ڕاگەیەنراوەکەی کۆما جڤاکێن کوردستان(ک.ج.ک) بە بیانووی زیندوو ڕاگرتنی حوسێن کوڕی عەلی کوڕی ئەبوتالب، بانگەشەیەکە بۆ بەرجەستە کردنەوەی ململانێ فیرقەیی و ئایینزاییەکان لە کوردستاندا.
ئەم ململانێ بێ بەرهەمە کە لەبنەڕەتدا لەسەردەمی خەلافەتی ئیسلامی و شەڕی دەسەڵات لە نێوان بنەماڵەی ئەمەوی و هاشیمییەکاندا سەری هەڵدا بوو، بە تایبەتی، لە سەردەمی عوسمانی کوڕی عەففان، خەلیفەی سێیەمی موسوڵماناندا زەق بووەوە، بەدەیان کارەساتی مرۆیی لە قۆناغەکانی مێژووی تاقمچێتی (سێکتاریستی) ئایینی لێکەوتووەتەوە. ئەم تاقمچێتییە جگە لە ماڵوێرانی، کوشتار و دووبەرەکییەکی دەمارگرژانە، بووەتە هۆی خاپاندن و بەلاڕێدا بردنی کۆمەڵانێکی خەڵکی ئاسایی هەردوو بەرەی شیعە و سوننە، لەلایەک، و بەهێزکردنی توێژێکی مشەخۆری بێبەرهەم لە لایەکی دیکەوە کە بە گێڕانەوە ساختە و شانۆ ئاساکانیان پێگەکانی دەسەڵاتیان لەباری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بەهێز و بەهێزتر کردووە. ئەم توێژە مشەخۆرە، لەوانەیە نوێنەرایەتیی تاقمی زاڵی ئەتنی-ئیینزایی ناو دەوڵەتە داگیرکەرەکان بکەن، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە هەموو توانا ئەتنیکی (قەومی)، ئایینی، کولتووری و زمانییەکانیان لە چەمکی سیاسیی دەوڵەتدا پێناسە دەکرێت، لە جۆری دەوڵەتی تورکیا (مەستەفا کەمالی (ئیسلامی گویلەنی و ئیخوانی)، دەوڵەتی ئێران (پەهەلەویی فارسی\شیعی ئییسلامیی فارسی) و سورییە (عەرەبی، بەعسی-عەلەوی)، عێراق (بەعسی، شیعی-عەرەبی).
جگە لەوەش، بەرچاوترین نموونەی ئەم تاقمچێتییە، دوو ڕەوتی توند ئاژۆی ئیسلامی سیاسین وەک حکوومەتی ئیسلامی ئێران و تاقمە بەکرێگیراوەکانی لە ناوچەکە (لە لوبنان، یەمەن، عێراق، پاکستان و ئەفغانستان) بە ناوی پێڕەوانی حوسێن، و دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام(داعش)، ئەلقاعیدە، بوکوحەرام و… و دەوڵەتی تورکیا وەک ئیسلامی سوننەتی و سوننە لەبەرەی بەرانبەریاندا کە بەیاننامەکەی کەجەکە بە<یەزیدییەکان> ناویان دەبات. ئەوەی تا ئێستا بینیومانە دەوڵەتەکان لە جێیی خۆیانن، دامەزراوەکانی دەوڵەت لە سڕینەوەی ناسنامەجیاوازە نەتەوەیی-زمانییە بە کەمینەکراوەکان لە ڕێیی حکومەتەمەندییەوە خەریکن و تاقمەکان تەنیا وەک ئامراز بۆ بەهێز کردنی بناغەکانی دەوڵەتی ئتنیکی زاڵ بەکار هێنراون.
لە ڕاگەاندنەکەی کەجەکەدا کە بەم ناونیشانە دەست پێدەکات، <<ئێمە ئیمام حوسێن لە بەرامبەر یەزیدەکان دا لە تێکۆشانی خۆماندا بە زیندوویی ڕادەگرین>> هاتووە: <<موسڵمانە شیعە و عەلەوییەکان لە یادی تێکۆشانی هەق و دادپەروەری دا، کە حەزرەتی حوسێن لە دژی زوڵم شەڕی کرد، دەستیان بە ڕۆژووی موحەڕەم کرد…… ئێمە داوا لە هەموو لایەنگرانی حەق و ڕاستی دەکەین، کە ئەمڕۆ لە سەر هێڵی هاوچەرخی حوسێن لە دژی یەزیدەکان بن>>.
ئەم ڕاگەیەنراوەی کەجەکە هاودژی ئەو بانگەشەیەیە کە کەجەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ناوی <برایەتیا گەلان> و <کۆمەڵگەی دیموکراتیک> کردوویەتە تۆپزێک بۆ لێدانی گوتاری بزوتنەوەی نەتەوەیی کوردی ژێردەستکراوی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان. ڕاستییەکەی، ڕاگەیەنراوەکەی کەجەکە، بە پەنابردنی بۆ <هەڵخڕاندنی هەستی ئایینزایی شیعی>، چەمکی سیاسیی دەوڵەت -نەتەوەی تورک و نەتەوەپەرەستیی دەمارگرژانەی تورکی داپۆشیوە و بۆ بەڕۆژەڤ کردنەوەی خۆی و ئەو سەرلێشواوییەی لە ئەنجامی <تیۆریی چێشتی مجێور>ەوە تووشی بووە، پەنای بۆ چەمکی فیرقەچێتیی ئایینی بردووە و دەڵێت:
<< بەرخۆدانی کەربەلا و هەڵوێستی حەزرەتی حوسێن ئەمڕۆ زیاتر داوا لەعەلەوییەکان دەکات، کە ببنە حوسەینی، چونکە… دەوڵەتی تورک نوێنەرایەتیی نەریت و کەلەپوری یەزید دەکات>>، و لە درێژەدا دەڵێت: <<ئێمە لەو بڕوایەداین، کە دەبێت یادەوەرییەکانی مانگی موحەڕەم، پەرستن و خزمەتی خۆیان و یەکڕیزیی خۆیان بەهێز بکەن و لە تێکۆشان و خەباتی دێموکراسیدا ریزی خۆیان بەهێزتر بکەن>>!! لە کوێی دونیا فیرقەچێتی و ئایدۆلۆژیای تاکڕەوانەی ئایینزایی، دیموکراسی لێکەوتوەتەوە؟ ئەوەی ئێمە تا ئێستا شاهیدی بووین، دەوڵەتەداگیرکەرەکانی کوردستان کوردیان بە عەلەوی، شیعە، سوننە، ئیزەدی و کاکەیی\یارسانییەوە وەک کورد پەلامارداوە و قەڵاچۆیان کردوون. ناوچە شیعییەکانی ئیلام و کرماشان لە ژێر حوکمی دەوڵەتی <دادپەرەوری حوسنی>دا لەباری خزمەتگوزاریی و ئابووری و مافە کولتوورییەکانیانەوە زۆرترین هەڕەشەو پەلاماریان لەسەر بووەو هەیە.
سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر