"an independent online kurdish website

لە کاتی دیاریکراو دا من و محمد ساڵح و فەیسەڵ گەیشتینەوە بنکەی قەرەغان زۆر خۆش چاک کرابوو، جاران ٢ ژووی خەوی گەورە هەبوو لەگەل ئاشپەزخانە و حەمام و … . بەڵام ئەو ساڵە زۆر جوان دروست کرابوو و ٣ ژووری خەو و ئاشپەزخانە و حەمامی باش هەبوو.

مەڵبەند ئەرکی نووژەن کردنەوەی ئەو بنکەیەی بە هیندێک لە دۆستان و دڵسۆزانی حیزب سپاردبوو و ئامادە کرابوو کە خۆم لە ناوهێنانیان دەپارێزم. هێز و کادرەکانی کۆمیتە تەقریبەن ٤٠ بۆ ٤٥ کەسێک لەوێ مابوونەوە.و باقیی کادر و پێشمەرگەکان ڕۆیشتبوون.ئەوە تیمی ناوچە بوون و ئەو زستانە نەدەچوونە باشوور و دیار بوو من دەبا بڕۆمەوە.فەیسەڵ ژن و مناڵەکەی هێنابوو و ناردبوونی بۆ لای گەلێشم و دەبا هەر بڕوا. بۆ ئەو بەشە لە هاوڕێیان هەیئەتێکی ٣ کەسی دیاری کرابوو کە کاک سلێمان کەلەشی بەرپرسی گشتی و کاک ڕۆستەم جەهانگیری و کاک محمد ساڵح قادری وەک هاوکاری بوون. فەرماندەرانی نیزامیش کاک ڕەحیم خالیدی فەرماندەری لکی ١ و کاک بێهرەنگ ئاغازادە و کاک محمد حەقدار و کاک سادق مووسایی وەک سەرپەل مابوونەوە.

من کەسێکی سەڵت و ئەگەر تاریفیش نەکەم کەسێکی چوست و چالاکیش بووم بۆ ناوچە، بۆیە هیچ هۆکارێکی لۆژیکی نەبوو کە من بڕۆمەوە. لەگەل کاک سلێمان و کاک محمد ساڵح باسم کرد کە نامەوێ بڕۆمەوە و دەمەوێ لە ناوچە بمێنمەوە. ئەوەی ڕاستی بی کاک محمد ساڵح ڕازی بوو، بەڵام کاک سلێمان بە هەر هۆکارێک بوو ڕازی نەبوو و گوتی بڕیارمانداوە کە تۆ بڕۆیەوە . ئەوەبوو وازم هێنا و گوتم باشە دەڕۆم، بەڵام زۆر بە نابەدڵی. شەڕافەدین تاهیر حەسەنیش پێیان ڕاگەیاند کە دەبێ بڕۆی و فەرماندەری هێز گوتوویەتی با بێتەوە و لێرە نەمێنێ. ئەو هەر زۆر ناڕازی بوو و ناڕيزایەتیەکەشی زۆر نالۆژیکی نەبوو. دەیگوت من هەم تەمەنم هەیە، هەم وەزنم قورسە ، بۆ دەبێ ئەو هەموو ڕێگایە بڕۆم و بەهاریش دووبارە بەو وەزعەمەوە بگەڕێمەوە؟ بەڵام ئەویش هەر وڵامی ڕەدی وەرگرتەوە و دەبا هەر سێکمان بڕۆینەوە. فەیسەڵ دڵخۆش بوو کە دوای ساڵانێکی زۆر بۆ یەکەم جارە دەچێ بە ئازادی لەگەل خێزان و مناڵەکەی لە پەنا بنکەکانی حیزب بژی. من و شەڕافەدین یش بە نابەدڵی بەیانیەکی زوو حەرەکەتمان کرد و وابزانم ئەسپێکمان پێ بوو.
ڕۆژی کورتی پاییزی تا گەیشتینەوە لای سەرگەڕی تورکان کانی دونیا تاریکی کرد و هەر لەوێ ماینەوە و دەنگی تۆپ و خۆمارە لە مەڕگەوەڕ دەهات. بێسیم و ئەوانەشمان نەبوو. بە هەرحاڵ ئەو شەوەمان لەوێ کردە بەیانی و تا دەوربەری ئێوارەش لەوێ بووین و حەرەکەتمان کرد بۆ شەو لە ماڵێکی قەراغ گوندی هەلانە لاماندا و هەمووی سەعاتێکی نەبرد دەرکەوتین. هەرازی شاخی ڕەش مان گرتە بەر و بۆ دونیا ڕوونکا بوون بە حاڵە حال گەیشتینەوە لای گۆماوەکەی بەرانبەر گەرووی زینێ. کانی و ئاو نیە، بەس گۆماوێکە کە ئاوی بەفر تێیدا مابووە و پڕ بوو لە کرمی وردی سوور. هەڵبەت زۆر جاری تریش ئەو ئاوەمان خواردبووە.تا نیوەڕۆ هیندێک ئیستراحەتمان کرد و کەوتینە ڕێ بۆ مەغریب گەیشتینەوە بن لیسان(سێ سنوور) . لەوێ بنکەی هێزی کێلەشین وکۆمیتەی شارستانی شنۆ هەبوو.
کە چووینەوە هاوڕێیانی هێزی ئاگری و هێزی کێلەشین تازە گەڕابوونەوە و ماندوو بوون. عەمەڵیاتێکی هاوبەشیان لە سەر پایەگاکانی گوندی کەلاسی و سێودین ئاوای مەرگەوەڕ کردبوو کە نەیانتوانیبوو هیچکامیان دەست بەسەردا بگرن. بەداخەوە تیمێکی هێزی کێلەشینیش لە گوندی دزەی مەڕگەوەڕ ئاشکرا ببوون ٦ کەس لە باشترین پێشمەرگەکانی شنۆ شەهید ببوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون. وەزعەکە زۆر ناخۆش و غەمناک بوو. کاک عەسکەر عەلیزادە کە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس بوو لە سێ سنوور لای هاوڕێێان بوو . لە بیرم نیە چەند ڕۆژ لەوێ ماینەوە، بەڵام دەزانم کەمتر لە حەفتەیەک لەوێ ماینەوە و هەموومان پێکەوە بەرەو باشوور چووین کە بنکەی ئێمە لە بێشێ، ی بناری حەسەن بەگ و بنکەی شنۆ لە مامەخەتیب و جاوکای دۆڵی ڕۆستی بوو.

کاتێک گەیشتینەوە خاکورک و لە شێخان هەرچی لەندروێری دیانا بوون بە کرێیان گرتبوو و هاتبوونە دوامان. هەر لە کاک نەجمەدین تا فەدل هەموویان هاتبوون. بارانێکی خور دەباری و شەو گەیشتینەوە “سەری بەردی ” کە ئەوکات پێیان دەگوت: فرقەی ٣٣. لەوێ کاک جەعفەری حامیدی کە ئەوکات نوێنەری حیزب لە سلێمانی بوو هاتبووە فرقە تا ڕێگریمان لێ نەکەن. دوای هیندێک ڕاگیران ، ئیزنیان دا بڕۆینەوە. دەوربەری سەعات ١١ی شەو بوو گەیشتینەوە مقەری خۆمان کە دیمەنەکەیم هەرگیز بۆ فەرامۆش ناکرێ . تازە ٣ مانگ بوو کاک دوکتۆر شەهید ببوو. کە چووینە ژوورەکانمان کە قوتابخانەیەکی ناوەندیی کۆن بوو ئاوەدانمان کردبووە، وێنەی کاک دوکتۆر قاسملوو لە بنکەکان هەڵواسرابوون. بەهەموو وجوودمەوە هەستم بە هەتیو مانەوە دەکرد و دڵةیام هەستی باقی هاوڕێیانیش بوو. بیری ئەو ڕۆژەم دەکردەوە کە کاک دوکتۆر ماوەیەک بەرلە حەرەکەتمان بۆ ناوچە ئاخەرین کۆبوونەوەی بۆ کردین و ئامۆژگاریی پێداین .

بەشی دووهەم

 دوای ماوەیەک پشوودان ، لە بنکەکان دەستکرا بە پەروەردە و کاروباری ئۆرگانەکان. دیاردەی ئەرێنیی هەست بە بەرپرسایەتی لە دوای شەهید بوونی کاک دوکتۆر قاسملوو لەلایەک، جیدیەتی کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی لە لایەکی دیکە وایان کردبوو کە هەر کەسە و لە بنکەکان خەریکی کار و ئەرکی حیزبی بێ.

لە ئۆرووپا کۆمەڵێک ئاڵ وگۆڕی بنەڕەتی دەستیان پێکردبوو. وڵاتە بە ناو سۆسیالیستییەکانی ئۆرووپا یەک لە دوای یەک خەڵک هەڵدەستا و سیستەمی داسەپاوی ستالینیستی یان دەڕووخاند کە ئیعدامی چائۆشیسکۆ و هەڵگرتنی دیواری بێرڵین و هێنانە خواری پەیکەری ئەنوەرخۆجە و دابەش بوونی چیکوسڵواکی بە دوو دەوڵەتی سەربەخۆ نموونەی زەقیانن. بۆ ئێمەی کوری ڕۆژهەڵات و بەتایبەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران زۆر جیاواز بوو ، کە سەرەڕای زەبری قورسی شەهید بوونی کاک دوکتۆر قاسملوو و کاک عەبدولا قادری ئازەر، بە بێ موبالیغە دەتوانم بڵێم ڕۆژ لەگەل ڕۆژ گەشەی دەکرد و تێکۆشانی حیزب بەرینتر و کاریگەرتر دەبووە. کاک دوکتۆر قاسملوو کاندیدی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێڵ بوو. ڕاستە خەڵاتەکە بە کاک دوکتۆر نەگەیشت ،بەڵام کاک دوکتۆر ڕەقیبی وەک میخائیل گارباچێف، ویلی بڕانت، ئەلکساندەر دۆپچێک و یاسر عەرەفات و …. هەبوو کە خەڵاتەکە بە میخائیل گارباچۆف دوایین سەرۆکی یەکیەتیی سۆڤیەتی گەیشت، بەڵام خودی کاندید بوونی کاک دوکتۆر زۆر گرینگ بوو بۆ کورد بە گشتی و حیزب بەتایبەتی.

نیگەرانیی ئەوەش بەردەوام هەبوو کە ئێران و عێراق بگەنە قۆناغی ئاشتی و گۆڕینەوەی دیلەکانی شەڕ و لە وەها دۆخێک دا بیرەوەریی تاڵی ئاش بەتاڵی ١٩٧٥ هەمووی ١٥ ساڵی بەسەردا تێدەپەڕی و هیندە دوور نەبوو. ڕێبەری زانا کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی لەوبوارە دا هەم خاوەن بیرۆکەی ئیدامەی خەبات بوو، هەم ڕاوێژی بە بەدەنەی حیزب دەکرد. لەوچوارچێوەیە دا بوو کە کۆمەڵێک پرسیار لە ژێر ڕێنوێنیی کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی و لە لایەن کۆمیسیۆنی سیاسی –نیزامیی حیزبەوە بۆ ئۆرگانەکان نێردران . پرسیارەکان لە سەر قورسایی حیزب لە نێو خەڵك دا، کاریگەریی شەهید بوونی کاک دوکتۆر قاسملوو، ڕاوەستانی شەڕی ئێران و عێراق، بەشداریی خەڵك لە تێکۆشانی نەتەوەیی و حیزبی دا، چۆنیەتیی بەدەستەوەگرتنی مەیدانی تێکۆشان لە لایەن خەڵك و پێشمەرگە و زۆر پرسیاری دیکە.

بۆ نووسینی وڵامی پرسیارەکان هەرسێکمان لە سەر ئەوە ساغ بووینەوە کە کاک بەهرام ئازادفەر هەم وەک کەسێکی خاوەن نەزەر ، هەم وەک کەسێک کە لەواقیع دا کادری کۆمیتەی شارستانی سەڵماس بوو و بە بێ کەم و زیاد مامۆستای ئێمەش بوو، بەشدار بێ لە وڵامدانەوەی ئەو کۆمەڵە پرسیارە دا. ئەوەبوو لە ماوەی چەند ڕۆژێك دا وڵامەکانمان ئامادە کرد و ئەرکی نووسینەکەشی بە من درا کە (ئەگەر) خوێنەران بە تاریفی حیساب نەکەن لە داڕشتن و کوردی نووسین دا کەمێک سەلیقەم باشتر بوو لە هاوڕێیانی دیکە. کاک عەسکەر نووسینەکەی دایە مەڵبەند و دیار بوو مەڵبەندیش دابوویە کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی. دوای ماوەیەک کاک شاهۆ حوسەینی کە ئەوکات جێگری کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی بوو وەک بەرپرسی تیمی کۆمیسیۆن هاتە مەڵبەند و ئەگەر لە بیرم بێ کاکی ئەسەن مەقسوودی( ڕووحی شاد) لەگەلی بوو . دیارە لە وڵامەکان زۆر ڕازی بوو، هەمیش گوتی: وڵامەکان بۆنی عەم ئۆغلی شیان لێدەهات! مەبەستی ئەوە بوو کە جێ پەنجەی کاک بەهرام تێیدا دیار بوو کە ڕاست بوو. هەم لە کوردییەکەی ڕازی بوو کە من بە حوکمی گەنجیمەوە کورد گوتەنی کەمێک خۆم هەڵکێشا .

هەر وەک پێشتر باسم کرد لە کۆمیتەی شارستانی سەڵماس ئێمە ٣ کەس لە باشوور بووین. کاک عەسکەر عەلیزادە ئەندامی کۆمیتەی شارستان و من و کاک فەیسەڵ مەزیدی وەک کادری کۆمیتە. لەوێ کاک عەسکەر لە غیابی کاک سلێمان کەلەشی وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستان ، ئەرکی بەرپرسی کۆمیتەی بەڕێوە دەبرد، بۆیە دەبا هەرسێکمان وەک کۆمیتەی شارستانی سەڵماس وڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە مەڵبەند و مەڵبەندیش وێڕای هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بۆ کۆمیسیۆنی سیاسی-نیزامی بنێرێ . هەروەک گوتم ئێمە ٣ کەس لە کۆمیتەی سەڵماس لەوێ بووین کە کاک فەیسەڵ خێزان و مناڵەکانی هێنابوو و ماڵی پێشمەرگانەی سادەی خۆی هەبوو کە پڕ بوو لە دڵخۆشی و شادی و باوەڕ بە ڕێبازی حیزب. من و کاک عەسکەریش لەگەل کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە کە ئەوانیش هەموویان لەوێ نەبوون، یەک بنکەمان هەبوو. واتە ئەو ژمارەیە لە کادرەکانی هەردوو کۆمیتە یەک بنکەی ٢ ژووریمان هەبوو و بە نیسبەت بنکەکانی دیکەی مەڵبەند ، ئەو بنکەیە کە کادرەکانی کۆمیتەی ئۆرمیە دروستیان کردبوو و کاک تاهیر سۆفی گەچکار و سیمانکار و منیش شاگردی بووم ، ڕێک و پێكتر و نوێ بوو.

لە کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیەش ئەم هاوڕێیانە لەوێ بوون: کاک تاهیر سۆفی ئەندامی کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە، کاک کەماڵ شەریفی کە شۆفێری مەڵبەندیش بوو ، کاک ڕەحمان هاشم پوور وەک کادری کۆمیتە و کاک فاخر ڕەحمانی ، ش کە ئەوکات یاریدەدەری کادر بوو هەر دوای ئەوە چووە دەورەی سیاسی و بوو بە کادر و کاک عیسا ئیراندووست کە پێشمەرگەیەک بوو لە کۆمیتە کە هەر تیمێکی تەشکیلاتیی ئۆرمیە پێویستی پێ بوایە ئامادە بوو و بە حوکمی ئەوەی کە پێشتر ئەندامی نهێنی بوو، کەسێکی بە باندۆر و چالاک بوو. کاک عەبدولا سەلیمی(ڕووحی شاد) کە کادری تەشکیلاتیی کۆمیتەی ئۆرمیە بوو ماڵی هەبوو .

بەوجۆرە چووین تا گەیشتینەوە سەرەتاکانی مانگی سەرماوەز و خۆمان ئامادە دەکرد بۆ جێژنی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان. مەڵبەندی شیمال وەک باقی ئۆرگانەکانی دیکەی حیزب لە بەڕێوەبردنی جێژن و بۆنە نەتەوەیی و حیزبییەکان دا زۆر جیدی و ڕێک و پێک بوو. هۆکارەکەش جگەلە بڕیاری حیزب و باوەڕی قووڵی ئەندامانی حیزب بەو بۆنانە ، هەم بوونی ژمارەیەکی زۆری کادر و پێشمەرگە بوو، هەم لە بواری داراییەوە ئۆرگانێکی نەک سەد لە سەد سەربەخۆ بوو ، بگرە زۆربەی ساڵەکان بەشێک لە داهاتی ساڵانەی دەخستە سندۆقی گشتیی حیزبەوە. ئەو داهاتانەش هەم یارمەتیی خەڵك بوو، هەم گومرکات لە سنووری باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سنوورێکی درێژ و بەردەوام بازاری ئازاد و هات و چووی ئەم دیو ئەو دیوی هەبوو. لەواقیع دا گومرکات و یارمەتی بە حیزب ببووە کولتوری خەڵکی ئەم دیو و ئەودیوی سنوور وەک جۆرێکی کاریگەر لە بەشداری کردن لە شۆڕش و پاراستنی حیزب دا.

بەیانیی ڕۆژی ٣ی سەرماوەز بوو کە کاک تەیموور هاتە بنکەی ئێمە و هەرکە لە دەرگا هاتە ژوور ڕوخساری ناڕاحەت دیار بوو. دانیشت و یەکەم شت ئەوە بوو کە گوتی: ٢ سەعات پێش ئێستا لە گوندی کەنداڵۆک خائینێک تەقەی لە کاک کامیل ئیبراهیمی کادری کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە و بەرپرسی تەشکیلاتی تەڕگەوەڕ کردووە و بەسەختی بریندار بووە و کابرای تێرۆریستیش ڕزگاری نەبووە و کوژراوە. زستان بوو و ئیمکانی گەیاندنی کاک کامیل بۆ نەخۆشخانەی حیزب و تەنانەت ناردنی بۆ بەغدا ، یان دەرەوەی وڵات نەبوو. بۆیە تەنیا ئۆمێد کە هەبوو بوونی دوکتۆر شوان بوو لە بنکەی ناوچە. بەڵام دوکتۆر شوان نە جێگای عەمەڵی هەبوو، نە ئیمکاناتی عەمەڵ و نەش دوکتۆری جەراح بوو. کە ڕاوێژیان بە دوکتۆرە فەڕانسەوییەکان لە نەخۆشخانەی ئازادیی حیزب کرد و ئەوان گوتیان تەنیا یەک شت دەتوانین بکەین کە ئەویش ئەوەیە : ئێمە لە ڕێگای بێسیمیەوە لە سەر خەت بین و ڕاستەوخۆ هیدایەتی کاک دوکتۆر شوان بکەین بۆ عەمەڵ. گولەی دەمانچە لە ستوونی فەقەڕاتی کاک کامیل دا مابووە و دەبا دەربهێندرێ.

بەڵێ عەمەڵەکە کرا و کاک دوکتۆر شوان بە باشی کارەکەی کردبوو و گولەی دەرهێنابوو . بەڵام بەداخەوە کاک کامیل قەتعی نوخا ببوو و ٢٤ سەعات دوای عەمەڵ و لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٥ی سەرماوەزی ١٣٦٨ تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کورد وکوردستان بوو . کامیل مان لە کیس چوو. ئەو کامیلەی کە ببووە هیوا وهومێدی زەحمەتکێشانی ناوچەیەکی بەرینی شیمالی کوردستان و ببووە ناسنامەی حیزب لەو دەڤەرانە. کاک کامیل کە پێشتر ئەو کەسەی دەناسی و لە هیندێك بوار دا تەنانەت هاوکاریی تەشکیلاتیشی کردبوو، کە هاتبووە لای کاک کامیل و پێکەوە لە سەر بانی ماڵێک خەریکی قەدەم لێدان بوون، لە نەکاو دەمانچەیەک لە گیرفانی دەردێنێ ولە پشتەوە چەند گولەیەک لە کاک کامیل دەدات و هەڵدێ . هیچ پێشمەرگەیەک لەگەل کاک کامیل نەبووە ، بەڵام کۆمەڵێک ئەندام و لایەنگری حێزب لەو ناوە دەبن ، وەدوای تێرۆریستەکە دەکەون و بە سزای خیانەتەکەی دەگەیەنن. تێرۆریست ناوی جەوزەرد خەڵکی خانەگەل، ی ئۆرمیە بوو.

بەشی سێهەم

سەرەتاکانی زستان بوو کە کۆنفڕانسەکانی هێز ئاگری بە مەبەستی هەڵبژێرانی نوێنەری پێشمەرگەکان بۆ کۆنفڕانسی مەڵبەند دەستیان پێکرد. هەڵبەت هاوکات لە نێو پێشمەرگەکانی ناوچەش دا بە هەمان شێوە کۆنفڕانسەکان گیران. کۆنفڕانسی مەڵبەند بۆ تەرمیمی کۆمیتە شارەستانەکانی ئۆرمیە و سەڵماس و خودی ئۆرگانی مەڵبەند بوون.

کۆنفڕانسی مەڵبەند ڕۆژەکەیم لە بیر نەماوە بەڵام ئەوە دەزانم کە دوای جێژنی ٢ی ڕێبەندان بوو. دەبا لە یەک ڕۆژدا کۆنفڕانس هەم لە بێشێ و هەم لە قەرەغان بگیرێ و ئەو ڕۆژەش بێسیمی ڕاکاڵ هەم لە ناوچە و هەم لە بێشێ کراوە دەبوون و باس و بابەتەکان ئەگە رپێویستیان کردباوە دەنووسران و دەدادرانە هەرکام لە کۆنفڕانسەکان بۆ باس و گەنگەشەی پێویست.

هەیئەتی چاوەدێریی کۆنفڕانس لە کۆمیسیۆنی سیاسی-نیزامی ڕا هاتبوون کە بەڕێزان : کاک شاهۆ حوسەینی، کاک حاجی جوندی، کاک کاکی ئەسەن مەقسوودی و کاک حەسەن قادرزادە بوون. هەر لە بەیانیەوە کۆنفرانس دەستی پێکرد و زۆر باس و بابەتی پەیوەندیدار بە کار وتێکۆشانی یەک ساڵی ڕابردوو واتە نێوان دوو کۆنفڕانس کران. ئەوەش بڵێم کە کۆنفرانسی تەرمیمی کۆمیتەکان و مەڵبەندەکان هەموو ساڵێ دەگیران، مەگەر گرفتێکی گەورە لە ناوچە هەبووایە و ئیمکانی نەبا کە دوا دەخرا بۆ چەند مانگێک.

دوای شام خواردنێکی بە پەلە هەر لە ساڵۆنی کۆنفڕانس، کاتی ئەوە هاتبوو لە پێشان مەڵبەند و لە پاشانیش هەردوو کۆمیتە شارستان هەڵبژاردنیان بۆ بکرێ. کاک مەحموود دەشتی کە تا کۆنفڕانس بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە بوو، وەک بەرپرس درابووە کۆمیتەی شارستانی ڕەبەت و دەبا ئەندامێکی دیکە بۆ مەڵبەند هەڵبژێرین وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە. کاک مەحموود ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوو و بۆ مەڵبەند هەڵبژاردنی پێویست نەبوو وەک ئووسوول. مەڵبەندی شیمال بە حوکمی ئەوەی کە دوو کۆمیتە شارستان و یەک هێز بوون، پێنج کەسی پێویست بوو. بەرپرسی مەڵبەند کە کاک تەیموور مستەفایی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی بوو، کاک سەید ڕەسووڵ سەید ئەحمەدی فەرماندەری هێز و ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی بوو واتە سابیت بوون. ئەو دووکەسە لە لایەن ڕێبەریی حیزبەوە دیاری کرابوون و لە باقی کۆمیتە و مەڵبەندەکانیش بەرپرسی گشتی و فەرماندەری هێز دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی دیاریی دەکردن. هەروەها بەشی ماڵیی مەڵبەند و بەرپرسی هەردوو کۆمیتە کە لە سەر یەک پێنج کەس ئۆرگانی مەڵبەندیان پێک دەهێنا .

لەو کۆنفڕانسە دەبا ٣ کەس بۆ مەڵبەند هەڵبژێرین . ئەگەر لە بیرم مابێ ٤ کەس کاندید بوون کە دوو لەوانە لە کۆنفڕانسی پێشووش دا دەنگیان هێنابوو. کاک سلێمان کەلەشی وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس و کاک نایب مەشایخی وەک بەرپرسی بەشی ماڵیی مەڵبەند. هەروەها کاک ڕۆستەم جەهانگیری و کاک عەسکەر عەلیزادەش کاندید بوون. لە بەشی سەڵماس ٣ کاندید هەبوو و لە بەشی ئۆرمیە یەک کاندید کە کاک ڕۆستەم بوو و بە دڵنیاییەوە موناسیب ترین کەس بۆ بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیەش لەوکاتی دا هە رکاک ڕۆستەم بوو.

هەیئەتی چاوەدێریی کۆنفڕانسی ناوخۆ لە کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی کاک حەسەن قادرزادە و کاکی ئەسەن بوون، لە مەڵبەندیش کاک سەید ڕەسووڵ. لە ناوچە ١١ کەس بەشدار بوون کە ٩ کادر و٢ نوێنەری پێشمەرگە بوون کە سەرجەم ١١ دەنگ هەبوو. لە باشووریش ٢٧ کەس بووین بەشداری کۆنفڕانس بووین. هەڵبەت جگەلە هەیئەتی کۆمیسیۆنی سیاسی-نیزامی.

لە یەکەم گەڕی ددنگدان دا ئەندامانی مەڵبەند دەرچوون کە بەم جۆرە بوو: کاک ڕۆستەم ٣٢ دەنگ، کاک نایب و کاک عەسکەر هەرکامەی ٢٦ دەنگ و کاک سلێمان ٢٠ دەنگ.دیارە هەرچواریان دەرچووبوون ، بەڵام مەڵبەند ٣ کەسی پێویست بوو وەک ئەندام. هاوڕێیانی چاوەدێریی کۆنفڕانسی ناوچە لە دیوی بێسیم ڕا کە لە بنکەی مەڵبەند ونیزیک کیلۆمیترێك دوور بوو لە کۆنفڕانس، بە بێسیمی ئیکۆم نەتیجەکەیان دەگەیاندە ساڵۆنی کۆنفڕانس و بە پێچەوانەشەوە هەمان کار دەکرا.

کە ئاکامی هەڵىژاردنی ئەندامانی مەڵبەند ڕاگەیاندرا، کاک تەیموور زۆر توورە بوو لەوەی کە کاک سلێمان دەنگی زۆری نەهێناوە. هەرچەند کاک سلێمان دەنگی ئیعتیمادی هێنابوو، بەڵام ئەوانی تر دەنگیان زیاتر بوو و حەق بە وان بوو. کاک تەیموور چووە پشت تریبۆن و گوتی: ئەوە لای من سەیرە کە کاک سلێمان لە نێو ١١ کەسی ناوچە دا کە بەرپرسیانە و پێکەوە کار دەکەن ٩ دەنگی هێناوە، کەچی لێرە لە نێو ٢٧ کەس دا ١١ دەنگی هێناوە؟ ئەوە ئەوپەری خراپیی دێمۆکراسیی ئێمەیە. هەرلەوێش کاک تەیموور گوتی: ئەوانەی دەنگیان بە کاک سلێمان نەداوە و وادەزانن کاک سلێمان بێ نەخش دەبێ، باش بزانن من نایەڵم کاک سلێمان بێ نەخش بێ و نەخشی لە هیچکام لە ئەندامانی مەڵبەند کەمتر نابێ. دیارە کاک سلێمان بوو بە ڕاوێژکاری مەڵبەند و بەرپرسی پەیوەندییەکانی مەڵبەند تا کۆنفڕانسی دواتر کەلە ٢٠ی ڕەشەمەی ١٣٧٠ گیرا و کاک سلێمان چووە کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی و لەوێ کاری کرد . کاک شاهۆ ئەو نەوعە هەڕەشە و توورەییەی پێناخۆش بوو و چوو هیندێک فەزاکەی نەرمتر کرد و گوتی ئەوە دێمۆکراسی یە و هەموویان کادری حیزبن و ئەوانەش کە دەنگیان داوە هەر کادر و پێشمەرگەی حیزبن.

بۆ ئەندامانی کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە و سەڵماس کاندید زۆربوون کە ناوی هەموویانم لە بیرنیە. بەڵام ئەوەم لە بیرە بۆ کۆمیتەی شارستانی ئۆرمیە کاک تاهیر سۆفی و کاک عەولا سەلیمی دەنگیان هێنا، بەڵام کاک کەماڵ دواتر بوو بە بەرپرسی تەشکیلاتی تەڕگەوەڕ. بۆ کۆمیتەی شارستانی سەڵماس کاک محمد ساڵح قادری و کاک سادق باقری دەنگیان هێنا. کۆنفڕانس کۆتایی هات و بە قەولی شکاکی کەڤر و کوچک بۆ هەتا بهارێ سەرمندا بارین.

تا کۆنفڕانس بۆ منیش وەک باقی هاوڕێیان خۆش دەرباس بوو. خەریکی موتالا بووین، وەرزیشمان دەکرد و کارو باری حیزبیمان ڕادەپەڕاند. بەڵام دوای کۆنفڕانس ئەگەرباسی خۆم بکەم، بە شاهیدی زۆر یەک لە کادر و پێشمەرگەکانی ئەوکات هەتا ئەو ڕۆژەی چووینە ناوچە سووکایەتیم پێکرا و زۆرم بۆ ناخۆش دەرباس دەبوو، بەرخوردی زۆر ناحیزبیانەم لەگەل کرا. وایان دەزانی من هۆکار بووم کە کاک سلێمان کەلەشی دەنگی نەهێناوە و تۆڵەیان لێدەکردمەوە کە ئاکامی هەمان هەڕەشەکانی دوای هەڵىژاردن بوو و دیارە دیواری منیش لە هی هەمووان کورتتر بوو. چوونکی من کەسێك نەبووم سەرداخەم و هەر بڵێم : بەڵێ! بۆیە دەکەوتمە بەر کین و بوغزەوە . ئەوەش لە کاتێك دابوو کە نە بۆ هیچ بەشێک کاندید بووم، نە جیناح و جەوسازییەک هەبوو بۆ کۆنفڕانس. زۆرجار لە نێو ژمارەیەکی زۆری هاوڕێیان دا بەوپەڕی کین و بوغزەوە لە زەوقم دەدرا. لە وڵامی سلام و علیک ی من دا گوترا: نە سلام و علیکم. لە کاتی واڵیباڵ دا بە بیانووی خەراکردنی یەک تۆپ دا موغریزانە بەرخوردم پێکرا و تەنانەت لە سەر تەشویقی فڵانە تیمی فووتباڵ و تەشویق نەکردنی فیسارە تیم ئەو پەڕی بێ حورمەتیم پێکرا ، بەڵام تەحەموڵم کرد و نەبەزیم و تێپەڕینی زەمانیش دەریخست کە من ئەو کاووسەم بەس مردن دەتوانێ لە بیروباوەڕ و ڕێبازم دوورم بخاتەوە و دوای ئەو کۆنفڕانسەش دەیان ساڵە لەگەل کاک سلێمان زۆرترین کات هاوکار و هاو ئۆرگان بووین و هەین.

بەشی چوارەم

بەوجۆرە ئیدی ڕەفتاری حاکم و مەحکووم بۆم ئاسایی ببووە و ئەوساڵەم گەیاندە بەهاری ١٣٦٩. بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئەوە پەیوەندیی بە ڕەفتاری تاکیی نێوان من و بەرپرسێکەوە هەبووبێ کە گوایە ئیختیلافمان هەبووە ،(کە وانیە) من کێشەم لەگەل هیچ بەرپرسێک نەبوو، بەڵکوو ئەوەی لەگەلم دەکرا کەلک وەرگرتن لە دەسەڵاتی بەرپرسایەتی بوو بۆ تەحقیری کەسێك کە سەری نەوی نەدەبوو و بەڵێ قوربان نەبوو. من کادرێکی ئەهلی کار و سەداقەت و فیداکاری بووم، لە هەمانکات دا خەریکی خۆ پێگەیاندن بووم کە تەمەنم تەنیا ٢٣ ساڵ بوو کە بۆ ئەرکێکی تەشکیلاتی تەمەنێکی کەمە، بەڵام من کاووس بووم و لە کۆڕی خەباتی حیزب دا پێگەیشتبووم و کادری تەشکیلاتی حیزبێکی وەک حیزبی دێمۆکرات و لە ناوچەیەکی وەکوو شیمالی کوردستان خەریکی تێکۆشان بووم. تەنیا ئەو بیانوو و قەڵسە پێگرتنانە هی ئەوە بوو کە من خاوەن هەڵوێست و لێکدانەوەی خۆم بووم. سەربزێو و زیندوو بووم، ڕەخنە گر و زەحمەتکێش بووم. ئەو ڕەفتارانەش تەنیا لەگەل من نەبوو و زۆرکەسی دیکەش وەبەر ئەو لوتفە کەوتبوون کە نموونەیان زۆرن.

سەرەتای مانگی ٣ی بەهار بوو کاک سەید ڕەسووڵ سەید ئەحمەدی کە فەرماندەری هێز بوو ، ئێوارەیەک لە مەیدانی فووتباڵ بانگی کردم و پێی ڕاگەیاندم کە خۆت ئامادە بکە ئەم یەک و دوو ڕۆژە دەچینە ناوچە! نە سازماندەهیی من دیار بوو، نە ئەرکی حیزبیم ڕوون بوو. ئەوەش لەکاتێك دا بوو کە من کادری تەشکیلات بووم و دەبا یەکێک لە کۆمیتەکان، یان ئەندامێکی دیکەی مەڵبەند ئاگادارم بکاتەوە و لە بنکەی کۆمیتەش دەمامەوە. بەتایبەتی کاک نایب مەشایخی بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس و لەو تیمە دا بوو کە قەرار بوو بڕواتە ناوچە. بەڵام ئەوە بوو ئیدی ناوم چووبووە لیستی غەیرە خودییەکانەوە و بەردم بە کەعبە دادابوو. هەڵبەت کاک سەید بەرپرسی ئەو تیمەی هێزی ئاگری بوو و بە حوکمی ئەوەی کە ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیش بوو لە هەموو هاوڕێیانی بەرپرس لەو ٣ ئۆرگانەی کە قەراربوو پێکەوە بڕۆین بەرپرسیارتر بوو.

لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژە دا خۆم ئامادە کرد و یادی بەخێڕ فاخر ڕەحمانی دەیگوت: باشە ئەوە من کە گەیشتمەوە بەرەسپیان کاری تەشکیلاتی دەست پێدەکەم، پێم ناڵێی ئەرکی تۆ چیە؟منیش دەمگوت ئەوە دادگای تەمیز دەبێ بڕیاری لەسەر بدا ! کاک فاخر دۆست و هاوڕێیەکی پاک و قسە خۆش و دەروونی وەک ئاوی کانیاو وابوو ، هیچ غەل و غەشێک لە دەروونی ئەو مرۆڤە دا نەبوو. فیداکار، دڵسۆز، بە ڕەوشت و خاکی بوو . ڕووحی شاد کە هەر ئەوساڵە شەهید بوو.

کاتی حەرەکەت هات و چاکم لە بیرە کە نادیە خانم خوشکی فاخر کە خێزانی کاک عەبدولا عەبدی بوو هاتە کۆمیتە و یەکتریان دەباوەش کرد و لە ڕوانین و لە هەستی نادیە خانم ڕا ئەوە دیار بوو کە وادەزانێ جارێکی تر فاخر نابینێ. فاخریش تەواو ئیحساسات گرتبووی و هەوڵی دەدا ئەو ئیحساساتە دیار نەبێ. بەڵام لە ڕێگادا تا گەیشتینەوە ناوچە فاخر چەند جار باسی ئەو ساتەی کرد کە ماڵئاوایی لە خوشکی کرد و هەموو جارێ دەیگوت: فەقیرێ زۆر گوناح بی! بەداخەوە ئەوە دوایین ماڵئاواییان بوو.
ماڵئاوایمان لەوان کرد و سواری ماشێن بووین بۆ مامە خەتیپ کە هێزی کێلەشین و بەشێکیش هێزی قەندیل لەوێ چاوەڕێمان بوو و دەبا پێکەوە بڕۆین. هەڵبەت ئێمەش بەشێک لە هێز ی ئاگری بووین نەک هەمووی. هەوایەکی گەرم ، شتی زۆرمان پێ بوو وەک چەک و چۆڵی خۆمان و خواردن و هەرکامەی هیندێك بڵاو کراوەی حیزبی و کیسەخەو ….. هەر لە مامەخەتیب را بە پێیان دەبا بچین و وابزانم ئەفسەرێکی ڕێژیمی سەدامیان بە دانی ڕشوەت ڕازی کردبوو کە لە ماوەی یەک شەودا دەبێ مەسیری هەڵگورد ببڕین و دەرباس بینەوە مەرز. لەبیرمە کە لە گوندەکانی گردک و ڕۆستێ کە چۆڵ کرابوون دا ڕۆیشتین.

بە چ زەحمەت و ماندووبوونێک بۆ سەعات یەکی شەو گەیشتینەوە چۆمی هەڵگورد، هەرخۆمان دەزانین و بەس. کاک ئیرەج حەسەن زادە( بەلووچ) لەگەل ئێمە بوو. ماندوو ببوو و کاک سمایل بازیار کە ئەوساڵە وەک فەرماندەری لک هاتبووە هێزی ئاگری، بانگی دەکرد: ئەرێ ئیرەج دەوەرە ئەو خەڵکە لە سەر تۆ ڕاوەستاوە. کەمێک مابوو سەرکەوین ئیرەج دانیشتبوو و سمایل دیسان بانگی کرد و ئیرەج زۆر لە سەرەخۆ گوتی: خۆت پەریشان مەکە! ئیسماعیل بەو قسەیەی ئیرەج گڕی گرتبوو و دەیگوت: تۆ وەرە تۆ خوا خۆی پەریشان بووە بە من دەڵێ خۆت پەریشان مەکە!
کاتێک لە چۆمی هەڵگوردمان دا لە بەر کەویە بەفر کە هیندێک مەند بوو دەرباس بووین. بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە کەلە ئاوەکە هاتنە دەر تەواو پەکیان کەوتبوو لە سەرمان. ئاوی بەفر و سەعات یەکی نیوەشەوی هەڵگورد کە نیوەی هەر بەفر بوو جارێ ، ئێمەش ڕۆژی یەکەمە دوای چەند مانگ مانەوە لە بنکەی سابیت حەرەکەت دەکەین و هەموو گیانمان عارەقە بوو، خولاسە کاری حەزرەتی فیل بوو، بەڵام پێشمەرگە لەو حەزرەتەش بە هێزتر بوو!

تا دونیا ڕووناکی کرد گەیشتینەوە سەر ئاوێک کە ناوی نازانم و نیزیک بوو لە سنووری ٣ چۆمان. ڕۆژەکەی لەوێ ماینەوە و ئێوارێ هێزی قەندیل لێمان جیابوونەوە و ئێمە و کێلەشین بەرەو سپی ڕێز چووین. کە لە سنوور دەرباس بووین تەقریبەن ٧٠ لە سەدی ئەو کوێستانانە جارێ بەفر بوون. ئەو شوێنانەش کە بەفری لێ نەبوو ترسی مینی شەڕی ئێران و عێراق هەبوو. هەمووی کۆنە پایەگای زەمانی شەڕ بوون کە چۆڵ کرابوونەوە. داگەڕاینەوە ئاوی ٣ چۆمان و لەوێڕا دیسان پێ هەڵگەڕاین بۆ لووتکەی سپی ڕێز. لەگەل تاو هەڵاتن ئێمەش سەرکەوتین.

کاتێک لە چۆمەکە دەپەڕینەوە ، تایە کەوشێکی کاک مەجید حەقی کەوتە چۆمەوە. لەوشاخە کە نە گوندی لێ نیزیک بوو، نە ئیمکانی گەڕانەوەی هەبوو ، بە بێ کەوش مایەوە. کەمێک مابوو سەرکەوینەوە سپی ڕێز ئاگرێک دیار بوو. مەعلووم بوو کە شوانە و تازە خەریکە دێنە کوێستان. ئەگەر لەبیرم بێ کاک ئەحمەد پیری بوو چووە لای شوانەکە و شانسی کاک مەجید جووتێک کەوشی ئادیداس کە جارێ دەپێی نەکردبوون لەگەل خۆی هێنابوون. کاک ئەحمەد ٣٠٠ تمەنی دابوویە و کەوشەکانی بۆ مەجید هێنایەوە.

ئەو ڕۆژە لە سەر لووتکەی سپی ڕێز ماینەوە و دوانیوەڕۆکەی کە حەرەکەتمان کرد بۆ لای پشتی کانیەڕەش لە سەر کەویە بەفرێك کە بە حاڵە حال و بە سەرنیزە دەمانەویست بپەڕینەوە ئەوبەر، تووشی هاوڕێیانی هێزی قەندیل بووین کە کاک محمد ڕەسووڵی بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی پیرانشار، کاک سمکۆ عەلیزادە بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی نەغەدە و کاک محمد ڕەشە جێگری هێزی قەندیل و چەند کەس لە هاوڕێیان کەوت و دیار بوو هاوڕێیانی دیکەشیان هەر لەو ناوە بوون. بۆ دەوربەری سەعات سەعات ٤ گەیشتینەوە نێو پۆلە چادرێك و خەڵک هاتن و دابەشیان کردینەوە و زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنیان کردین. چادرەکان هی گوندی حەلبێ و کوویکانی نەغەدە بوون.

دوای چا خواردنێک چووینەوە دەرێ و لەوبەری چادرەکان کانیاوێك بوو . من لە سەر کانیاوەکە دانیشتبووم کچێک هات و خەریکی شۆردنی قاپ و قاچاغ بوو. دەستی بە قسان کرد و گوتی زۆر کەیفم بە پێشمەرگەکان دێ. گوتم دەی بۆ نابیە پێشمەرگە؟ گوتی وەڵا دەترسم بۆ پێشمەرگایەتی نابم. گوتم مادام وایە شوو بە پێشمەرگەیەک بکە. گوتی ئەگەر مەبەستت خۆت بێ ئەوە پێت بڵێم کە شووت پێ ناکەم! پرسیم بۆ؟ وڵامەکەی زۆر سرنج ڕاکێش بوو! گوتی : جا کوردم دەست ناکەوێ تا بێم شوو بە شکاکێک بکەم؟ کە ئەو وڵامەم بیست، یەک قسەی دیکەم نەکرد و کش و مات بووم.

دەوروبەری سەعات ١٠ شەو بوو حەرەکەتمان کرد و چووینەوە شوێنێک کە ئێستاش بیری لێدەکەمەوە سەرم سوڕ دەمێنێ کە هێزێکی پارتیزانی بەو ژمارە زۆرەوە بۆ دەبێ لە شوێنێک بمێنێ کە هەمووی ٥٠٠ میتری چوارگۆشە نەدەبوو. لە بناری شەترە و لە چاڵێک دا ماینەوە کە دەوربەرمان نە جێی شەڕی هەبوو، نە ڕێی هەڵاتن. تەنانەت مەجالی ئەوە نەبوو دیدەبان یەک کیلۆمیتر لێمانەوە دوور بێ. دیارە ئەوە خەتاکەش هی ئێمە وەک هێزی ئاگری نەبوو، بەڵکوو هاوڕێیانی هێزی کێلەشین و کۆمیتەی شنۆ بوون کە هەم کاک لەوقمان مێهفەر وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستان و هەم کاک هەمزە بێهنام وەک فەرماندەری هێز و هەم کاک غەفوور مەهدی زادە جێگری فەرماندەری هێز و بەشی هەرە زۆری کادر و پێشمەرگە قەدیم و شارەزاکانیانمان لەگەل بوو.

ئێوارە کە دیسان دەبا حەرەکەت بکەین و ڕێگاکەشمان هەم درێژ و هەم چۆمی گادەران و هەمیش دەبا لە پەنا دەیان پایەگای دوژمن دا تێپەڕین . بەر لە حەرەکەت فاخر ڕەحمانی هیندێک بەردی لە نێو کۆلەپشتیی کاک ئەحمەد پیری دانابوو کە وابزانم بێسیمی ڕاکاڵیشی پێ بوو کە بێسیم چی بوو. لەوێش کە حەرەکەتمان کرد و لە یەکەم ڕاوەستان دا کاک ئەحمەد پێیزانی و ئەو هیندێک توورە و ئێمەش هیندێک پێکەنین و کۆتایی هات. کاتێک لە خوار کانی سۆرک ڕا بەرەو چۆمی گادەر دەچووینە خوار، لە هەڵدێرێک بەربوومەوە و لاقی ڕاستم لە جێ دەرچوو و وەزعم تەواو پەریشان بوو. تا لە چۆم پەڕینەوە لاقم هیندە هەڵمسا کەلە کەوش دا جێی نەدەبووە. مانگەشەوێکی خۆشیش بوو.

بۆ دەوربەری سەعات ١١ی شەو بوو گەیشتینەوە گوندی خۆرشت و لەوێ لاماندا. خاوەن ماڵ کە هیندێکیش بە تەمەن بوو، زوو چوو دراوسێیەکیانی هێنا و دیار بوو لە جێ چوونی لاق و دەست و …. دەزانی. هیندێك بنێشتی کوردیی هێنا و لە ڕووی پەڕۆیەکی دا و لاقمی دوو ، سێ جار ڕاکێشا کە خەریک بوو گیانم دەربچێ، ئەو پەڕۆ بنێشت کراوەی لە سەر دانا و بە کەمێك پەڕۆش بەستیەوە. دیار بوو کەمێك باشتر بوو، بەڵام چوونکی هەر بە ڕێگاوە بووین ئازاری زۆر بوو. ئەگەر درێژی نەکەمەوە ، بۆ بەیانی گەیشتینەوە پشتی گەڵاز و خەریک بوو بخەوین، نیگەبان گوتی ئەوە هێزێکی زۆر لە گوندی گەڵاز ڕا بەرەو لای ئێمە دێ. ئێمە نەخەوتین و بەرەو لای مەڕگەوەڕ هەڵکشاین و مەبەستمان نەبوو خۆمان دەرگیر بکەین. چوونکی هەم ماندوو بووین، هەم تازە واریدی ناوچەببووین. دەرکەوت ئەو هێزەش هاتبوون پایەگای فەسڵی ئاوەدان بکەنەوە و ئاگایان لە ئێمە نەبووە.

ئەو ئێوارەیەش ئێمە و هاوڕێیانی هێزی کێلەشین ماڵئاواییمان لە یەکتری کرد کە ئەوان بەرەو لای گادەران چوونەوە و ئێمەش بۆ لای بەرەسپیان کە شەوەکەی لەوێ کردمانە بەیانی.بەو جۆرە دوای ٣ ، ٤ ڕۆژی دیکە گەیشتینەوە بنکەی ناوچە کەلە قەرەغان بوو و بەهارێکی خۆش و نیو ەبەفر و نیوە گوڵ و گیا. تیمێک هاتبوون بۆ تەماس لەگەل ئێمە و لە گەرووی ڕەنگینۆک یەکمان گرتەوە و پێکەوە بەرەو مقەر چووین. دوای چاک و چۆنی لە یەکتری، جارێ چایەکمان نەخواردبوو چەند خۆمپارەیەک هاوێژران بۆ سەرووی مقەر.

ئەو خۆمپارە بارانانە بۆ هاوڕێیانی بنکە ئاسایی ببوون. لە ماوەی پاییز و زستان و بەهارەکەی دا چەندین جار تۆپ باران کرابوون، هیلیکۆپتێر هاتبووە سەریان. ناچار ببوون بڕۆن دۆشکەیەک کە نیزیکیان بوو و دۆشکەی کەریم ئەمراهی بوو لە شەڕی بەرەتیشک دا بە دەستکەوت گیرابوو ، بێننەوە. دۆشکەکە پایەی نەبوو. چوونکی لە سەر ماشێن جۆش کرابوو.بۆیە هاوڕێیان هەربە ئیبتیکاری خۆیان کرۆکیی پایەیەکی سادەیان لە سەر کاغەز ئامادە کردبوو و بۆ جۆشکارێك ناردبوویان کە ئەویش بە حەق جوانی دروست کردبوو.هەروەها زنجیر و فیشەکیان نەبوو ئەویشیان بە هەزار زەحمەتی دەستیان خستبووە. ئەو دۆشکەیە ببووە هۆکار کە هیلیکۆپتێر نەیەتە سەر بنکە. ئەو هاوڕێیانە لە ماوەی مانەوەیان لەوێ کۆمەڵێک عەمەڵیات و جەولەی سیاسی نیزامییان کردبوو و داهاتێکی زۆریان لە گومرک کۆکردبووە.

بەگشتی ئەوان تەنیا کادر و پێشمەرگەی حیزب لە سەرانسەری کوردستان بوون کەلە ناو خاکی ڕۆژهەڵات و بەو بێ ئیمکاناتیەی ئەوکات مابوونەوە و زەحمەت و فیداکارییەکی زۆریان کردبوو. بەتایبەتی ئەویش لە ناوچەیەک کە پشتی جەبهەکەی عێراقی دوژمنی کۆماری ئیسلامی نەبوو، بەڵکوو تورکیەی دۆستی کۆماری ئیسلامی بوو. لە هەمووی گرینتریش توانیبوویان پەیوەندی بە چەند ناوەندێکی میدایی تورکیەوە بگرن کە ئاکامەکەی چەندین وتوێژ و ڕێپۆرتاژ بوو لە سەر تێکۆشانی حیزب کە ئەوەش لە ویشکەساڵیی ئەوکاتی ژیانی نەتەوەکەمان دا خۆی دەریایەک و نیعمەتێک بوونبۆ گەیاندنی دەنگی ئێمە بە جیهان.

کە ئێمە چووین بازاڕی کەنداڵۆک ڕۆژانە بە سەدان و بگرە هەزاران کەسی لێ بوو. هەرلە مەڕ و ماڵاتەوە بگرە تا ئابجۆ و مس و …… دەفرۆشرا. داهاتێکی یەکجار زۆری بۆ حیزب هەبوو. ئێمە کە گەیشتینەوە ئەوێ وابزانم ٣، ٤ ڕۆژێک بوو لەوێ بووین منیش وەک باقی کادرەکان نۆرەم هات و چوومە گومرک. ئەو هاوڕێیانەی کە لەو ڕۆژە دا مەئمووریەتمان هەبوو ئەوانەم لە بیرە:
فاخر ڕەحمانی، ناجی فەقی پوور ،کاکۆ مستەفەوی ، کاووس جەبباری، نەجمەدین ڕەحمانی و بەهرام ئەمینی.

عەسری ئەو ڕۆژە من و بەهرام لەگەل کەسێك قسەمان دەکرد کە لە ئانکاراوە هاتبووە ئەو بازاڕە و لە کوردانی ئاناتۆڵی بوو، دیتم بوو بە قڕە لە نێو بازاڕ. زوو ڕۆیشتین و دیتمان مام قادر تووڕەیە و چووتە سەر بەردێك و بە دەمانچەکەی هەڕەشە دەکا. گوتم ئەوە چیە؟ گوتیان ئەوە مام قادر لە کەسێکی کوردی باشوور تووڕە بووە و هاوڕێمان کاکۆ مستەفەوی ویستوویەتی نەیەڵێ مام قادر دڵی ئەو کەسە بشکێنێ، مام قادر ئیدی تووڕە بووە و پاڵی بە کاکۆ وە ناوە و گوتوویەتی بڕۆ دەمڕووت ، من لەگەل تۆ تەرەف نیم و من لەگەل دوکتۆر سەعید تەرەفم. مەبەستی کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی بوو. مام قادر تەواو توورە بوو و ئەو خەڵکەی لە قەراغ چۆمەکەدا گیردابوو و کەس نەیدەوێرا تەکان بخوا.

کە ویستم بڕۆمە لای مام قادر ، فاخر و ناجی گوتیان مەڕۆ تۆ هەر تووڕە و مام قادر تووڕە دەبێتە شەرتان. گوتم دەڕۆم و ئارامیشی دەکەمەوە و شەڕیشی ناکەم. چووم بەرەو مام قادر و ئەو گوتی : مەیە پێش! لەگەل ئێوە تەرەف نیم! ناتناسم ! کەمێک چوومە پێش تا گوێی لە دەنگم بێ. گوتم مام قادر تۆ ئەو مرۆڤە گەورەیە بۆ ئەوە دەبێ دەمانچە بگریە دەست و هەرەشە لە خەڵک بکەی ، ئەو خەڵکە چاوی لە تۆیە؟ مرۆڤی گەورە و کاری وا بکا؟ مام قادر بە بیستنی ئەو وەسفە، دەمانچەکەی لە بەر پشتێنی کرد و گوتی: هەمووتان بە قوربانی چاو شین بن. دیاربوو عەفووی سادر کرد. ناوی منیشی نەدەزانی ، بەس دەیزانی چاوم شینە. فاخر گوتی چیت پێگوت ئاوا ئارام بوو؟ گوتم وەلا هەر ئەوە بوو پێم گوت تۆ مرۆڤێکی گەورەیی! دواتریش چووم دەستیم ماچ کرد و سوپاسم کرد.

مام قادر پێشمەرگەی کۆماری کوردستان بوو و لە دوای تێکچوونی کۆمار لە گوندێکی سەرسنووری بە ناوی کەنداڵۆک دادەنیشت و هەر خۆی وەک پێشمەرگەی قازی محمد دەناساند و بەڕاستیش هەتا ئەو ڕۆژەی لە ژیان دا بوو وەفادار بەو ڕێبازە بوو. ماڵەکەشی بنکە و بارەگای پێشمەرگە بوو. هەر بەهارێک کە یەکەم جار دەچووینەوە ئەو ناوچەیە ، مام قادر یەک خەشابی ژ-٣ کەی دەکردە تەقەی خۆشی. یادی بەخێڕ و ڕووحی شاد.
با شتی خۆشیش ون نەبێ. دوو سێ ڕۆژێک بوو گەیشتبووینە بنکە، نیوەڕۆیەک نان مان خواردبوو دانیذطبووین قسەمان دەکرد، کاک ڕۆستەم کاپشینێکی جوانی دەبەردابوو کە پێیان دەگوترا کاپشینی خەلەبانی و بە هەدیە بۆ کاک ڕۆستەم هاتبوو. کاک تاهیر سۆفی هەم دڵی پێوەبوو، هەمیش دەیزانی کە بە حەرەکەتی کاک تاهیر ، کاک ڕۆستەم تووڕە دەبێ.تاهیر لە مەڕگەوەڕ باڵتۆیەک لەوانەی کشمیریی قەدیمیی لە کەسێك وەرگرتبوو کە سەد کونی تێدابوو. تاهیر کیسەخەوی نەهێنابوو لە ڕێگا دا پێێ دەخەوت.

