"an independent online kurdish website

پێشمەرگەکان:  بەداخەوە کاتژمێر ٧و پازدە دەقیقەی ئێوارەی رۆژی هەینی ٣١ی پووشپەری ١٤٠١ی هەتاوی بەرامبەربە ٢٢ی ژووئیەی ٢٠٢٢ی زایینی، کاک محەممەدی قادری ناسراوبە ئەحمەد سیمبان، لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد.

ئێمە وەک بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی خۆمان لە هاوژیانی و سەرجەم بنەماڵەی شؤڕشگێڕی قادری دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.

روحی شاد بێ.

دەقی هەواڵ کە بنەماڵەی قادری بڵاویان کردۆتەوە

کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی دێرینی رێی ئازادی

بەداخەوە ڕادەگەیەنین، کاتژمێر ٧و پازدە دەقیقەی ئێوارەی رۆژی هەینی ٣١ی پووشپەری ١٤٠١ی هەتاوی بەرامبەربە ٢٢ی ژووئیەی ٢٠٢٢ی زایینی، کاک محەممەدی قادری ناسراوبە ئەحمەد سیمبان، لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد.

کاک ئەحمەد سیمبان، سیمایەکی ناسراوی ناو ریزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو کە لە یەکەم ڕۆژەکانی خەباتی ئاشکرای ئەو حیزبە لە شاری پیرانشار بە خاو خێزانەوە چوونە سەنگەری دیفاع لە ئازادی و مافە ڕەواکانی گەلە بەشخوراوەکەیان و چەکی خەباتێکی نەپساوەو شێلگریان کردە شان.

کاک ئەحمەد بەخۆی و ئامینی هاوسەری و چوار کچی لە قۆناخە سەخت و دژوارەکانی شارو شاخ داو هەرکام لە سەنگەرێکەوە بۆ بەجێگەیاندی ئەرکی شۆڕشگێرانەیان باسکی هیممەتیان هەڵکرد.

کاک ئەحمەد لە بەشی خەدەماتی کۆمیسیۆنی ماڵیی حیزب و هاوسەرە ماندوونەناسەکەی بە لێنانی چێشت و خواردن لە بنکەی دەفتەری سیاسی، و کچە پێگەیشتووەکانی لە کۆرێ پەروەردەو چاپەمەنی و دواجار سوهەیلای پێگەیشتووی مەیدانی خەباتی ڕێکخراوەیی و پیشەیی وەک ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی، هەر کامەیان جێ پەنجەیان لەناو ڕیزەکانی دێموکرات دا بە ڕۆشنی دیارە.

کاک ئەحمەد جیا لە پێشکەش کردنی هەموو تەمەنی خۆی و بنەماڵەکەی، تەنانەت گیانی پاکی سوهەیلای کچە چووکەشی بەخشیە رێبازی دێموکرات.

کاک محەممەدی قادری “ئەحمەد سیمبان” لە ڕۆژی شەممە پێنجی بانەمەڕی ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٢٥ی ئاوریلی ١٩٣٦ی زایینی، لە بنەماڵەیەکی هەژار لە گوندی سەرووکانیی ناوچەی لاجانی پیرانشار لە دایکبووەو ئەم ئێوارەیە  بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی نۆروێژ ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

سەرجەم خزم، هاورێ و خۆشەویستانی بنەماڵەی کاک ئەحمەد سیمبان لە ڕۆژانی دواییدا لە کاتی خاکسپاری و پرسە ئاگادار دەکەینەوە.

بنەماڵەی گەورەی قادری

٢٢/٧/٢٠٢٢

….

پەیامی هاوڕێ کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی 

ژیان و خەباتی محەممەد قادری و ئامین کۆنە لاجانی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی