"an independent online kurdish website
٢٥ی گەلاوێژ و وەفادارانی ڕاستەقینە ، نووسینێكێ شەهید لوقمان مێهفەر لەسەر ٢٥ی گەلاوێژ كە هەم پیرۆزكردنی ساڵیادی ڕێكخراوەكەیەتی (حدكا) و هەمیش یادێک لە شەهیدێكی هاوڕێی دەكاتەوە كە جگە لە سەرمەشقێكی نموونە وەک مامۆستاش لێی دەڕوانی ئەویش شەهید ڕەحمان سۆفی زادەیە كە بە هەڵكەوت شەهیدبوونی كەوتۆتە یادی ٢٥ی گەلاوێژەوە.

بە داخێكی گرانەوە ئەمساڵ كە جێژنی دامەزرانی حیزبەكەمان بەرز ڕادەگرین و کە دەدبێتە 37 مین ساڵیادی شەهید رەحمان سۆفیزادە، هاوڕێ لوقمانی هاوسەنگەری وەفاداری شەهید ڕەحمانیش گەیشتووەتە كاروانی نەمران و بەجێهێنانی ئامانجەكان و درێژەدانی ڕێبازەكەی بە ئەمانەتەوە سپاردە دەستی ڕۆڵە تێكۆشەر و وەفادارەكانی هاوسەنگەری لە حیزبی دێموكرات.
ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران پیرۆز بێت و بەهیوای سەركەوتنی خەباتی نەتەوایەتیمان و دابین بوونی دێموكڕاسی و دادپەروەری كە تا ئێستا بە هەزاران ڕۆڵەی ئەو نیشتمانە گیانی پاكیان لە پێناودا داناوە.
 شەهید رەحمان لە 26ی گەلاوێژی ساڵی 1363ی هەتاوی لە گوندی جانداران بەداخەوە شەهید کرا.
بابەتی هاوڕێ کاک لوقمان کە ساڵی رابردوو لە یادی شەهید رەحمان سۆفیزادە دا بۆ سایتی پێشمەرگەکانی ناردووە.
رەحمان سۆفیزادە دڵنیابە ئاڵای خەبات هەر شەکاوەیە، لوقمان مێهفەر
ئەمڕۆ ٣٦ ساڵی تەواو بە سەر شەهید بوونی عبدالڕەحمان سۆفی زادە دا تێپەر دەبێ، ڕۆژیک کە شای لێکردین بە شین  ڕۆژیک کە لەژیانمدا زۆر تاڵ و لە بیر نەکراوە. 

لەو ڕۆژەدا مامۆستایەک، ڕێبەریک و هاوڕێیەکی گیانی بە گیانیم لەدەست داوە، تەنیا وەفام بۆ ئەو درێژەدانی ڕێگایەتی.

ساڵی ١٣٦٣ی هەتاویی ئێمە لە کۆمیتەی شارستانی پیرانشار لە ناوچەکان خەریکی بەڕێوەبردنی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ بووین، ئەندامانی کۆمیتەی شارستان بەسەر ناوچەکاندا دابەش کرابوون من وەک‌ نوێنەری کۆمیتەی شارستان بۆ ناوچەی لاجان دیاری کرابووم، ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ کۆمێتەی ناوچەی لاجان‌ خەڵکی زۆری  بۆ ئاوایی تووژەڵێ بانگهێشت کردبوو، لە نێو ئاوایی جمەی خەڵک و پێشمەرگە دەهات.

ساعەتی ٣/٥ ئێوارە مەڕاسم دەستی پێ کرد. وتار و پەیامەکان پێشکەش کران، نێو ئاخنی بەرنامە سرودی شۆڕشگێری و گۆرانی بە سۆز و شانۆ بوون و دوابڕگەش هەڵپەرکێ بوو.

خوالێخۆشبووی هونەرمەند ڕەحمان کارتۆنی هێندەی دیکە بە دەنگە خۆشەکەی هەڵپەرکێیەکی بە جۆش و خورشتر کردبوو، بەجۆرێک ‌چریکەی دەنگی ئەم دۆڵەی پڕ کردبوو. ساعەت ٦ی ئێوار کۆتایی بە مەڕاسیمەکە هات هەرکەس بەرەو شوێنی کاری خۆی گەرایەوە،  من ماڵم لە ئاوایی میشەدێی خوارێ بوو، ناوەندی هێزیش لەوێ بوو.

کۆمێتەی شارستان لە دۆڵەڕەش لە شوێنێک بەناوی دەرۆ عەزیا بوو.

هیشتا تام و چیژی جێژن لە نێو بازنەی مێشکدا خوڵی دەدا، کە شەوپەرستانی سەردەم هەر ئەو شەو  هێرشێکی سەرانسەریان بۆ سەر ناوەندی کوردستان لەچەند بەرەدا دەست پێکرد.

لە  شەوی ٢٥ی گەڵاوێژ لەسەر ٢٦ی ساعەت ٢ی شەو لە چیای مەلا مەحمود زاڵ بە سەر  ناوچەی نەڵێن و ئاوایەکانی میشەدێ، گەنەداری مەنگوڕان، میشەدێی سەرو و دۆڵی گوێزاندا شەڕ دەستی پێکرد و دوای چەند ساعەت  سەرئەنجام لەژێر ئاوری تووندی تۆپخانەدا ئەو بەرزایە کەوتە دەستی دوژمن.

هێزی پێشمەرگە بەرەو دۆڵەڕەش، گلەسپی، کانی باو، سەرلێر پاشەکشەی کرد. ڕێژیم  بە مەبەستی گرتنەوەی ناوچە ئازاد کراوەکانی ناوەندی کوردستان لە چەندین مێحورەوە لە ژێر ئاوری تووندی تۆپخانە و هەلیکۆپتەردا بەهێزیکی زۆرەوە هێرشی دەست پێکردبوو.

لەباکوورەوە بەرو سەرشاخان لەگەڵ هێزەکانی سمکۆ و ئەفشین لە ڕۆژهەڵات بەرەو ناوچەی مەنگوڕان و گەورکایەتی مەهاباد لە گەڵ هێزی پێشەوا.  لە باشورەوە بەرەو دۆڵی دێموکرات و جانداران ‌دەگەڵ هێزی مینەشەم و لە ڕۆژئاواوە بەرەو ناوچەکانی نەڵێن و گەدە لەگەڵ هێزی ئاوارە لەشەڕ دابوو.

دوایی سێ ڕۆژ شەڕی قارەمانانە و تەلەفاتی زۆری دوژمن سەر ئەنجام پێشمەرگە بۆ پێشگرتن لە زیانی قورسی گیانی هێزی پێشمەرگە بەرەو سنوور  پاشەکشەی کرد و لە زێی بچووک پەڕیوە و سەر لە نوێ بۆ قۆناغێکی نوێ خەبات خۆی ڕێکخستەوە.

لەگەرمەی شەڕدا بێسیم چی بێسیمی ڕاکال بەردەوام هەواڵی بەرەکانی شەڕ و تێکشکانی هێزەکانی ڕێژیم‌ و زیانەکانی هێزی پێشمەرگەی لە بەرەکانی دیکەی شەڕ پێدەداین.

ساعەت چواری ئێوارەی  رۆژی ٢٦ لە بەرزایەکانی دوڵەرەش لەشەڕێکی قورس دابووین لەناکاو بێسیم چیەکەمان هات پەیامێکی پێ بوو کە خوێندمانەوە، دەفتەری سیاسی نوسیبووی بەداخەوە ئەمڕۆ لە جانداران عبدالرحمان سۆفیزادە بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی ڕەبەت و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە گەڵ هاوڕێ محمود فەیزی کادری لێهاتووی حیزب شەهید بوون.

هەواڵێکی دڵتەزین، خەم سەراپای وجودی هاوڕێ و هاوسنگەرانی رەحمان سوفیزادەی داگرت.

لە لایەک فرمێسکی خەمی هەڵدەڕێژرا و لە لایەکی دیکەوە  هەستی تۆڵە و قینی شۆڕشگێرانە هەموو لەشی داگرتبوون.

ساعەت ٨ی ئێوارەی ٢٦ی گەلاوێژ هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان بردە سەر سەنگەری کوڕانی هێزی ئاوارە لە بەرزایەکانی کانی با. قوتابیانی سوفیزادە خۆیان لێ ماتدا چاوەڕوانی فەرمان بوون، دوژمن بەو خەیاڵە کەسی لێ نەماوە، فەرماندەرانی بەرەی شەڕیش گوێچکەیان بە بێسیمەوەیە چاوەڕێی فەرمان دەکەن.

فەرماندەری هێز  بە ڕەمزی تۆڵەیە، سوفیزادە دڵنیابە ئاڵای دەستت هەر شەکاوەیە، لە پڕ ئاوری تۆڵە لەسەر سەر و پشتی دوژمن کرایەوە لە ماوەیەکی کورتی زەمەنیدا هێزی دوژمن ئەوەی هێزی ئەژنۆی هەبوو بە پەلە پروزەوە خۆی نەجات دا و باقی تەرم لەسەر تەرم حەوشەکەی کانی باو بە بەرقەدی لوتکەی گلەسپی ڕەش هەڵگراندبوو.

بەڵام تۆڵەی شەهید  ڕەحمان و هەزاران ڕەحمانەکان کوشتنی زۆر و زەوەندی پاسدارە مێشک وشکەکان نیە.

بەڵکو وەدیهێنانی ئەو ئامانجانەیە کە ئەوان گیانیان لەسەر بەخشیوە.

دوایی ئەوەی هاتینە دۆڵە  بی و سۆرە زەویان لە پشتی ئاوایی سیپەکان لە ناوچەی بەری مێرگان لە لایەن دەفتەری سیاسیەوە پەیامێکمان بۆ هات نوسرابوو خەباتی ئێمە قۆناغ و سەر فەسڵێکی نوێ بە خۆوە دەگرێ و دەچینە قوناغی شەڕی پارتیزانیەوە.

ئەم قۆناغە سەختە و هەموو کەس ناتوانی تەحمولی بکات بۆیە بۆ پێشمەرگەکان کۆبوونەوە بگرن پێان بڵێن هەرکەس پیرە، نەخۆشە، نوقستانە، سەرپەرستی خێزان و بە گشتی بە هەر هۆیەکی دیکە بێ کە ناتوانی لەو قۆناغەدا بەشدار بێ ئیزنی بدەن با بگەرێنەوە بۆ ناو خێزان و خەریکی ژیانی ئاسای خۆیان بن.

تەنیا یەک داوایان لێ بکەن پشت لە خەباتی چەند ساڵەی خۆیان نەکەن وا بزانن تەنیا چەک و بەرگی حیزبیان بە زاهیر داناوە ئەگینا بە بیرو باوەڕەوە هەر کوڕی جارانن تا کاتی خۆی دێ سەبر بگرن.

دوای کۆبونەوە نزیک بە سەد کەس دەبوون لە هێزی ئاوارە کە بەدڵگرانیەوە ڕایانگەیاند ناتوانن لەم قۆناغەدا بەشداربن.

دوایی ئەوەی قسەیان بۆکرا و ڕێنوێنی پێویستیان پێدرا، شوڕای ئاوایی سیپەکان بانگ کرا و قسەیان لەگەڵ کرا کە بۆ خۆ تەحویلدانەوەی ئەو کەسانە کارئاسانیان بۆ بکەن ئەوانیش بەئەرکی خوێان هەستان بە پێی بەرنامەی دانراو بە نورە دەهاتن هەر جاری چەند کەسیان لەگەڵ خۆیان دەبرد.

لێرەدا بێرەوەریەکی تاڵ  و سرنج ڕاکێش لە دوو پێشمەرگەم بینی، یەکەم پێشمەرگەیەکمان هەبوو ناوی حەسەن مەڕالی خەڵکی گوندی کوولیچ بوو ناوبراو  دوو ژنی هەبوو مندالیشی زۆر و باری دارایش لەو پەری خراپیدابوو، سەرەڕای ئەوەش نەخۆشیەکی هەبوو زۆرجار ناڕەحەتی دەکرد. کاتی مالئاوایی کردن لە باوشی گرتم  بەکووڵ دەگریا، منیش دەمزانی کە بەناچاری ئەو بڕیارەی داوە زۆرم دڵداوە.

گوتی فڵانکەس هێزی ئەژنوم نیە برۆم و ئێوە بەجێ بێلم بەڵام خۆت وەزعی ژیان و خێزانم دەزانی دەلینگی پانتۆڵەکەی هەلکێشا خوێن بەلاقی دا دەهاتە خوار گوتی چاولێکە مەعزەرت دەخوازم دەڵێی ژنم حەیزم پێدا دیتە خوار ئەگینا چۆن دەبێ ئێوە بەجێ بێلم، دیسان دڵم دایەوە پێم گوت مام حەسەن خۆت نارەحەت مەکە.

ئەگەر ڕێبەرایەتی حیزب هەستی بەو ئێش وئازارانەی ئێوەمان  نەکردبا بێگومان ئەو بڕیارەی نەدەدەدا،

ئێوە دەڕۆن و سەنگەری خەباتی  ئاشکرا دەگۆڕن بۆ سەنگەرێکی شاراوە و ئێدی دەبن بە چاو ساغ و مەکۆی داڵدەدانی ئێمە، بە هەنیسکدانەوە گوتی: کەهاتن سەرم لێ مەبرن. نا دڵنێابە مام حەسەن دێم لەوێش سەرت لێنابڕم.

دووهەم شەهید مستەفا حەمزە بەگمی قەڵا ناسراو بە مستەفا شەل بوو.

مستەفا بە زگماکی نوقستان بوو ئەندامێکی بە بیروباوەڕ و دڵسۆز بوو کوڕێکی خوێندەوار بوو و پێکەوە لە شاری نەغەدە لە قۆناغی نەزەری هاوکلاس بووین، کرابوو بە مامۆستای شۆڕش دەرسی دەکووتەوە. ئەویش یەکێک لەو کەسانە بوو کە دەگەڕایەوە بۆ ناو خێزان.

بەڵام نەیدەزانی کە کاک ڕەحمان سۆفیزادە شەهید بووە. لەدوڵە بی چاوەڕوانی ئەوەبوو نورەی بێ بڕواتەوە ئێوارێ کە ڕادیو دەنگی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا هەواڵی شەهید کرانی کاک ڕەحمانی سۆفیزادە ڕادەگەینێ کاک مستەفا تا بەیانی خەوی لە چاوان ناکەوێ، بەیانی زوو بە گۆچانەکەوە بەرەو سورە زەویان دەکەوێتە ڕێ، هێشتا نانی بەیانی نەخورابوو کاک مستەفا گەیشتە لامان لەبەر گریان چاوەکانی دەتگوت خوێنی تێچزاوە. گوتی فلانکەس تفەنگەکەم ویدەنەوە

 گوتم بۆ؟

گوتی چۆن مامۆستا و بەرپرسم شەهید بێت منیش بچمەوە سەر بۆ دوژمن نەوی بکەم؟

نازانی پاش کاک ڕەحمان من چۆن سەرم لە نێو خەڵکدا هەڵ بێ و چۆن وەڵامی پورە خەجێ دایکی مامۆستایەکەم بدمەوە؟

 بڕیارم داوە هەتا هێز و گیانم لەبەردایە ئەو ڕێگایە بەرنەدەم و درێژی‌ ڕێگا و ڕێبازی بم.

زۆریان قسە لەگەڵ کرد سودی نەبوو عەرزی کاک سەید ڕەسول سەید ئەحمەدی فەرماندەی هێزم کرد خۆت پێوە ماندو مەکە من دەیناسم دەزانم چەندەش لە دەروونەوە کاک ڕەحمانی خۆش دەوێت چونکە ناحەقی نەبوو هەر ئەوندە بەسە لەسەر کاک رەحمان بڵێین کاتێک لە بنکەی دەفتەری سیاسی لەپرسەی کاک ڕەحمان دا  لە زمانی جێگری سکرتێری گشتی ئەوکاتی حیزب گوترا: هەرکەس شەهید دەبێ دەبێتە خۆشەویست بەڵام رەحمان سۆفیزادە بەزیندوویی خۆشەویستی کۆمەلانی خەڵکی کوردستان وحیزبەکەی بوو، سەدجار مخابن بۆ لە‌دەست چوونی ئەو کەڵە پیاو و ڕوناکبیرە شۆڕشگێڕە.

بۆیە مستەفا ناحەقی نەبوو بڕیارێکی ئاوا بدا،

 ئێدی چەکەکەمان وێدا بەڕێمان کرد بۆ بنکەی نیشتەجێ بوون  وەک مامۆستا دەرسی خوێندن و نووسین بە پێشمەرگەکان بڵێتەوە.

کاک‌ مستەفا پاییزی ١٣٦٥ لە شێخ ئایش بەرپرسی گومرک بوو  بەهۆی بەفرێکی زۆر کە دەباری لە گەڵ هاوڕێیەکانی بەکوێستانەکاندا دەرناچێ و ناچار ڕوو لە ئاوایی نمنجێ پیران دەکات دەوێهەی لە ڕێگای تەشکیلاتەوە بگەڕێتەوە بۆ  بنکەی نیشتەجێ بوونی،

بەڵام ئاشکرا دەبێ،  جاشەکانی جاشخانەی دێڵزی گەمارۆی دەدەن داوای تەسلیم بوونی لێدەکەن بەڵام ئەو ئامادەنیە و دەیانداتە بەر دەسترێژ،

دواجار بەکرێگیراوانی ڕێژیم  ترسنۆکانە شوێنەکەی دەدەنە بەر ئاڕپیجی لە ڕیکەوتی ٢٥/٨/١٣٦٥ شەهیدی دەکەن. پیویستە بڵێم کاکە مستەفا ئەمەکناسانە بەڵێنی خۆی بردەسەر.

هەزاران سڵاو لە گیانی کاک ڕەحمان سۆفیزادە و هاوڕێیانی.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی