خەباتکاری ناسراوی گەلی کورد، دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی لە ٢١ی بەفرانباری ١٣١٦ی هەتاوی، بەرامبەر بە ١١ی ژانوییەی ١٩٣٨ ی زایینی لە گوندە خنجیلانەکەی ” تهرهغه ” ی سەر بە باژێڕی بۆکان
لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دایک بوو. بەداخەوە لەکاتێکدا کە هێشتا زاڕۆکە و گەرم و ساردیی ژیانی نەچەشتوە و نوقمی نهێنییەکانی دونیای منداڵییە، باوکی کۆچی دوایی دەکات و ئەرکی پێڕاگەیشتن و سەرپەرشتییەکەی، دەکەوێتە سەر نووسەری ناوداری کورد مامۆستا هەژار شەرەفکەندی کە ئەودەم، لاوێکی خوێنگەرم و نیشتیمانپەروەری دەڤەری موکریان بوو و لەقوتابخانەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد دا، خەریکی خوێندنی وانەکانی نیشتیمانپەروەری و مافویستی و گەلدۆستی بوو.
گرنگترین رووداوی مێژووی هاوچەرخی کورد، واتە دامەزرانی کۆماری کوردستان، گرنگترین رووداوی سەردەمی منداڵیی دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی بوو. چونکە لەو سەردەمەدا بوو کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، نەتەوەکەمان چارەنووسی سیاسیی خۆی لە چوارچێوەی کۆمارێکی دیموکراتیکی نیشتیمانی دا، دیاری کرد و منداڵانی چاوگەشی کوردی ئەو سەردەمە و یەک لەوان دوکتۆر شەرەفکەندی، چاوی بە پیت و وشە و رستەی کوردی رووناک بوویەوە.
بەوهۆیەوە کە خۆی لەسەردەمی کۆماری کوردستاندا، چۆتە قوتابخانە و مامۆستا هەژاری براگەورەی، شاعیری نەتەوەیی کۆماری کوردستان بوو، یەکەمین وێنە روونەکانی سەردەمی منداڵی، وێنەی گەش و یادەوەریی رزگاریی بوو. بەداخەوەش پاش تێپەڕێنی یازدە مانگ لە شکۆی کۆمار و لەسێدارەدرانی پێشەوای مەزن ” قازی موحەمەد ” و هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان، وێنە گەش و روونەکان، تەمی رەشی شکستیان بەسەردا کێشرا و نەتەنیا پیت و شەو و رستەی کوردی لە دوکتۆر شەرەفکەندی سەندرایەوە، بەڵکو مامۆستا هەژاری برایشی ناچار بوو رۆژهەڵاتی کوردستان بەجێبهێڵێ و پەڕیوەی باشووری کوردستان ببێ و بەو شێوە، خەونی شیرینی منداڵێکی کورد وەک هەزاران زارۆکی دیکەی ئەم نیشتیمانە، زڕا و تراژیدی و دابڕان و دڵەڕاوکە، جێگای بە شادی و خۆشی لێژ کرد.
بێگومان تاڵی و شیرینیی رووداوەکانی سەردەمی منداڵیی دوکتۆر شەرەفکەندی، کاریگەرییان لەسەر رووداوەکانی دیکەی ژیانی داناوە و رەنگیشە، هێڵەگشتییەکانی ژیانیشی، رەنگڕێژ کردبێ.
ساڵی یەکەم و دووهەمی سەرەتایی لەشاری بۆکان دەخوێنێ و بەهۆی کۆچی بنەماڵەکەیان بۆ شاری مەهاباد، قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندی وبەشێ لە دواناوەندی لەشاری مەهاباد تەواو دەکات و بۆ تەواوکردنی دواهەمین ساڵی قۆناخی دواناوەندی، دەڕواتە شاری تەورێز و بەسەرکەوتنەوە بە ڵگەنامەی دیپلۆم وەردەگرێ. شایانی باسە وەک لەبیرەوەریی هاوڕێیانی سەردەمی منداڵی و لاوێتیی دوکتۆر شەرەفکەندی دا باس کراوە، وێڕای ئەوەی کە منداڵێکی بزێو و لاوێکی پڕوزە بوە، کەمترکاتەکانی بۆ وانەکانی خوێندن تەرخان کردوە، بەڵام بەهۆی بیرتیژیی کەموێنەوە، لەگشت قۆناخەکانی خوێندن دا یان یەکەمی پۆلەکەی بوە یان یەکێ لە زیرەکترین قوتابییەکانی قوتابخانەکەی بوە.
پاشان بۆ درێژەدانی خوێندن لە تاقیکردنەوەی زانکۆدا بەشداری دەکات و لە بەشی زانستی ” شیمی ” لە پەیمانگای بەرزی تاران ، وەردەگیرێ و لەسالی ١٣٣٨ی هەتاویدا ، بەڵگەنامەی لیسانسی شیمی وەردەگرێ.
پاش تەواوکردنی خوێندنی زانکۆ، وەک مامۆستای قوتابخانەی دواناوەندی دەگەڕێتەوە کوردستان ولەشارەکانی مەهاباد و ورمێ دا، بەو پەڕی لێهاتوویی و دڵسۆزییەوە، خزمەت بە قوتابیانی کورد دەکات.
لەو ساڵانەدا، هەرچەند کە بەفەرمی ئەندامی هیچ پارت و رێکخراوێکی سیاسی نەبوو، بەڵام وێڕای چەند مامۆستایەکی دیکەی کورد ، بەدانانی بەرنامەیەکی زانستی لە قوتابخانەکاندا، ئاستی زانستی و وشیاریی نیشتیمانیی قوتابیانی کورد بەچەشنێ دەبەنەسەر کە دەرهەستە وهەربۆیە دەکەوێتە ژێر چاوەدێریی دەزگای هەواڵگری و سیخوڕیی رژێمی پاشایەتی و بۆ بێبەش کردنی قوتابیانی کورد لەو مۆمە رووناکیدەرە ، دووری دەخەنەوە بۆشارەکانی ” ئەراک و کەرەج ” .
ساڵی ١٣٤٩ی هەتاوی لەبەشی تکنیکیی تاقیگەی شیمیی زانکۆی تاران دا کاری پێسپێردراو و بەهۆی توانایی ولێهاتوویی زانستییەوە، بۆرسی وەزارەتی زانستی ئێرانی بۆ درێژەدان بەخوێندن لە وڵاتی فەرانسە پێدراو و ساڵی ١٣٥١ی هەتاوی لەزانکۆی ژمارە ٦ی پاریس درێژەی بەخوێندن دا.
کاتێ دوکتۆر شەرەفکەندی دەگاتە پاریس، ئاڵوگۆڕی قووڵ و بنەڕەتییی لەنێو پێکهاتەو پرۆگرامی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا پێکهاتوە وساڵێکە، پرۆفیسۆر عەبدولرەحمانی قاسملوو جڵەوی خەباتی نەتەوایەتیی رۆژهەڵاتی کوردستانی بەدەستەوە گرتوە و نیشتیمان لەبەردەم ئاڵوگۆڕی گرنگ و چارەنوسسساز دایە.
رێبەری بیرمەندی گەلی کورد شەهید قاسملوو هاوکات لەگەل ئەوەدا کە لەپاریس، وانەی رۆژهەڵاتناسی دەگوتەوە ، لەنێوان ئەوروپا و باشووری کوردستاندا لەهاتوچۆدا بوو بە ئامانجی کۆکردنەوە و رێکخستنی خەباتکارانی کورد بۆ درێژەدان بەڕیبازی پێشەوای مەزن قازی موحەمەد و رێکخستنەوەی نێوماڵی پەرتی حیزبی دیموکرات.
هەربۆیە کاتێ قاسملووی رێبەر ئاگادار دەبێ کە برای مامۆستا هەژاری شەرەفکەندی بۆ درێژەدان بە خوێندن هاتۆتە پاریس، لەساڵی ١٣٥٢ دا ، پەیوەندی بە کاک سادق شەرەفکەندییەوە دەکات و لەیەکەم دانیشتن دا، هەردووکیان ئامانجێکی گەورە دەپێکن . کاک سادقی شەرەفکەندی لە سیما و بیری دوکتۆر قاسملوودا، رێبەر و تیئۆریسیەن و ئیدئۆلۆگێکی مەزنی نیشتیمانی دەبینێتەوە و قاسملووی رێبەریش، لە سیمای کاک سادقی شەرەفکەندی دا ، خەباتکارێکی بەورە و نیشتمانپەروەرێکی راستگۆ و بەبڕشت بەدی دەکات.
پاش ئەوەی کە قاسملووی رێبەر داوا لە کاک سادق دەکات، ببێتە ئەندامی حیزبی دیموکرات، ئەو لاوە وشیارە، بێدوودڵی قەبووڵی دەکا و بەوشێوە شانازی ئەندامەتی لە حیزبی پێشەوا و کۆماری کوردستانی پێ دەبڕێ و لێرەوەیە کە ئەم هاوڕێیەتی و هاوخەباتییەی نێوان ئەم دوو شۆڕشگێڕە مەزنەی گەلەکەمان، کاریگەریی دەرهەست لەسەر مێژووی هاوچەرخی کورد، جێ دێڵێ و هەر ئەم دوانەش بوون کە حیزبی شەهیدانیان گەیاندە لوتکەی شانازی و شەرەف و کردیانە حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.
پاش ئەوە کە لە بەشی شیمیی ئانالیزدا، خوێندنی دۆکتۆرا تەواو دەکات، دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی لە ساڵی ١٣٥٥ دا، دەگەڕێتەوە تاران و لە زنستگای ” تەربیەت موعەلیم ” ی تاراندا و لە کۆلیژی شیمی دەبێتە مامۆستا.
پێش گەڕانەوەی دوکتۆر شەرەفکەندی بۆ ئێران لەلایەن دوکتۆر قاسملوەوە، یەکەمین ئەرکی حیزبی و شۆڕشگێڕانەی پێ دەسپێردرێت کە بریتی بوو لە بازنەی پەیوەندیی نێوان قاسملووی رێبەر و رێکخستن و تێکۆشەرانی دێرینی حیزب لە ناوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان دا. ئەو ئەرکە پڕ لەمەترسییە لە کاتێکدا بە دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی سپێردرا کە دەزگای سیخوڕیی ساواکی ئێران لە ئەوپەڕی هێز و دڕندەیی خۆیدا بوو، بەڵام دیسپلین و نەزمی شۆڕشگێڕانەی دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی بەچەشنێ بەرز و پتەو بوو کە دەزگا سیخوڕی و هەواڵگرییەکانی رژێمی دژە کوردی پاشایەتی نەیانتوانی رەخنە بکەنە ناو رێکخستنە نهێنییەکانی حیزب و ئەو بەشەی کە لەژێر سەرپەرەستیی ئەو رێبەرە خەباتکارەدا بوو، تا سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران و راگەیەندنی چالاکیی ئاشکرای حیزبی دیموکرات بە نهێنی و پارێزراوی مایەوەو بەم شێوەیە، دوکتۆر سادق لەیەکەمین تاقیکرنەوەی حیزبی و شۆڕشگێڕانە دا سەرکەوتنی بەدەست هێناو، زیاتر لە جاران کەوتە بەر نەزەر و بیری تیژی قاسملووی رێبەر.
لە ساڵی ١٣٥٨ دا لەلایەن دوکتۆر قاسملوەوە، بە کۆمیتەی ناوەندی پێشنیارکرا کە دوکتۆر سادق، ببێتە راوێژکاری کۆمیتەی ناوەندی و ئەو داوایە لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە پەسەند کراو و بەم شێوەیە، دوکتۆر شەرەفکەندی بووە ئەندامی رێبەریی حیزبی دیموکراتی کوردستان و گشت وزە و توانای خۆی خستە خزمەتی جووڵانەوەی رزگاریخوازانەی کوردستانەوە.
لە کۆنگرەی چوارەمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە لە ڕەشەمەی ١٣٥٨ دا بەڕێوەچوو، بە کۆی دەنگ بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەلبژێرا و بەرپرسایەتیی کۆمیتەی حیزبی دیموکرات لە شاری” تاران “ی پایتەختی ئێرانی کەوتە ئەستۆ. لە کۆنگرەی چواردا کە توودەییەکان بە هاوئاهەنگیی جەماران و مۆسکۆ و بەناوی خەباتی دژە ئیمپریالیستییەوە، بە پێی بەرنامەیەکی لەپێشدا داڕێژراو ، هەوڵیاندا ، بزاڤی رزگاریخوازانە و نەتەوەیی حیزبی دیموکرات لە گێژەنە بێننە دەرێ و پاش بەلارێدابردنی، گیانی لێ بستینن، دوکتۆر سادقی شەرەفکەندی بە داکۆکی لە هێڵی نەتەوەیی- دیموکراتیکی قاسملووی رێبەر، رۆڵێکی گرنگ و شوێندانەری گێڕا لە پاراستنی پێکهاتەی تەشکیلاتی و پەیامی رزگاریدەر و رووناکیدەری حیزبی پێشەوای شەهید قازی موحەمەدی مەزن دا .
پاش شکستی وتوێژەکانی دەستەی نوێنەرایەتیی گەلی کورد لەگەڵ رژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی کۆماری ئاخوندی دا ، دۆخەکە بەرەوئەوە دەڕۆشت کە ژیانی دوکتۆر شەرەفکەندی لە تاران بکەوێتە مەترسییەوە، هەر بۆیە لەلایەن رێبەری جووڵانەوەوە، بانگهێشتی کوردستان کرایەوە و بە بەجێهێشتنی زانکۆ و ژیانی ئاسوودەی شار، ناویشی گۆڕا بۆ دوکتۆر سەعید و ئیدی دوکتۆر سەعید ، ببوە پێشمەرگەیەکی خاکی پۆشی، چیا هەنگاوی دڵ پڕ لەسۆڕش .
لێرە بەدواوە ئیدی ….
جیاوازی لەنێوان ئەو و هاژەی رووباردا ، نەمابوو…
لێرە بەدواوە ئیدی … قژی ئەو و لاسکی گژوگیا هەر یەک بوون …
لە ئێرە بەدواوە… ئەو هەڵۆیەکی چیانشینی چاوپڕ لە هیوا بوو…
لێرە بەدواوە … هەر ئەو بوو هێزی بە ڕەوەز دەبەخشی و
هیواش بە دارستان…
لێرە بەدواوە دوکتۆر سەعید… خودی شۆڕش و چراوگێکی داگیرساو بوو …
لەهاوینی ساڵی ١٣٥٩ دا، لەلایەن کۆمیتەی ناوەدییەوە بە ئەندامی دەفتەری سیاسی هەڵبژیراو لەهەموو کۆنگرەکانی پێنج و شەش و حەوت وهەشت و نۆدا، سەرەتا لە لایەن کۆنگرەوە بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشان لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە بەئەندامی دەفتەری سیاسی هەڵبژێردرا.
کاک دوکتۆر سەعید لە نێو حیزب دا زۆرتر لە بەشی چاپەمەنی و راگەیاندن دا ئەرکی پێسپێردراوە و لە ساڵ ١٣٦٥ وە تا کاتی تیرۆرکرانی رێبەری مەزن دوکتۆر قاسملوو، ئەرکی جێگری سکرتێری لەسەرشان بوو و پاش شەهیدکرانی قاسملووی رێبەر، هەتا ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ کە لەلایەن تیرۆریستەکانی تارانەوە، شەهید کرا، بەوپەڕی لێهاتووییەوە رێبەرایەتیی جووڵانەوەی نیشتیمانیی رۆژهەلاتی کوردستانی لەئەستۆ بوو و مێژووش دەڵێ :
شەرەفکەندی … جەنگاوەرێ بوو لە رەگەزی ئاگر و شۆڕشگێڕێک بوو لە رەگەزی چیا . خاکەڕا بوو … وەک گوڵە کێویلەی بن بنار و بەتەوژم بوو وەک سیروان . خەباتکارێکی بەورە و رووناکبیرێکی دەروەست و رێبەرێکی هەڵقوڵاو لە باوەڕی پێشمەرگە بوو. ئەو… سوسیالیستێکی بەبیرو باوەڕ و نیشتیمانپەروەرێکی راستگۆ بوو.
رێبەری بەبڕشت کاک دوکتۆر سەعیدی شەرەفکەندی، کەسایەتییەکی فرەرەهەند بوو و دیاریکردنی تایبەتمەندییە بەرجەستەکانی کەسایەتییەکی وا فرە رەهەند و تێکچڕژاو کە تایبەتمەندییەکانی، یەکیەتییەکی پتەویان پێک هێنابوو ، ئاسان نیە و رووبارێکی وا پڕتەوژم، تەنیا بەستێن و کەنارەکانی دەتوانن ، وێنای بکەن.
هەرکەس لە نزیکەوە دوکتۆر سەعیدی دیبێ یان گوێی لە پەیڤە کەسکەکانی بووبێ ، یاخود رستەکانی خوێندبێتەوە ، لە سیما و کەسایەتی ئەودا، شۆڕشگێڕێکی پڕ بەنامای وشە دەبینێ.
دوکتۆر سەعید ، شۆڕشگێڕێ بوو کاتێ هاتە نێو کۆڕی خەبات، ئیدی ماڵئاوایی لە ژیانی ئاسایی کرد و خۆی دابینی شۆڕش کرد. شۆڕش بۆ ئەو بازاڕێ نەبوو بۆ سەودا، شۆڕش بۆ ئەو هەڵوەشانەوەی کۆی گرێچنی نەزمی سەپێنراوی ئارایی و بونیاتنانی سیستمیکی نوێ بوو کە بتوانێ جڤاکێ ئاڤا بکا، کە ماتۆڕی بزوێنەرەکەی، لەباتی” زێڕ وزۆر و ساختەچێتی ” ، ئیرادەی ئازاد و مافی بەرامبەر و هەلی وەک یەک بێت.
کرداری شۆڕشگێڕی، لە روانگەی شەهید شەرەفکەندییەوە، کردەیەکی مرۆڤانیی سەرچاوەگرتوو لە خۆشەویستی و ئەڤینی ئازادیییە کە لە پرۆسەیەکی زەمانیدا دەبێتە “باوەڕ” و سەرجەم ئاکاری مرۆڤی شۆڕشگێر دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە.
لە دیدی شەرەفکەندی دا، شۆڕشی نیشتیمانیی کوردستان سەرەتا شۆڕشێکی دەروونییە، بەڵام تەنیا لەم قۆناغەدا قەتیس نامێنێتەوە. لە دید و تێڕوانینی ئەو دا، مرۆڤ و مافەکانی بابەتی شۆڕشن و هەربۆیە پێی وا بوو کە کردەی شۆڕشگێڕی، کردەیەکی مرۆڤ تەوارانەیە و ئامانجی کردەی شۆڕشگێڕی بەرزنرخاندنی مرۆڤ و مافەکانییەتی و هەوڵێکە بۆ گۆڕینی دۆخی هەنووکەیی مرۆڤ کە پێکناکۆکە لەگەڵ نرخ و بەهاکان و مافەکانیدا.
لە روانگەی دوکتۆر سەعیدەوە، ئامانجی مرۆڤی شۆڕشگێڕ، تەنیا تێکەوەپێچانی دۆخی ئارایی نیە، واتە تەنیا تێکدەر و ڕووخێنەر و هەڵوەشێنەر نیە، بەڵکوو ئامانج لە هەڵوەشانەوە، بنیاتنان و ڕۆنانێکی سەرلەنوێیە کە تەبا بێت لەگەڵ نرخ و بەهاکانی مرۆڤدا
هەر بۆیەکاک دوکتۆر سەعید وەک نموونەیەکی بەرزی مرۆڤی شۆڕشگێڕ ئەوەندەی کە سەرقاڵی ڕاگەیاندن و لەقاودان و خەبات و بەربەرەکانێ بوو، لەوەش زێدەتر ،وەک مامۆستایەکی بیرتیژ و خاکەڕا ، سەرنجی دەدایە ڕۆنان و بنیاتنان و ئاڤا کردن.
کرداری دوکتۆر سەعید، کردارێکی ئارمانجخوازانە بوو. هەر بۆیە لە روانگەی ئەوەوە ، مرۆڤی شۆڕشگێڕ بوونەوەرێکی ئارمانجخوازە و چاوی بڕیوەتە ئاسۆی ڕزگاری و لەم ڕێگەیەشدا، سنگفراوان و یەکیەتیخوازە و خاوەن ئاکارێکی پلۆرالیستییە و فرەیی قەبووڵ دەکات، بێئەوەی رێگا بدات بێ دیسپلینی ، تانۆپۆی رێکخراو بکرۆژێ . لە روانگەی ئەوەوە ، مرۆڤی شۆڕشگێڕ دژی هەرچەشنە تاکڕەوییەکە کە مەیلی بەلای پاوانکردن و ئەوپەڕگیریدا هەبێ و بیهەوێ رێکخراو بکاتە ” کاڵت ” و خۆیشی وەکو ” بوت ” بپەرسترێ.
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییە دیار و بەرجەستەکانی ، خەباتکاری ناسراوی گەلەکەمان، دوکتۆر سەعیدی شەرەفکەندی ” دادپەروەر بوون ” بوو .
هەر بۆیە لە روانگەی ئەوەوە، تەنیا دەتوانین بە کردەیەک بێژین شۆڕشگێڕانە کە ئامانجی “داد پەروەری” بێت و خودی کردەکەش و ئامرازی گەیشتن پێیشی ، دادپەروەرانە بێت.
ئەو پێی وا بوو کە مرۆڤی شۆڕشگێڕ پێش ئەوەی دادخوازبێت، دەبێ “دادپەروەر” بێت. چوونکە تەنیا مرۆڤی “دادپەروەر”ە کە دەتوانێ “داد خواز” بێ.
کردەی شۆڕشگێڕانە لە روانگەی دوکتۆر سەعیدەوە، کردەیەکی ئاوەزخوازانە بوو. واتە ئەوە “ئاوەز”ە کە دەبێتە چرای ڕێنیشاندەری مرۆڤی شۆڕشگێڕ بۆ گەیشتن بە ئامانجە مرۆڤانییەکان. بەو هۆیەوە کە ئامانجی شۆڕش ” دادپەروەری “یە، کردەی شۆڕشگێڕانە دەبێ لەژێر ڕۆشنایی “ئاوەز”دا ڕێ بکا تا بتوانێ “دادپەروەری” ئاڤا بکات. کردەی کوێر و هەستەکیی و هەڵنەسەنگێنراو، چوونکە “نائاوەزمەندانە”یە، ناتوانێ دینامۆی گەیشتن بە “دادپەروەری” بێت کە خۆی چەمکێکی سەرچاوەگرتوو لە ئاوەزە.
لە روانگەی دوکتۆر سەعیدی شەرەفکەندیەیوە، شۆڕشی کوردستان پێویستە، شۆڕشی سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان بێت. چوونکە پێکناکۆکیی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، پێکناکۆکیی نێوان گەلی بندەست و گەلی سەردەستە و هەر ئەو پێکناکۆکی و کەلێنە سەرەکییەشە کە پێماندەڵێت، قۆناغی ئێستای خەباتی کورد لە ڕۆژهەڵاتدا، قۆناغی “ڕزگاریی نیشتیمانی”یە. لە روانگەی ئەوەوە ، ڕزگاریی نیشتیمانی ، چەمکێکی گشتی و گشتگیرە و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان دەگرێتەوە و تا کاتێ سەرجەم چین و توێژەکان لە شۆڕشی نیشتیمانیی کوردستاندا، خۆیان نەبیننەوە و ڕێکنەخرێن و ئاراستە نەکرێن، ئاسۆی ڕزگاری ناڕوون و لێڵ دەمێنێتەوە
دوکتۆر شەرەفکەندی لەسەر ئەو باوەڕە بوو لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتیمانیدا، پێوستە بزاڤی کورد پێ لەسەر خاڵە هاوبەشەکان دابگرێ و لە هێنانەگۆڕی هەر پرسێک کە ببێتە هۆی ناکۆکی و پەرتەوازەیی خۆی ببوێرێ و یەکڕیزیی نیشتیمانی ببێتە بنەمای گشت کردە و هەڵوێستە سیاسییەکان.
دوکتۆر شەرەفکەندی ، ئەو تێکۆشەرە بوو کە رێگای نەدا ، پاش کۆستی لەدەستدانی قاسملووی مەزن، شۆڕش تووشی هەرەس و هەڵوەرین بێ. هەرچەند سێبەری قاسملوو، سێبەرێکی چڕ و بەهەیبەت بوو، بەڵام هەتاوی شەرەفکەندی هەر تیشکی دەپرژاند و پاش قاسملووش، سەلماندی کە ئەو خۆیەتی و رەوەزی ئیرادەیە و رۆحی رووبارێکی خرۆشان .
مرۆڤی مەزن، مردنیشی مەزنە و چەند ساڵ پاش تیرۆرکرانی ئەو رێبەرە بەبڕشتە ، دادگای مێژوویی میکۆنووس پێک هات. دادگایەک کە تێیدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا ، پلاندارێژەران و بەڕێوەبەرانی تیرۆری رێبەری بەبڕشتی نەتەوەیی کاک دوکتۆر ” سەعید شەرەفکەندی ” دادگایی کران و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ، رژیمی فاشیستی ئیسلامیی ئێران ، لە دادگایەکی سەربەخۆ و دادپەروەرانەدا ، مەحکووم کرا و پەرەدە لەسەر ماهییەتی دژە مرۆیی ئەو رژیمە هەڵدارایەوە
لەمێژووی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵات دا، سمکۆ و پێشەوا و کاک فوئاد و دوکتۆر قاسملو و دوکتۆر شەرەفکەندی، لەلایەن فاشیزمی نەتەوەپەرەست و مەزهەبیی فارسەوە، تیرۆر و لەسێدارە دراون، کە جگە لە پەروەندەی دوکتۆر شەرەفکەندی، ئەوانی دیکە بەداخراوی ماونەتەوە و هیوادارین لە داهاتوودا، کەیسی ئەو خەباتکارانەی دیکەش بکەوێتە گەڕ و پەردە لەسەر کوردکوژیی فاشیزمی فارس هەڵبدرێتەوە.
رۆحت شاد خەباتکاری هەتاسەری ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان!
رۆحت شاد ، مامۆستا و چراوگی خەباتی ئەنگوستەچاو!
سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر