ساڵی ڕابردوو بابەتی بە ئەندام بوونی ئۆكرانیا لە هاوپەیمانی ناتۆ بووە هۆی ئەوەی كاردانەوەی روسیای لێبكەوێتەوە، وە دواجار جەنگ لە نێوان روسیا و ئۆكرانیا سەرهەڵبدات، دوای چەندین مانگ لەو جەنگە،
وە بە مەبەستی خۆپارێزی لە هەڕەشەكانی روسیا لە ئێستادا هەریەك لە وڵاتانی (فیلەندا و سوێد) دەخوازن ببن بە ئەندام لە هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناسراو بە ( ناتۆ).
شایانی باسە، هەریەك لەو دوو دەوڵەتە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم مەبەستیان بوو وەك دوو دەوڵەتی بێلایەن لە ململانێی دوو جەمسەری نێوان هاوپەیمانی ناتۆ و وارشۆ بمێنەوە. بە تایبەت فیلەندا كە لە جەنگی جیهانی دووەم وەک وڵاتێکی هاوسێی سوڤیەت بووە قوربانی سیاسەتی پاوانخوازی جۆزێف ستالین كاتێك لە ساڵی ١٩٣٩لە جەنگی ناسراو بە جەنگی زستانە یەكێتی سۆڤیەتی ئەوسا بە سەرکردایەتی ستالین بەشێكی فیلەندای داگیركرد.
لە ئێستادا پرسی بە ئەندامبوونی ئەو دوو دەوڵەتە (سوید، فیلەندا) بە تەنیا كاردانەوەی روسیای لێنەكەتۆتەوە، بە تایبەت کاتێک روسیا هەڕەشەی وێرانكردنی ئەو دوو دەوڵەتە دەكات، بگرە شانبەشانی روسیا دەوڵەتی توركیاش نیگەرانە لەوەی ناتۆ هەریەك لەو دوو دەوڵەتە بە ئەندام وەرگرێت.
تورکیا وەک ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ دوای پێشکەشکردنی خواستی بە ئەندامبوونی (سوێد و فینلەندا) رایگەیاندووە: ” هەریەک لە سوید، فیلەندا پشتیوانی لە تیرۆر دەکەن” . مەبەستی تورکیا لە تیرۆر جموجۆڵی ئەندام و لایەنگرانی PKK یە لە ناو ئەو دوو وڵاتە.
بابەتی فراوانکردنی هاوپەیمانی ناتۆ بۆ وڵاتانی رۆژئاوا بابەتێکی گرنگە، بە تایبەت وەگرتنی وڵاتێکی وەک فیلەندا کە شوێنێکی گرنگی ستراتیژی هەیە و بە درێژایی ١٣٠٠ کیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ روسیا، بۆیە تورکیا چەندە لەو هەنگاوە نیگەران بێت ناتوانێت رێگری لە بە ئەندام بوونیان بکات.
تورکیا بۆ دژایەتیکردنی وەرگرتنی ئەو دوو وڵاتە تەنیا باس لە بیانووی PKK دەکات، ئەگینا هۆکاری دیکە زۆرن کە بوونەتە هۆی نیگەران بوونی تورکیا. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرتای دامەزراندنی هاوپەیمانی ناتۆ وە هەڵسەنگاندن بۆ پێگەی تورکیا لەو هاوپەیمانیە بکەین، ئەوا تێدەگەین بە درێژای تەمەنی ئەو رێکخراوە کە لە ساڵی ١٩٤٩ دامەزراوە، تورکیا هەوڵی داوە شوێنی جیۆپۆلەتیکی وڵاتەکەی وەک چەکێک بەکاربهێنێت تا پێگەی خۆی لە ناو ئەو هاوپەیمانیەتیە بەهێز بکات، مەرجی خۆی بەسەر ئەندامانی دیکەی ناو هاوپەیمانیەتیەکە بسەپێنێت.
وەک دەزانرێت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی یەکێک لە ئامانجەکانی دامەزراندنی هاوپەیمانی ناتۆ بریتی بووە لە ڕێگریکردن لە بەرفراوانبوونی هەژموونی یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسا. بۆ ئەم مەبەستە تورکیا بە هۆی پێگەی ستراتیژیەکەی رۆڵی گرنگی پێسپێرداوە.
لە ئێستادا ئەگەر روسیا لە جەنگی لەگەڵ ئۆکرانیا سەرکەوتوو نەبێت، لە لایەکی دیکەشەوە فیلەندا بە ئەندامی ناتۆ وەبگیرێت، جیۆپۆلەتیکی تورکیا گرنگی جارانی نامێنێت، بۆیە تا بۆی دەکرێت کۆسپ لەبەردەم بە ئەندام بوونی دوو ئەندامە پێشنیازکراوەکەی ناتۆ درووست دەکات.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا پێناچێت ئەندامانی ناتۆ بە تایبەت ئەمەریکا هیچ حساب بۆ نیگەرانیەکانی تورکیا بکەن، بگرە بابەتی بە ئەندامبوونی (سوید، فیلەندا) وەک پرسێکی گرنگ وەردەگرن و هەر زووش ئەندامەتیان یەکلایی دەکەنەوە، تا ئەوانیش وەک دوو دەوڵەتی نزیک لە روسیا بەدەردی ئۆکرانیا نەچن.
لە لایەکی دیکەشەوە ئەگەر ئەو دوو دەوڵەتە ببنە ئەندام لە هاوپەیمانی ناتۆ، ئەوا بابەتی گەمارۆدانی روسیا ئاسانتر دەبێت، بە شێوەیەک کە سنووری هاوبەشی نێوان روسیا و وڵاتانی ناتۆ دەبێتە ١٩٠٠ کیلۆمەتر، لە لایەنی ئابووریشەوە ناتۆ لە روسیا بەهێزتر دەبێت، هەروەها لە بواری سەربازیشەوە ناتۆ هێزی زیاتری پێدەدرێت بەراورد بە هێزی سەربازی روسیا.
دواجار دەپرسین تورکیایەک کە لەو چەند ساڵەی دواییدا بە کڕینی مووشەکی S400) (ی رووسی ناتۆی نیگەران کردوو، پەیوەندیە دبلۆماسیەکانی لەگەڵ ئەندامە سەرکیەکانی ئەو رێکخراوە بە تایبەت ئەمەریکا و فەرەنسا ساردی تێکەوت، بە دەربڕینی نیگەرانی لە وەرگرتنی (سوید، فیلەندا) لە هاوپەیمانی ناتۆ چی پێدەکرێت؟
بە خوێندنەوەمان بۆ ئەو بنەمایانەی کە هاوپەیمانی ناتۆی لەسەر دامەزراوە، تێدەگەین کە هیچ یەک لە ئەندامانی ناتۆ مافی ئەوەی پێ نەدراوە داوای وەرگرتنی وڵاتی تازە رەتبکاتەوە، یان ئەو داوایە ڤیتۆ بکات، تورکیاش ئەمە باش دەزانێت، بۆیە ئامانجی تورکیا لە دەربڕینی نیگەرانی زیاتر بۆ ئەوەیە سەوداو مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ناو ناتۆ بکات، بە تایبەت بۆ پرسی وەرگرتنی تورکیا لە یەکێتی ئەورپا، کە ساڵانێکە بە هۆی سیاستە نا دیموکراسیەکانی AKP لە ناوخۆی تورکیا و دەستوردانی لە ئاستی دەرەکی دەرفەتێکی ئەوتۆ بۆ چوونە ناو یەکێتی ئەورپا لە لایەن تورکیاوە نەماوەتەوە، بۆیە تورکیا یاریەک دەکات تا بتوانێت سوود لە هەر جۆرە کارتێک وەرگرێت.
بەڵام دوای جەنگی ئۆکرانیا پرسی فراونکردنی هاوپەیمانی ناتۆ بۆتە پرسێکی گرنگ و هەستیار، هەر بۆیەشە پێناچێت حساب بۆ نیگەرانیەکانی تورکیا بکرێت، بگرە دەبێت تورکیا بۆ لەمەودوا خۆی لە نێوانی ململانێی روسیا و ئەمەریکا یەکلابکاتەوە، ناکرێت ئەندامی ناتۆ بیت و دڵی بۆ روسیا و هاوپەیمانەکانی لێبدات.
سەرچاوە: درەو مێدیا