"an independent online kurdish website

کاتێک مرۆڤ گوێی لە وشەی خەیانەت دەبێ، لە ڕێوە ئەوەی بەدڵ دادێ،کە قەتڵێک کراوە، نەهێنەیەک ئـاشکرا کراوە، سیـخوڕیەک ئەنجام دراوە هیتر.

ئەوە یانی کردەوەیەکە کە مرۆڤی خاوەن ویژدانی سالم ئەنجامی ناداو دەڵێن خۆ فرۆشێک کردویەتی. بۆ ئەوەی شتەکە ڕونتر بکەینەوە واباشە بزانین خەیانەتەکان چی و چۆنن . بـۆ ئـەو مەبەستە من بەکورتی و پوختی باسی چەند جۆڕێکی ئەو کردەوە بیزراوە دەکەم .

1 ـ خەیانەت بە نیشتمان : ئەوەیان قێزەونترین و دوور لە خسڵەتی مرۆڤانەیە . شتێکە هیچ عەقڵ و مەنتیقێک ناتوانێ پاساوی بۆ بێنێتەوە . وەک: فرۆشتنی زیدەکەت بەدوژمن، جا ئەوە چ تاک و چ حیزب بیکا. یان سیخوری بۆ دوژمن و دانی زانیاری بە دوژمن بۆ هێڕش و داگیر کردنی نیشتمان و زەرەبە لێدان لە شۆڕشگێڕان، بون بە کڵاو سوری پێش لەشکر. بەکورتی یارمەتی دانی دوژمن بۆ داگیر کردنی وڵات و پێشێل کردنی ماف و ئازادیەکان . یـان دەداو خستنی شۆڕشگێڕان. ئەوەیان پیس ترین جۆری خەیانەتە. ئەوەیان دایکی گشت جۆرەکانی خەیانەتە . واتە کە گەل و نیشتمانت فرۆشت یانی دایک باب و کەسو کاری خۆشت فرۆشتوە. یانی تـۆ هەموو مافو ئـازادیەکانی تـەنانەت بنەماڵەکەشت لە گرەو ناوە. واتە بەکوردی و کورتی هەموو بەهایەکی نەتەوەیی ، نیشتامانی، هاووڵاتی، دایکو بابی ، بنەماڵەیی و جیرانەتی و مرۆفایەتیت دۆڕاندوەو لە دەست داوە.

  1. خەیانەت بەخواو پەیامبەرەکەی : واتە بـەڕواڵـەت ئیمانـیان پێی هێناون و بەکردەوەش هیچ یەک لە ئەرکو راسپاردەکانیان بـەجێێ نا هێنن. گومانم نیە هێندێک دەڵێن ئەوە بۆ نیشتمانی وە پیش خواو پەیامبەر خستوە ؟! بـەوانـە دەڵـێم : خراپ حاڵی مەبـن خوا لـە پـشـدا سەرزەویەکەتی دروست کردوە ، دوایە مرۆڤی وەدی هێناوە ، دوای بلوغ و ئەقڵ و ئازادبون فەرمانی عێبادەت وخوا پەرستی پێداوە.چونکە هەرکەس لە پێشدا خۆیو زێدەکەی نەناسێ ، نـاتوانێ خواو پێغەمبەر بـناسێ، وای لێدێی نانی هەرکەس بخوا سڵاوەت لەدیداری ئەو لێدەدا، ئەگەر پێی ڕێنەخەین دیتومانە. جائەگەر تۆ لە ڕوی ناشارەزایی بڵێی خوا دەناسم بێگومان وەک خائن توشی خەتا دەبی .
  2. خەیـانـەت لـە عـیلـم و زانست دا : واتـە فـەلسەفـەی زانـست خزمەتکردنە بە گەل و وڵات لە ڕیگای ئەو زانستەوە، کە تـۆ بەدژی ئەوان کارت پێکرد خەیانەتت کردوە . نە کوتنی ڕاستیەکان بـەخەڵک بەراوەژو کردنی فەرمان و بـڕیارەکانی خوا خەیانەتـە . بـە لاڕیـدا بـردنی مرۆڤەکان ، یـان بـەدرۆ خۆ بـەزانا نیشان دان، یـان دەکار هێنانی زانست بە دژی مرۆڤەکان و زۆریتر. دەکەونـە نـاو بـازنەی خەیانەتەوە .
  3. خەیانەتی ژن و مێرد بـەیەکتر : ژن و مێرد دوومـرۆڤن لـە هەموو کەس لێک نیزیکترن ، هەرچی عەیبو عاری یـەکترە دەیـزانن، زۆرشتیان کردوەو کوتوە کە دەگەڵ نیزیکترین کەسیان نەیانکوتوەو نەیان کردوە. پێوەندیەکەیـان ئـەوەنـدە پیرۆزە کە بـونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەسەر ڕاوەستاوە، واتە ئەگەرهەر کامەیان نەبێ ، مرۆڤ بـونی نـابێ. بـەهـوی ئـەوەی بەشەرن و بـەشەریش بێ عەیب نیە ، لەسەر ئەو بناغە یە توشی ئاڵۆزی و ئینکەبەریو تەنانەت لێک جیا بونەوەش دەبن . یان شەیتانوشۆفار فزولیان لە بـەیندا دەکەن و لێک دڕدۆنگ دەبن و هێندێک جار وەسەر تەڵە دەپەڕن و شتێک دەکەن کە دەبـوو نەیان کردبایـە. ئەگەر لە ڕەوتی ژیاندا تـوشی ناکۆکی و لێک تـرازانیش هاتن بـەهـیـچ جـۆر ڕەوا نـیە عەیب و عـاری یـەکتر بـڵاو کەنـەوە ، جـا چبگا بـەوەی کـە پـێکەوەشن ! ئـەوان ئـەمـیـنـداری یـەکتر بـون ، خەیـانەت لـە ئەمانەتیشدا قەباحەتە. هەر کامەیان ئـەویتر بـەکەم بگرێـو بەکەمتری نیشان بدا خەیانەتی پێکردوە. یـان باشتر بڵێم : هەرکامەیان خەیانەت بەویتر بکا، لە ڕاستیدا بەخۆی کردوە. ئەوانەی دەتوانن خۆ لەو بەڵایە بپارێن دەبێ خۆشەویستی و حورمەتی یەکتر گرتنو ئەمینداری لە بیر نەبەنە وە.
  4. خەیانەت لە ئەمانەت دا : ئەوەیان پێمان دەڵێ : مرۆڤەکان لە ڕاستیدا ئەمیداری یەکترن دەبێێ بەتەواوی ئەو ئەمانەتە بپارێزن . بۆ وێنە کەسێک دەردی دڵێ خۆی سەبارەت بەکەسێک یان گـەورەو سەرۆکێک لەلای تۆ کردوە ، ئاشکرای بکەی . شتێکی لـەلا دانـاوی حاشای لێبکەی. قـەرزێکی لـەسەرتـەو حاشای لێبکەی و…. ئەوانەو زۆریتریش دەری دەخەن کە مرۆڤ بەپاکی خوڵقاوەو دەبێێ هەوڵ بدا هەر بەپاكێ بمێنێتەوە، چونکە خەیانەت ناپاکیە .
  5. خەیانەت لە کڕێن و فرۆشتن دا:واتە هەرزان بەگرانو خراپ بەچاک و حەرام بە حەڵاڵ و ناحەزی بەجوان بفرۆشی . زۆرن لەو بـابـەتـانـە کە ڕۆژانـە خەڵکی دەگەڵیان بـەرەو ڕوو دەبێێ . چونکە کڕێن فرۆشتن پێداویستی ڕۆژانەیە دەبێ زۆر بە پاکی و بێی فرتو فێڵ ئەوکارە بکرێ . ئەوکەسانەی ئەوکارانە دەکەن دەبێێ دوو شتی گرینگیان لە بیر نەچێ .یەکەم : دەبێ بزانن ئەگەر بە خۆشیان نەزانن ئەمینداری خەڵكن وهەر چەشنە ناڕاستیەک لەو بوارەدا دەچێتە قالبی خەیانەتەوە . لەبەر ئەو شتانەی باسمان کردن و زۆریتریش کە لێرەدا جێگایان نابێتەوە، بـۆیە بـەباوەڕی من ئەوانەی دەتوانن لە داوی ئەو بەڵایە ڕزگاریان بێ ، ئەوانن کە خۆیـان لە بەرانبەر دوو شتدا بە بەرپرسیار دەزانن. ( ١) ئەوانەی خۆیان بەئیماندار دەزانن دەبێێ قبوڵێان بێێ کە خوا خەیانـەت بە خراپترین ئاکارو خوو خدە دەزانێ وتوند ترین سەزاشی بـۆ دیاریکردوە. (٢) ئـەوانـەش کە ڕەنـگە خاوەن ئایین نەبن ، دەبێ لەوە تێبگەن ویژدان تـەنیا مەحکەمەیەکە پێویستی بەقازی نیە و مەحکومیان دەکا . ئـەگەر لـە خەوی غەفڵەت وەخەبەر بێین و ژیرانە بیر بکەینەوە دەبێ ڕێزی مرۆڤ و ئەرکی خۆمان باش بزانین و بەڕێوەیان بەرین .

دەبێ بزانین: سیخوڕی، درۆ، بـوختان، نەمامی، ئێرەیی، لـە قاودانی نەهێنیەکان و ئەوانیتریش دەگەڵ خیانەت ئاواڵدوانەن و یارمەتی یەکتر دەدەن .بروانن خوا لە سوڕەی یوسف دا باسی ئێرەیی براکانی یوسف دەکا، کە بوو بە هوی ئەوە درۆ دەگەڵ بابیان بـکەن و خەیانەتیش بـە یوسف بکەن . ئـاوری دامـرکاندنی نـەفسیش، زڵـەخـای وادار کرد خەیانەت بە مێردەکەی بـکا. کەوایـە خـەیانـەت تـاوانێکی گەلێک گەورەیە و خەیـانـەتکاریش سەر ئەنجامەکەی سەر شۆڕی و پە شیمانیە. وەک چۆن بـرایانی یوسف بـە شەرمەزاریـەوە داوای لێبوردنیان لـە یوسف کرد و زولەیخاش بەو پەڕی زەبونیەوە ددانی بـە پیلانەکەی دا هێنا.

 براتان مەلا برایمی مەجید پور ١٦ گەلاویژی ٢٧٢٠ کوردی

 ٦ / ٨ / ٢٠٢٠ زایینی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی