لە هەشتاکاندا لە کومیسیونی کۆمەڵایەتی حیزبی دیموکرات کارم دەکرد، جارێک بۆ سەردانی بەشی دەرمانی هێزی ئاوارە و کۆمیتەی شارستانی پیرانشار، چوومە ئەو شوێنە.
بە گەیشتنم پیان وتم مامۆستا تاقەکوڕیکی هەبوو شەهید بووە. واباشە لەپێشدا بچی سەرەخۆشی لێ بکەی. چووم پیرە پیاوێکی کەڵەگەت و بەژن بەرز و بەهەیبەت دانیشتبوو، منیان پێناساند و زۆر ڕێزی لێگرتم. پێم وت مامۆستا زۆر بەداخم بۆ لە دەستدانی کوڕە تاقانەکەت و سەرەخۆشیت لێدەکەم. گوتی: براگیان ئەو کوڕی حیزب بوو، دەبێ لە حیزب سەرەخۆشی بکەی، ئیوە ڕێبەرایەتی و پێشمەرگەکان خۆش بن. لە دەرووندا، کوڵیام و حەیرانی مەزنیی و دڵ بە هێزی ئەو شوڕشگێرە مەزنە بووم. کە هاتمەوە باسی ئەو دڵە گەورەم کرد، کاک فەتاحی کاویان وتی: تۆ چت دیوە. ساڵی ١٣٤٢ و٤٣، کاتێک بەکۆ ئەندامەکانی حیزب ڕاپێچی زیندان کران، پاش ماویەک دادگا بڕیای دا و چەند کەس ئێعدام و چەند کەس بەندی هەتاهەتایی و چەند کەس پازدە و دەساڵ و… بۆی دیاری کرا. ئێمە لە سالونێکی گەورەدا بووین بۆ ئێعدامییەکان دامان لە قوڵپەی گریان. لە نەکاو مەلایەکی چاکشوڕیان (شاقەلشۆڕ) بە لێدان خستە نێو ساڵونەکەوە. لەشی خڵپانی خوێن بوو. وتی: ئەوە بۆ دەگرین، وتمان چەند کەسمان دەکوژن. وتی: دەجا چ بووە، داوەشن، مەگەر ئێمە بەڵێنمان نەداوە بۆ ڕزگاری نیشتمان تا مردن تێبکۆشین. لێرە یان لە مەیدانی خەبات، جیاوازی کامەیە. ئێمە دوای ئەو وتە بێدەنگ بووین و شەرممان لە خۆمان کرد. دوایی دەرکەوت ئەو کەڵە پیاوە مامۆستا مەلا ڕەحمانی لاجانییە. ماوەیەک تێپەڕی مامۆستا هاتە بنکەی دەفتەری سیاسی لە قەندیل و لە گەڵ کۆچکردوان خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا خالید عەزیزی و قادرئاغای چوارگا، سێقۆلی پیکەوە لە هۆدەیکدا، ئەژیان. مامۆستا جموجوڵی زۆر بوو و لە پێش هۆدەکە بێستانێکی فەراهەم کردبوو. کەس نەیدەوێرا، قەرە لە قەرەی بدا و شتیک لێکەوە بکا. مەگەر خۆی. لەبەر سۆزێک کە بە من هەیبوو، ڕێگای ئەدا بچم خەیارێک، سەوزەیەک هەڵگرم. منییش بەڕوڵە خەیارم لێ ئەکردەوە. ئەویش ئەیوت دوکتور ئەوە نەگەیوە، بەش قەپێک ناکا، لیانگەڕی با گەورە بن ئەو کات هەردانەی دووکەس تێر ئەکا. ئەموت مامۆستا خەیار کە پیر بوو ئیتر بۆ خواردن نابێ. ئەیگوت بێ بەڵا بی حیزبەکە هەژار و نەدارە، با سکی دوو پێشمەرگەیان پێ تیر بکەین.
کرابوو بە باو کەسێک لە مەیدانی خەباتا شەهید بوو بایە لە دەفتەر ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیمان بۆ دادەنا. مامۆستا لە سەرەوە دادەنیشت و هەرکەس دەهات فاتیحەی دائەدا. لە پەیامبەر و خەلیفەکان و پیاوچاکان و گەورە پیاوانی کوردەوە پێدا دەهات و فاتێحەکەی پێشکەش ئەکردن. دوای شەهید بوونی دوکتور قاسملوو ئەویشی لێ زیاد کرد. جاڕێک لە تەنیشتی دانیشتبووم، دوکتور شەڕەفکەندی پێی وتم پێی بڵی فاتێحەکە کورت بکاتەوە. منیش لەبەر دۆخی گوێچکەی لەسەر تیکە کاغەزێک بۆم نووسی، مامۆستا فاتێحەکە کورت کەرەوە. مامۆستا فاتیحەی بە فاتمە خویند بۆوە و وای زانی بوو ئەیژم فاتمە ناویش شەهید بووگە و ئەمجار بێجگە لە گشت ئەو ناوانە، فاتێحە بۆ رۆحی فاتمەشی لێ زیاد کرد. هاوڕێیان ئەوەیان بە حیسابی بەدفەڕی من دانا بوو. کە ڕێوڕەسمەکە کۆتایی هات سەرکۆنەیان کردم بۆ مامۆستام ئازار داوە. خواو ڕاسان تیکە کاغەزەکە لە قول مشتما بوو، پێم نیشاندان و بە مامۆستاش وتم لۆ ئەوەت بە فاتمە خوێندەوە. یادی بەخێیر دای لە قاقای پێکەنین و ئەمباز بوو و ماچی کردم.
کاتیک بە ناچاری کۆچبارمان بەرەو خوار و بەرەو کۆیە ملی ڕێگای گرتەبەر، هەوارمان لەوێ بەزی، پێشمەرگەیەک هات وتی: کاکە کچێکی مەسێحییەکانی هەرمۆتە (گوندێک نزیک بنکەی ئێمە) بڕیارە مێردم پێبکا، زەحمەت بکێشە وەرە بۆمی مارە بکە. منیش وتم: من سەرپەتیم لەوانەیە بڕوام پینەکەن، بچۆ بە مامۆستا مەلا ڕەحمان بێژە با بێت ئەوکات منیش لەگەڵتان دێم. پێم وت نەیژی کچە مەسیحییە، دەنا مارەی ناکا و بیانوو ئەگەرێ ببێتە موسوڵمان ئەو جار مارەی بکا. خەریک مارە بڕین بووین، فەرمووی دوکتور کچ وکوڕ شوکر موسوڵمانن، وتم قوربان کوردستان وڵاتێکی ئیسلامیە بێترس کارەکە جیبەجێ بکە. دوای ئەوە گەڕاینەوە وتم قوربان کچەکە مەسیحیە. وتی: دوکتور تووشی ئەو گوناهەشت کردم. گوتم مامۆستا، تۆ لەسەر چ ئایینی مارەتکردن؟ گوتی ئیسلام، گوتم تەواوە و گوناحیشی نیە و ئەوجار ئیسلام لەسکی ئایینی مەسیحیەت لە دایک بووە و شوراوەی ئەو ئایینەیە و بەشێکە لە دینە ئیبراهیمییەکان. فەرمووی ئافەرین بە خوا زانای خوا لە دێموکراتت نەسێنێ.
دوای کۆچی دوایی کاک لوقمانی مێهفەڕ هاوڕی بە وەفاو شۆڕشگێڕی گەلەکەمان و زاوای ئەو مامۆستا نەمرە، لەگەڵ دەبڕینی کەسەر بۆ لە دەسدانی لوقمانی نیاز پاک و دڵسۆز، بە خۆم گوتم مامۆستا کوڕی دوەمیشت لەدەس دا. و دوایی ئەم بیرەوەوەریانە بە زەینمدا تێپەڕین و کردیانمە بیانوو بۆ دەربڕینی هەستی خۆم لەو پێوەندیەەدا و عەرزی سەرەخۆشی لە دادە خەدیج و مناڵەکانی و لەو پیوەندیەدا خۆم بە بەشداری خەمیان دەزانم.
خەلێقی سوید٧ی مای٢٠٢١.