کاک تاهیر گوتی کاک ڕۆستەم من باڵتۆیەکی جوانم هەیە بۆ نایەی بیگۆڕین؟ ڕۆستەم گوتی تاهیر ئەوەی من زۆر گرانە ها بۆیان هێناوم، من بۆم ناکڕدرێ. تاهیر گوتی ئەوەی من زۆر جوانترە و ڕەنگە گرانتریش بێ. منیش گوتم وەڵا کاک ڕۆستەم بیدەیە پەشیمان نابیەوە، شایەد ەئوەی تاهری ەب قەدەر کاپشینەکەی تۆ گران نەبێ ، بەڵما هی ەئو زۆر جوانە. ئەوجار کاک ڕۆستەم باوەڕی کرد کە تاهیر باڵتۆی چاکی هەیە و دەیەوێ بیگۆڕن.
تاهیر چووەدەر و وادیار بوو لە دەرێ بە دیوارەوە هەڵیواسیبوو، باڵتۆکەی هێنایەوە و سووریش دەیزانی هەڵوێستی کاک ڕۆستەم چ دەبێ بۆیە کەوشی دەپێ کردبوون و ئامادەی هەڵاتن بوو. هەرکە کاک ڕۆستەم چاوی پێ کەوت، زانی کە کاک تاهیر بە قەستی تووڕەکردنیەتی، هەستایە سەرپێ و مومکینە دەیەویست باڵتۆکەی تاهیر شەق و شڕتر بکا، بەڵام تاهیر لە خۆی حاڵی بوو ، بۆیە هەڵات و ڕۆستەم ڕووی کردە من و گوتی: یانی تۆش هاوکاری ئەو پیلانە بووی؟ گوتم نەوەڵا بەرنامەی پێشوومان نەبوو، بەڵام کە تاهیر دەستی پێکرد من حاڵی بووم تاهیر مەبەستی چیە، بۆیە بوومە هاوکار.

جکێ بلا دووماهیک بیت
بەشی پێنجەم و کۆتایی

پێموایە ٢ حەفتەی پێچوو تا باقیی هێز ومەڵبەند هاتنەوە ناوچە و یەکمان گرتەوە. ئەوان بە خاکورک دا هاتبوون و لیباس یان بۆ کادر وپێشمەرگەی ناوچە هێنابوو، فیشەک و گولە ئارپی جی و نارنجۆک و ………… ی زۆریان بە چەندین ئەسپ و هێستر هێنابوو. دوای ئەوەی یەکمان گرتەوە کۆبوونەوەیەک لە مەیدانێکی بچووکی واڵیباڵ و فووتباڵ مان هەبوو گرت .
بەر لە چۆڵ کردنی بنکەکەمان کۆمیتەکان دەبا تیمە تەشکیلاتیەکانیان دیاری بکەن . کۆمیتەی شارستانی سەڵماس کۆبوونەوەیان کردبوو و هەرکام لە کاک محمد ساڵح قادری کە ئەندامی کۆمیتە بوو وەک بەرپرسی تەشکیلاتی سەڵماس شپیران و کاک سادق باقری کە ئەویش ئەندمای کۆمیتە بوو وەک بەرپرسی تەشکیلاتی ئەنزەل ، کەناربەڕۆژ دیاری کرابوون. تیمێکیش دەبا لەگەل بەرپرسی کۆمیتەی شارستان بوایە کە کاک نایب مەشایخی بوو.

لە کۆبوونەوە دا دەبا ئەندامانی تیمەکانیش لە کادرەکان و هاوکاری کادر دیاری بکەنکاتێک دەچنە کۆبوونەوە هاوڕێیان دەپرسن ئەدی کاووس بۆ لە کۆبوونەوە نیە؟ کاک نایب مەشایخی وڵام دەداتەوە و دەڵێ: من بۆیە بکاووسم بانگ نەکردووە بۆ کۆبوونەوە پێموایە بەهۆی ئەو ڕەفتارە توندانەی لە دوای کۆنفڕانس لەگەل کاووس کراون و دڵی شکاوە، مومکینە لە پێشمەرگایەتی واز بێنێ.

ئەوان سازماندەهیی خۆیان کردبوو و ئەوەی لە بیرم بێ بەم جۆرە دابەشکاری کرابوون:
ئەنزە و کەناربەڕۆژ لەگەل برادۆست کرابوونە یەک کۆمیتە ناوچە و کاک سادق باقری بەرپرس بوو،کاک فەرهاد میرۆزادە وەک کادر و کاک ئەنوەر کۆهەنسال کە ئەوکات هاوکاری کادر بوو لەو تیمە دا کار بکەن.

سەڵماس و شپیران و سۆما کرابوونە یەک کۆمیتە ناوچە و کاک محمد ساڵح قادری، بەرپرس بوو، کاک سەڵـان کووهی و کاک فەیسەڵ مەزیدی وەک کادر لە تیمەکە دا بوون. کاک نایب مەشایخی وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستان لەوبەینە دا مابووە و تەنانەت یەک کەسی وەک تیم لەگەل نەبوو.ئەوەش زیاد بکەم کە کاک سادق لە تیمەکەی ڕازی نەبوو. بەتایبەتی یەکەم جاری بوو وەک بەرپرس کاری حیزبی بکا و زۆریش شارەزای حەوزەی کاری نەبوو.

بەڵێ هاوڕێکانم لە غیابی من دا کیسەم بۆ هەڵدەدوورن و هەم داواکارن و قازی، بێ ئەوەی ئاگام لە هیچ بێ. کە بیستم کۆبوونەوە کراوە و من بەشدار نەبوو م، یان تەنانەت ئاگادار نەکراوم، خەریک بوو شاخ دەربێنم! کۆمەڵێک پرسیار لە مێشکم دا دەخولانەوە؟ بەڵام وەک خەسلەتی زاتیی خۆم کە خەسڵەتی باوەڕ بەخۆ بوونە، لە کەسیانم نەپرسی بۆ؟ کاک نایب ،یش وەک بەرپرسێک نەهات ئەو بۆچوونەی لەگەلم باس بکا و بڵێ من هەست دەکەم دڵت شکاوە و مومکینە واز بێنی لە پێشمەرگایەتی.

ئەوەبوو کاتی چۆڵ کردنی بنکە هاتبوو و چەند کەسێک دانران تا کەل و پەلی بنکە بگوێزنەوە شوێنی دیاری کراو و کادرەکان بەرەو حەوزەی ئەرکی خۆیان بڕۆن و هێزیش جارێ لە تەڕگەوەڕ بمێنێ. ئەو ماوەیە نیزیک ١٠ ڕۆژێکی برد. هەموو کەس سازماندەهیی دیار بوو ، من جارێ ئۆرگان و شوێنی کارم دیار نەبوو.
ئەوەبوو ڕۆژی چۆلکردنی بنکە هاوکات بوو لەگەل حەرەکەتی کۆمیتەی شارستانی سەڵماس لە قەرەغان(گەلی بەردەڕەش) بۆ حەوزەی کاری خۆی . بەیانی زوو کاک عەسکەر عەلیزادە بەرپرسی ماڵیی مەڵبەند بانگی کردمە لای سەنگەری دۆشکە و گوتی: مەڵبەند لە بڕیاری داوە تۆ وەک هاوکاری بەشی ماڵی و بەرپرسی بەشی شەهیدانی سەڵماس لەگەل من کار بکەی. من گوتم بۆم فەرق ناکا هەرئەرکێک ئۆرگان بۆم دیاری بکا ئەرکی حیزبییە. گوتی کەوایە دوو کەست وەک هاوکار بۆ دیاری دەکەین و خۆتان ئامادە بکەن ئەمڕۆ ئێوارێ کۆمیتەی سەڵماس دەڕوا ، ئێوەش لەگەلی بڕۆن.

هەر دوای سەعاتێک کاک عەسکەر دیسان بانگی کردم و گوتی ئەوە کاک سەید محمد تاهیری کە هاوکاری کادر بوو و کاک سوپێهر موکری کە پێشمەرگەیەکی چوست و چالاک جێی باوەڕ بوو دیاری کراون و ئێوە وەک تیمی ماڵی و بەشی شەهیدان دەچنەوە حەوزەی کۆمیتەی سەڵماس و کاری خۆتان دەکەن. لیستی شەهیدان و ٨٠٠ هەزار تەمەنی دامێ بۆ یارمەتیی بنەماڵەی شەهیدان و ژمارەیەکی زۆری بەرگەی یارمەتی وەرگرتنەوە و گومرک ئەوانەشی پێدام. بانگی هاوکارانم کرد و پێکەو ەلەگەل کاک عەسکەر کۆبوونەوەیەکمان کرد و ئامادە بووین بۆ حەرەکەت لە دوای نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە. ئەگەر لە بیرم بێ کاک محمد ساڵح بە هۆی برینداری لەگەل مان نەبوو و چووبووە موعالیجە.

********
خوێنەری هێژا
من بە درێژی لە چەند بیرەوەریی چەند بەشی دا باسی ئەو ساڵەم کردووە و بەپێویستی نازانم زیاتر باسی بکەم. بەڵام پێمخۆشە لە خوارەوە کەمێک باسی دۆخی خودی ئۆرگانی مەڵبەندی شیمال بکەم. هەڵبەت وەک هەڵسەنگاندنی خۆم لە سەر ئەوکات.
******

بەشێ لێکدانەوەی کۆتایی

بە پێێ پەیڕەوی ناوخۆی حیزب دەبا لە نیوەی دووهەمی ئەو ساڵە واتە ١٣٦٩ کە دەبووە سەرەتای ساڵی ١٩٩١ کۆنگرەی نۆیەم بگیرێ. بەتایبەتیش کە کاک دوکتۆر قاسملوو و کاک عەبدولا قادری ئازەر شەهید ببوون و پێویست بوو ڕێبەریی حیزب تەرمیم بکرێ. هەروەها کۆمەڵێک ئاڵ و گۆڕ لە دونیا دا ڕوویان دابوو و حیزب پێویستی بوو هەڵوێست و هەڵسەنگاندنی خۆی هەبێ. بەڵام هێرشی سەدام بۆ کوێت و پێکهاتنی هاوپەیمانییەکی نێو دەوڵەتی بۆ دەرکردنی سەدام لە کوێت ، کە ئاکامەکەی بوو بە شەڕی ٢٧ی بەرانباری ١٣٦٩ تا دەرپەڕاندنی سەدام لە سەرەتای مانگی ڕەشەمەی هەمانسال و دواتریش ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و ئاکامەکانی و ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت و زۆر ڕوداوی گرینگی دیکەی جیهانی و ناوچەیی بوون بە هۆکار کە کۆنگرە بۆ ماوەی ساڵێک دوابخرێ و لە شه وی یه لدای ١٣٧٠ی هەتاوی بەڕێوە چوو.

وەک هەمیشە دیسان ڕێبەری و لە هەمانکاتیش دا بەدەنەی حیزب وردە وردە خەریک بوو دابەش دەبووە سەر جیناحی حیزبیدا. مەڵبەندی شیمالیش بەدەر نەبوو لەو دۆخە. کاک تەیموور مستەفایی بەرپرسی یەکەم کە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی مەڵبەند بوو لە جیناحێک و کۆمەڵێک کادر و بەرپرسی حیزبی لە دەوری بوون. هەروەها کاک سەید ڕەسووڵ سەید ئەحمەدی وەک بەرپرسی دووهەم کە ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی و فەرماندەری هێز بوو و ئەویش کۆمەڵێک کادر و پێشمەرگەی لەگەل بوو و تەنانەت بەشێک لە هاوجیناحەکانیشی خەڵکی شیمال نەبوون ، بەڵام ئەوکات تێکۆشانیان لە مەڵبەندی شیمال بوو و هەر دوای کۆنگرەش هیچکامیان لە مەڵبەند نەمانەوە و چوونە ناوچەی خۆیان . هەرکام لەو جیناحانە خەریکی خۆ بەهێز کردن بوون تا لە کۆنفڕانسی پێش کۆنگرە و هەڵبژاردنی نوێنەر بۆ کۆنگرە دا زۆرترین نوێنەری هەبێ. ئەوەش دیارە ئەمرێکی ئاسایی و ڕەوایە لە حیزبێكی سیاسی دا((با ئەوەش زیاد کەم کە جیناحەکان لە کۆنفڕانسی ساڵی دوایی بۆ کۆنگرەی ٩ وەک یەک نوێنەریان بۆ کۆنگرە هێنا کە هاوڕێیان : کاک نایب مەشایخی، کاک بەهرام ئازادفەر لە جیناحی بەرپرسی مەڵبەند بوون. لە جیناحی بەرانبەریاشیان هاوڕێیان : کاک ڕۆستەم جیهانگیری، کاک جەعفەر مەحموود پوور و کاک سمایل بازیار دەنگیان هێنا، بەڵام لە کۆنگرە دا جیناحی فەرماندەری هێز فەعاڵتر بوون و بەرپرسی مەڵبەند دەنگی بۆ ڕێبەریی حیزب نەهێنا)).
بە سەراحەتەوە دەڵێم من وەک کادرێک لەگەل هیچکام لە جیناحەکان نەبووم و هاوڕێی دیکەشم هەبوو کەلەگەل هیچکام لەو جیناحانە نەبوو.

ئەوەی جێی سرنج و لێوردبوونەوەیە ئەوەیە : بەرپرسی مەڵبەند خەڵکی شیمال نەبوو، فەرماندەری هێزیش خەڵکی شیمال نەبوو، هەرکامەشی لە جیناحێکی ڕێبەری دابوون کە کێشەی ئەوان هی ئێمەی کادر و پێشمەرگەی شیمال نەبوو، بەڵکوو کردبوویانە کێشەی ئێمە. بۆ نموونە: بەرپرسی مەڵبەند لە جیناحێک دا بوو کە بە جیناحی کاک مستەفا هیجری جێگری سکرتێر و بەرپرسی کۆمیسیۆنی سیاسی ، نیزامی دەناسرا و هەرواش بوو.

فەرماندەری هێز لە جیناحێک دا بوو کە بە جیناحی مامۆستا عەبدولا حەسەن زادە دەناسرا کە لە کۆنگرەی ٨ کاندیدی ڕێبەری نەبوو، بەڵام لە دوای شەهید بوونی کاک دوکتۆر قاسملوو ئەگەر بەزاهیریش نەبوو ، لە مەحفەلی خۆمانەیان دا دە هەوڵی ئەوە دابوو زۆرینەیەک لە کۆنگرە دروست بکا و لە کۆمیتەی ناوەندیش بە هەمانشێوە تا خۆی ببێتەوە سکرتێری گشتی. چوونکی مامۆستا پێشتر لە یەک دەوری ٢ ساڵە دا جێگری سکرتێر بوو. بەڵام مامۆستا یەک کێشەی هەبوو کە ئەویش ئەوە بوو: مێحوەری لایەنگران و جیناحی مامۆستا کاک تەها عەتیقی و مەنزوومەی ڕاگەیاندنی حیزب بوو و ئەو مەنزوومەیە تەقریبەن زۆربەیان لە قسەی کاک تەها دەرنەدەچوون و لەگەل جیناحی مامۆستا بوون. بەڵام لەولاش هەم کاک تەها و هەم باقی هاوکارانی کە بەقسەیان دەکرد، هەرگیز کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی یان بۆ مامۆستا نەدەگۆرییەوە و ئەسڵەن مومکین نەبوو شتی وا ڕووبدا. چوونکی پەیوەندیی کاک دوکتۆر و کاک تەها و ڕاگەیاندن زۆر قایم تر لەوە بوو کە مامۆستا بتوانێ وەها بیرۆکەیەک باس بکا .

بۆیە مامۆستا لە ڕێگای زۆر باریک دابۆی دەچوو کە چاوساغی ئەو ڕێگایە کەسێکی هەڵەشەی وەک کاک جەعفەر حامیدی و هیندێك کادری ئاستی خواری وەک کاک حسێن نازدار و کاک سمایل بازیار و ئەوانە بوون کە ئەو قورسایەیان نەبوو تا بتوانن ئەوهێزە بۆ مامۆستا دروست بکەن کە خەونی پێوە دەبینی. تەنانەت خودی کاک عەبدولا شەریفی ڕووحی شاد کە زۆر لەگەل مامۆستا یەک بوو، کاتێک هاتباوە بەینی هەڵبژاردنی مامۆستا، یان کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی، بە دڵنیاییەوە کاک دوکتۆری هەڵدەبژارد. بەڵام مامۆستا هەوڵی ئەوەبوو بە ناوی لاواز کردنی جیناحی کاک مستەفا و بە قەولی خۆیان جیناحی جنووبیەکان، زۆرینەیەک دروست بکا و جا ئەوجار ئامانجی گۆرینی کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی بداتە دەر. واتە مامۆستا ئامانجی گۆرینی سکرتێر و زۆرینەی ڕێىەریی حیزبی هەبوو، هەر ئەوەی کە لە کۆنگرەی ١٠ دا پێی گەیشت کە درێژەی ئامانج بۆ کۆنگرەی ٩ بوو.

جیناحەکەی دیکە واتە جیناحی کاک مستەفا ئامانجیان پاراستنی ئەو مەوقعیەتە بوو کە هەیانبوو. کاک مستەفا ڕازی و مەمنوون بوو بە جێگریی سکرتێری گشتی و هاوجیناحەیکانیشی بە هەمان شێوە ڕازی بوون بە مانەوەیان لە ڕێىەریدا.
بە کورتی و بە کوردی ئەو کێشە و دووبەرەکییەی کە بەداخەوە درێژەی کێشا و تا لە بەهاری ساڵی ١٣٧٠ لە کۆبوونەوەیەکی ئۆرگانی مەڵبەند دا تەقییەوە و ساڵی ١٣٧٠کە پێشتر باسم کردووە چ دۆخێکی خوڵقاندبوو ، تا کۆنگرەی ٩ بەردەوام بوو و بوو بە هۆکاری زیانێکی زۆر لە مادی و مەعنەوی و زەربەیەکی قورسیش وە ئیعتیماد لە نێو مەڵبەندی شیمال کەوت ، کێشەی ئێمە نەبوو، بەڵکوو لە دەرەوەی مەڵبەندی شیمال ڕا هێنرابوو و بەداخەوە ئێمەشی لەگەل خۆی خست و زیانەکەش بە ئۆرگانی حیزب لە دەڤەری شیمال کەوت .

کاووس عەزیزی. دانمارک

٢/٧/٢٠٢٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی