Hoppa till innehåll
Hem » لە شەست ساڵەی خۆم دا، برایم لاجانی

لە شەست ساڵەی خۆم دا، برایم لاجانی

بودیل، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەمان، بەرنامەی هەیە دوای خانەنشینبوونی زمانی ئیسپانیۆلی فێربێت و باقی تەمەنی لە باشووری ئورووپا بەرێتە سەر.

لێرە شەست ساڵەی تەمەن سەرەتایەکی دیکەیە بۆ قۆناخێکی تازە لە عومر کە دەکرێ بە ئاسودەییەوە دوور لە هات و هاوار و بگرەو بەردەکانی قۆناخەکانی پێشتر، لە ژیان ڕامێنی و مانای قوڵ و جوان بەدەستەوە بدەی. پێشتر تەمەن دابەش دەبوو بەسەر منداڵی، گەنجی وپیری دا. ئێستا لە مێژە ئەو دابەشکردنە بێ مانا بووە. ئێستا بە جۆرێکی دیکە تەماشای ژیان دەکەین. منداڵی، مێرمنداڵی، نەوجەوانی، جەوانی، میانساڵی، بەتەمەن، بە ساڵاچوو، پیری پڕساڵی و پەککەوتەیی. هەریەک لەو قۆناخانەی تەمەن پڕن لە دەرفەت بۆ ژیان کردن.

ئێستا کە گەیشتوومەتە تەمەنی شەست ساڵی و ئاوڕ لە ڕابردووی خۆم دەدەمەوە، بە ئاسانی بۆم دەردەکەوێ کە ئیحساس و هەست و سۆز، زۆر جار ڕۆڵی بنەڕەتیان لە ژیانمدا گێڕاوە. دەڵێن لە سیاسەت و ماڵداری و ئۆکۆنۆمیدا، دەبێ پتر گوێ بدەینە عەقڵ و شعور، بەڵام لە دڵداری و خۆشەویستیدا سەری تەسلیم بۆ ئیحساس نەوی کەین. ئەگەر هەموو ژیان بکەینە دووکان و وەک دووکاندار هەڵس و کەوت بکەین، ڕەنگە ئەوە درووست بێت. بەڵام من هەرگیز پێم وانیە دەبێ ڕۆڵی هەست و سۆزو ئیحساسەکان لە ژیانی تایبەتی و لە کۆمەڵدا بە هێند نەگرین. ئەزموونی ژیانی من ئەوە دەردەخا کە دەبێت هەردووکیان بە هێند بگرین.

بە ڕاستی پێ نانە نێو ژیان و هاتنە سەردوونیا هەر لە ڕۆژەکانی سەرەتای تەمەنەوە سەخت و دژوارە. سەرەڕای ئەو هەموو پێشکەوتنەش کە لە بواری پزشکی و تەندرووستیدا وەدەستمان هێناوە، هێشتاشی دەگەڵ بێت ساڵانە دەیان ملیۆن منداڵ تەنیا لە کاتی لە دایک بووندا گیانیان لە دەست دەدەن و بە مڵیۆن منداڵی دیکەش بەهۆی جۆراوجۆر هەر لە کاتی لە دایک بووندا زیانیان پێدەگاو دواتر سەرتاسەری عومریان بەدەست ئاکامەکانی ئەو زیان پێگەیشتنەوە دەتلێنەوە. لە نێو هەموو مەمک دارەکاندا، لە دایک بوونی منداڵی مرۆڤ. لە چاو ئەوانی دیکە، سەخترین پڕۆسەیە.

دواتریش هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ بێ عەداڵەتیەکی گەورە ڕوو بەڕوو دەبین. هەندێک کەس دەکەونە نێو ناز و نێعمەت و ڕەفاه. لە سێبەری موحیببەتی دایک و باوک و بنەماڵەدا گەورە دەبن و هەموو ئیمکاناتی گەشەو هەڵدانیان بۆ ڕەخساوە. زۆریشن ئەوانەی هەر لە لەحزەی یەکەمی هاتنە ژیانەوە، دەکەونە نێو دەریای بێ بەشی و نەهامەتی و هەژاری و هەڵاواردن و هەناسەساردی و نەداری و هەزار جۆرە بەدبەختی.

بەو حاڵەشەوە ئەزموونی ژیانی من ئەوە دەڵێ کە ئەو هەموو بێ عەدالەتی و مەینەت بەشیە و ئەو هەموو سەختیەی لە ژیان و لە کاتی لە دایک بوونماندا دێتە پێشمان، نابێت وامان لێبکات پشت لە ژیان بکەین و بەکەمی بگرین. لەوەش زیاتر دەبێ ژیان هەمیشە بە دەرفەتێکێ گەورە بزانین کە بۆمان هەڵکەوتووە. بەڕاستی لۆتۆیە، یانسیبە و بۆمان دەرچووە. لەکاتی جووتبوونی ژن و پیاودا سەد مڵیۆن سپێرم لەگەڵ یەکتر دەکەونە کێبەرکێ بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە ئەو هێلکەی کە چاوڕێ یە. تەنیا یەک دانە سپێرم دەگاتێ و ڕووح وەبەر ئەو کۆرپەدەنێ کە دوایە دەبێت بە تۆ یا من. ئێستا ئەگەر لەو سەدمڵیۆن سپێرمە یەکێکی دیکە ئازاتر مەلەی کردبا و خۆی گەیاند بایە هێلکەکە، لە جیاتی من و تو کەسێکی دیکە دەهاتە ژیانەوە کە تەواو جیاواز دەبوو. لەوەش زیاتر ئەگەر ئەوە تۆزێک دوورتر کەینەوە و دایە گەورەو بابە گەورەشمان بخەینە نێو ئەو هاوکێشەوە، ئەوسا بەڕاستی ئەو کەسەی دێتە ژیانەوە بەختێکی گەورە بە نسیبی بووە. تەنانەت ئەگەر کاتی ئەو عەمەلە چەند دەقیقە یا چەند سەعات پێشتر یا دواتر بوایە، دیسان ئاکامەکە من و تۆ نەدەبووین و کەسێکی دیکە دەبوو.

هەندێ لە زاناکانی بیۆلۆژی دەڵێن ئەوە وەک ئەوە وایە کە سەر تاسەری دونیا بە ئاو و وشکاییەوە پڕ بکەی لە سکە و لە نێو ئەو هەموو سکانەدا کە بڵاو کراونەتەوە، ناوی تۆ تەنیا لەسەر یەکێكیان نوسرابێ، لە ئاسمانەوە هەڵۆیەک شۆڕبێتەوە و خۆی لوولداو بەدەنوک ڕاست ئەو سکەیە هەڵگرێتەوە کە ناوی تۆی لەسەرە. شانسەکە یەک لەسەر سەدان ملیارد و بگرە زیاتریشە. بۆیە دەبێ بەرەوپیلی ژیان بچین.

هاتنە ژیان وەک ئەوە وایە پێ بنێیتە سەرزەمینێکی گەورەی کاکی بە کاکی و بەرین. لەوێدا کانی و چۆم و ڕووبار و باغ و دارستان و گەوەو و هەوراز و هەڵدێر و شاخ و گردۆڵکە و بیابان هەن. ئەگەر ڕووناکایی دەبینی، تاریکیشت زۆر جاران دێتە ڕێ، ساردی و گەورمی دەبینی، خۆشی و ناخۆشی دەبینی. ئەوە ئەتۆی دەبێ بڕۆی ببیە گەڕیدەو ئەو دونیایە بە تاقی کەیەوە. وەک ماسیە ڕەشەبچکۆلەکەی سەمەد، بۆخۆت هیممەت بکەی و گۆمەکان و ڕووبارەکان کەشف کەی. بەڵام دەگەڵ کەسانی دیکەو بە هاوکاری و بە کارکردن و هاوئاهەنگی دەگەڵ کەسانی دیکە. یەک شت ڕوونە. بە تەنیا و بەتەنێ بە هیچ کوێ ناگەی.

بەشێکی گرنگ لەو گەڕان و چوونە پێش و ڕامانە ئەوەیە جار جار ڕاوەستی و تەماشای جوانیەکانی ژیان بکەی و مانایان لێ بەدەستەوە بدەی. بە کامێرای گۆرانی نەمر بڕوانی.

کانیەکی ڕوونی بەر تریفەی مانگەشەو، دەریایەکی بێ سنوور، پەڵە هەورێک بەئاسمانەوە، چڵەوەنەشەی بن سێبەری دوودڕک، ئەستێرەی بە ئاسمانەوە، گوڵی نێو باخچەی بەهار، زەردەپەڕ، بزەی سەرلێوی منداڵێکی ساوا، پارچە مۆسیقایەک، ئامێز لێکدانی دوو کەس کە یەکتریان خۆش دەوێ، ئەو چۆلەکانەی شمشاڵ لێدەدەن و هونەرنمایی دەکەن بۆ ڕاکێشانی دڵی بەرانبەرەکانیان، ئەو باڵندانەی هێلانە دروسست دەکەن و خەریکی ماڵپێکەوەنانن. سەگێک لەگەڵ کچۆلەیەکی تازە پێگەیشتوو کە لە پیاسەی ئێوارانە، قاقای کچە عێلاتیان، هاتووچۆی منداڵانی نێو یاریگاو حەوشەی قوتابخانەکان و هەزاران تابڵۆی دیکە کە هەرکامیان بۆخۆی بەجۆرێک ماناو جوانیان لێ دەبارێ و ڕەوشەنکەرەوەی شەقامی ژینن.

بۆ ئەوەئ هەست بەو جوانیانە بکەی و بیانبینی و مانایان لێ ساخ کەیەوە دەبێ لەو سەرزەمینەدا حزوورت هەبێ و بگەڕێی وهەڵوەدای دوای جوانی و مانا بیت.

وەک وتم ئەو سەرزەوویە پڕە لە خۆشی و ناخۆشی و هەوراز و هەڵدێر و جوانی و مانا. گرنگە چالاک بی و چالاکی جۆراوجۆرت هەبن. بەو گەورەساڵانەی لە كۆڕسەکانی فێربونی زماندا بەشداردەبن و تازە هاتوونەتە نۆروێژ دەلێین، وڵاتی نۆروێژ پڕە لە دەرفەت، بەڵام ئەوە ئەتۆی دەبێت ئەوان بدۆزیەوە و ماڵیان بکەی. ئێمە دەتوانین ئەسپەکە بەرینە سەر ئاو، بەڵام دەبێت بۆخۆی ئاو بخواتەوە. مەبەستم ئەوەیە کە ئەو ژیانە پڕە لە دەرفەت و شانسی گەورە، لەورێ یەدا هەمیشە شتی تازە دێتە پێش. ئەو سەرزەمینە ئاواڵاو بەرینە. نەنکم دەیگووت ئەگەر ڕزق هەر ئەوەندە بوایە کە لە پێش چاوانە، هەموو خەڵک لە برسان دەمرد. دەمەوێ بڵێم کە دەبێت گەشبین بین. لەو رێ یەدا بە گشتی و بەتایبەتی وەختێک کە تووشی قەیران و سەرپێچ و گەوە و دووڕیان دەبین، زۆر گرنگە هەم هەموو هەستەکانمان وەخەبەر بێنین و لەهەمان کاتدا لە عەقڵ و شعوریشمان کەڵ وەرگرین. واتە بە دڵی پڕ لە شوور و سەری پڕ لە سامانەوە، بڕۆینە پێش. یانی هاوئاهەنگی و باڵانسیان لە نێواندا درووست کەین.

ئەزموونی ژیانی من ئەوەش دەڵێ کە زۆر گرنگە فێربین هەستە مەنفی و نێگەتیڤەکان نەک هەر هەوسار کەین، بەڵکو بیان گۆڕین بۆ هەستی موسبەت و پۆزەتیڤ. یانی بە لای خێرو جوانی و چاکەو خۆشەویستی و مەحیببەتدا ئاڕاستەیان بکەین. ئەگەر لەو کارەدا چاپوکی لەخۆمان نیشاندەین، چۆنایەتی ژیانمان زۆر دەچێتە سەر و شادی و خۆشی و سەعادەتی پترمان بە نسیب دەبێ. ئەو دەم دەبینە کەسێكی ئۆپتیمیست و گەشبین. ئەوە ئازایەتی و خەلاقیەتمان دەداتێ تا لەو رێگایەدا کەندوکۆسپ و گیروگرفتەکان بکەینە سەکۆی بازدان بۆ هەڵدان و گەشەکردن و پوختەبوونی زۆرتر.

ئیبڕاهیم لاجانی

٢٥.١١.١٩

ئۆسلۆ