەک ددانی ماوە. بەیانی دوو مەنەججمی هەبوو بانگی کردن. بە یەکێکیان کوت تەفسیری ئەو خەونە چییە. کوتی وەڵا ئەوە تەفسیری ئەوەیە کە هەرچی کەسوکارت هەیە هەموویان دەمرن و تۆ بە تاقی تەنیا دەمێنیەوە. کوتی بیبەن بیکوژن. پاش ئەوەی هەموو کەس وکاری من بمرن ئەمن بە تاقی تەنیا چ بکەم؟ ئەوەی دیکەی بانگ کرد کوتی تۆ دەڵێی چی؟کوتی مانای ئەو خەونە ئەوەیە عومری پادشا لە هەموو کەس و کاری زیاتر و درێژتر دەبێ. جا ئەوە باشە قسەکانیش هەر یەک بوون. شێوەی کوتنەکە جیاواز بوو.

ئەوە ئەو سێ ئەرکە کە باسم کرد، هەموومان دەبی وەک حیزبی دێموکرات، لە پیشمەرگەیەکی سادەوە بگرە هەتا سکرتێری ئەو حیزبە، حەول بدەین بۆ ئەوەی ئەو سێ ئەرکە باشتر بچێتە پێش. یەکەم لە داخل دا نیشان بدەین هیزێکی سەربەخۆین. دووهەم: دەگەڵ رێکخراوەکانی ئێران کە ئیستا زۆرتر دەبن، بەرەبەرە تێگەیشتووتر دەبن، واقعبینتر دەبن، دەگەل رێکخراوی میللەتە زۆر لێکراوەکانی ئێران، تورکمەن و عەرەب و ئازەری، دەگەڵ ئەوانە دۆستایەتی ساز بکەین بۆ دوارۆژ بۆ رووخاندنی رژێمی خومەینی. بۆ دوارۆژی ئەو رژێمە دەبێ ئەو کارە بکەین. سێهەمیش کە لە دەرەوە مەسەلەی کورد گەورە ببێ. ببێ بە مەسەلەیەکی نێونەتەوەیی. هەموو رۆژی باس بکرێ. جا لەوە کەڵک وەربگرین بۆ ئەوەی بە مافی خۆمان بگەین.

ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە رۆژی ئەوەلەوە رامانگەیاندووە کە شەڕخواز نین. ئێمە شەڕ بۆ شەڕ ناکەین. ئێمە شەڕ بۆ شتێکی دیکە دەکەین. شەڕەکەش ئێمە دەستمان پێ نەکردووە. ئەو شەڕە بەسەر ئێمە دا تەحمیل بووە. شەڕی ئێمە بۆ دێموکراسی و خودموختارییە.هەروەختێکی بە دێموکراسی و خودموختاری گەیشتین، دەست لە شەڕەکە هەڵدەگرین. پاشان لە سیاسەت دا رەش و سپی نییە. هەموو شتێک و هیچ شتێک. هەر کەس ئاوا سیاسەت بکا سەرناکەوێ. با ئیعتراف بکەین کە لە تاریخی میللەتەکەمان دا، کورد سیاسەتەکەی ئەوە بووە : یا هەموو شتێک یا هیچ شتێک. نەتیجەکە بۆتە چی؟ هیچ. لە سیاسەت دا زۆر جار وا هەیە دوو هەنگاو دەچیە پیشێ، دوو قەدەم دەچیە پێش شتێک وەردەگری، پاشان دیسان خەبات دەکەی بۆ شتێکی دی. دیسان دەچیە پێش. ئەو سیاسەتە ناویان ناوە هونەری مومکین. سیاسەت هونەری مومکینە نە خەیاڵی. لە خەیاڵی خۆتدا شتێک دابنێی و داوای بکەی. ئەوەی کە واقییەتە جێبەجێ دەبێ. ئەوە سیاسەتە. ئەوەی دیکە شیعر و خەیالاتە. قەدەغە نییە شیعر و خەیاڵات بەڵام ئێمە بە شیعر و خەیاڵات کاری سیاسی ناکەین.

دەڵێین حیزبی دێموکرات موزاکەرەجوو بووە، ئاشتیخواز بووە. ئەوەش هەر وەکوو جنێو دادەنێن. هەر وا دەزانن شتێکی زۆر خراپە. نەخێر شتێکی زۆر باشە. ئێمە ئاشتی خوازین و موزاکەرەش دەکەین. ئێستاکە باسم کرد ئێمە بە تاقی تەنیا لەو ئێرانە دا شەڕ دەکەین. لە شمالەوە نەقیزەیەکی لیدەدەین. هەڵدێین لە جنووبەوە زەربەیەکی لێدەدەین و لەولا دیسان ئەزیەتی دەکەین. بۆ وا دەکەین؟ خۆ ئێمە دەزانین بەمە ئەو رژێمە ناگۆڕێ. ئەی بۆ وا دەکەین؟ شتەکە زۆر روونە. ئەوەندەی لێدەدەم هەتا هەراسانی دەکەم بلی باشە بۆ وا دەکەی؟ کە هات بڵێ بۆ وا دەکەی ئەو وەختە پێی دەڵێم بۆ وا دەکەم. ئەوە دەبێتە چی؟ دەبێتە موزاکەرە. لە واقع دا ئەمن شەڕ دەکەم بۆ موزاکەرە. ئێمە دەڵێین کە مەسەلەی کورد حەللی نیزامیی نییە. مەبەستمان ئەوەیە ئەوانەی کە دانیشتوون لە ئەمریکا و لە ئوروپا و لە بەغدا و نازانم لە کوێ دەڵێن بۆ شەڕ ناکەن و بۆ خۆ هەڵناکەن؟ وڵامەکەی هاسانە. ئەگەر پیاوی وەرە بۆخۆت شەڕ بکە. بەڵام ئێمەین ئیستا شەڕەکە دەکەین. دەبزانە چەندە ئەوانە بی شەرم و دووڕوون کە بە حیزبی دێموکرات دەڵێن شەڕ بکە. هەتا پارەکە دیسان کۆمەڵە هەبوو. ئێستاش کۆمەڵە هەموو ئەندامانی خۆی کۆ کردۆتەوە و ئەوەی ماوێتی سی چل کەسی لی دەرهێناوە وەک کۆماندۆ. ئەوی دیکەش بە سەفەر دەڕۆن بۆ دەرەوە و لە سوید و ئینگلستان و فەرانسە و ئاڵمان شۆڕشەکە ئیدامە دەدەن. کەوابوو ئێمە دەلێین موزاکەرە دەکەین. بەڵام موزاکەرە بۆچی؟ موزاکرە بۆ دێموکراسی و خودموختاری. ئەگەر رژێمی خومەینی رۆژێک هات و کوتی من حازرم خودموختاری بدەم بە شێوەیەک کە حیزبی دێموکرات موافقەتی دەگەڵ بکا، ئەو وەختە ئەمە بە میللەتی کورد بڵێین چی؟ چەک؟ ئەو وەختە بۆمان دەردەکەوێ کە ئێمە شەڕ دەکەین هەر بۆ شەڕ. مەنزوورم ئەوە نییە خومەینی شتی وا دەڵێ. پێم وایە تا خومەینی مابێ شتی وا ناڵێ.

ئێمە لە عەینی وەخت دا کە ئیستا شۆڕشگێڕترین و شەڕکەرترین هێزی ئێرانین، دە عەینی وەخت دا مەسئوولترین حیزبی ئێرانیشین، دەعەینی وەخت دا ئاشتی خوازترین هێزی ئێرانیشین. هەر بۆیەش میللەتی کورد دەزانێ ئێمە مەسئوولانە دەجووڵێینەوە. و میللەتی کورد دەزانێ کە ئێمە ئەوە نین لە زەمانی ئاشتی دا شەڕ بکەین و لە زەمانی شەڕ دا بڵێین دادەنیشین. دە زەمانی شەڕ دا شەڕ دەکەین و ئەگەر ئاشتی بوو ئەوا ئاشتی. کەوابوو ئێمە هیچ ناشارینەوە. ئەگەر رۆژێک هەر رژێمێک لە تاراندا بێتە سەر کار، لەسەر دێموکراسی و خودموختاری لەگەڵ ئێمە وتووێژ بکا، ئێمە هیچ باکمان نییە و بە ئاشکرا دەڵێین و دەنووسین و لە رادیۆ بلاوی دەکەینەوە . کەسێکیش کە پێمان دەڵێ موزاکەرەجوو ئەوەی بە جنێو نازانین و پێمان وایە حەقی خۆیەتی. کوتم ئێمە مەبەستمان هەر ئەوەیە ئەو رژێمە ناچار بکەین. یا شەڕی مە ئەوەندە درێژ دەبێ تا رژێمەکە دەڕووخێ یا یا ئەوەندە ناچاری دەکەین کە بێتە سەر مێزی موزاکەرە. لە هەموو دنیاش ئێوە تەماشا بکەنم لە ئانگولا موزاکەرە دەکەن، لە سریلانکا موزاکەرە دەکەن، لە فەلەستین لەگەڵ ئیسرائیل موزاکەرە دەکەن.هەموو هەر بۆ موزاکەرەیە. باشە بۆ بۆ هەموو خەڵکی دنیا رەوایە و بۆ کوردی بەدبەخت قەدەغەیە. ئەوان بۆخۆیان هیچیان لە ئێراندا پێ ناکرێ، موجاهید و ئەوانەی دیکە هیچیان پێ ناکرێ. لەمەودواش بەغدا زۆر گەرمە. گەرما تینیان بۆ دێنێ، ناشتوانێ بچێتەوە ئێرانێ. فکرەکەی ئەوەیە کە ئەمن هیچم پێ ناکرێ بەڵام ئەتۆ هەر شەڕ بکە. باشە شەڕ دەکەم بەڵام بۆ تۆی ناکەم. ئەمن شەڕەکەم بۆخۆم دەکەم. و ئەگەر رۆژێک یەکێکی وا پەیدا بوو لە تاران هات کوتی با شەڕ نەکەین ئەوەی تۆ دەتهەوێ جێبەجێی دەکەم، خۆ من ئەو وەختە شێت نەبووم شەڕ بکەم. لەبەر خاتری چی شەڕ دەکەم؟ ئێمە لە سیاسەتدا ئەو بڕوایەمان نییە یا دەبێ “خومەینی” بێ یا دەبێ “رەجەوی” بێ. ئەمە ئەو شتەمان نەکوتووە. ئێمە دەڵێین ئەو رژێمە رەنگە ماوەیەکی دیکەش لەسەر کار بێ، رەنگە لە پاش خومەینیش رەجەوی نەیەتە سەر کار. هەر نایەتە سەر کاریش. باشە کەوابوو ئێمە لەگەڵ رژێمێک تەڕەفین کە لەوێ دانیشتووە. ئەگەر رژێمەکە ئەتۆ دەتوانی بیڕووخێنی کە ئیدیعات زۆرە فەرموو خۆ کەس پێشی پێ نەگرتووی بیڕووخێنە. ئەمەش پێمان خۆشە بڕووخێ. ئەمە پێمان خۆشە. کێ پێی ناخۆشە ئەمە ئەوشۆ بە ئیسراحەت بنووین و بەیانی هەستین بزانین خومەینی رووخاوە. بەڵام خەون و خەیاڵات شتێکی دیکەیە و واقییەت شتێکی دیکەیە. کە ناتوانی رژێمەکە بڕووخێنی هیچیشت لە دەست نایە شەڕیشت پێ ناکرێ، دوو کەسیشت لە هیچ شارێکی ئێران نەماوە کە شتێکت بۆ بکا، تۆ داوا دەکەی شەڕەکە من هەڵئاییسێنم؟ پێتوایە کورد کوردی جارانە؟ لە بۆیە ئێمە ئەگەر هات و ئەو رژێمە جارێ رژێمێکی کۆنەپەرەستی سەدەکانی نیونجییە کە شتێکی لێ دەرنایە، بەڵام ئەگەر سبەینێ وەزعی رژێمەکە گۆڕا و تەغیراتێک هاتو و یەکێکی وا پەیدا بوو کوتی بەڵی من حازرم خودموختاری بدەم، دەیکەین.ئێمە حیزبێکی مەسئوولین. خوێنی یەک پێشمەرگەمان بە دنیایەک نادەین. پێم خۆش نییە یەک پێشمەرگەمان شەهید بێ. شەڕ بۆ شەڕ ناکەین. ئێمە شەڕ بۆ هەدەفێک دەکەین. شەڕمان پێناخۆشە. ئەگەر لە رێگای ئاشتی و لە رێگای وتووێژەوە حەقی خۆمان وەربگرین، بۆ شەڕ دەکەین؟ ئێمە عاشقی شەڕ نین. ئێمە عاشقی ئاشتی و ئازادی و دێموکراسی و خودموختارین.

جا من ئارەزاووم ئەوەیە ئەوەی کە باسمان کرد لێرە پێکەوە، هەر کەس لە جێگای خۆی ئەرکی خۆی بە چاکی بەجی بگەیەنێ. ئەمن دڵنیام کە ئەوساڵ هەم ئێوە وەک پێشمەرگە و بە تایبەتی وەک هێزی مەڵبەندی شیمال و ئێمە وەک بەڕێوەبەری ئەو حیزبە و هەموو هێزەکانی دیکەمان لە ناوەندی کوردستان و جنووبی کوردستان ئەوسال ئەرکی خۆمان باشتر لە پار و لە ساڵانی دیکە بەجێ بگەیەنین و دڵنیام کە چەند هەنگاو لە ئامانجەکانی خۆمان کە دێموکراسی و خودموختارییە نزیک دەبینەوە.

 


دەقی بیرەوەری کاک کاووس عەزیز ی

30 ساڵ بەرلە ئێستا !

شەو دوای شام کاک سولێمان کەلەشی بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس کۆبوونەوەیەکی چەند دەقیقەیی بۆ ئێمە گرت لە کۆمیتە کە وابزانم وەک کادری کۆمیتە 13 کەس بووین.

کۆبوونەوە بۆ ئەوە بوو کە پێمان ڕابگەیەنێ: بەیانی زوو لە خەو هەستەنەوە و لەگەل باقی هاوڕێێانی پێشمەرگە پاک و خاوێنیی دەوروبەری مقەر بکەن چوونکی کاک دوکتۆر قاسملوو دێت!

موژدەیەک بوو کە دەتوانم بڵێم ئەو شەوە بەڵکوو کەمترین سەعات خەومان لێکەوتبێ و چاوەڕوانی بەیانی بووین کە بە دیداری ڕێبەر و هاوڕێی خۆشەویستمان کاک دوکتۆر شاد بینەوە.

بەیانی زوو هەستاین و دوای نانی بەیانی بە هەموومان دەورێکی بنکەکەمان دایەوە و ئەگە رنایلۆنێک یان شتێک کەوتبووە، کۆمان کردەوە و بە ئامادەیی چووینەوە لای سەرەوە کە بنکەی مەڵبەند بوو و لەوێ دەوربەری سەعات ١٠ی بەیانی بوو کە کاک دوکتۆر و چەند کەس لە پارێزەرەکانی بە ماشێنێکی لاندرکۆزێری سکرتاریا هاتنەوە.

دوای پشوویەکی کورت لە پشت مەڵبەند لە ژێر سێبەری دارێک دانیشتین و کۆبوونەوەیەکی بۆ کردین کە بەداخەوە دوایین کۆبوونەوەمان بوو لە خزمەت گەورە مرۆڤی کورد.

بیرەوەریی ئەو ڕۆژە مومکین نیە هیچکام لە بەشدارانی لە بیر بکەن و هەموو ساڵێ ئەو ڕۆژە نەکەونە یادی ئامۆژگارییەکانی ڕێبەر و مامۆستامان.

بەڵێ ئەو ڕۆژە: 29ی خاکەلێوەی 1368 (18ی ئاوریلی 1989 ) بوو. و ئەم چەند وێنەیەش لەو ڕۆژە دا گیراون .

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی