"an independent online kurdish website

لە متینگی 11ی رەشەممەی 1357ی هەتاوی،  حیزبی دێمۆکڕات بە رێبەڕی د. قاسملوو  پاش نیزیک به‌ 34 ساڵ ته‌مه‌نی حیزب، نزیک 32 ساڵ زیاتریشی له‌ خه‌باتی نه‌هێنی‌دا،  به‌ ئاشکرایی‌ و له‌ نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک‌دا  لە شاری مەهاباد متینگێکی بەرینی گرت و نەمر قاسملوو  خەباتی ئاشکرای راگەیاند و 

حیزبی دێموکرات جارێکی دیکه‌ په‌یمانی ده‌گه‌ڵ خه‌ڵکی خۆی تازه‌ کردەوە ‌.

سەید رەسوڵ و هەزاران رۆڵەی دیکەی کورد هاتنە مەیدان و دژی کۆماری ئیسلامی خەباتی خۆیان دەست پێ کرد.

بۆ یادێک  و رێز گرتن لە سەید رەسوڵ لە گەڵ چەندین هاوڕێ پەیوەندی گیرا و کە لێرەدا نووسین و ڤیدیۆکان بڵاو دەکەینەوە.

ئەو دۆستانەی کە بەشدار بوون، بریتین لە:

کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی ، کاک سەدیق بابایی، کاک سەید عەلی هاشمی، کاک محەممەد سولەیمانی، کاک کاووس عەزیزی، کاک سولەیمان کەلەشی ، کاک برایم لاجانی و کاک محەممەد میقدادی (محەممەدە رەشە)

… لێرەدا سڵاو دەنێرن بۆ روحی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان و بنەماڵەکانیان.

سڵاو لە زیندانیان سیاسی و هەموو پێشمەرگە و ئەندامانی قارەمانی ئاشکرا و نەهێنی بەشدار لە خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.

****

پێشمەرگەکان: فەرماندەرێک کە لە کوورەی خەباتی پێشمەرگایەتی دا پەروەردە بوو!

سەید ڕەسووڵ سەید ئەحمەدی لە ئاخر و ئۆخری ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لە بنەماڵەیەکی تێکەڵ بە بیر و هزری نیشتیمانپەروەری، لە گوندی گردکشانەی دەڤەری لاجانی پیرانشار  چاوی بە دونیا هەڵیناوە و خۆی ناسیوە.

کاک سەید ڕەسووڵ تا پۆلی ٣ی راهنمایی (٣ی ناوەندی) ی دەرسی خوێندوە و دوای دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ١١ی ڕەشەممەی ١٣٥٧ ، تێکەڵ بە کاروانی خەباتگێڕانی حیزب بووە و سەرەتا بە هۆی ئەوەی کە ماوەیەک  ماڵیان لە شاری مەهاباد بووە، لە هێزی شەهید پێشەوا بۆتە پێشمەرگە و دواتر و لە ساڵی ١٣٥٩ کە ماڵیان دیسان  گەڕاوەتەوە گردکشانە، کاک سەید ڕەسووڵیش سەنگەری خزمەتی گۆڕیوە بۆ ناوچەی پیرانشار و لە هێزی ٣١ی  شەهید مەلا ئاوارە  درێژەی بە خەبات داوە و دوای ماوەیەکی کورت ئەرکی جێگری دەستەی شەهید سولەیمانی حاجی عەوڵای کەوتۆتە سەرشان و دواتر وەک فەرماندەری دەستە دیاری کراوە .

سەید رەسوڵ سەرەتا لە ناوچەی لاجان و دواتر لە هەموو پیرانشار بوو بە سیمایەکی ناسراو و خوشەویستی خەڵکی ناوچە. کاتێک کادرەکانی تەشکیلاتی، یان کۆمیتە ناوچەکان لە وێ نەبان، روویان لە کاک سەید دەکرد بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتیەکانیان و هەرچەند تەمەنی کەم بوو بەڵام خەڵک بە رێزەوە گوێیان لێ دەگرت و حیسابیان لە سەر قسەکانی دەکرد. لکی چوار ببوو بە خۆشەویستی خەڵکی ناوچەی لاجان.

کاک سەید ڕەسووڵ لە ماوەی پێشمەرگایەتی دا جارێک زۆر بە سەختی بریندار بووە کە ڕزگار بوونی دەکرێ، یەکێک لە موعجیزەکان بێ. دواتریش چەند جارێکی تر بریندار بووە و هەموو جارێ بە ورەتر لە  پێشوو درێژەی بە ئەرک و  خزمەتەکانی داوە.

کاک سەید ڕەسووڵ بە هۆی هەڵسووری، لێزانی، خۆگونجاندن لەگەل ئەرک و هەل و مەرج و لە هەمان کاتیش دا خۆ پێگەیاندن لە بوارە سیاسی و نیزامییەکان و بەکارهێنانی ئەسڵی مودیریەت لە ئەرک و بەرپرسایەتییەکانی دا، زۆر خێرا پلەکانی  ئەرکی حیزبیی بڕیوە و بە بێ موبالیغە لە هەموو ئەرکەکانیشی دا وەک فەرماندەرێکی لێهاتووی مەیدانی خەبات ناسێندراوە و ڕێبەرایەتیی حیزب وەک فەرماندەری ئەرک و مەئمووریەتە ئاستەمەکان بۆ زۆر ناوچەی کوردستانی ناردووە و ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە شیمالی کوردستان بریندار بووە.

ئەو تێکۆشەرەی دێموکرات  لە بواری نیزامی دا ئەرکی وەک: جێگری دەستە، فەرماندەری دەستە، فەرماندەری لک، جێگری فەرماندەری هێز و  دوای شەهید بوونی فەرماندەری بە ناوبانگی هێزی شەهید مەلا ئاوارە کاک قادر ئیفتیخاری لە پاییزی ساڵی ١٣٦٢ لە  شەڕی بە ناوبانگی نێو شاری  شنۆ، بە بڕیاری دەفتەری سیاسی، کاک سەید ڕەسووڵ دەکرێتە فەرماندەری هێز کە ئەوکات هێزی  شەهید مەلا ئاوارە یەکێک لە گەورەترین هێزەکانی حیزب بوو لە بواری ڕێژەی کاد ر و پێشمەرگە و لە هەمان کاتیشدا کارایی و چالاکییەکانیان وێردی زمانی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە گشتی  بوو.

کاک سەید ڕەسووڵ لە ئەرکی فەرماندەریی هێزی شەهید ئاوارە دا مەئمووریەتی  زۆر ناوچەی کوردستانی پێ ئەسپێدرا و فەرماندەهی زۆر داستانی مێرخاسیی کرد. ئەگەر باس لە ڕۆڵ و کاریگەریی فەرماندەری ناسراو و چوست و چالاکی حیزب کاک سەید ڕەسووڵ بکەین، دەبێ بە سەدان ڵاپەڕە بنووسین و لەگەل هەزاران  کە لە خەڵکی کوردستان و  بەتایبەتی هاوسەنگەران و هاوخەباتانی ئەو قسە بکەین تا ئەوان باس لە فەرماندەهی و لێزانیی کاک سەید ڕەسووڵ بکەن و بە جیلی داهاتووی بناسێنن.

ئەو خەباتێگرەی حیزب مرۆڤێکی بە ورە، بە ئیمان، مودیر و بڕیاردەر و لە کاتە حاستەمەکان دا بێ لادان لە پڕەنسیپەکانی حیزبی و فەرماندەهی، خاوەن بڕیاری جێکەوتوو و بوێرانە بووە. لە هەڵىژاردنی شوێنی عەمەڵیات و زەبر وەشاندن لە هێزی دوژمن دا دەقیق و وردبین، لە دارشتنی گەڵاڵەی عەمەڵیاتی دا خاوەن بەرنامە و لە چەشنی ئەفسەرێکی دەرچوی زانکۆ بەناوبانگەکانی نیزامی بوو.

دوای سازماندەهی نوێی حیزب بە بڕیاری کۆنگرەی حەوتەم، لە بەهاری ساڵی١٣٦٥ی هەتاوی هێزەکانی شەهید ئاوارە  و ئەفشین گۆڕدران بە هێزی قەندیل سەر بە مەڵبەندی سپی سەنگ، کاک سەید ڕەسووڵ دیسان هەر لەو هێزە وەک فەرماندەری هێز مایەوە و لە کۆنگرەی ٨ی حیزب دا بە ڕاوێژکاری کۆمیتەی ناوەندیی حیزب دیاری کرا  و درێژەی بە ئەرکی فەرماندەهی خۆی دا لە هێزی قەندیل دا تا بەهاری ساڵی ١٣٦٨ هەتاوی بە بڕیاری کۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی و پەسندی دەفتەری سیاسی، کاک سەید ڕەسووڵ وەک فەرماندەری هێزی ئاگریی لە مەڵبەندی شیمال دیاری کرا و بۆ ماوەی ٣ ساڵ لە هێزی ئاگری فەرماندەهی دەیان داستانی قارەمانانەی کرد و ئەزموونی ساڵانی خەباتی لەو دەڤەرەش بەکار هێنا بۆ کاریگەریی هێزی ئاگری.

کاک سەید ڕەسووڵ لە کۆنگرەی ٩ی حیزب لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی بوو بە جێگری کۆمیتەی ناوەندی و لە بەهاری ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی شنۆ دیاری کرا. لەگەل ئەوەی ئەرکی تەشکیلاتی پسپۆری کاک سەید ڕەسووڵ نەبوو، بەڵام ئەزموون و قورسایی کەسایەتیی خەباتگێڕانەی کاک سەید ڕەسوول بوون بە هۆکار کە لەو ئەرکەش دا سەرکەوتووانە تا کۆنگرەی ١٠ کۆمیتەی شارستانی شنۆ مودیریەت بکا.

لە کۆنگرەی ١٠ی حیزب دا دیسان کاک سەید ڕەسووڵ وەک جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و وەک بەرپرسی مەڵبەندی سپی سەنگ دیاری کرا  کە ئەوە دوایین ئەرکی کاک سەید ڕەسووڵ بوو لە کوردستان و لە هاوینی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی ئەویش لەگەل بنەماڵەکەی  ڕووی کردە هەندەران و لە ساڵی ٧٦ لە وڵاتی نۆروێژ گیرسایەوە.

کاک سەید ڕەسووڵ لە کۆنگرەکانی٦/٧/ ٨/٩/١٠/١٣ و ١٦ دا بەشدار بووە. ئەوەی کە وەک خاڵێکی تری پرشنگدار لە تەمەنی تێکۆشانی کاک سەید ڕەسووڵ دا دەبیندرێ ئەوەیە کە لە ٣ دابڕانی نێو حیزب دا کاک سەید ڕەسووڵ زۆرترین دۆست و هاوڕێ و نیزیکی خۆی لەگەل دابڕانەکە کەوتوون، بەڵام کاک سەید ڕەسووڵ هەموو جارێ حیزبەکەی هەڵبژاردووە و بەوپەڕی فیداکارییەوە تێکۆشاوە بۆ دووبارە هەستانەوە و بەرین بوونەوەی خەباتی حیزب.

لە هەندەرانیش کاک سەید ڕەسووڵ  بەردەوام بووە لە کار و تێکۆشانی حیزبی و ٣ دەورە ئەندامی کۆمیتەی گشتیی وڵاتی نۆروێژ بووە و ئەرکی بەرپرسایەتیی بەشی تەشکیلاتیی ئەو کۆمیتەیەی لە سەر شان بووە  و ئێستاش بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی حیزبە لە وڵاتی نۆروێژ .

لە سەرەتای ڕاگەیاندنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە بەهاری ساڵی ٢٠١٦ی هەتاوی دا، کاک سەید ڕەسووڵ دیسان گەڕایەوە کوردستان و وەک فەرماندەرێکی بە ئەزموون چووە شاخ و ئەرکی فەرماندەهی بەشێک لە پێشمەرگەکانی ساخی وەئەستۆ گرت و ساڵی ٢٠١٨ دیسان بۆ ماوەی ٨ مانگ لە کوردستان وەک فەرماندەری هێزی شاخی پێشمەرگە خزمەتی کرد.

ئەوەی ماوە بیڵێین ئەوەیە کە: لە هەموو ئەو ساڵانە دا کاک سەید ڕەسووڵ پشتیوان و هاوخەباتێکی هەبووە کە ئەویش پیرۆز خاتوونی هاژیانیەتی،  ئەو مرۆڤە قانیع و وەفادار بە هاوژین و مناڵەکان و حیزب و گەلەکەی کە دەکرێ یەکێک لە خاتوونە هەرە نموونەکانی نێو ڕیزەکانی حیزب بێ، شان بە شانی کاک سەید ڕەسووڵ بووە و لەگەل دژوراییەکانی خەباتی پێشمەرگایەتی، مامۆستای مناڵەکان و هاوکار و پشت  و پەنای کاک سەید ڕەسووڵ بووە .

ئێستا کاک سەید ڕەسووڵ وەک خەباتگێڕێکی بە ئیمان و خاوەن هەڵوێست لە وڵاتی نۆروێژ درێژە بە ئەرکی حیزبی دەدات و بەرهەمی ژیانی کاک سەید و خوشکە پیرۆز کوڕیک و سێ کچی خوێندەوار و سەرکەتوون کە جێی شانازین.

بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان 

2022/03/01

****

برایم لاجانی: من هەر دەڵێم کاک رەسوڵی ئەحمەدی، ڕاستیەکەی ئەوەیە قسەی کاک دوکتۆر قاسملوویە

برای بەڕێزم کاک ساڵح نەڵۆسی! سڵاوی گەرم!

داوات کردبوو لە پێوەندی دەگەڵ بەڕێز کاک ڕەسوڵی ئەحمەدی، کادری تێکۆشەری حیزب و فەرماندەی لێوەشاوەی نێو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، خاتراتێک بگێڕمەوە.

لە پێشدا دەست خۆشیت پێدەڵیم بۆ ئەو ئیبتیکارە، زۆر پێویستە ئێمە فێربین بە زیندووی ڕێز لە قارەمانانی میللەتی خۆمان بگرین. ئەو فەرهەنگە لە نیو هەموو میللەتاندا هەیە، بەڵام لە نێو میللەتی ئێمەدا نیە.

دواتر دەبێ بڵێم کە کاک ڕەسوڵی ئەحمەدی، پێشمەرگە، کادر، ئەندامی ڕێبەری حیزب، فەرماندەی هێز و زۆر پلەی تەشکیلاتی دیکەی لە حیزبدا هەبوون. لە هەموو ئەو قۆناخانەدا، بە زەحمەت و ماندوو بوون و لێوەشاوەیی لە خەباتدا چۆتە پێش، لە هەر کوێ حیزب بەرپرسایەتی پێی ئەسپارد بێ، ئەرکی حیزبی لە ئاستی هەرە بەرزدا بەڕێوە بردوە. ژیانی پێشمەرگانە و حیزبیانەی کاک ڕەسوڵ پڕیەتی لە سەروەری و شانازی. سەرەڕای هەموو ئەوانە سیمایەکی خۆشەویستی حیزبیشە لە نێو خەڵک و جەماوەری حیزبدا. وەک وتمان ئەو هەموو شانازی و ئیفتیخارە بە کارو خەبات و تێکۆشان و بڕوای قوڵ بە ڕیبازی حیزبی دێموکرات وەدەست هاتوون. ژیانی خەباتگێرانەی کاک رەسوڵ سەرتاسەر شانازی و سەرفرازیە. ئەو لە سەدان شەڕ و عەمەلیاتی گەورەدا بەشدار بووە، فەرماندەیی کردوە، دەیان و سەدان مەئموریەت و مەسئولیەتی لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بەڕێوە بردوون و  منیش شانازی ئەوەم هەیە لە بەشێکی ئەو مێژووەدا هاوڕێی کاک رەسوڵ بووم. لێرەدا من  تەنیا خاترەیەک دەگێرمەوە کە پێکەوە لە خزمەت کاک دوکتۆر قاسملوو دابووین.

ئەگەر دیقەت بکەن لەو نووسینەدا من هەر دەڵێم کاک رەسوڵی ئەحمەدی، ڕاستیەکەی ئەوەیە قسەی کاک دوکتۆر قاسملوویە، ئەو قەت نەیدەگووت سەید رەسوڵی سەید ئەحمەدی، هەر دەیگووت کاک ڕەسوڵی ئەحمەدی،  ئەگەر لە کاتی قسەکردندا ئێمەش وتبامان سەید ڕەسوڵی سەید ئەحمەدی، ئیعترازی دەکرد و دەی گووت کاکە بڵێن ڕەسوڵی ئەحمەدی.

شەڕێ ئێران و عێراق تەواو بوو بوو. وەزعێکی زۆر سەخت لە هەر دوو دیوی ئێران و عێراق بۆ بزووتنەوەی کورد هاتبووە پێش. لە کوردستانی عێڕاق ئیدی هیچ ئومێدێک نەمابوو. لە کوردستانی ئێرانیش هەورێکی ڕەش بەری ئاسۆی خەباتی ئێمەی گرتبوو. رێژیم مانۆڕێ سیاسی دەدان و تۆوی بێهیوایی و نائومێدیی سیاسی لە نێو خەڵکدا بڵاو دەکردەوە. لە پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیدا کە لە سەرەتای بەهاری ١٣٦٧دا پێکهات باسی ئەوەی کرد کە  ئێمە وەک رێبەری، حیزبەکەمان و  بزوزتنەوەکەمان، لە بەرانبەر ئەزموونێکی مێژووی داین، دەبێ نیشان بدەین کە شەڕی کوردستان بەشێک نیە و نەبووە لە شەڕی ئێران و عێراق واتە لە شەری خەلیج، ئەوە هەم لە مێژوودا گرنگە، هەم بۆ میللەتەکەمان و هەم بۆ خەڵکی خۆمان، لەوەش زیاتر بۆ بیروڕای گشتی ئێران و کوردستان و دونیاش گرنگە نیشان بدەین کە شەڕی کوردستان شەڕێکی سەربەخۆیە و تا وەدیهێنانی ئامانجەکانی خەڵكی کوردستان درێژەی دەبێ.

چەند ڕۆژ دواتر لە پەیامێکدا داوای کرد بوو کە من و کاک ڕەسوڵ بچین سەردانی بکەین. لە بیرمە لە نزیک سکرتاریا کەپرێکی بچکۆلەی هەبوو، گوتی دەمەوێ شتێکی تایبەتیاتان دەگەڵ باس بکەم، هەستن دەچینە بن ئەو کەپرە. بۆخۆی سێ کوپ قاوەی سازکردن و هێنانی و دانیشتین. گوتی بۆیە لە دوام ناردوون کە مەسەلەی گەڕانەواتان دەگەڵ باس کەم. جارێکی دیکە دەیلێمەوە ئێمە دەبێ نیشان دەین شەڕی کوردستان پاڕامیترێکی سەربەخۆیە و ئەوە وەزیفەی مێژووییە کەوتۆتە شەرشانمان. لە نێوخۆی حیزبدا ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەرشانی ئێوە ئەو  تەلسمە بشكێنن.  چوونکە دەبێ لە پێشدا لە ناوەندی کوردستان خۆمان نیشان دەین. دەروازەی  ئەو مەڵبەندەش کلیلەکەی بەدەست ئێوە تێکۆشەرانی حیزب لە هێزی قەندیلەوەیە. وەزعەکە چۆن دەبینن؟.  من بە گشتی ڕاپۆرتێکی کورتی سیاسیم لەسەر وەزعی ناوچەکە باس کرد و کاک ڕەسوڵیش بە درێژی لەسەر وەزعی پێشمەرگەکان و سازماندەهی و ڕووحیەی پێشمەرگە و پێداویستیەکان دوا. بەو جۆرە ئامادەیی خۆمان دەربڕی و لە بیرمە قسەی ئێمە ئەوەبوو کە تەنیا گیروگرفتێک کە لە پێش خۆماندا دەی بینین ئەوەیە کە چۆن لە چۆمی کەڵوێ دەپەڕینەوە. ئێمە ساڵان زووتر دەچوینەوە بەڵام هەر لە ناوچە سنووریەکان دەماینەوە تا چۆمەکان بواریان دەدا. ئێستا کاک دوکتۆر ئیسراری ئەوە بوو کە ئێمە نابێ لە ناوچە سنووریەکان بمێنینەوە و دەبێ خۆمان بگەیەنینە ناوەندی کوردستان، دەوروبەری نێوان مەهاد، پیرانشار و نەغەدە و سەرشاخان. چوونکە ئەوە دەنگدانەوەی زۆری دەبێ، بایەخی سیاسیی گەورەی دەبێ و رێژیم غافڵگیر دەکات. ڕووحیەی خەڵکی بەرزدەکاتەوە و دەرفەتی ئەوە دەخوڵقێنێ هێزەکانی دیکەی پێشمەرگەش دوای ئێمە حەرەکەت بکەن و هەرکامیان لە ناوچەکانی خۆیان دەست بکەنە تێکۆشان. بەوجۆرە ئامانجی ئێمە لەو حەرەکەتە دێتە دی.

زۆری قسە دەگەڵ کردین و لە کۆتایی دا ڕووی تێکردین و گوتی لە بیرتان بێت، ئامانجی ئێمە ئەوەیە حزووری سیاسی و  پێشمەرگانەی خۆمان لە ناوچەدا نیشان دەین و چاو و ڕاوێ رێژیم و فروفیشاڵی دەزگا سەرکوتکەر و تەبلیغاتیەکانی ڕێژیم پووچەڵ کەینەوە، هەموو هەوڵێ ئێمە ئەوەیە خۆمان لە شەڕی راستەوخۆ و پەلاماری دوژمن بپارێزین. پاراستینی پێشمەرگەکان ئەرکێکی هەرە سەرەکیە. خۆپاراستن لە هێرش و پەلاماری دوژمنیش بە قەت پەلامار بۆسەر دەوژمن گرنگی هەیە.  لەکاتی ماڵئاوایدا تووند ئامێزی لێداین و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستین و ئومیدی دەربڕی بەسڵامەتی  چاومان پێک بکەوێتەوە. پاشان رووی تێکردین گووتی لە مێژوودا هەندێک کار و کردەوە دەبنە کار و کردەوەی گرنگ و مێژوو خوڵقێن، ئەو مەئموریەتەی ئێوە لەو بارودۆخەدا دەچێتە خانەی ئەو حەرەکەتە مێژووییانە.

 بەو جۆرە چووینەوە و بەرەبەرە خۆمان بۆ ئەو مەئموریەتە ئامادە کرد. وەک پێشبنیمان کردبوو کۆسپی هەرە گەورە لە سەرڕێی هێزی پێشمەرگە بەو بەهارە زوو چۆمی کەڵوێ بوو.  دیارە نرخێکی زۆرمان بۆدا و چەند پێشمەرگەی قارەمانمان بەداخەوە  پێداچوون و چوونە گەڵ کاروانی شەهیدانی سەربەرزی میللەتەکەمان، هەزاران سڵاو لە گیانیان و یادیان بەخێر بێت. بەڵام بە خۆشیەوە سەرەنجام  ئێمە (پێشمەرگەکان) پەڕینەوە و خۆمان گەیاندە قوڵایی کوردستان و بەوجۆرە چاو و ڕاوی ڕێژیم سەبارەت بەوە کە ئیدی پێشمەرگە نەماوە، بوو بە بڵقی سەر ئاو. ئەوە ڕووحیەی خەڵکی بەرز کردەوە. هیوا و هومێدی وەبەر خەڵک نایەوە. وەک بۆمب لە سەرتاسەری کوردستان دەنگی دایەوە.

 دواتر پێشمەرگەکان وەک ساڵانی ڕابردوو، بەڵام بە تاکتیکی جیاوازەوە درێژەیان بەکار و تێکۆشانی خۆیان دا. پاشتریش سەرجەمی هێزەکانی دیکەش بە وەخت خۆیان گەیاندە شوێنێ مەئموریەتی خۆیان. بەسەرکەوتنەوە  نیشانماندا کە شەڕی کوردستان، شەڕێکی سەربەخۆیە و شەڕی میللەتێکە بۆ رزگاری خۆی، نەک بەشێک بێ لە شەری خەلیج.

بەڵی بەو حەرەکەتە مێژوومان خوڵقاند. چ شانازیەک لەوە زیاتر کە لە قۆناخێکی سەختی خەباتی میللەتی خۆتدا، ببیە ڕەچە شکێن.

ڕاستە لەو کارە گەورەدا دەیان کادر وفەرماندەی تێکۆشەری حیزب لە ناوچەکانی پیرانشار و نەغەدە و  بە سەدان پێشمەرگەی قارەمان لە هێزی قەندیل و خەڵکی ناوچەش هەموو هاوکار بوون، بۆ سەرکەوتنی ئەو حەرەکەتە، بەڵام فەرماندەی ئەو مەئموریەتە مێژووییە بە ئەستۆی کاک رەسوڵی ئەحمەدی بوو. دەزانم کارنامەی کاک ڕەسوڵ پڕە لە سەروەری و شانازی دیکە. بەڵام لەلای من ئەو کارە و بایەخی سیاسی ئەو حەرەکەتە لە مێژووی سیاسی حیزبی ئێمەدا، هێندە گرنگە، کە دەکەوێتە پێش هەرکارێکی دیکە.

بە سوپاسەوە

براتان ئیبڕاهیم لاجانی

2022/03/01

ئۆسلۆ

***

کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی

کاک سەدیق بابایی

کاک سەید عەلی هاشمی

کاک سولەیمان کەلەشی

کاک محەممەد سولەیمانی

کاک محەممەد میقدادی (محەممەدە رەشە)

کاک کاووس عەزیزی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی