"an independent online kurdish website

پاش چوار رۆژ لە تاریکایی شەودا بۆ دووهەمین جار بۆ مەئمووریه‌تێک گەیشتمەوە بنکەی دەفتەری سیاسی حدکا لە ئاوایی ”گەورە دێ”.

ئەو شەوە بوومە میوانی نەمر مو‌هه‌ندس خەیاتی و کاک رەشیدی قازی هاوکاری، پیاوێکی یه‌کجار بەرێز بوو، چوونکە لە گەڵ بەرێز کاک ڕەشید قازی هاوڕێ و ناسراوییه‌کی باشمان لە گەڵ یه‌ک هەبوو. لە دەورە‌یه‌ک پاش  بینینی یه‌کتر، لە ماڵی خۆی و کاک مو‌هەندس داوای لێ کردم تا دەورەکەم تەواو ئەبێ لای ئەوان بمێنمه‌وه، منیش بە خۆشحاڵیەوە قەبووڵم کرد. دواتر ئاوات و ئارەزۆکانی خۆمم بۆ باس کرد بوو.  بۆ من لە و مووحیتە‌دا ده‌یان پرسیاری سیاسیم بۆ ده‌هاته پیش و بە یارمەتی ئەو وڵامم وەرده‌گرتنەوە. رۆژێک پێی وتم کاک عوسمان موژدەیه‌کی خۆشم بۆت هەیە، منیش بێ ئەوەی بزانم و لە خەیاڵمدا بێ مژدەی چیم پێ‌ئەدا سپاسم کرد، وتی دکتور قاسملوو لێرەیە.

ساڵی 1358 هەتاوی لە شاری سەرپێڵی زەهاو قوتابی دووی ناوەندی بووم، لە کاتی بەیانیدا بە لێواری شەقامی شاردا بۆ قوتابخانەی ”زدی ئەحیای” ئەچووم. بە دەم رێگاوە چاوم بە کۆمەڵێک هاوڕێ و ناسراوی خۆم کەوت پێکەوە کە سەیری گۆڤارێک ئەکەن و خەڵک زیاتر کۆ دەبوونەوە، سه‌رنجمی ڕاکێشا و لە شەقامی شار پەریمەوە پرسیارم کرد وتیان وێنەی د. قاسملوو رهبری حیزبی دێمۆکراتە، من دوو هەفتە پێش یان دوای شۆرشی ئێران لە رادیۆ بی بی سی لەندەن گوێم لە وتووێژێکی د. قاسملوو ببوو که باسی دیموکراسی و خودموختاری دەکرد کە هیچم لێ نەئەزانی بەڵام ناوی د. قاسملوو رێبه‌ری حدکا هەر لە هزرم ئەخولیایەوە، زۆر سرنجمیان راکێشا و منیش محاولەم کرد وینەی د. قاسملوو ببینم، کە وێنەکەم بینی، ئیحساسات گرتمی دو جار سەرەوە و خوارەوەی وێنەکەم خوێندەوە ئەو سا حاڵی بووم هەر ئەو کاتە بە هەناسەیەکی قووڵ وتم خۆزگا رۆژێک د. قاسملووم لە نزیک ده‌دیت. کەوتمە رێ بۆ قووتابخانە، بەڵام وێنە و ئاواتەکە دایم لە هزرمدا ئەخولایەوە.

مەگەر گرتنی کونگرەی 9ی حدکا و یەکگرتنەوەی پێشووی حدکا لە کاتیکدا مامۆستا حەسەنزادە سکرتێری حدکا رایگه‌یاند، به‌قه‌ت  ئەو هەواڵەی کاک رەشیدی قازی که وتی دکتور قاسملوو لە سەفەر هاتۆتەوە دڵی منی خۆش کرد بێت. لە خەیاڵمدا زوو بە خۆمم ووت لەم مەئمووریەتەم د. قاسملوو ئەبێنم، لە خۆشیا شڵەژام ئەو شەوە تا بەیانی بە کەروێشکە خەو رۆژم کردەوە، جێگای موهەندیس لە بەرانبەری سکرتاریا بوو، شوێنی خەوتنی د. قاسملوو، لەو دێوی سکرتاریا بوو، جارێک بۆ کارێک لە گەڵ چەند کەس چووینە پاڵی ماڵەکەی د. نیو سەعات ماینەوە، لەبەر درێژ نەبوونی ئامانجی نووسینەکەم ناتووانم خۆم لە باسی دەیان بیرەوەی بدەم کە پەیوەندی بەو مەئمووریەتە و سەفەرە‌وه بۆ بنکەی سەرکردایه‌تی حدکاوه هه‌یه کە شانازی پێشمەرگایەتیم بوو .

لە شەباکی ماڵی نەمر موهەندس چاوم لە چەقی ئەو رێگایە کل نەدەکرد کە گوزره‌ی د. قاسملوو بوو بۆ سکرتاریا، نزیک کاتژمێر هه‌شتی بەیانی دکتور، پێشمەرگە ئاسا بە رادیۆوە و دەفتەری کاری رۆژانەی خۆی، تەنیا کەڵەشێنکۆفی پێ نەبوو، دەرکەوت بەرەو سکرتاریا بۆ هەڵسووڕانی ئەرکی رۆژانەی حیزبی لە گەڵ هاوڕێیانی و بە سانایی و بە هێواشی بەرەو سکرتاریا هات و لە پلەکانەکان سەرکەوت و چووە نێو ساڵۆنی سکرتاریا و پاڵی بە دەرگای سکرتاریاوە نا، هەموو ئەندامانی دەفتەری سیاسی لە چەند خولەکێک چوونە سکرتاریا. سکرتێر و ئەندامانی رێبەرایەتی پارتەکانی ئێرانی و باشوور و رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و . . . بە نۆرە و بە پێی قه‌راری پێشوو بۆ بینینی د. قاسملوو رۆژانە سەردانی سکرتارییان ئەکرد و بەردەوام رۆژانه سکرتاریا میوانی هەبوو.

جەوی بنکەی رێبەرایەتی بۆ پێشمه‌رگه و ئەندامانی حدکا کە بە بیروباوەڕی سیاسی پێشمەرگایه‌تییان هەڵبژارد بوو، وەک زانکۆی علوومی سیاسی ئەچوو. هه‌ر ئەندامێک کە هەڵگری بیروباوەری سیاسی و زانیاری قووڵی له‌سه‌ر حدکا هه‌با، ئه‌وکاتە‌ی ئه‌م  گەورە کەسایه‌تییە و به‌ ناوبانگە و ئه‌م رێبه‌ره کاریزمایه‌ی لە نێوخۆی وڵات و دەرەوە و له ئاستی  نێوده‌وڵه‌تی دیتبا و ناسیبای، ئه‌وه حەزی نەئەکرد لە سنووری (گەورەدێ) دوور کەوێتەوە و پێی خۆش بوو لە هەموو رەهەندێکەوە، ئه‌م مڕۆڤه شێلگیر و بە باوەڕه‌ی زیاتر ناسی با و هه‌ر ئه‌مه‌ش مرۆڤی وریاتر و ئەرکدارتر ئەکرد.

کۆتایەکانی مانگی ڕەشەمەی ساڵی 1363 هەتاوی بوو، ئەو ساڵە بە هەموو خۆشی و ناخۆشێکانیەوە هێدی هێدی ماڵ ئاوایی لە کۆمەڵگا و سروشت دەکرد و بۆ هەمیشە بە مێژو ئەسپێردرا، چیاکانی دەوروبەری رێبەرایەتی حدکا هەموو بەفر دایپۆشی بوو، رێبەرایەتی و کادری کۆمیسیونەکان سه‌عاتی کاریان کۆتایی هاتبوو، سێووەر باڵی بە سەر ده‌ڤه‌ڕه‌که‌دا کێشا بوو، هەتاو خەریکی ماڵئاوایی لە سروشت و هەموو گیانلەبەران و هێدی هێدی کپی و کش و مات باڵی بە سەر سروشتدا دەکێشا.

ئا لەو کاتە دێرە خەیاڵ گرتمی پێویستم بە شتێک بوو، د‌‌ەبوو سەردانی فروشگام کردبا، هێواش و لە سەر خۆ لە ماڵ و لای کاک موهەندیس و کاک رەشیدی قازی دەرکەوتم بە مەنگی خەیاڵ ملی رێگام گرت و بە سرنجدانی پێشەوەی هەنگاوەکانم، بە هێواشی و لە سەرخۆ و بێ چاوەروانی لە دۆڵ یان دەراوێک کە جێگای گوزەری لافاوی بارانی زستان و بەهاری چیاکانی پشت و شانی گەورەدی و دەفتەری سیاسی حدکا سەرچاوەی گرت بوو، بە نێوان  کۆمیسیونەکان و رێبەرایه‌تی حدکا گوزەری دەکرد، هەڵکشام، ئیتر ئەگەر سەرم هه‌ڵبڕیبا هەم فروشگا و هەم بنەماڵەکانی رێبەرایەتی که لە بەرانبەری یه‌کتری بوون، ئەبیندران، خەریک بوو نزیکی فروشگا ده‌بوومەوە و بە لای راستی خۆم تەماشام کرد نەمر کاک د قاسملوو، کاک حەسەنی شەرەفی و نەمر سەرگورد کەریمی عەلیار کچێک ی چوارساڵانه‌ش بە دەستیوەیە لە پاڵی فروشگا راوەستاون.

لە راستی ئیتر بۆم محاڵ بوو چاو بنووقێنم و گوزەر بکەم بەرەو لای ئەوان لار بوومەوە و بەرەو رویان چووم تەماشام کرد هەموویان سەیرم ئەکەن، بە دەمی رێگا سرنجی کاک د. قاسملووم ئەدا کە نزیک بوومەوە کاک دکتور هەنگاوێک هاتە پێش و ده‌ستی بۆ لای من درێژ کرد و سڵاوم کرد و لە گەڵ تەوقە وتم کاک دکتور چۆنی، ئەویش فەرمووی چۆنی (برام)؟. وتم خۆش بیت، ئیتر پەرژیامە سەر کاک حەسەن شەرەفی و نەمر شەهید کەریم علیار ته‌وقەو چۆنیم  کرد و ڕووم کردە کاک دکتور و بە بزە و ڕوی خۆشه‌وه وتی: (برام) چۆنی پێشمەرگەی کام هێزی؟ وتم هێزی داڵاهۆ. کە وتم داڵاهۆ، کاک دکتور زۆر خۆشحاڵ بوو زۆرتر سرنجی چووە سەرم فەرمووی کەی هاتوویت، وتم هه‌شت رۆژ ده‌بێ، نامەیەکی بەرێز کاک محەمەد نەزیف قادری بەرپرسی کومیتەی شارستانم بۆ دکتور سەعید هێناوە. فەرمووی زۆر باشە، کاک حەمە نەزیف و هاورێیانی چۆنن وتم زۆر باشن سڵاوت ئەگه‌یەنن.

 ئەڵبەت کاک حەسەن باش ئەمیناسی و دو جار لە سکرتاریا بە خزمەتیان گەیشتبووم و لە کۆبوونەوەیه‌کدا لە بنکەی حدکا، پێنجه‌مین کەس بووم که دوو پێشنیارم بۆ حیزب کرد. بەرێز حەسەنزادە‌ش بۆ هەردووک پێشنیارەکە سپاسی کردم. پاش ماوه‌یه‌ک  ماڵ ئاوایم لێکردن و چوومە دوکانەکه و دواتر بۆم روون بووە ئەو ئێوارە کاک د قاسملوو و کاک حەسەن شەرەفی میوانی شەهید کاک کەریم عەلیار بوون.

بەڵام به‌داخه‌وه ئەوە دواینجار بوو که من لە نزیکەوە نەمر د قاسملوو رێبەری کاریزما و زانا و لێهاتوو و بە‌ناوبانگی نەتەوەکەم بینی.

 قەڵەمی من بۆ باس لە کەسایەتی د. قاسملوو کۆڵه. زۆر به‌داخه‌وه ئه‌م رێبه‌ره تیژ و دووربین و دونیا دیتۆیەمان، لە رێکەوتی 22ی پوشپەری ساڵی 1368ی هەتاوی کە بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەێک بۆ مافە ڕەواکانی نەتەوەکە کورد لە رۆژهەڵاتی نیشتمان، لە وتوێژێکدا لە گەڵ نوێنەرانی بە ناو دیپلۆماتکه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتی ئوتریش لە گەڵ کاک عه‌بدوڵا قادری ئازه‌ر و دکتور فازل ره‌سوڵ تیڕور کران.

14/7/2022

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی