به‌رایی
حه‌زده‌که‌م، ئه‌وه‌ی خوێنده‌واره، سه‌وداسه‌ری مێژووه و به دوای ڕاستیدا وێڵه، ئه‌م گوتاره‌ی (ئهبوسهمهر) بخوێنێته‌وه، تا که‌مێ شاره‌زای مێژووی ڕه‌شی قێزه‌ونی کوشتوبڕی نێوخۆی عه‌ره‌ب و توورکه موسوڵمانه‌کان بێ،
چۆن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سامان، سه‌ر و ماڵ، ئابڕووی یه‌کدیان ئه‌نفالکردووه و به ڕه‌وایان زانیوه، هه‌زارانیان له یه‌کدی سه‌ربڕیوه، که‌عبه‌یان به‌ر مه‌نجه‌نیق داوه و مزگه‌وته‌که‌ی پهیامبهریشیان، کردووه به ته‌ویله‌ی وڵاخه‌کانیان. تۆ بڵێی ئه‌م کارانه‌شیان، لەبەر ڕۆشنایی ده‌قه‌کانی قورعان و فه‌رمووده‌کانی په‌یامبه‌ردا کردبێ؟!!
که‌سێ هوشیاربێ، بۆی ده‌رده‌که‌وێ، عه‌ره‌به موسوڵمانه داعشه‌کانی ئه‌وڕۆش، له کوێوه هاتوون؟! به چ یاساوڕێسایه‌ک، وڵاتان داگیرده‌که‌ن، ئاوه‌دانییه‌کان وێرانده‌که‌ن، سامانی خه‌ڵک تاڵانده‌که‌ن، مرۆ ده‌سووتێنن، سهردهپهڕێنن، ده‌س بۆ ئابڕووی هه‌زاران ئافره‌تی دیل و بێدەسەڵات ده‌به‌ن و دواییش، له بازاره‌کاندا ده‌یانفرۆشن؟!
ده‌قی ئه‌م گوتاره (چه‌ن لاپه‌ره‌یه‌کی ڕه‌ش، له مێژووی ئیسلامیمان)، چەن ساڵێ له‌مه‌وبه‌ر، له لاپه‌ره‌کانی ئینته‌رنێتدا، به زمانی عه‌ره‌بی بڵاوکرایه‌وه. منیش لێره‌دا، به کورتیی و به کوردیی، پێشکه‌ش به خوێنه‌رانی هێژای کوردی ده‌که‌م.
سه‌ره‌تای ڕه‌شه‌کوژیی
نووسه‌ر له سه‌ره‌تادا نووسیوێتی: (ئایا به ڕاستیی، ئه‌وه مێژووه‌که‌مانه؟!) پاشان زنجیره‌یه ڕووداوی مێژوویی قێزه‌ونی خوێناویی، له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی نێوان جێنشینه‌کانی عه‌ره‌ب و توورکە مه‌گۆله موسوڵمانه‌کان، له سه‌رده‌مه جیاجیاکانی فه‌رمانڕه‌وایی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ئیمپراتۆریای ئیسلامیی (ئه‌مه‌ویی، عه‌بباسیی و عوسمانیی)دا تۆمارکردووه و نووسیوێتی:
- هه‌ردوو جێ‌نشین (عوسمانی کوڕی عه‌فان) و (عه‌لی کوڕی ئه‌بوتالیب)، به ده‌سی موسوڵمانه‌کان کوژران. دواییش موسوڵمانه‌کان (حوسێن)ی کچه‌زای په‌یامبه‌ریان سه‌ربڕی و (حه‌سه‌ن)ی براشیان، ژارخواردکرد و کوشتیان!
- هه‌ردوو هاوه‌ڵانی په‌یامبه‌ر (ته‌ڵحه) و (زوبێر)، که له ئه‌و ده که‌سه بوون، له ژیاندا مژده‌ی به‌هه‌شتیان پێ درابوو، له نه‌به‌ردێکی نێوان دوولایه‌نی شه‌ڕکه‌ری موسوڵماندا: جێنشینی موسوڵمانان (عه‌لی) و دژی به‌ره‌ی دایکی موسوڵمانان (ئایشێ)، له (شه‌ڕی حوشتر)دا، به ده‌سی موسوڵمانه‌کان کوژران!
- له شه‌ڕی (صه‌فین)ی نێوان (عه‌لی) و (معاویه)دا، چه‌ندین موسوڵمان به ده‌سی موسوڵمانان لەنێوبران!
- هه‌رایه‌ک له نێوان (عه‌لی) و یاوه‌ره‌کانیدا به‌رپابوو، به جه‌نگی (نه‌هره‌وان) ناسراوه، به سه‌دان موسوڵمان به ده‌سی موسوڵمانان لەنێوچوون.
- له شه‌ڕێکی نێوان (حوسێن) و (یه‌زید)دا، موسوڵمانان به ده‌سی موسوڵمانان کوژران!
- خه‌ڵکی شاری (مه‌دینه)، له تۆڵه‌ی (حوسێن)ی کچه‌زای په‌یامبه‌ردا، دژی (ئه‌مه‌ویی)ه‌کان ڕاپه‌ڕین، ئه‌وانیش (موسوڵمانه‌کان!) له نه‌به‌ردی (ئه‌لحه‌ڕه)دا، (73) پیاو و ژن و مناڵیان، له بنه‌ماڵه‌ی په‌یامبه‌ری خوا و خزمه‌کانیان سه‌ربڕی!
- (700) که‌سیان له کۆچکردوو و لایه‌نگرانی دیکه‌ی موسوڵمانان، به ده‌سی (12) هه‌زار له هێزه‌کانی له‌شکری (ئه‌مه‌ویی) موسوڵمان، له نه‌به‌ردی (ئه‌لحه‌ڕه)دا کوژران. سه‌رکرده‌ی له‌شکری (ئه‌مه‌ویی)ه‌کان (موسلیم کوڕی عه‌قه‌به) بوو، (مه‌عقه‌لی کوڕی سه‌نانی ئه‌شجه‌عی) هاوه‌ڵی هات و قسه‌ی خراپی به (یه‌زیدی کوڕی معاویه) گوت، دوای ئه‌وه‌ی (حوسێن) کوژرابوو، ئه‌ویش لێی تووڕه‌بوو، ده‌سبه‌جێ کوشتی!
- (ئه‌بوله‌هه‌ب) و (ئه‌بوجه‌هل)ی گاور نه‌یانوێرا، (که‌عبه) به‌ر مه‌نجه‌نیق بده‌ن و هێندێ به‌شیشی بڕوخێنن. که‌چی (حوسێنی کوڕی نومه‌یر)ی موسوڵمان، سه‌رکرده‌ی له‌شکره‌که‌ی جێ‌نشین (عه‌بدولمه‌لیکی کوڕی مه‌ڕوان)، چوارده‌وری شاری (مه‌که)ی گرت و ئه‌و کاره‌یکرد!
- جووه‌کان یا گاوره‌کان، ڕۆژێ له ڕۆژان، جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌یان نه‌کرد، سووکایه‌تی به مزگه‌وتی په‌یامبه‌ر بکه‌ن. به‌ڵام سه‌رکرده‌ی له‌شکری موسوڵمانان (یه‌زیدی کوڕی معاویه) کردی، مزگه‌وته‌که‌ی په‌یامبه‌ری خوای، بۆ ماوه‌ی (3) ڕۆژ ئابڵووقه‌دا، پاشان کردی به ته‌ویله‌ی ئه‌سپه‌کانی و پیساییان تێ ده‌کرد!
تێبینی: گاور واتە کافر، نەک مەسیحی، یا فەلە.
****
هێندێ زانیاریی
{ئیمپراتۆریای عوسمانی، ساڵی (1229) دامەزراوە و ساڵی (1922) کۆتاییهاتووە. واتە (693) ساڵ بەردەوامبووە. لە ڕاستیدا، سەرەتا کۆمەڵێ تیرە و هۆزی وەک (مەگۆل، تاتار، توورک، غوز) و دەیان هۆزی دیکە بوون، پاشان لەژێر ناوی توورکدا، یەکیانگرتووە و بە ئەو ناوەوە ناسران.
سەبارەت بە ژمارەی سوڵتان و جێنشینەکانی ئیمپراتۆریای عوسمانی، لە ئەو ڕۆژەوە ئیمپراتۆریاکە دامەزراوە، تا ڕوخاوە، بەگوێرەی سەرچاوەکان دەگۆڕێ. بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی، لە نێوان (37-40) سوڵتاندا بوون. سەرەتا ناوی سوڵتان و پاشان، ناوی جێنشینیان بەکارهێناوە.
دامەزرێنەر و یەکەمین سوڵتان (عوسمان غازی ئۆرتغۆل) بوو، لە نێوان ساڵانی (1191-1281) و دوایەمین سوڵتانیش (موحەممەدی شەشەمی عوسمانی)، لە نێوان ساڵانی (1918-1922)دا فەرمانڕەواییانکردووە.} *
ئیمپراتۆریای عوسمانی
- دوای ئه‌وه‌ی (ئه‌رتوگرول) مرد، ناکۆکی له نێوان براکه‌ی (دوندار) و کوڕه‌که‌ی (عوسمان)دا درووستبوو. (عوسمان) مامه‌که‌ی خۆی کوشت و ناکۆکییه‌که کۆتایهات، ده‌سی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرت، به ئه‌و شێوه‌یه‌ش، ئیمپراتۆریای (عوسمانی) دامه‌زراند!
- کاتێ کوڕه‌زاکه‌ی (موورادی یه‌که‌م) بوو به سوڵتان، له ترسی ئه‌وه‌ی براکانی، چاو له ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی نه‌بڕن، هه‌ردوو براکه‌ی خۆی (ئیبرایم) و (خه‌لیل)ی کوشت!
- لەگەڵ ئەوەشدا (موورادی یه‌که‌م)، ساڵی (1389ز.)، له جه‌نگی (کۆسۆڤۆ) بوو، له‌سه‌ر جێی مردن ڕاکشابوو، که‌چی فرمانیدهرکرد، (یه‌عقووب)ی کوڕی بخنکێنن، تا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و کورسی فه‌رمانڕه‌وایی، به‌ربه‌ره‌کانی براکه‌ی نه‌کا!
- سوڵتان (موحه‌ممه‌دی دووه‌م)، که شاری (ئه‌سته‌نبوڵ)ی داگیرکرد، فه‌توایه‌کی شه‌رعی ده‌رکرد، ڕه‌وایی به سوڵتان دا، که براکه‌ی خۆی کوشتووه و گوتی: له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای یه‌کێتیی ئیمپراتۆریاکه‌دا، ئه‌و کاره‌یکردووه!
- کاتێ سوڵتان (مورادی سێیه‌م)، له شوینی باوکی دانرا، یه‌کسه‌ر هه‌ر (5) براکه‌ی خۆی له‌نیوبرد!
- کوڕه‌که‌ی سوڵتان (موحه‌ممه‌دی سێیه‌م)، له باوکی تاوانبارتربوو، چونکه کاتێ ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرت، هه‌ر (19) براکه‌ی خۆی کوشت، بۆئه‌وه‌ی له خوێنڕیژیی و کوشتنوبڕیندا، بۆڕی هه‌مووان بدا!
- کادێری ڕاگه‌یاندنی توورک (ڕه‌حمی تروان)، له گوتارێکدا (بیره‌وه‌ریی شاکان) نووسیوێتی: (موحه‌ممه‌دی سێیه‌م)، دڵی به ئه‌وه‌ش ئاوی نه‌خوارده‌وه، (مه‌حموود)ی کوڕه چکۆله‌که‌ی خۆشی کوشت، که ته‌مه‌نی (16) ساڵان بوو، تا ده‌سه‌ڵات بۆ کوڕه (14) ساڵانه‌که‌ی بمێنێته‌وه، ئه‌ویش سوڵتان (ئه‌حمه‌د) بوو، دواتر به ئه‌وه ناوبانگیده‌رکرد، مزگه‌وتی سوڵتان (ئه‌حمه‌د)ی، له (ئه‌سته‌نبوڵ) درووستکرد!
- سوڵتان (سه‌لیم)، نامه‌یه‌کی بۆ (تۆمای بای)، فه‌رمانڕه‌وای (مه‌مالیک)ه‌کانی (میسر) نارد، تا دان به ده‌سه‌ڵاته‌که‌یدا بنێ و سه‌ری بۆ شۆڕکا. به‌رانبه‌ر به ئه‌وه‌ش، وازی لێ دێنێ، فه‌رمانڕه‌وایی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی بکا و توخنی ناکه‌وێ. که‌چی ئه‌و گوێی لێ نه‌گرت و خۆی به‌ده‌سه‌وه‌نه‌دا، به‌ڵکوو ڕیزه‌کانی خۆی ڕێکخست، هێزه‌کانی کۆکرده‌وه، خه‌نده‌قێکی گه‌وره‌ی هه‌ڵکه‌ن، دانیشتووانی شاره‌که‌ش، به‌شداریی ئه‌و جه‌نگه‌یان کرد. به‌ڵام له‌شکری (عوسمانیی) توانیان، هێڵه‌کانی به‌رگریی بشکنێن، فه‌رمانڕه‌وا ناچاربوو، هه‌ڵبێ و په‌نا بۆ زانای ئایینیی هاوڕێی (شیخ حه‌سه‌نی کوڕی مورعی) به‌رێ. هاوڕێکه‌شی ناپاکی لێ کرد و کوژرا. ئیدی به ئه‌و شێوه‌یه، (میسر) بوو به یه‌کێ له وڵاته‌کانی ئیمپراتۆریای (عوسمانیی). له ئه‌و شه‌ڕه‌ی شاری (قاهیره)دا، (50) هه‌زار موسوڵمانی (میسریی) کوژران!
- پاشان دوای ئه‌وه، سوڵتان (سه‌لیم)، هه‌ردوو براکه‌ی خۆی کوشت، چونکه دژی شێوازی به‌کارهێنانی توندوتیژیی بوون، که له فه‌رمانڕه‌واییدا پێڕهویدهکرد!
- ئه‌م ڕه‌شه‌کوژیی و کوشتوبڕینهی، سوڵتانه مه‌گۆله موسوڵمانه‌کان، هه‌ر به‌رده‌وامبوو، تا یه‌که‌مین جه‌نگی جیهان (1914-1918) به‌رپابوو. ئیمپراتۆریای (عوسمانی) له‌گه‌ڵ (ئه‌ڵمانیا)ی نازییدا، جهنگهکهکهیان دۆڕاند، ئیدی ئیمپراتۆریاکه‌ش هه‌ڵوه‌شایه‌وه، موسوڵمانه مەگۆلەکان ده‌سه‌ڵاتیان نه‌ما، خەڵکیش لە دەست تیرۆرکردن و ڕەشەکوژێی ڕزگاریانبوو!
* ئەم بەشە، لە وتاری (ڕەچەڵەک و ڕەوشتی توورک بناسە)ى نووسەر خۆیەوە وەرگیراوە. بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە ئیمپراتۆریای عوسمانیی، لەگەڵ ئەم بەشەی وەرگێڕانەکەدا تێکەڵاوکراوە.
****
ئه‌نجام
لە کۆتایی وتارەکەدا، (ئهبوسهمهر) نووسیوێتی:
(له ئه‌نجامی ئه‌و باسه‌ی پێشکه‌شکرا، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێ: پیاوکوژه‌کان و کوژراوه‌کان هه‌ردوولایان، له‌پێناوی کورسی ده‌سه‌ڵات و جێنشینیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییدا، یه‌کدییان که‌له‌پاچه‌کردووه. به‌ڵام پیاوکوژه‌کان، به ناوی (ئه‌ڵڵاهو ئه‌کبه‌ر)ه‌وه، خه‌ڵکیان ده‌کوشت. کوژراوه‌کانیش، به ده‌م ئازاری تاڵاوی مه‌رگه‌وه، شایه‌تمانیان ده‌هێنا!
ئه‌مه زنجیره درامایه‌کی زۆر کۆنه، ترسناک و تۆقێنه‌ره، ڕه‌گی قووڵی مێژوویی خۆی هه‌یه. به‌ڵام ئێمه مێژوو ناخوێنینه‌وه و په‌ندی لێ وه‌رناگرین، ته‌نیا هه‌ر ئه‌وانه ده‌خوێنینه‌وه و په‌ندیان لێ وه‌رده‌گرین، که ده‌مانه‌وێ و پێویستمانه!)
چەن باسێکی سەردەم، لەبەر ڕۆشنایی وتارەکەی نووسەردا
یەکەم: کێشەی کورد و عەرەبە موسڵمانەکان
ئاشکرایە، له ئه‌و ڕۆژه‌وه، په‌روه‌ردگاری مه‌زن، تیره و هۆزه‌کانی عه‌ره‌بی ئه‌فراندووه، پێش ئه‌وه‌ی موسوڵمانبن و دوای ئه‌وه‌ی موسوڵمانیشبوون، هه‌میشه له نێوخۆدا ناکۆک و په‌رتپه‌رت بوون، ده‌سیان به خوێنی یه‌کدی و گه‌لانی نێوچه‌که سووربووه، هه‌ر خه‌ریکی جه‌نگ و ئه‌نفالکردنی سه‌روماڵی یه‌کدی و گه‌لانی دوور و نزیک بوون، تاڵانوبڕۆ پیشه‌یانبووه، ده‌سیان بۆ ئابڕووی ئافره‌تانی عه‌ره‌ب، ناعه‌ره‌ب، موسوڵمان و ناموسوڵمان درێژکردووه، هه‌رگیز به هێمنیی و ئاشتیی نه‌ژیاون.
هێندێ له مه‌لا موسوڵمانه عه‌ره‌ب و کورده‌کان، گوتارده‌ده‌ن و فه‌تواده‌رده‌که‌ن، گوایه (داعش)، له ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا درووستبووه و هیچ پێوه‌ندییه‌کی به ئایینی ئیسلامه‌وه نییه، ئه‌مه‌ش خۆهه‌ڵخه‌له‌تاندن و گه‌وجاندنی خه‌ڵک نه‌بێ، هیچی دیکه نییه!
له ڕاستیدا، (داعش) نه‌وه‌ی ئه‌و پیاوکوژانه‌ن، درێژه به ئه‌و تراژیدیا و ڕە‌شه‌کوژییانه‌ی موسوڵمانه پێشینه‌کان ده‌ده‌ن. بەڵێ (داعش) موسوڵمانی ڕاسته‌قینه‌ن، چونکه له‌سه‌ر ده‌قه‌کانی هەمان قورعان، فه‌رمووده‌کانی په‌یامبه‌ر، فه‌توای هێندێ له پێشه‌وایانی ئیسلام ده‌ڕۆن و به موو لایان نه‌داوه. ئایا ئه‌مانیش وه‌ک ئه‌وان، مل ناپهڕێنن، مرۆ به زیندوویی نا‌نێژن، ماڵی خه‌ڵک تاڵان ناکه‌ن، به هه‌زاران ئافره‌ت نافڕێنن و ده‌سیان له‌گه‌ڵ تێکه‌ڵ ناکه‌ن؟!! ئاخر هه‌مووی (7-8) ساڵ له‌مه‌وبه‌ربوو، ڕێکخراوی توندڕه‌وی (داعش)، شارۆچکه‌ی (شه‌نگار)ی کوردیان داگیرکرد، به هه‌زاران مرۆیان کوشت، به هه‌زاران ئافره‌تی (ئێزدی)یان ڕفاند، وه‌ک که‌نیزه‌ک شه‌وانیان له‌گه‌ڵ ڕۆژده‌کردنه‌وه و پاشان ده‌یانفرۆشتن. [دوای ئەوەی (ڕێخکراوی تیرۆریستیی داعش)، شاری (موسڵ)ی داگیرکرد، ڕۆژی (3. 8. 2014)، پەلاماری شارۆچکەی (شەنگال)ی دا و داگیریکرد. لە ماوەی (2) ڕۆژدا، (293. 1) کەس ڕەوانیان شادبوو، (417. 6) ژن و پیاو و مناڵیشیان ڕفاند.] **
به‌ڵی ده‌قه‌کانی قورعان، فه‌رمووده‌کانی په‌یامبه‌ر و فه‌توای مه‌لاکانی ئیسلام، له هه‌موو شوێن و سه‌رده‌مێکدا، هه‌لیان بۆ ئه‌و ڕه‌شه‌کوژییانه ڕه‌خساندووه، بۆیه تا ئایینی ئیسلام مابێ و لە هەر شوێنێ گرووپە توندڕەوەکان، دەسەڵاتیان هەبێ، ئه‌و کاره نامرۆییانه، هه‌ر دووباره‌ده‌بنه‌وه!
دووەم: کێشەی کورد و توورکە موسوڵمانەکان
به هه‌مان شێوەی عەرەبە موسوڵمانەکان، موسوڵمانە مه‌گۆله‌کانی ئیمپراتۆتریای (عوسمانیی) و ده‌وڵه‌تی (توورکیا)ی نوێ ڕه‌فتاریانکردووه. چونکه گه‌ر ساڵی (1938)، سه‌رانی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری (توورکیا)، گه‌وره‌ترین ڕه‌شه‌کوژیی کوردانی (ده‌رسیم)یان کردبێ، ئه‌وا ئێسته‌ش ڕۆژانه، سه‌رکرده‌کانی فاشیزمی ئیسلامیی (AKP)، وه‌ک باپیره گه‌وره‌کانیان، له خۆراوا و باکووری (کوردستان)، کوڕی کورد ده‌کوژن، به نوێترین چه‌ک، هه‌مان ڕه‌شه‌کوژیی دووباره‌ده‌که‌نه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی سڵ له که‌س بکه‌ن و که‌سیش له‌سه‌ر کورد هه‌ڵباتێ!
ئاخر ئیمپراتۆریای مه‌گۆله ئیسلامییه‌کانی (عوسمانیی)، نزیکەی (700) ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی نێوچه‌که‌یان کردووه، جگه له داگیرکردنی وڵاتان، تاڵانیی و کوشتنوبڕین، چ یاد و بیره‌وه‌رییه‌کی جوانیان، بۆ گه‌لانی نێوچه‌که و جیهان به‌جێهێشتووه؟! کامه‌یه ئه‌و داهێنان و کاره زانستانانه‌یه‌ی کردوویانه؟!
پێم وایە، توورکە مەگۆلەکان، پێش هەموو شتێ، بیریان لە بەرژەوەندیی تایبەتیی و دەسەڵاتی بنەماڵەکانی خۆیان کردووەتەوە، ئایینی ئیسلامیشیان، وەک دێوجامەیەک بەکارهێناوە، ڕاوی هەست و هۆش، بیر و باوەڕی گەلانی بندەسیان پێ کردووە، تا بیر لە سەربەخۆیی و سەربەستیی نەکەنەوە. خۆشیان خۆشترین ژیانیان بەسەربردووە و زۆر بە تەنگ ئەرکە ئایینییەکانیشەوە نەبوون. چونکە هێندەی من بزانم، هیچ جێ‌نشین و سوڵتانێکی (عوسمانیی) نەبووە، حەجێکی کردبێ!
پێم وایە، باری ڕامیاریی و دەسەڵاتی کاربەدەسانی (توورکیا)، هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراوی بەسەردا نایە، گەرچی دەسەڵاتیش بگۆڕێ. چونکە ئەم دیکتاتۆر دەڕوا و دیکتاتۆرێکی دیکەی ڕەگەزپەرست و شۆڤێنی دێ، هەر ئەوەش دید و بۆچوونیان دەبێ، چونکە توورک بیری شۆڤێنیی و مەزنخوازیی، توندوتیژیی و ڕەشەکوژییان، بە شیرەوە خواردووە و لەگەڵ ئاییندا تێکەڵاویانکردووە!
ئه‌وڕۆ نموونه‌ی ئه‌و عه‌ره‌ب و مه‌گۆله موسوڵمانانه، زۆر به ئاشکرا، به چاوی خۆمان ده‌بینین، چۆن له هه‌موو دابونه‌ریت، یاسا و ڕێسایه‌کی مرۆیی و نێوده‌وڵه‌تی لایانداوه، له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانی خۆیاندا، ده‌س له کاروباری نێوخۆی گه‌لان و ده‌وڵه‌ته‌کانی نێوچه‌که وه‌رده‌ده‌ن، مافه ڕه‌واکانی گه‌له به‌شخوراو و بنده‌سه‌کان پێشێلده‌که‌ن. له‌به‌رئه‌وه باوه‌ڕناکه‌م، له مێژووی کۆن و نوێی ده‌سه‌ڵاتدارانی نێوچه‌که‌دا، له ئه‌و موسوڵمانه عه‌ره‌ب و مه‌گۆله دواکه‌تووه ئهنفالچییانه، دڕنده‌تر و خوێنڕێژتر هه‌بووبێ و هه‌شبێ!
سێێەم: کێشەی کورد و سەرکردایەتی پارتەکان
بە داخەوە، سەرکردایەتی پارتەکانی باشوور، لەبری ئەوەی لەنێوخۆدا، ڕێک و تەبا بن، داکۆکی لە خاکی (کوردستان) بکەن، هەموو کار و پیشەیەکیان ئەوەیە، چۆن ملی یەکدی بشکێنن، زۆرترین پۆستیان لە پەرلەمان و میریی (عیراق)دا دەسکەوێ! ئەوە جگە لە ئەوەی، نیشتمانەکەمان بە خراپترین شێوە و بە ئاشکرا، بەعەرەبدەکرێ و توورکەکانیش، خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن، کەچی سەرکردایەتی پارتەکانیش، مێش میوانیان نییە!
ئاخر ئەو عەرەبانەی، لە (عێراق)ی عەرەبییەوە، لە ترساندا هەڵهاتوون و لە وڵاتە کاولبووکەی خۆیاندا جێیان نابێتەوە، ڕوویان لە شار و شارۆچکەکانی باشووری (کوردستان) کردووە، پارەیەکی زۆریان هەیە، دووکان و بازاڕیان داناوە، باخ و خانووبەرەیان کڕیوە و لە کوردیش باشتر دەژین، هیچ یاسایەکیش نییە، بەر بە ئەو شاڵاوە داگیرکارانەیە بگرێ!
ئەمە چیرۆکی کۆچوڕەوی جووەکانم بیردێنێتەوە. چونکە لە دوای یەکەمین جەنگی جیهانەوە، سەرەتا جووەکان وردەوردە، لە هەموو جیهانەوە بۆ خاکی (فلەستین) گەڕانەوە، زەوی و خانووبەرەیان لە عەرەبەکان دەکڕی، تا وردەوردە جێگیربوون و ژمارەیان زیادیکرد، لە ئەنجامیشدا عەرەبەکان هەڵاتن و جووەکانیش، دەوڵەتی (ئیسرایل)یان دامەزراند! ئاخر شار و شارۆچکە بەعەرەبکراوەکانی (کوردستان)، چ لە کۆندا و چ ئێستە، هەر بە ئەو شێوەیە بەعەرەبکراون. کەچی سەرکردایەتی (پارتی) و (یەکێتی)، هەر لەسەر بەرنامەی (عێراقی نوێ) و (عێراقی هیوا و ئاشتیی) بەڕێوەدەڕۆن. ڕاستیان فەرمووە: تا خوا کێو نەبینێ، بەفری تێ ناکا!
سەیر ئەوەیە، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری (توورکیا)، چەندین ساڵ دەبێ، نێوچە جیاجیاکانی باشووری (کوردستان) بۆمباراندەکەن، خەڵکێکی زۆر ڕەوانیانشاد و بریندار بوون، لە زێدی خۆیان هەڵکەندراون، تەنانەت بە ئارەزووی خۆیان و بێ ترس، دارستانەکان دەبڕنەوە و دارەکان دەدزن، کەچی نەک هەر دەنگی ناڕەزایی، لە هیچ لایەکەوە بەرزنابێتەوە، بەڵکوو لێپرسراوانی پارتەکان و میریی هەرێم، تا ئیستەش پێوەندییەکی باشیان، لەگەڵ سەرانی ئەو دەوڵەتە داگیرکەرەدا هەیە!
چوارەم: مەلا کوردەکان و ئیسلامی ڕامیاریی
که‌چی تازه مه‌لا موسوڵمانه کورده‌کان، ڕۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌له هه‌ژاره بنده‌سه خاک داگیر و دابه‌شکراوه، به قسه‌ی پڕوپووچ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن، پشت له نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌که‌ی خۆیان ده‌که‌ن، لاساییه‌کی بێ تامی عه‌ره‌به موسوڵمانه داگیرکه‌ره‌کان ده‌که‌نه‌وه، به شانوبازووی سه‌رانی عه‌ره‌ب و توورکه مه‌گۆله داگیرکەر و خوێنڕێژەکاندا هه‌ڵده‌ده‌ن، شانازیی بە ئەو مێژووە خوێناویی و داگیرکارە قێزەونانەوە دەکەن!
مەلا کورده‌کان بە گشتیی و ئیسلامی ڕامیاریی بە تایبەتی، هەرگیز باسی زۆرداریی و کەموکوڕییەکانی ئایینەکە و دەسەڵاتدارانی ناکەن، بەڵکوو ڕوخسارە دزێوەکانی دەڕازێننەوە و جوانی دەکەن، چونکە هەم جەسارەتی ئەوەیان نییە، ڕاستییەکان بۆ خەڵک باسکەن، لەبەرئەوەی سوور دەزانن، خەڵک لێیان دەتەکێتەوە. هەم وا دەزانن، گوناحە گەر بە خراپە، باسی ئەو جێ‌نشین و سوڵتانە خوێنرێژ و داوێنپیسانە بکەن.
له کۆتاییشدا ده‌ڵیم:
ڕه‌نگه ئێسته‌ش، هێندێ موسوڵمانی کوردی جاشبیر هه‌بن، (فاتحه) بۆ گیانی پۆخڵی ئه‌و سه‌ره بۆگه‌نانه بنێرن، که له‌پێناوی کورسی ده‌سه‌ڵات و خۆشیی ژیانی خۆیاندا، لایه‌کی موسوڵمانانی ئه‌و سه‌رده‌مانه‌یان قڕکردووه!
نه‌فره‌تی خوا له هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره داگیرکه‌رانه‌ی عه‌ره‌ب و توورک بێ، که له‌پێناوی ده‌سه‌ڵات و به ناوی ئایینه‌وه، به نووکی شمشێره دووفاقه تیژه‌کانیان، ورگی یه‌کدیان هه‌ڵدڕی!
نه‌فره‌تی خوا له هه‌موو داگیرکه‌رانی گه‌لانی جیهان به گشتیی و داگیرکه‌رانی (کوردستان) به تایبه‌تی بێ، که دان به مافه ڕه‌واکانیاندا نانین و به هه‌ر ناوێکه‌وه بێ، به خراپترین شێوه ده‌یانچه‌وسێننه‌وه!
نه‌فره‌تی خوا له هه‌موو ئه‌و موسوڵمانه کوردانه بێ، که به ناوی ئایینه‌وه، ڕۆڵه‌ی ساویلکه‌ی کورد هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن، هاوده‌نگ و چه‌کدار بۆ (داعش) و فاشییە گوورگە بۆرەکانی (توورکیا) په‌یداده‌که‌ن، دژی نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌که‌ی خۆیان هانیانده‌ده‌ن!
* ابوسمر، حقًـاً هـذا هو تأريخنـا؟! صفحات سوداء من تأريخنـا الإسلامي. بەڵام ناونیشانی گوتارهکە بە کوردیی، خۆم هه‌ڵمبژاردووه.
** پرس میدیا‌و داڕشتنەوەی: رەوەز سەڵاح.
سەرچاوە: ئاوێنە