"an independent online kurdish website

سوپای ئێران لەپاش گرتنی فاو ١٩٨٦ ەوە، لە زۆربەی بەرەکانەوە زۆری بۆ سوپای عێراق هێنابوو، هێرشە بەردەوامەکانی بەناوی فەجر و فەتح و کەربەلاوە ناونابوو کە زنجیرەیەک بوون لەو هێرشانەی ناویان نابوو دیفاعی مقەدەس.

هێرشی گرتنی هەڵەبجە سەر بە زنجیرە هێرشەکانی فەتح بوو  بەناوی فەتحی پێنجەمەوە. لە ١٣ی ئازاری ١٩٨٨ دا بەهاوبەشی سوپا و پاسداران و پێشمەرگە کوردەکانی دژ بە عێراق دەستپێکراوە، پلانە سەربازیەکە ( کەماشە) یی بۆ ئابڵۆقەدانی سوپای عێراق بووە لە سێ لاوە ( ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوور) ی هەڵەبجە بە دەشتی شارەزوورەوە و دواتر لە باکوورەوە لە عەرەبەت هەرسێ سوپاکە یەکبگرنەوە و بەرەو سلێمانی هێرش دەست پێبکەنەوە.

ئەگەر ئەو پلانە بەتەواوی سەریبگرتایە ، سوپای ئێران دەربەندیخان و کەلاریشی دەخستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە، بەهۆی دابڕینی سلێمانی لە سێ لاوە هەمان ئابڵۆقەدانی سەربازی (کەماشە) ی دووبارە دەکردەوە و بەئاسانی سلێمانیشی داگیردەکرد.

هێڵی بەرگری سوپای عێراق بریتی بوو لە دوو فیرقەی ٤٢ لەناو هەڵەبجە و ٣٦ لە دەربەندیخان . فیرقەی ٤٢ بە سەرلەشکری عەمید ڕوکن عەلی حسێن عەلگاوی، لیواکانی ٦٠٧، ٦٠٢، ٤٣٤ ی بەدرێژایی سنووری عێراق – ئێران لە سوورێنەوە تا هەورامان و شنروێ و باڵانبۆی لەژێر دەستدابوو. فیرقەی ٣٦یش کە سەرلەشکرکەی عەمید فەرحان جاسم عەباد بوو، بەدوو لیوای ٥٠٦، ٦٦ ئەرکی پاراستنی خۆرئاوای ڕووباری سیروان و دەریاچەی دەربەندیخانی لە ئەستۆبوو.

ئێرانیەکان لە ١٣ی ئازاردا لەگەڵ پیشمەرگەدا لە چیای شنروێ وە دەستیان بەهێرشەکە کرد. لەهەمان شەودا پێشمەرگە دەچنە ناوشاری هەڵەبجەوە و سوپای عێراق بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن. فیرقەی فەتح ی سوپای ئێران لە ڕووباری سیروان و چیای باڵانبۆوە هێرشە سەرەکیەکەیان دەستپێدەکەن. بە خێرایی دەپەڕێنەوە بەرەو ناوچەی زەڵم و یەکگرتنەوە لەگەڵ هێزی پاسداراندا کەلە هەورامان و خورماڵەوە هێرشیان دەستپێکردبوو و لە نێوان سەیدسادق و زەڵمدا یەکدەگرنەوە. پێکەوە پێشڕەوی دەکەن بەرەو سەیدسادق. بەشێک لە فیرقەی فەتحیش هێرش دەکەنە سەر لیواکانی ٥٠٦ و ٦٦. بەڵام لیوای ٦٦ بەرگریەکی سەخت دەکەن  کەمقەدەم فەرید حەمودەی بەڕەگەز فەڵەستینی بووە.

کاتێک فیرقەی ٤٢ لە ڕۆژی ١٤ ی ئازاردا بۆیان دەردەکەوێت ئابڵۆقەدراون هیچ دەرچەیەکیان لەبەردەمدا نەماوە ، هەموو ڕێگاکانی بەهاناوە چونیان لێگیراوە ، داوای هێزی دابەزینی ئاسمانی دەکەن . سوپای عێراق هێزێکی مغاویریان بە هالیکۆپتەر لە چیای باڵانبۆ بۆ یارمەتیدانیان دەنێرێت. بەڵام هیچیان پێ ناکرێت.

لە ١٥ ی ئازاردا فیرقەی ٤٢ تەسلیم بە ئێرانیەکان دەبن. سەرلەشکرەکەیان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەمن و ئیستخباراتەکانی هەڵەبجە دەیانەوێت بە پیادە لە ڕووباری سیروان بپەڕنەوە و خۆیان دەربازبکەن. زۆرینەیان لە ڕووبارەکەدا خنکاون. عەمید عەلی حسێن عەلگاویش لەناو ڕووبارەکەدا فیشەکێک بەخۆیەوە دەنێت و خۆی دەکوژێت. لە ١٦ ی ئازاردا، سەدام حسێن فەرمان دەکات تەڕ و وشک لە هەڵەبجەدا پێکەوە بسووتێنن و شارەکە بە چەکی کیمیایی بۆردمان دەکات.

بابەتی پەیوەندی دار

هەلەبجە/جەلال مەلەکشا

هەڵەبجە،

زامێکی ناسۆرە

هەر زووخی لێ ئەتکێ

ئەرژێتە ناو گۆمی گنخاوی ویژدانی سەدەی بیست!

هاواری هەڵەبجە

ئاسمانی راچڵەکاند

خوا تف و لەعنەتی لە سیمای زەوی کرد

موویەک لە لاشەی ئەم دەعبایە نەبزووت

دنیای کەڕ هاواری پێنج هەزار پەپوولەی

دیلی نێو دۆزەخی شەیتانی هەر نەبیست!

لە مێژوو بپرسن نەورۆزی کام وڵات

ئاوری بە کۆگای قژی خاو

برژانگی چاوی جوان

کاکۆڵ و پەرچەمی منداڵی ساوایە!

ئەمە نە ئاکامی ئاکاری خۆمانە و

نە دەستی چارەنووس

یاسای دەسکردی خواکانی زەوینە

لە ئاسمان بپرسن

زەوینی پڕ تاوان

بەستێنی جەولانی کام خوایە!

هەڵەبجە!

هاواری ئینسانە

ئینسانی بی پەنا و تەنیای ئەم زەمانە

وەک رەوە ئاسکێکە بێ داڵدە

لە هەموو لایکەوە دەستڕێژی لی ئەکەن

بۆ هەر لا روو دەکا هەر تەلە و هەر داوە!

هەڵەبجە شکاتی گەلێکە

وڵات بە وڵات و شار بە شار دەیگێڕم

نازانم لە کام دادگای عادڵدا،وەک تفێک

تەژی لە نفرەت و رەق و قین

هەلیمداوێمە نێو چاوانی ئەم قەڕنە بەدناوە

وێنە: شەهید عومەر خاوەر

رۆژی 16ـی سێی ساڵی 1988 فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراق بە بۆمبی کیمیایی هێرشیان کردە سەر شاری هەڵەبجە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار کەس، لە دانیشتووانی شارەکە، بە پیر و گەنج، پیاو و ئافرەت و منداڵەوە گیانیان لەدەستدا. هەزاران دیکەش بریندار بوون، کە هەندێکیان تاوەکو ئێستا بەدەست برینەکانیان دەناڵێنن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی