"an independent online kurdish website

پێشەکی: ئایدیۆلۆژیاکان بە واتای چوارچێوەیەکی تیۆری، وێڕای دیاریکردنی ئەو دونیابینییەی کە مرۆڤەکان هەیانە، شوێندانەری لەسەر ڕێکخستنی هێزی مرۆیی هەیە،

هەروەها ئەو هێزە بەرەو ئامانجەکانی ئایدیۆلۆژیا ئاراستە دەکات، بەشێک لەو ئایدیۆلۆژیانەی کە دونیای سیاسی و هزریی ئەمڕۆیان بەدی هێناوە، توانیویانە ئەو ڕۆڵە بگێڕن. لێوردبوونەوە لە چۆنیەتیی داڕشتن و بەکارهێنانی ئەو ئایدیایانە، وا دەکات لەلایەک باشتر لە سیستەمە سیاسییەکان و هزری سیاسیی بیرمەندانی جیاواز تێبگەین، لەلایەکی دیکەوە چوارچێوەی ڕامانمان بەرامبەر بە تیۆرییە جیاوازەکان بەرفراوان دەکات و بە دیدێکی کراوەتر دەتوانین هزرێکی سیاسی یان بەشێک لە هزرێکی سیاسی تاوتوێ، پەسەند یان ڕەت بکەینەوە. لە هەمووی ئەوانە گرینگتر بۆ تاکێک کە لە خەباتێکی سیاسیی زۆر گرینگ بەشدارە کە ئازادیی نەتەوەیەکی پێوە بەستراوەتەوە، پێویستە ئەو چوارچێوەی کە بۆ خەبات دیاری کراوە باشتر بناسێت، تەنانەت ئەگەر لە توانایدا بوو هەوڵ بدات هێڵەکانی ئەو چوارچێوەیە بە شێوەیەکی دروست لەسەر بنەمایەکی زانستی، سەردەمیانەتر، ڕەواتر و ڕوونتر شرۆڤە بکات کە بە تەواوی ڕەنگدانەوەی پرسەکانی کۆمەڵگە یان پرسی سەرەکیی نەتەوەکەی بێت، هەتا بنەمای تیۆریی خەباتەکەی بەهێز بکات، تەنانەت گرینگتر لەو بابەتە، چۆنیەتیی بەجەماوەریکردنی تاوتوێ بکات. بۆ هەر کوردێک کە بیری کوردایەتی لەسەریدا بێت، خولیای ئازادیی نەتەوەکەی بێت، ئەو چوارچێوەیە یان بنەمای تیۆرییەکەی ئایدیۆلۆژیای کوردایەتییە، هەر بۆیەش نووسین لەو بوارە بۆ ئەوەی ئەو هزرە لەنێو کۆمەڵگە زیاتر پەرە بستێنێت گرینگە، بەڵام بۆ شرۆڤەکردنی ئەو ئایدیۆلۆژیایە، پێویستی بە ناسینی ئایدیۆلۆژیاکان و دواتر ناسینی پرسی نەتەوەکەمان کە ئازادیی گەل و نیشتمانە، هەیە. لەو نووسینەدا وێڕای ئەوەی کە بە شێوەیەکی کورت لەسەر چەند ئایدیۆلۆژیا کە لە ژیانی مرۆڤایەتی شوێندانەربوون نووسراوە، لە بەشی کۆتاییدا بۆچوونەکانم لەسەر ئایدیۆلۆژیای کوردایەتی خراونەتە بەر دیدی خوێنەر؛ بێگومان ئامانجی ئەو نووسینە زۆر لە قەڵەمی کرچ و کاڵی نووسەر گەورەترە، بەڵام پێویستی و گرینگیدان بەو بابەتە بە تایبەتی لە سەردەمی شەڕی نەرمی بەردەوامی دوژمن بۆ دژایەتی و چەواشەکردن و بەلاڕێدابردنی کوردایەتی وا دەکات، بە ڕێژەی توانا لەو بوارەدا بنووسین، بە هیوای ئەوەی کە بەسوود بێت.

ئەلبورز ڕۆئین تەن

دانمارک

داگرتن پ د ف

داگرتن ، بەرگ

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی