با له‌و راگه‌یاندنه‌ی بڕوانین:
{(ناوه‌ندی پیشمه‌رگه دیرینه‌کانی کومه‌له – رئوف بانه)- (کومه‌له‌ی پیش و پاش 11ی شه‌هریوه‌ری 1362 بابه‌تیکی راسته‌وخۆ به‌م زوانه ئیوه‌ش ده‌توانن به‌شداربن . رئووف بانه)}.
به‌داخه‌وه سه‌باره‌ت به رێکخراوه‌ی (ناوه‌ندی پیشمه‌رگه دیرینه‌کانی کومه‌له) هیچ زانیارییه‌کم نییه که ئه‌و رێکخراوه که‌ی دامه‌زراوه و به‌رنامه‌ی کارییان چییه.
به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی ناوی (کومه‌له – کۆمه‌ڵه) نووسراوه و باسی روژی (11ی شه‌هریوه‌ری 1362)کراوه، هه‌روه‌ها وێنه و ناوی (رئوف بانه) دۆستی فه‌یسبووکی و دۆستی پێشترم له سه‌ر راگه‌یاندنه‌که دانراوه، ئه‌زانم ئه‌و کۆمه‌ڵه کامه‌یه و روژی (11ی شه‌هریوه‌ری 1362)یش چییه، بۆیه به‌پێویستم ئه‌زانم بڕۆمه ناو ئه‌و باسه‌وه.
کۆمه‌ڵه
وشه‌ی کۆمه‌ڵه له کوردستان وه‌ک (ناو) بۆ گه‌لێ رێکخراوه‌ی سیاسی- هونه‌ری– بازرگانی… به‌کار براوه و ئه‌برێت. مه‌به‌ستی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی (ناوه‌ندی پیشمه‌رگه دیرینه‌کانی کومه‌له) ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه که روژی (26/11/1358) هه‌تاوی به‌ناوی:
(کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران)
دامه‌زرا و خۆی به گه‌لی کورد و گه‌لانی ناوچه‌که و رێکخراوه سیاسییه‌کانی جهان ناسی و شانبه‌شانی حیزب و رێکخراوه‌کانی کوردستان له بواری کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و پێشمه‌رگانه‌دا به‌پێی توانا چالاکی ئه‌کرد. کۆمه‌ڵه چه‌ن کاری گرنگی ئه‌نجامدا، لێره‌دا به‌س ئاماژه به دوو نموونه ئه‌که‌م:
1 – چاپی په‌رتووکی (ئه‌لف و بێ) بۆ خوێندن به زمانی کوردی له پۆله سه‌رتاییه‌کاندا.
2 – دامه‌زراندنی یه‌کێتی جوتیارانی کوردستان
کۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که رێکخراوه‌یه‌کی تازه بوو زۆر زوو گه‌شه‌ی کرد، هۆکه‌یشی ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه که رابه‌رانی کۆمه‌ڵه له ناو جه‌رگه‌ی رووداوه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی کوردستان ده‌ژیان و له‌گه‌ڵ دژوارییه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردستان هه‌م ئاشنا بوون و هه‌م به‌شدار، به‌ڵام به‌داخه‌وه رابه‌رانی کۆمه‌ڵه پاش ماوه‌یه‌کی کورت له‌و ره‌وته هه‌مواره‌ی کوردستان که کۆمه‌ڵه‌ی په‌روه‌رده کرد و گه‌یاندییه ئه‌و ئه‌و پله و پایه دوور که‌وتنه‌وه و که‌وتنه سه‌ر ئه‌و رێبازه ئه‌بێ (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) دامه‌زرێنن.
{(ئه‌و رێبازه‌یش له کاتێکدا ئه‌گرنه پێش که له ئێران‌دا که‌سیان نییه و نایانناسن). بۆ زانیاری سه‌باره‌ت به‌و پێناسه‌ی کۆمه‌ڵه ئه‌توانن تماشای کتێبی (کۆنگره‌ی ئه‌وه‌ڵی کۆمه‌ڵه، ئاماده کردنی (ساعێد وه‌ته‌ندوست) و (مه‌له‌که مسته‌فاسوڵتانی)}، بکه‌ن.
رابه‌رانی کۆمه‌ڵه سه‌باره‌ت به پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران له ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه وه‌ک (کادر و پێشمه‌رگه و لایه‌نگره‌کانیان) رایگه‌یاند هه‌ر که‌س له ئێوه سه‌باره‌ت به دامه‌زراندنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران تێبینی هه‌بێت، به نووسراوه ئاماده‌ی کات و بیخاته به‌رده‌ست رێزه‌کانی کۆمه‌ڵه و حیزب و رێکخراوه‌کانی دیکه با ئه‌وانیش ئاگادار بن.
**
له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌گه‌ڵ په‌له پێشمه‌رگه‌یه‌کی کۆمه‌ڵه له گه‌ورکی سه‌قز بووم، سه‌باره‌ت به‌و رێبازه‌ی رابه‌رانی کۆمه‌ڵه له لاپه‌ڕه‌یه‌کی (A 4)دا پێکهێنانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانم ره‌د کرده‌وه و ئه‌و کاره‌م به زیانی گه‌لی کورد و شۆڕشی کوردستان پێناسه کرد و دام به به‌رپرسی په‌له‌که‌مان.
*
رۆژی (11)ی شه‌هریوه‌ری 1362
له‌و رۆژه‌دا
له گوندێکی چکۆله‌ی سه‌رده‌شت به‌ناوی (مێشکه‌په) حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دروستده‌کرێ،
له‌و رۆژه‌دا (کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران) له‌ناو ده‌برێ،
له‌و رۆژه‌دا له جێگه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵه {(رێخکراوه‌ی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) داده‌مزرێ،
له‌و رۆژه‌دا (ئایینامه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی رێخکراوه‌ی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) ده‌سنیشان ئه‌کرێ.
به‌هاری ساڵی(1363)ی هه‌تاوی
به‌هاری ساڵی (1363) له‌گه‌ڵ په‌له پێشمه‌رگه‌ێکی کۆمه‌ڵه له گه‌ورکی سه‌قز بووین، له‌لایه‌ن رابه‌رایه‌تی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانه‌وه په‌یامێکی بێسیمیمان بۆ هات، له په‌پامه‌که‌دا به‌و جۆره نووسرا بوو:
{دیروز به مناسبت (11) اردیبهشت (روز کارگر) در مقر کمیته (مرکزی حزب) در اردوگای (مالومه) برنامه‌ای برگزار شد، اهالی روستاهای مالومه، گاپیڵۆن و یاخسه‌مه‌ر …. در آن شرکت نمودند و رفیق (خسرو داو‌ر) عضو کمیته مرکزی حزب سخنرانی مفصلی در باره روز کارگر نمودند}.
خه‌ڵکی (مالومه، گاپیڵۆن و یاخسه‌مه‌ر) کوردن و فارسی نازانن، (خسرو داو‌ر)یش فارسه و کردی نازانێت، به‌ڵام بۆ ئه‌و خه‌ڵکه به فارسی قسه ئاکات، رابه‌رانی کۆمه‌ڵه که حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان دروستکرد، سه‌باره‌ت (رۆژی کرێکار) ئه‌وه‌ندیان نه‌زانیوه بۆ ئه‌و خه‌ڵکه به کوردی قسه بکه‌ن.
به‌هاری ساڵی (1364)
به‌هاری ساڵی (1364) له‌گه‌ڵ هه‌مان په‌له پێشمه‌رگه که له گه‌ورکی سه‌قز بووین، له ئوردووگای مالومه بووین، رۆژێکیان دوو پێشمه‌رگه‌ی هه‌مان په‌ل به‌ناوه‌کانی (په‌رویز شافێعی) و (فه‌ریدون فاروقی) وتیان:
کۆمیته ناوندی حیزب کارێکی تۆی سپارده به ئێمه که پێت راگه‌یه‌نین، له‌گه‌ڵ ئه‌و قسانه‌دا کتێبێکی بچکۆله‌یان به‌ده‌سته‌وه بوو، کوتیان ئه‌مه (ئایینامه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه)یه دایانه به ئێمه که بیبینیت. پاشان وتیان به‌هۆی ئه‌وه‌ی تۆ بڕوات به به‌رنامه‌ی (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران نییه) نابێ لێ بیت و ئه‌بێ بڕۆیت و رابه‌رایه‌تی حیزب ئه‌و (25) بیستوپێنج دیناره‌یشیان بۆ ناردووی که ماوه‌یه‌ک پێی بژیت. پاشان تفنگه‌که‌م که کڵاشینکۆفێ بوو له‌گه‌ڵ خۆیان برد و منیشیان به‌ره‌و ده‌روه‌ی ئوردووگا ره‌وانه کرد.
کاره‌ساتی سیاسی
تۆ خۆت ئه‌و دیمه‌نه بێنه پێش چاوی خۆت، دیمه‌نی منی (سه‌عی) نا که ده‌ریان کردم، دیمه‌نی ئه‌و کاره‌ساته سیاسییه که (کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران) بووه به‌و (رێکخراوه) که‌سێک به تاوانی ئه‌وه‌ی بڕوای به حیزبی کۆمۆنیستی (ئێران) نییه ده‌رئه‌کات .
ئه‌و کاره بیروباوه‌ڕی (کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ) بوو یا بیروباوه‌ڕی (حیزب ر‌ستاخیز ایران) ؟
– –
پاش ئه‌وه‌ی که ئوردووگام به‌جێهێت، بیرم له‌وه ئه‌کردۆ چی بکه‌م، ئاماده نه‌بووم بگه‌ڕێمه بۆ سه‌قز،چون گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ر تاکێ له ریزی رێکخراوه سیاسییه‌کانی کوردستان بۆ لای دوژمن له کوشتنی (سه‌دان پێشمه‌رگه) یا به (دیلگرتنیان) زیانبه‌خشتره بۆ گه‌ل و سوودبخشتره بۆ دوژمن. له‌سه‌ر هه‌مان بیرکردنه‌وه نه‌مئه‌توانی بڕۆمه ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ئێراق و کرێکاری که‌م تا بتوانم بژیم.
25 دیناره‌که بوو به 45 دینار
کاتێ له ئوردووگا هاتمه ده‌ر رووم کرده ئه‌و دێهاتانه که له ژێرده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌دا بوون و ئه‌موت من به‌رگدرووم (خه‌یاتم) ئه‌زانم ماشینی خه‌یاتی چاککه‌مه‌وه، به‌و جۆره هه‌م شوێنی ژیانم دۆزییه و هه‌م ورده ده‌رئامادێکم به چاککردنه‌وه‌ی ماشینی خه‌یاتی ده‌سئه‌که‌وت و 25 دیناره‌که‌م ببوو به 45 دینار. رۆژێ گوێم دابوو به رادیۆ (کۆمه‌ڵه) که ئه‌و بانگه‌وازه‌ی بڵاو ئه‌کرده‌وه:
(هه‌ر که‌س ئه‌ێه‌وێ به دژی کۆماری ئیسلامی ئێران خه‌بات بکات ئه‌توانێ بێته ریزه‌کانی ئێمه‌وه).
کاتێک ئه‌و بانگه‌وازه‌م بیست، چوومه‌وه بۆ ئوردووگای مالومه‌وه و به‌و که‌سه‌ی که له دروازه‌ی ئوردووگا دانرا بۆ کاروباری میوانان، وتم: من ئه‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ یه‌کێ له ئه‌ندامانی کۆمیته ناوه‌ندی قسه بکه‌م. که‌سه‌که وتی ئێستا ئه‌ڕۆم پێیان ئێژم، کاتێ گه‌ڕاوه‌یه وتی لێره دانیشه به‌یان دێن و ئه‌دبینن. بۆ به‌یانی کاک عومه‌ر ئیلخانیزاده هات، پاش چاکوچۆنی وتم:
خۆت ئه‌زانی که من ده‌رکراوم.
وتی: به‌ڵێ، هۆکه‌ی ئه‌وه‌یه تۆ بڕوات به حیزبی کمۆنیستی ئێران نییه.
وتم: من چه‌ن رۆژ پێش له رادیۆ کۆمه‌ڵه‌وه ئه‌و بانگه‌وازه‌م بیست که ئێژێ:
(هه‌ر که‌س ئه‌ێه‌وێ به دژی کۆماری ئیسلامی ئێران خه‌بات بکات ئه‌توانێ بێته ریزه‌کانی ئێمه‌وه).
ئێستا من یه‌کێ له‌و که‌سانه‌م و به‌پێی توانایی خۆم ئاماده‌م ئه‌و کاره بکه‌م.
وتێ: هه‌ر لێره بمێنه‌وه تا وه‌ڵامت ئه‌ده‌نه‌وه.
بۆ به‌یانی خۆی و که‌سی دیکه به‌ناوی (خسرو داو‌ر) هاتن و کوتیان وه‌ره له‌گه‌ڵمان با بڕؤین، چوونه‌وه بۆ ئه‌و چادره که په‌له (پێشمه‌رگه‌که‌ی سه‌قزی) لێ‌بوو. کاک عومه‌ر باسی بانگه‌وازه‌که‌ی رادیۆ کرد و کوتی کاک سه‌عی ئێژی من یه‌کێ له‌و که‌سانه‌م، ئێمه‌یش کاره‌که‌یمان باشه، پاشان خسرو داو‌ر وتی:
رفیق سعید هم می‌تواند پیشمه‌رگه باشد و هم عضو حزب.
من یه‌کێ له‌و که‌سانه‌م ئه‌گه‌ر کارێکی باش و خۆش یا به‌د و ناخۆشم بۆ بێته پێشه‌وه خۆم بۆ ناگیرێ و ئه‌که‌ومه گریان، هه‌مان کات سه‌رچاوی فرمێسک بووژایه‌وه و خوڕخوڕ ئه‌سرین له چاومه‌وه داباری.
جا خۆت بزانه هۆکاری ئه‌و گریانه چییه.
—
با بڕۆینه سه‌ر سه‌ردێڕی باسه‌که واته:
(ناوه‌ندی پێشمه‌رگه دێرینه‌کانی کۆمه‌ڵه و 2 کۆمه‌ڵه)
ناوی (ناوه‌ندی پیشمه‌رگه دیرینه‌کانی کومه‌له) پێویست به شیکردنه‌وه ناکات، وشه‌ی (دێرینه) بۆ ئه‌و که‌سانه به‌کار ئه‌برێت که له سه‌ره‌تای دروست بوونی:
(کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران)نه‌وه، پێشمه‌رگه‌ی بوون.
به‌ڵام مه‌به‌ستی ئه‌و راگه‌یاندنه‌ی خواره‌وه چییه و بۆ چ مه‌به‌ستێ هاتووه‌ته ئاراوه؟
(کومه‌له‌ی پیش و پاش 11ی شه‌هریوه‌ری 1362 بابه‌تیکی راسته‌وخۆ به‌م زوانه)
**
من له‌و چه‌ن دێڕه‌ی پێشوودا به کورتی باسی (کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران)م کرده به‌ڵام ئاڵوگۆڕه‌کانی پاش دروستکردنی (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) که (چه‌ن) حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و چه‌ن کۆمه‌ڵه‌ی لێ‌دروست بووه، نموونه:
1 – حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، ته‌مه‌ن 2 ساڵ
2 – حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، حیکمه‌تیست
3 – حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران، حیکمه‌تیست خط ره‌سمی
…….
1 – رێکخراوه‌ی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران – کۆمه‌ڵه، ته‌مه‌ن 38 ساڵ
2 – حیزبی کۆمه‌ڵه‌ی کوردستان
3 – کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان
4 – ره‌وتی سوسیالیستی کومه‌ڵه
….
ئه‌وانه خۆیان باسێکی جیاوازن و لێره‌دا باس نه‌کراون!
–
(ناوه‌ندی پیشمه‌رگه دیرینه‌کانی کومه‌له) باسی (کۆمه‌ڵه‌ی پیش و پاش 11ی شه‌هریوه‌ری 1362) ئه‌کات – کۆمه‌ڵه‌ی پێش (11ی شه‌هریوه‌ری 1362) ئه‌و رێکخراوه‌یه:
(کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران) که ته‌مه‌نی (5) پێنج ساڵ بوو.
کۆمه‌ڵه‌ی پاش (11ی شه‌هریوه‌ری 1362) له‌و (4) کۆمه‌ڵه که ده‌سنیشان کراون، کامه‌یانن و بۆ پاش (38) ساڵ ئه‌و باسه دێته ئاراوه؟ به‌و هیوایه ئه‌وه بۆ خوێنه‌ر روونکه‌نه‌وه، بۆ پاش (38) ساڵ؟
*
له کۆتاییدا (2) تێبینی:
1 – به‌ڕیزان (په‌رویز شافێعی و فه‌ره‌یدون فاروقی) که ئاماژه به ناوه‌کانیان کراوه، هه‌ر دوویان جیا له‌وه‌ی که هاوشاریم بوون له دۆسته نزیکه‌کانیشم بوون، به‌تایبه‌ت (کاک فه‌ره‌یدون)!
2 – ناوی (خوسره‌و داوه‌ر – خسرو داو‌ر) ناوێکی راسته قینه نییه و ناوێکی درۆینه بوو.
11/11/2021
سه‌عی سه‌قزی
Sai.saqzi@gmail.com