Hoppa till innehåll
Hem » عەبدوڵڵا جەوهەر: ئەگەر کورد سەربەخۆ نەبێت ئەوا دەبێت هەر ماڵ بە کۆڵ بێت!، کاوە ئەمین

عەبدوڵڵا جەوهەر: ئەگەر کورد سەربەخۆ نەبێت ئەوا دەبێت هەر ماڵ بە کۆڵ بێت!، کاوە ئەمین

بزاڤی ناسیۆنالیستی کورد یان بە مانا کوردییەکەی بیری نەتەوەیی یان نیشتمانی، لەچاو بزووتنەوە ناسیۆنالیستەکانی نەتەوەکانی دیکە بەگشتی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی زۆر بە درەنگ فرچکی بەست.

هەرچەندە دەکرێت (مەم و زین)ی فەیلەسوف و هۆزانڤانی گەورەی کورد ئەحمەدی خانی وەک سەرچاوەیەکی گرنگ کە تژییە لە هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری دەستنیشان بکەین و پاشان حاجی قادری کۆیی و زۆری دیکەیش مەڵۆی خۆیان خستووەتە سەر شارانی نیشتیمانپەروەری، بەڵام ئەو هەوڵانە هەر لە دووتوێی کتێباندا قەتیسمان و نەبوونە پڕۆژەیەک کە مانیفیستۆیەکی سیاسی نەتەوەیی کوردییان لێ هەڵنەهێنجرابێت کە ببێتە هەوێنی پارتێکی نەتەوەیی تاوەکو کورد بگەیێنێتە مەنزڵگەی ئازادی و سەربەخۆیی. دیارە ئەو هەویرە ئاو زۆردەکێشێت و بابەتی ئەم وتارەی من نییە.

ئەوەی کە لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم، دەوری کەسایەتییەکی گەورەی نەتەوەی کوردە ئەویش شادڕەوان عەبدوڵڵا جەوهەرە کە هەندێک لە هاوڕێ نزیکەکانی بە گۆمە مەنگەکەی کورد و کوردایەتی لە قەڵەمی دەدەن، ئاخر مامۆستا یەکێکبووە لەوانەی کە هیچ کاتێک لەخۆڕا هەگبەی دڵ و دەروونی خۆی بۆ هیچ کەسێک تەنانەت کەسە نزیکەکانی خۆیشی نەکردووەتەوە، بەڵام کاتێک پرسیاریان لێکردووە، کانییەک بووە وشکبوونی بەخۆیەوە نەبینیوە.

مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر هەر لە سەرەتای گەنجێتییەوە هەستی بە ستەمکاری سەر نەتەوەکەی کردووە و ئازادی و سەربەخۆیی کوردی تەنیا لە رێکخراوێکی نەتەوەیی کورد دا بینیوەتەوە، بۆیە لە تەمەنی 18 ساڵیدا لە شاری کەرکووک لە ساڵی 1938 لەگەڵ دڵداری شاعیر و نووری شاوەیسدا، بەشداری لە دروستکردنی رێکخراوی سیاسی (کۆمەڵەی دارکەر) دەکات.  هەروەها یەکێکبووە لە دامەزرێنەرانی پارتی نەتەوەیی کورد.

مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر یەکێکبووە لەوانەی لە سەرەتای ساڵانی چلەکاندا کاتێک شۆڕشی بارزان هەڵدەگیرسێت و لە ساڵی 1943 مستەفا بارزانی لە سلێمانی دەبێت، هاوکارییەکی زۆری بارزانییەکان دەکات، ئەوەیشی لەسەر بنەمای کوردبوون و هەستی نەتەوەیی کردووە.

رەنگە یەکێک لە سیفەتەکانی مامۆستا کە لە زۆر لە رۆشنبیرەکانی سەردەمی خۆیدا نەبووە ئەوەبێت، هیچ کاتێک هەڵگری بیروباوەڕی چەپێتی و کۆمۆنیستی نەبووە و ئەندامیان نەبووە، واتە لە قوتابخانەی کۆمۆنیستییەوە نەهاتووەتە نێو بیری نەتەوەیی و کوردایەتییەوە، ئەوە لەکاتێکدا بووە کە ئەو سەردەمەی ئەوی تێدا ژیاوە، رووناکبیر و خوێنەواری کورد وەکو پوورەهەنگ لە دەوری ئەو بیروباوەڕە (شیوعی)کۆبوونەتەوە کە زۆربەی جار لەسەر بنەمای ئابووری هاوبەش کوردیان بە نەتەوە قبوڵ نەکردووە، چونکە بەقەولی ئەوان گوایە کورد ئابووری هاوبەشی نەبووە، بۆیە کردوویانەتە پاشکۆی نەتەوەو وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان، بەڵام بەپێچەوانەوە مامۆستا عەبدوڵلا جەوهەر لە سەرەتای  هەرەتی لاوێتیدا لەو کۆڕوکۆبوونەوانەدا بەشدار دەبێ کە  باسی سەربەخۆیی کورد و نیشتیمانەکەی وێردی سەر زمانیان دەبێت. 

مامۆستا عەبدوڵلا جەوهەر جگە لە سەربەخۆیی هەموو چارەسەرێکی پرسی کوردی بە فشە چارەسەری لەقەڵەم داوە بۆیە راشکاوانە گوتوویەتی ”تاوەکو کورد سەربەخۆ نەبێت، هەر ماڵ بەکۆڵ دەبێت”. هەستی نەتەوەیی مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر وای لێدەکات کە بەشداری لە دروستکردنی (کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد – کاژیک)دا بکات و یەکێک دەبێت لە حەوت دامەزرێنەرەکەی ئەو رێکخراوە. مامۆستا عەبدوڵڵا هاوڕێیەتییەکی زۆر پتەو و نزیکی لەگەڵ مامۆستا ئەحمەد هەردی دەبێت. ئەحمەد هەردی یەکێک دەبێت لە دامەزرێنەرانی کاژیک. هەروەها کاک عەلی سام ئاغا کە دواتر دەبێتە ئەندامی کاژیک و تەنیا لە چوار کۆبوونەی ئەو رێکخراوەدا بەشداری دەکات و دەستبەرداری دەبێت، بەڵام ئێستایشی لەگەڵدابێ کەسێکی تاسەرئێسقان نەتەوەیی و سەربەخۆیخوازە. بە وتەی کاک عەلی سام ئاغا، دوای وازهێنانی ئەو لە کاژیک مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەریش واز لە کاری حیزبایەتی ناو کاژیک دەهێنێت، بەڵام هیچ کاتێک دەستبەرداری بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی نابێ و هاوڕێیەتی لەگەڵ مامۆستا هەردی و کاک عەلی سام ئاغا و هەڵگرانی بیری نەتەوەیی درێژەی دەبێت. بە وتەی کاک عەلی سام ئاغا، هاتنە دەرەوەی ئەوان لە کاژیک لەسەر رووداوی کانی ماسێ بووە کە تێیدا چەند شیوعییەکی کوژران و ئەو تاوانە دەخرێتە ئەستۆی کاژیک، ئەوە لە کاتێکدا بووە کە کاژیک وەک ئەندامەکانی دەڵێن بەهیچ شێویەک دەستی لەو کارەدا نەبووە، بەڵام کاتێک داوادەکرێت با کاژیک بەیانێک دەربکات و خۆی لەو کارە بێبەری بکات، ئەو کارە ناکەن، ئەوەیش لەسەر بنەمای ئەوە بووە کە شتێک ئەوان نەیانکردبێت چ پێویست دەکات بەیاننامەی لەسەر دەربکەن. عەلی سام ئاغا واز لە کاژیک دەهێنێت و عەبدوڵڵا جەوهەر کە لە دامەزرێنەرانی کاژیک بووە، تەنیا شەش مانگێک لەنێو کاژیکدا دەمێنێتەوە، دەستبەرداری کاژیک دەبێت. پاش دوو ساڵ، مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمینیش دەست لە کاری حیزبایەتی نێو کاژیک دەکێشێتەوە.

گۆمەکەی بیری کوردایەتی مامۆستا عەبدوڵڵا جەهەر و چەند هاوڕێیەکی دوای کاژیکیش لەسەر هەمان رێچکەی کوردایەتی خۆیان درێژە بە کاری سیاسیان دەدەن و بیر لەوە دەکەنەوە کە ببنە پێشمەرگە لە شۆڕشی ئەیلوول دا، بەڵام بەنیازی ئەوەی کە رێکخراوێك یان کۆمەڵەیەک دامەزرێنن کە پشتیوانی سەرکردایەتی شۆرش بکات و درێژە بە بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوەیی بدەن، بۆ ئەو مەبەستە (ئەحمەد هەردی، عەلی سام ئاغا و عەبدوڵڵا جەهەر) بڕیار دەدەن بچنە دەرەوە. مامۆستا هەردی لەگەڵ بابەکر ئاغای پشدەری بەرەو ناوچەی ئاسۆس دەڕوات بەو ئومێدەی کە هاوڕێیەکانی دیکەیشی دوای چەند رۆژێک بەهەمان مەبەست بچنە دەرەوە، بەڵام مەنعەتەجولەکەی شاری سلێمانی بەسەردا دێت کە لە ئەنجامدا بە دەیان کەسیان لە سلێمانی کوشت و سەدانی دیکەیان خزاندە نێو بەندیخانەی حامییەوە، پارکی ئازادی ئێستا. ئەوەیش دەبێتە هۆکارێک کە پلانی چوونە دەرەوەیان سەرنەگرێت و مامۆستا هەردی دوای مانگ ونیوێک دەگەڕێتەوە بۆ نێو شاری سلێمانی.

پاییزی ساڵی 1964 مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر و هاوڕێیەکانی کە زیاتر لە سێکوچکەیەک دەچوون (هەردی، عەلی و جەوهەر) دەچنە گوندی ئاوکورتێ بەهیوای ئەوەی کە بتوانن بیری نەتەوەیی خۆیان بڵاوبکەنەوە، بەڵام باڵادەستی پارتی و شۆڕش کە بەشێکی زۆری کوردی لە خۆی کۆکردبووەوە، ئیدی کێ گوێ بۆ سی ئەفەندی شاری دەگرێت. لەو ماوەیەدا کە ئەوان لە ئاوکورتێ دەبن، ژەنەراڵ بارزانی و پێشمەرگەکانی سەردانی ئەو گوندە دەکەن، لەسەر داوای مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر، شەوێکی درەنگ سەردانی بارزانی دەکەن، بارزانی  لێێان دەپرسێت ئێوە بەنیازی چین و دەتانەوێت چی بکەن، پارتین؟ ئەوانیش لە وەڵامدا دەلێن، نەخێر پارتی نین، بەڵام دۆستی پارتین و بە دووردرێژی باسی بەرنامە و بیروباوەڕی خۆیانی بۆ دەکەن. بارزانی لە وەڵامدا پێێان دەڵێت بەداخەوە من ناتوانم هاوکاری داراییتان بکەم، بەڵام بڕۆن بیروباوەڕی خۆتان بڵاوبکەنەوە و کەس حەدی نییە بێتە سەر رێگەتان.

هەر لە شۆڕشی ئەیلوول دا، لە نامەیەکدا داوا لە مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر دەکرێت کە بچێتە دەرەوە، هاوبیرە نەتەوەییانەکانی، مامۆستا فەرەیدون مەلا عەلی دەنێرن وەکو نوێنەری خۆیان تاوەکو لە رەوشەکە ئاگاداریان بکاتەوە، بەڵام پاش چەند مانگێک دەگەڕێتەوە و پێیوا دەبێت کە باشترە لەنێو شاردا بمێننەوەو درێژە بە کاری نووسین و رووناکبری خۆیان بدەن.

عەبدوڵلا جەوهەر جگە لەوەی کەسایەتییەکی نەتەوەیی دیاری کوردایەتی بوو، بەشێکی زۆری ژیانی بۆ سیاسەت بە مانا تیۆرییەکی دادەنێت، هاوکات خاوەنی قەڵەمێکی بە بڕشت بووە و شارەزایەکی زۆری لە زماندا هەبووە و لە بواری نووسینی شیعر و چیرۆک و وەرگێڕاندا ئەسپی کوردایەتی خۆی تاوداوە. بەردەوام لەنێوان ساڵانی 1939 – 1949 لە گۆڤاری گەلاوێژدا بە ناوی خوازراوەوە پەخشانی هونەری و کورتە چیرۆک و بابەتی رەخنەی ئەدەبی بڵاوکردووەتەوە. لە نووسێنێکدا کە بە ناوی ع چالاک لە ژمارە 3 و 4 ی گۆڤاری گەلاوێژی ساڵی 1942 دا بڵاوکراوەتەوە، داوا لە خوشک و برایانی کوردی دەکات کە وڵاتی خۆیانیان خۆشبوێت و لە خەوی خەفڵەتزەدەیان بەخەبەر بێنەوە و یەگبگرن : ”ئێمە بۆیە لە دایک بووین کە خوێنمان لە رێی نیشتیمانی پیرۆزدا بڕێژین و لەشمان بکەینە سەنگەری. گەل داوای ئیشمان لێئەکا نە قسە”. عەبدوڵڵا جەوهەر لە ساڵانی چلەکانی سەتەی رابردوودا وەکو لاوێکی نیشتیمانپەروەر هەست دەکات کە کوردستانی داگیرکراو تەنیا بەهێز و بازووی پیاوی کورد رزگاری نابێت، بۆیە روو دەکاتە ژنانی کورد و داویان لێدەکات، شان بە شانی پیاوانی کورد بێنە مەیدانی تێکۆشان و خۆیان هۆشیاربکەنەوە لەپێناو نیشتماندا تێبکۆشن.

مامۆستا عەبدوڵلا جەوهەر وەک کەسایەتییەکی نەتەوەیی خاوەن بیروباوەڕ لەلایەن خەڵکانی نەتەوەییەوە پرس و ڕای پێکراوە. کاک ئازاد مستەفا سکرتێری پارتی سۆسیالیستی کورد – پاسۆک لە نامەیەکدا داوا لە مامۆستا عەبدوڵڵا جەوهەر دەکات کە بچێتە نێو پاسۆک و ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی ئەو پارتە، بەڵام بەهەرهۆیەکەوە بێت مامۆستا جەوهەر داوەکەی قبوڵ ناکات.

بەداخەوە کاتێک چاو لە هەڵسوکەوتی کەسە نەتەوەییەکان دەکەین، زیاتر لە بواری تیۆریدا ئەسپی خۆیان تاوداوە و لە کاری پراکتیکیدا خۆیان گۆشەگیرکردووە، مامۆستا عەبدوڵلا جەوهەریش بەدەر نەبووە لەوان، بەڵام ئەو بیروباوەرەی ئەوان لەسەردەمێکدا لە دەوری کۆبوونەوە، کە تەوژمی کۆمۆنیستی و عێراقچێتی باڵی بەسەر کوردستاندا کیشابوو، بۆیە ئەگەر بیرە کوردستانییەکان لە بازنە داخراوەکاندا قەتیسیش مابێتن و نەیانتوانیبێ سنوورە دەستکردەکان بشکێنن، ئەوا لاپەرەیەکی گەشیان بۆخۆیان تۆمارکردووە. رۆژێک هەر دێت  بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی باڵ بەسەر ئەم وڵاتەدا بکێشێت. پاسۆک دروشمێکی جوانیان هەبوو و راستیشیان کردووە کە گوتویانە ”هەر کاروانێک بۆ پرشنگی خۆڕ بڕوانێت، کەمبن یان زۆر دەگەن بەخۆر.”

سەرچاوە:

– گفتوگۆیەکی تایبەتی بەندە لەگەڵ کۆچکردوو مامۆستا عەلی سام ئاغا کە لە دەرفەتێکی دیکەدا و لە پڕۆژەیەکی تایبەت بە(بیری نەتەوەیی)، هەمووی بڵاو دەکەمەوە.

– عومەر مەعروف بەرزنجی، بەڵگەی زیندوو، ساڵی 2010

– گۆڤاری گەلاوێژ، ژمارە 3– 4، ساڵی 1942

– دەستنووسێکی کاک جەلالی حاجی دەروێش کە وێنەیەک لێی لە خۆیم وەرگرتووە.

سەرچاوە: روداو